وێندی شێرمەن  رێكخەری رێكەوتنی ئۆتۆمی ئێران -  ئەمریكا دەبێتە كەسی دووەمی وەزارەتی دەرەوە

وێندی شێرمەن رێكخەری رێكەوتنی ئۆتۆمی ئێران - ئەمریكا دەبێتە كەسی دووەمی وەزارەتی دەرەوە

270 خوێندراوەتەوە

جۆبایدن سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا، سیاسەتی وەزارەتی دەرەوە بە تیمێكی ئەزمونداری پێشووی كابینەكەی ئۆباما دەسپێرێت كە لە 11 كەس پێكهاتوون. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات كە دەیەوێ سیاسیەتی دەرەوە بۆ سەدەمی پێشووی چوار ساڵ بەر لە ترەمپ، بگەڕێنێتەوە.

بایدن رۆژی شەممە 16ی ئەم مانگە رایگەیاند، وێندی شێرمەن رێكخەری دانووسانەكانی رێكەوتنی ئۆتۆمی ئێران - ئەمریكا، وەك جێگری وەزیری دەرەوە و ڤێكتۆریا نۆلاند وەك یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوە ناساند. ئەوە پۆستانە بەگوێرەی ریزبەندی، بە دووەم و سێیەم پۆستی وەزارەتی دەرەوە هەژمار دەكرێن. ئەو دوو كەسەش لەژێر فەرمانی ئەنتۆنی بلینكن كاندید بۆ وەزیری دەرەوە، كار دەكەن.

بایدن لەوبارەوە رایگەیاند "ئەم تیمە، وێنەیەكە لەباوەڕ و سیاسەتی من، كە پێموایە كاتێك ئەمریكا لەگەڵ هاوپەیمانەكانی كار دەكات، بەهێزترینە".

هەروەها وتیشی "دڵنیام لەوەی كە ئەوان بەسود وەرگرتن لەو ئەزمووونەی كە پێشووتر هەیانبووە، دەتوانن ئەمریكا بگەڕێننەوە بۆ رابەرایەتیكردنی جیهان".

وێندی شێرمەن، ئەو خانمەیە كە دانووستانەكانی ئۆتۆمی، لەسەردەمی كابینەكەی ئۆباما لەساڵی 2015 لەگەڵ ئێران بە ئەنجام گەیاندو رێكەوتننامەكەیان واژۆ كرد. هەروەها شێرمەن لەدانووستانەكان لەبارەی موشكە بالیستییەكانی كۆریای باكور لەدەورەی دووەمی سەرۆكایەتی بیل كلینتۆن، بەشداری كارای كردووە.

هەروەها نۆلاند لە قەیرانی ئۆكرانیا وەك یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كاروباری ئەوروپا، خزمەتی كردووە.

شێرمەن و نۆلاند، بۆ ئەوەی لە پۆستەكانیان دەستبەكاربن پێویستیان بە رەزامەندی سینات هەیە، كە پێویستە دەنگیان لەسەر بدات و پەسەندیان بكات.