بۆچی بایدن بەرامبەر ئێران سیاسەتێكی نەرم بەكاردەهێنێت؟ چاودێران وەڵام دەدەنەوە

بۆچی بایدن بەرامبەر ئێران سیاسەتێكی نەرم بەكاردەهێنێت؟ چاودێران وەڵام دەدەنەوە

499 خوێندراوەتەوە

چاودێرانی سیاسی، مامەڵەی ئیدارەی جۆبایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، بەرامبەر بە ئێران بە " سیاسەتێكی نەرم" ناوزەند دەكەن،ئەمە لە كاتێكدایە كە دۆناڵد ترامپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا " سیاسەتی ئەوپەڕی فشار"ی دژی ئێران بەكاردەهێنا، هەروەها چاودێرانی دیكەش دووپاتی دەكەنەوە، كە مانەوەی واشنتن لە دەرەوەی ڕێكەوتننامەی ئەتۆمی، دەبێتە هۆی ئەوەی كە ئێران زیاتر پاڵپشتی میلیشیاكان بكات، كە كار بۆ تێكدانی ئاسایشی ناوچەكە دەكەن.


رۆژی پێنج شەممە، ئیدارەی بایدن ئاشكرای كرد، كە ڕەزامەندییان لەسەر داوایەكی ئەوروپا نیشانداوە، بۆ كۆبوونەوەیەك كە ئێرانیش تیایدا بەشدار بێت، هەروەها ئیدارەی ئەمریكا دوو هەنگاوی ڕوكەشی ناوە، كە تایبەتە بە كەمكردنەوەی سزاكانی سەر ئێران، یەكەمیان قەدەغەی گەشت لەسەر ئێرانیەكان لە نیویۆرك لابرد، هەروەها ڕێكارێكی ترامپیان هەڵوەشاندەوە، كە لە ئەنجومەنی ئاسایش كاری لەسەر كردبوو، كە تایبەت بوو بە سزایەكی نێودەوڵەتی لەسەر ئێران.

،،

سیاسەتی پێشووی ئەمریكا بەرامبەر بە ئێران ڕەخنەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنابوو، مایك پۆمپیۆ وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریكا لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی " واشنتن فری بیكن" وتی:" ڕێبەری شۆڕشی ئێران، جگە لە هێز لە هیچ شتی دیكە تێناگات".


هەرچی پەیوەست بە هەڵوێستی ئیدارەكەی، بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران و وڵاتانی ئەوروپا، پۆمپیۆ وتی:" پشت بەستن بەو نموونەیەی كە ئەوروپا پێشكەشی كردووە، ئەوە ڕێگایەكە بۆ ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم".


دەربارەی سیاسەتی بایدنیش، پۆمپیۆ هەفتەی ڕابردوو وتی:" ناتوانین بگەڕێینەوە، كاتێك سەرۆك بایدن باس لە گەڕانەوە دەكات، ئەوە گەلی ئەمریكا ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو سیاسەتە".
رۆژی هەینی، جۆبایدن سەرۆكی ئەمریكا وتی:" ئیدارەكەی ئامادەیە بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستانەكان" لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایش كە تایبەتە بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران".


كاردانەوەكان جیاوازن:
كاردانەوەكانی پێشووی ئەمریكا، لەسەردەمی دۆناڵد ترامپ، هەمیشە ئامادە كردنی سزای زیاتر بووە بۆ سەر بەرپرسانی ئێرانی و سەركردەكانی میلیشیاكانی سەر بە ئێران، وەك حەشدی شەعبی لە عیراق.
كار تا گەیشتە ئەوەی كە، ئیدارەكەی ترامپ لە 3ی كانوونی دووەمی 2020 قاسمی سولەیمان، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران، لە هێرشێكی ئاسمانی ئەمریكادا كوژرا، كوژرانی لە كاردانەوەی ئەو هێرشەی گروپە عیراقیەكان بوو، كە لە رۆژی 27ی دێسەمبەری 2019 كردیانە سەر بنكەی "K-1" و بەهۆیەوە دوو خانەنشینی مەدەنی ئەمریكا كوژران و دوو سەربازیش برینداربوون.
ماڵپەڕی " الحرە"، چوار پسپۆڕ و شیكەرەوەی سیاسەتی ئەمریكای دواندووە و پرسیاری هۆكاری جیاوازی سیاسەتی ترامپ و بایدنی لێكردوون.
بنجامین فریدمان بەڕێوەبەری سیاسەت لە سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئەمنی دیڤنس پریۆریتی ، پێی وایە ئیدارەی بایدن هەستی بەوە كردووە بەرژەوەندی ئەمریكا لەوەدایە، كە ئێران دەستی بە چەكی ئەتۆمی نەگات، ئەمەش لەوەیە بە گەڕانەوە بۆ ڕێكەوتنی ئەتۆمی بەدەستبهێنرێت.

