کاندیدەکان دەیانەوێت هێلکەی قاز بکەن

"بەڵێنی کاندیدەکان بە سەرۆک وەزیرانیش جێبەجێ ناکرێن"

کاندیدەکان دەیانەوێت هێلکەی قاز بکەن

2148 خوێندراوەتەوە

ئه‌وان له‌كاتى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردندا، به‌ڵێنى جۆراو جۆر ده‌ده‌ن‌و كارنامه‌ى هه‌مه‌چه‌شنه‌ ده‌خه‌نه‌ ڕوو، به‌ڵێنى گه‌وره‌ ده‌ده‌ن‌و ڕۆمانسیانه‌ پرۆژه‌ى زه‌به‌لاح به‌یان ده‌كه‌ن، ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی ئه‌وان ده‌یده‌ن، هه‌ندێكجار نه‌ك به‌ وه‌زیر، به‌ڵكو به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانیش جێبه‌جێناكرێت.
جیا له‌وه‌ى ئه‌گه‌ر زه‌مینه‌ى له‌باریش بسازێت، زۆرینه‌ى كاندیده‌كان تواناى كاركردنیان نییه‌ له‌سه‌ر كارنامه‌و به‌ڵێنه‌كانى كاتى بانگه‌شه‌یان، به‌ڵام ئاخۆ كیڵگه‌ى سیاسى‌و سروشتى ده‌سه‌ڵات‌و ململانێ نه‌ته‌وه‌یی‌و مه‌زهه‌بییه‌كان، ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ كاندیده‌كان كار له‌سه‌ر ئه‌و به‌ڵێن‌و كارنامه‌یه‌ بكه‌ن كه‌ بانگه‌شه‌یان بۆ كردووه‌؟

دكتۆر جه‌لال حه‌سه‌ن مسته‌فا، مامۆستا له‌ كۆلێژى زانسته‌ سیاسییه‌كانى زانكۆى سلێمانى، بڕوایوایه‌، ژینگه‌ى سیاسى عێراق‌و دابه‌شبوونه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌و مه‌زهه‌بییه‌كان، له‌مپه‌رى گه‌وره‌ن بۆ جێبه‌جێكردنى كارنامه‌ى حیزب‌و كاندیده‌كان، ئه‌و به‌دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین ده‌ڵێت:" له‌و ژینگه‌ سیاسیه‌ی عێراقدا، وه‌ك ده‌وڵه‌تێك كه‌ به‌ قووڵی دابه‌شبووه‌ به‌سه‌ر چه‌ند پێكهاته‌یه‌كی ئیتنیدا "ئاینی‌و مه‌زهه‌بی‌و قه‌ومی"، زۆر زه‌حمه‌ته‌، نه‌ك لیسته‌ بچووكه‌كان، به‌ڵكو لیسته‌ گه‌وره‌ خاوه‌ن كاریگه‌ره‌كانیش ڕه‌نگه‌ نه‌توانن به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ئه‌جێنداكانی خۆیان به‌رنه‌ پێشه‌وه‌و په‌یڕه‌و و كارنامه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌نه‌ واقیع، ئه‌وه‌ی له‌ عێراقدا ئه‌م بابه‌ته‌ی ئاڵۆزكردوو،ه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شێك له‌ سیاسه‌ت له‌ عێراقدا تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له‌ ژێر كاریگه‌ریی هێزه‌ هه‌رێمییه‌كاندایه‌، به‌ تایبه‌ت ئێران، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ په‌رله‌مانی عێراق زه‌حمه‌ته‌ بتوانرێت په‌یمانی گه‌وره‌بدرێت له‌ لایه‌ن ته‌نها حیزبێكه‌وه‌، چونكه‌ كۆی كورسی كورد نزیكه‌ی ١/٥ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانه‌".
دكتۆر جه‌لال حه‌سه‌ن، پێیوایه‌ خاوه‌نى كارانامه‌كانی هه‌ڵبژاردن مێژه‌یه‌كی باشیان نییه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانداو ته‌نها وه‌ك ڕۆتینێكیان لێهاتووه‌،"یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌نگده‌ر ناتوانێت له‌ ڕێی دامه‌زراوه‌یه‌كه‌وه‌، یان ته‌نانه‌ت له‌ ڕێی حیزبیشه‌وه‌، له‌ پیاده‌كردن، یان نه‌كردنی كارنامه‌كان بپرسێته‌وه‌، به‌ده‌ر له‌م خاڵه‌ش، ئه‌وه‌ی كارنامه‌ی كرۆدته‌ ڕۆتین، سروشتی ده‌نگده‌ری كورده‌، پێوه‌ری زۆرینه‌ی ده‌نگده‌ری كورد بۆ ده‌نگدان بۆ لیست‌و كاندیده‌كان كه‌متر وابه‌سته‌ی كارنامه‌یه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر سۆزو نۆستالۆجیاو ئایدۆلۆجیا بنه‌مای گرتووه‌".

