رۆژنامەیەكی ئەمریكی:ترامپ پارتی پاتریۆت دادەمەزرێنێت

رۆژنامەیەكی ئەمریكی:ترامپ پارتی پاتریۆت دادەمەزرێنێت

337 خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی " وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ی ئەمریكی ئاشكرای دەكات، كە دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ماوە بەسەرچووی ئەمریكا، لەگەڵ هاوكار و كەسە نزیكەكانی خۆی لەسەر دامەزراندنی پارتێكی نوێ گفتوگۆی كردووە، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانێت لەسەر كاری سیاسی خۆی بەردەوام بێت.

رۆژنامە ئەمریكیەكە لەسەرچاوەیەك كە نەیویستوە ناوی ئاشكرا بكرێت، رایگەیاندووە كە پارتە نوێیەكەی ترامپ ناوی "پاتریۆت- خۆشەویستانی نیشتیمان" دەبێت.

رۆژنامەكە ئاماژە بەوەش دەكات، كە سەرۆك ترامپ بیرۆكەی دامەزراندنی "پارتی پاتریۆت"ی لەگەڵ ژمارەیەك لە هاوكار و كەسە نزیكەكانی باس كردووە، بۆ ئەوەی دوای دەرچوونی لە كۆشكی سپی جەماوەرێكی زۆر لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە.

كۆمارییەكان پشت لە ترامپ دەكەن:
رۆژنامەی " وۆڵ ستریت جۆرناڵ" باس لەوە دەكات، كە ترامپ لەگەڵ چەندین كەسایەتی ناو پارتی كۆماری ناكۆكی زۆری هەبووە، لەسەروی هەمویانەوە لەگەڵ میچ ماكونیڵ سەركردەی زۆرینەی كۆمارییەكان لە ئەنجومەنی پیران ، كە رۆژی سێ شەممە رایگەیاند " ترامپ شیاوی ئەوەیە ئیدانە بكرێت،چونكە هانی لایەنگرانی دا، بۆ ئەوەی هەڵبكوتنە سەر باڵەخانەی كاپیتۆڵی كۆنگرێس، كە ئەمەش لە مێژووی ئەمریكادا پێشهاتێكی مەترسیدارە ".

لەلایەكی دیكەوە، ئادەم كینزنجەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا لە پارتی كۆمارییەكان، داوای كاراكردنەوەی مادەی 25ی دەستوری ئەمریكای كرد، بۆ ئەوەی ترامپ لە دەسەڵات دووربخرێتەوە، ئەم داوایە دوای یەك ڕۆژ لە هەڵكوتانە سەر باڵەخانەی كۆنگرَیس بوو لەلایەن لایەنگرانی ترامپەوە.
كینزنجەر لە گرتەیەكی ڤیدیۆی كە لە تویتەر بڵاوی كردەوە دەڵێت:"هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەن كە سەرۆك جیا دەبێتەوە، ئەمەش تەنها لە جێبەجێ كردنی ئەركەكانی و سوێند خواردنەكەیدا نابێت، بەڵكو لە واقعی خۆشیدا هەر وادەبێت".

وا بڕیارە ئەمرۆ 20ی یەنایەری 2021، جۆبایدن كاندیدی سەركەوتووی دیموكراتەكان، وەك سەرۆكی نوێی ئەمریكا لە جێگای ترامپ دەستبەكار بێت، كە كۆنگرێس بە 306 دەنگ بەرامبەر بە 232ی دەنگی ترامپ سەركەوتنی پەسەند كرد.

دەستبەكاربوونی بایدن:
لەلایەكی دیكەوە، جۆبایدن سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا،لەكەشێكی ئاڵۆز و رەوشێكی توندی ئەمنیدا دەست بەكار دەبێت،كریستۆڤەر میلەر لە بری وەزیری بەرگری ئەمریكا ئاشكرای كرد، كە نوسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی لە رۆژی دەستبەكاربوونی بایدندا هاوكاری سوپای ئەمریكا دەكات ،كە بە 25 هەزار سەرباز لە پاسەوانی نیشتیمانی، پارێزگاری لە بینای كۆنگرێس دەكەن.

میلەر لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كرد، " كارێكی ئاساییە كە هاوكاری سەربازی پێشكەش بەو هێزە ئەمنیانە بكەین، كە پارێزگاری لە شوێنەكان دەكەن... هەرچەندە هیچ زانیارییەك لە بەردەستماندا نیە كە باس لە هەڕەشەی ناوخۆیی بكات، ئێمە هەموو هەوڵێك بۆ ئارامی پایتەخت دەدەین".

رۆژنامەی واشنتن پۆست رۆژی دووشەممە ئاشكرای كرد، كە نوسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی، لە راپۆرتێكیدا هۆشداری بە ئاژانسەكانی جێبەجێ كردنی یاسا كردووە، كە توندڕەوە راستڕەوەكان بیرلەوە دەكەنەوە، كە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن.

ئیدارەی ئەمریكا، چەند ڕۆژێكە ڕێگا بە چوونە ناوەوەی هەندێك شوێنی گشتی نادات، وەك سەنتەری بازاری نیشتیمانی لە واشنتن، هەروەها پردەكانی سەر روباری بۆتۆماكی نێوان فەرجینیا و كەرتی كۆڵۆمبیای داخستوە، هاوكات 12 وێستگەی شەمەندەفەر لە رۆژی دەستبەكاربوونی بایدن دادەخرێن.