،،

فریدمان دەڵێت:"ئەوەی گروپە عیراقیەكان دەیكەن، جا بە پیرۆزبایی ئێران بێت یان نا، هیچ لە بابەتەكە ناگۆڕێت،ئامانج لە بەستنی ڕێكەوتننامە لەگەڵ ئێران بۆ ئەوەیە كە ئەو وڵاتە دەستی بە چەكی ئەتۆم نەگات،نەك بۆ ئەوەی سزا بدرێت یان پاداشت".


دەشڵێت:" مانەوەی ئەمریكا لە دەرەوەی ڕێكەوتننامەكە، دەبێتە هۆی زیادبوونی هێرشی گروپە چەكدارەكان، كە ئەمەش دەبێتە مایەی زیادبوونی دوژمنایەتی لەگەڵ ئێران، هەروەها ڕێگای دانوستانیش لەسەر ئەو پرسانەی ڕابردوو دادەخات".
گلیمان بارندۆلار، توێژەری ئەمریكی لە كاروباری بەرگری و ئاسایشی نەتەوەیی لە زانكۆی كاسۆلیك لە واشنتن، پێی وایە، بایدن لەو باوەڕەدایە كە ڕێگری لە ئێران بەوەی ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، لە بەرژەوەندی باڵای ئەمریكادایە.
بارندۆلار دەڵێت:" ڕێكەوتننامەی ئەتۆمی هەرچەندە تەواو نەبێت، بەڵام توانیویەتی بە ڕێگایەكی ڕاستدا بڕوات، هەرچی پەیوەست بە موشەكی بالیستیشە، ئەوا پرسێكی تێكەڵاوە، بەڵام دوورخستنەوەی پرسی ئەتۆمی لەسەر مێزی دانوستان، ئەگەر بە كاتیش بێت، ئەوا زۆر ئاسانترە لەوەی هەوڵ بۆ ڕێكەوتننامەیەكی گەورە لەگەڵ ئێران بدرێت".


گەڕانەوە كێشە گەورەكان چارەسەر ناكات:
بە پێچەوانەی ئەوانەی پێشووتر، ئاندریا سترایكەر توێژەری تایبەتمەند لە چەكی ئەتۆمی لە سەنتەری بەرگری لە دیموكراتی FDD، پێی وایە كە هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە تیمی بایدن، هەمان تیمی ئۆبامان، كە حەز بە هێوركردنەوەی دۆخەكە دەكەن.
سترایكەر دەڵێت:"ئەگەر كارمەندان نوێنەرایەتی دەوڵەت دەكەن، ئەوا زۆرینەی ئیدارەكەی بایدن، ئەوانەن كە لە ئیدارەی باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا كاریان كردووە، ئەوان پێیان وایە بەرژەوەندی ئەمریكا لەوەدایە كە دۆخەكە ئارام ببێتەوە و بارگرژییەكان لەگەڵ ئێران كەم بكرێتەوە".
دەشڵێت:" بێگومان تیمی بایدن هەڵەدەكەن، ئەگەر پێیان وابێت گەڕانەوە بۆ ڕێكەوتنامەكە چارەسەری كێشە گەورە هەرێمیەكان دەكەن، كە بەهۆی دوژمنكارانەی ئێران هاتونەتە كایەوە، بێگومان هێرش كردنە سەر ئەمریكیەكان، باشترین رێگەی ئێرانیەكانە، بۆ ئەوەی ئەمریكا ناچار بكەن سازشیان بۆ بكات".
لە كۆتایشدا جێرمی هۆدج توێژەری سیاسی لە سەنتەری نیو ئەمریكا فاوندەیشن، پێی وایە كەمكردنەوەی بارگرژی لەگەڵ ئێران لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە، بۆ پاڵنەری ئایدۆلۆژی دەگەڕێتەوە.
هۆدج دەڵێت:" ئیدارەی بایدن هاوشێوەی ئیدارەكەی ئۆباما، ئایدۆلۆژیان بەستویەتی".
دەربارەی هێرشەكانی ئەم دوایانەش دەڵێت:" ئەو هێرشانەی كە لەم دوایانە لە عیراق ڕوویدا، هەرچەندە ناوخۆیین، بەڵام لای زۆرینەی ئەمریكیەكان گرنگ نیە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە پابەندبوون بە بیروباوەری ئایدۆلۆجی لەلایەن ئیدارەكەی بایدنەوە".