،،

د. جه‌لال حه‌سه‌ن: له‌و ژینگه‌ سیاسیه‌ی عێراقدا، وه‌ك ده‌وڵه‌تێك كه‌ به‌ قووڵی دابه‌شبووه‌ به‌سه‌ر چه‌ند پێكهاته‌یه‌كی ئیتنیدا "ئاینی‌و مه‌زهه‌بی‌و قه‌ومی"، زۆر زه‌حمه‌ته‌، نه‌ك لیسته‌ بچووكه‌كان، به‌ڵكو لیسته‌ گه‌وره‌ كاریگه‌ره‌كانیش ئه‌جێنداكانی خۆیان به‌رنه‌ پێشه‌وه‌و په‌یڕه‌و و كارنامه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌نه‌ واقیع.

dcv
هەواڵواسینی پۆستەری و لۆگۆی لیستەکان لە شەقامەکاندا  ـ هەولێر


دكتۆر نه‌وشیروان حوسێن سه‌عید، خاوه‌نى بڕوانامه‌ى دكتۆرا له‌ زانستی سیاسه‌تدا، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ زۆرینه‌ى كارنامه‌و به‌ڵێنى كاندیده‌كان له‌پاش هه‌ڵبژاردن ده‌بنه‌ بڵقى سه‌ر ئاو، ئه‌و به‌ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زینى وت:" له‌كاتی بانگه‌شه‌دا، حیزبه‌كان‌و زۆرێك له‌ كاندیده‌كان كارنامه‌ی خۆیان ڕاده‌گه‌یه‌نن‌و به‌ڵێنی گه‌وره‌ به‌ ده‌نگده‌ر ده‌ده‌ن، به‌ڵام زۆرینه‌ی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ وه‌ك مه‌ره‌كه‌بی سه‌ر كاغه‌ز ده‌مێننه‌وه‌و ده‌بنه‌ بڵقی سه‌ر ئاو".
دكتۆر نه‌وشیروان حوسێن، بێبه‌هابوونى به‌ڵێن‌و كارنامه‌ى حیزب‌و كاندیده‌كان، به‌مجۆره‌ لێكده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت:" بوونی كارنامه‌ بووه‌ته‌ نه‌ریتێكی دووباره‌و سواو، زۆرینه‌ی هه‌ره‌زۆری كاندیده‌كان هێنده‌ی به‌ دوای ئه‌وه‌وه‌ن كه‌ به‌ڵێنێ بده‌ن سه‌رنجڕاكێش بێت بۆ ده‌نگده‌ر، نیوهێنده‌ بیریان لای ئه‌وه‌نییه‌ كه‌ ئه‌و به‌ڵێنه‌ تا چه‌ند له‌ توانای په‌رله‌مانتارێكدایه‌ جێبه‌جێی بكات، زۆرێك له‌ كاندیده‌كان هۆشیارییه‌كی ئه‌وتۆیان نییه‌ سه‌باره‌ت به‌ په‌رله‌مان وه‌كو ده‌زگایه‌كی ته‌شریعی‌و كاری په‌رله‌مانتاری، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین هه‌ندێك له‌ به‌ڵێنی كاندیده‌كان به‌ ده‌سه‌ڵاتی ته‌نفیزی جێبه‌جێده‌كرێت، به‌ڵام كاتێك كاندید نازانێت ده‌سه‌ڵاتی ته‌نفیزیی‌و ده‌سه‌ڵاتی ته‌شریعی له‌ یه‌كتر جیابكاته‌وه‌، ئیتر ئه‌وه‌ی به‌خه‌یاڵیدا بێت له‌ كارنامه‌كه‌یدا یان له‌ قسه‌كانیدا جێیده‌كاته‌وه‌".
به‌ بڕواى دكتۆر نه‌وشیروان، ئه‌جێنداى حیزب‌و لیسته‌كانیان یه‌كێكیتره‌ له‌ له‌مپه‌ره‌كانى به‌رده‌م كاندیده‌ ده‌رچووه‌كان بۆ كاركردن له‌سه‌ر كار نامه‌كانیان:" هه‌ندێكی دیكه‌ له‌ كاندیده‌كان له‌ بیریان چووه‌ كه‌ ئه‌وان كاندیدن له‌ناو لیستێكداو دواجار ده‌بێت ئه‌جێنداكانی ئه‌و لیست‌و لایه‌نه‌ جێبه‌جێكه‌ن، دیاره‌ دواجار هه‌یمه‌نه‌و ئه‌جێندای حیزب به‌سه‌ر كارنامه‌ی تاكه‌كه‌سی كاندیددا سه‌رده‌كه‌وێت".

،، 

د.نه‌وشیروان حسێن: هه‌ندێك له‌ كاندیده‌كان له‌ بیریان چووه‌ كه‌ ئه‌وان كاندیدن له‌ناو لیستێكداو دواجار ده‌بێت ئه‌جێنداكانی ئه‌و لیست‌و لایه‌نه‌ جێبه‌جێكه‌ن، دیاره‌ دواجار هه‌یمه‌نه‌و ئه‌جێندای حیزب به‌سه‌ر كارنامه‌ی تاكه‌كه‌سی كاندیددا سه‌رده‌كه‌وێت.


ئومێد جاف، پارێزه‌رو شاره‌زاى بوارى هه‌ڵبژاردن، پێیوایه‌ كاندیده‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان ده‌بێت وابه‌سته‌ى ئه‌جێنداو كارنامه‌ى حیزبه‌كانیانبن‌و ناتوانن كارنامه‌ى خۆیان جێبه‌جێبكه‌ن:" به‌ڕای من، هه‌ركارنامه‌یه‌ك له‌لایه‌ن خودی كاندیده‌وه‌ راسته‌وخۆ به‌ڵێنی له‌سه‌ردرابێت، ناتوانێت له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران جێبه‌جێیان بكات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ڵێنه‌كانی له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌جێنداو كارنامه‌ی لیسته‌كه‌یدا بێت، ده‌توانێت كاری بۆ بكات به‌پێی قورسایی لیسته‌كه‌ی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق".

dcv
بانگەشەی لیستەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ـ سلێمانی ـ ٢٠١٨.٤.١٥


ئومێد جاف، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كارنامه‌ى كاندیده‌كان وه‌كو عورفێكى لێهاتووه‌و بۆ سه‌رنجڕاكێشان‌و كۆكردنه‌وه‌ى ده‌نگى ده‌نگده‌رانه‌، ئه‌و بۆ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین وتى:" كارنامه‌ی تایبه‌تی كاندیده‌كان ته‌نها عورفێكی هه‌ڵبژاردنه‌و له‌ قۆناغی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا، كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت، بۆ سه‌رنجڕاكێشان‌و كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگی ده‌نگده‌رانه‌، چونكه‌ له‌واقیعدا ده‌نگی ته‌نها په‌رله‌مانتارێك له‌ كۆی (٣٢٩) په‌رله‌مانتار هیچ سه‌نگ‌و قورسایه‌كی نییه‌. ئه‌گه‌ر بیه‌وێت كارنامه‌كه‌ی بكات به‌ پرۆژه‌ یاسایه‌ك و پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی بكات، لایه‌نی كه‌م پێوویستی به‌ (١٠%) رێژه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران هه‌یه‌".
دكتۆر نه‌وشیروان حوسێن، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ژماره‌ (٤٥ی ساڵی ٢٠١٣) هه‌مواركراو مادده‌ى (١٢): پێویسته‌ ده‌نگده‌ر ده‌نگ بدات به‌ لیست، یان لیست‌و یه‌كێك له‌ كاندیده‌كان، ئه‌گه‌ر ده‌نگی یه‌كه‌می نه‌دا، ده‌نگی دووه‌می پوچه‌ڵه‌، یان ده‌توانێت ده‌نگی دووه‌م هه‌ر نه‌دات، " لێره‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و راستییه‌ی به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردن ده‌نگی یه‌كه‌م ده‌نگی لیسته‌كانه‌، بۆیه‌ پێوویسته‌ كاندید پابه‌ندی هه‌بێت به‌ ئه‌جێنداو كارنامه‌ی لیسته‌كه‌ی‌و له‌و چوارچێوه‌دا كاربكات كه‌ بۆی داڕێژراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌پێی یاساكانی هه‌ڵبژاردن لیستی تاكه‌ كه‌سیمان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ مێژوی هه‌ڵبژاردن له‌ دوای پرۆسه‌ی ئازادی له‌ عێراق هیچ لیستێكی تاكه‌ كه‌سی نه‌یتوانیوه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت".
دكتۆر نه‌وشیروان حوسێن، خاوه‌نی چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌كه‌ له‌سه‌ر كه‌ركوك‌و دۆخی سیاسی هه‌رێمی كوردستان‌و عێراق به‌ زمانه‌كانی كوردی‌و ئینگلیزی‌و عه‌ره‌بی‌و چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌كیشى له‌ چه‌ند كۆنفرانسێكی زانستی له‌ به‌ریتانیاو سویسراو ئوردن‌و میسرو قه‌ته‌ر پێشكه‌شكردووه‌.
دكتۆر نه‌وشیروان، پێیوایه‌، به‌شێكی به‌رچاوی كاندیده‌كان توانای تێگه‌یشتنیان له‌ وێنه‌ گه‌وره‌كه‌ی دۆخی ئاڵۆزی سیاسی هه‌رێمی كوردستان‌و عێراق نییه‌، یانی له‌وه‌ تێناگه‌ن كه‌ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی ئه‌وان هه‌ندێكجار نه‌ك به‌ وه‌زیر، به‌ڵكو به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانیش جێبه‌جێناكرێت".

،،

ئومێد جاف، شارەزای کاروباریی هەڵبژاردن: كارنامه‌ی كاندیده‌كان ته‌نها عورفێكی هه‌ڵبژاردنه‌و له‌ قۆناغی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا، كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت، بۆ سه‌رنجڕاكێشان‌و كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگی ده‌نگده‌رانه‌، چونكه‌ له‌واقیعدا ده‌نگی ته‌نها په‌رله‌مانتارێك له‌ كۆی (٣٢٩) په‌رله‌مانتار هیچ سه‌نگ‌و قورسایه‌كی نییه‌.


ئه‌و زیاتر سه‌باره‌ت به‌ به‌ڵێنى كاندیده‌كان ده‌وێت‌و ده‌ڵێت:" كاندیده‌كان ده‌زانن له‌ ڕابردوودا زۆر كه‌س گه‌یشتنه‌ په‌رله‌مان له‌ ڕێگه‌ی به‌ڵێنی جۆراو جۆره‌وه‌، بێئه‌وه‌ی به‌ڵێنه‌كانیان جێبه‌جێبكه‌ن، هه‌ر بۆ نموونه‌، له‌ كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوو بۆ 'ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق'، یه‌كێك له‌ كاندیده‌ كورده‌كان 'ئه‌نفال'ی كرده‌ كه‌ره‌سته‌ی سه‌ره‌كی بانگه‌شه‌كانی‌و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه‌ چه‌ند كچێكی پاكیزه‌ی ئه‌نفالی دۆزیوه‌ته‌وه‌و به‌جدی كار له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌یان‌و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسیان ده‌كات، ئه‌و كاندیده‌ به‌هۆی ئه‌و به‌ڵێنه‌ گه‌وره‌وه‌، گه‌یشته‌ په‌رله‌مانی عێراق، كه‌چی له‌ماوه‌ی ٤ ساڵی په‌رله‌مانتاریدا، بچوكترین كاری له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه‌ نه‌كرد. كاتێك كاندیدێك گه‌مه‌ به‌ سۆزی هه‌زاران قوربانی ده‌كات‌و كار له‌سه‌ر هه‌ستیارترین كه‌یسی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كات بێئه‌وه‌ی تووشی لێپێچینه‌وه‌و دادگایی‌و سزادان ببێته‌وه‌، ئه‌مه‌ جورئه‌ت ده‌داته‌ كاندیدی دیكه‌ تا هه‌مان ڕێچكه‌ بگرن و هه‌وڵده‌ن له‌ ڕێگه‌ی به‌ڵێنی قه‌به‌و بریقه‌داره‌وه‌ بگه‌نه‌ په‌رله‌مان، چونكه‌ ده‌زانن دواتر هیچ حه‌ق‌و حسابێ نییه‌".
دكتۆر نه‌وشیروان كه‌ ئێستا له‌ شارى نیوكاسڵى به‌ریتانیا ده‌ژى، پێیوایه‌ سوشتى ده‌نگده‌رى كورد، یه‌كێك له‌هۆكاره‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانه‌ بۆ ئه‌وه‌ى حیزب‌و كاندیده‌كان به‌ڵێنى بێبنه‌ما بده‌ن‌و له‌كاتى جێبه‌جێنه‌كردنى به‌ڵێنه‌كانیاندا، له‌ لێپرسینه‌وه‌ نه‌ترسن، ئه‌و ده‌ڵێت:" له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٠١٠ له‌ به‌ریتانیا، یه‌كێك له‌ به‌ڵێنه‌كانی پارتی 'لیبراڵ دیموكرات' بریتیبوو له‌وه‌ی كه‌ كرێی خوێندنی زانكۆكان نه‌هێڵن (ئه‌و كاته‌ ساڵانه‌ هه‌ر خوێندكارێكی به‌ریتانی ٣ هه‌زار پاوه‌نی ئه‌دا به‌ زانكۆ وه‌كو كرێی خوێندن). ئه‌وه‌بوو ئه‌م پارته‌ توانی (٥٧) كورسی به‌ده‌ستبهێنێت و وه‌كو سێیه‌م حیزب بمێنێته‌وه‌، پاش هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئه‌م پارته‌ له‌گه‌ڵ پارتی كۆنسێرڤه‌تیڤ حكومه‌تیان پێكهێنا و 'نیك كلێگ'ی سه‌رۆكی پارته‌كه‌ بووه‌ جێگری سه‌رۆك وه‌زیران 'ده‌یڤید كامیرۆن'. به‌ڵام ئه‌م حیزبه‌ نه‌یتوانی ئه‌و به‌ڵێنه‌ی كه‌ به‌ ده‌نگده‌رانی دابوو له‌ حكومه‌تدا بیباته‌ سه‌ر، نه‌ك كرێی خوێندن لانه‌برا، به‌ڵكو سێ قات زیادیكردو له‌جیاتی ٣ هه‌زار پاوه‌ن ئێستا هه‌ر خوێندكارێكی زانكۆ، ده‌بێت ساڵانه‌ ٩ هه‌زار پاوه‌ن بداته‌ زانكۆ، ئێ ده‌نگده‌ری ئه‌م وڵاتانه‌ خۆ وه‌كو لای خۆمان بێ زاكیره‌ نین! ئه‌وه‌بوو له‌ هه‌ڵبژاردنی ٢٠١٥ سزایه‌كی توندی ئه‌م حیزبه‌یاندا. پارتی لیبراڵ دیموكرات له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ٢٠١٥، ته‌نها ٨ كورسی به‌ده‌ستهێناو له‌ حیزبی سێیه‌مه‌وه‌ بوو به‌ چواره‌م، یانی ٤٩ كورسی له‌ده‌ستدا".

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی