ئەسەد، براوەی هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ سەر سوریا 

بەشار ئه‌سه‌د له‌ بكوژێكه‌وه‌ بۆ به‌رگریكار

ئەسەد، براوەی هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ سەر سوریا 

883 خوێندراوەتەوە

به‌ره‌به‌یانی رۆژی 14/4/2018، به‌شار ئه‌سه‌دى سه‌رۆكی سوریا له‌ چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی ئه‌مریكاو فه‌ره‌نساو به‌ریتانیادا بوو بۆ ئه‌نجامدانی هێرشی موشه‌كی بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی، ئا له‌و كاته‌دا دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ تویتێكدا چاوه‌ڕوانیه‌كه‌ی ئه‌سه‌دی كۆتایی پێهێنا كاتێك نووسی:" ئێستا كاتی وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌"، دوای ئه‌مه‌ش هێزه‌كانی ئه‌مریكاو به‌ریتانیاو فه‌ره‌نسا چاوه‌ڕێی هه‌ڵهاتنی خۆریان نه‌كرد تا دیمه‌شق ڕووناك بكاته‌وه‌، بۆیه‌ به‌ هاویشتنی 100 بۆ 120 موشه‌ك ئاسمانی سوریایان ڕووناك كرده‌وه‌.


هێرشه‌كان بۆ ئه‌و شوێنانه‌ بوون كه‌ پێده‌چێت كۆگای هه‌ڵگرتنی چه‌كی كیمیایی بن، دوا به‌دوای هێرشه‌كه‌ش وه‌زاره‌تی به‌رگری ڕووسیا ڕایگه‌یاند به‌رگری ئاسمانی سوریا زیاتر له‌ 70 موشه‌كیان تێكشكاندووه‌، به‌مه‌ش سیسته‌می به‌رگی سوری سنورێكی بۆ زیانه‌كانی هێرشه‌كه‌ دانا.
به‌و پێیه‌ی هێرشه‌كان دیاری كراو بوون‌و بۆ ڕووخانی رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌دیش نه‌بوون، بۆیه‌ له‌ چه‌ند لایه‌كه‌وه‌ به‌ سودی خودی سه‌رۆكی سوریاو حكومه‌تی دیمه‌شق شكایه‌وه‌، لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ چه‌ند خاڵێك ده‌كه‌ین كه‌ پێده‌چێت هێرشه‌ موشه‌كیه‌كان له‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی به‌شار بشكێنه‌وه‌:

یه‌كه‌م: ئه‌سه‌د له‌ بكوژێكه‌وه‌ بۆ به‌رگریكار
له‌ یه‌كه‌م لێدوانی دوای هێرشه‌كان، به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆك كۆماری سوریا ڕایگه‌یاند هێرشی ئه‌مریكاو فه‌ره‌نساو به‌ریتانیا وای له‌ وڵاته‌كه‌م كرد كه‌ زیاتر "به‌ره‌نگاری تیرۆر" ببێته‌وه‌، وتیشی "ئه‌م دوژمنكاریه‌ هیچی به‌ سوریاو گه‌لی سوری نه‌گه‌یاند ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ زیاتر به‌ره‌نگاری تیرۆر ببێته‌وه‌و له‌ بست به‌ بستی خاكی سوریادا بیانسڕێته‌وه‌".

هاوكات به‌شار جه‌عفه‌ری نوێنه‌ری سوریا له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، له‌ كۆتایی دانیشتنی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌دا كه‌ له‌سه‌ر داوای ڕووسیا ڕێكخرابوو بۆ ئیدانه‌كردنی هێرشه‌ سێ لایه‌نه‌كه‌ وتی: سوریاو هاوپه‌یمانه‌كانی زیاتر هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هێرشی ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی.

،،

 به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆك كۆماری سوریا ڕایگه‌یاند هێرشی ئه‌مریكاو فه‌ره‌نساو به‌ریتانیا وای له‌ وڵاته‌كه‌م كرد كه‌ زیاتر "به‌ره‌نگاری تیرۆر" ببێته‌وه‌، وتیشی "ئه‌م دوژمنكاریه‌ هیچی به‌ سوریاو گه‌لی سوری نه‌گه‌یاند ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ زیاتر به‌ره‌نگاری تیرۆر ببێته‌وه‌و له‌ بست به‌ بستی خاكی سوریادا بیانسڕێته‌وه‌".

sdc
بۆردومانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ سەر پێگەی جمرایا ـ دیمەشق ـ ٢٠١٨.٤.١٤


دوای ئه‌وه‌ی دۆناڵد ترامپ كۆتایی هاتنی هێرشه‌كانی ڕاگه‌یاند، لایه‌نگرانی ئه‌سه‌دو سه‌ربازانی سوپای سوریا، له‌ مه‌یدانی ئه‌مه‌وییه‌كان له‌ دیمه‌شقی پایته‌خت كۆبوونه‌وه‌و ئاهه‌نگیان گێرا، ئه‌مه‌ش وه‌ك ته‌حه‌دایه‌ك بۆ هێرشی سێ وڵاته‌كه‌، هاوكات بۆ دژایه‌تی كردنیان ئاڵای ئێران‌و ڕووسیایان له‌ پاڵ ئاڵای سوریادا به‌رزكرده‌وه‌، ئه‌م كاردانه‌وه‌یه‌ی لایه‌نگرانى به‌شارو سوپاى سوریا، وای له‌ رامی عه‌بدولڕه‌حمان كرد كه‌ سه‌رۆكی روانگه‌ی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤه‌و له‌ به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆنه‌و دژی ئه‌سه‌ده‌، بڵێت هێرشه‌كان به‌ سودی ئه‌سه‌د شكایه‌وه‌ و پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی به‌هێز كرد.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری روسیا ئاشكرای كرد كه‌ هێزه‌ ده‌ریایی‌و وشكاییه‌كانی ئه‌مریكاو فه‌ره‌نساو به‌ریتانیا زیاتر له‌ 100 موشه‌كی باڵداریان ئاراسته‌ی پێگه‌ مه‌ده‌نی و سه‌ربازییه‌كانی سوریا كردووه‌، به‌ڵام سیسته‌می به‌رگری سوریا كه‌ له‌ جۆری ئێس 125 و ئێس 200ی ڕووسین و پێش 30 ساڵ له‌مه‌و پێش له‌لایه‌ن یه‌كێتی سۆڤیه‌ته‌وه‌ دروستكراون توانیویه‌تی زۆرینه‌ی موشه‌كه‌كان تێكبشكێنێت، ته‌نها له‌ فرۆكه‌خانه‌ی ( ئه‌لچمیر) ی سه‌ربازی 12 موشه‌ك تێكشكێنران، ئه‌م به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌ش مانگی شوباتی ئه‌مساڵمان بیر دێنێته‌وه‌ كاتێك سوریا فڕۆكه‌یه‌كى ئێف شازده‌ى ئیسرائیلى به‌ردایه‌وه‌.
سه‌یركردنێكی ئه‌م ڕووداوانه‌ ئاماژه‌ى ئه‌وه‌ى تێدایه‌ كه‌ ئه‌سه‌د له‌مه‌ودوا ده‌توانێت له‌ كه‌سێكی خوێنڕێژه‌وه‌ وه‌ك كه‌سێكی به‌رگریكاری وڵاته‌كه‌ی خۆی ده‌ربخات.

دووه‌م: روسیا ڕژێمی ئه‌سه‌د به‌ سیسته‌می به‌رگری پڕچه‌ك ده‌كات

روسیا گه‌وره‌ترین هاوپه‌مانی سوریا بووه‌ له‌ ماوه‌ی حه‌وت ساڵی رابردوودا، هاوكات یه‌كێك بووه‌ له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ زۆر به‌ توندی دژی به‌كارهێنانی هێز بووه‌ له‌ سوریادا ، ته‌نانه‌ت گه‌یشته‌ ئاستێك كه‌ روسیا بڵێت وه‌ڵامی هه‌ر هێرشێك ده‌ده‌ینه‌وه‌ كه‌ بكرێته‌ سه‌ر سوریا، پێده‌چێت ئه‌مه‌ش هۆكار بووبێت بۆ ئه‌وه‌ی ترامپ دره‌نگ بڕیاری هێرشی موشه‌كی بۆ سه‌ر سوریا ده‌ركردبێت، هاوكات ( جێمیس ماتیس) وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوو كه‌ هه‌ره‌شه‌كانی ترامپ هێور بكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ ترسی به‌ریه‌ك كه‌وتنی روسیا و ئه‌مریكا له‌ خاكی سوریادا.

،،

روسیا ڕایگەیاند وه‌ڵامی هه‌ر هێرشێك ده‌ده‌ینه‌وه‌ كه‌ بكرێته‌ سه‌ر سوریا، پێده‌چێت ئه‌مه‌ش هۆكار بووبێت بۆ ئه‌وه‌ی ترامپ دره‌نگ بڕیاری هێرشی موشه‌كی بۆ سه‌ر سوریا ده‌ركردبێت، هاوكات ( جێمیس ماتیس) وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوو كه‌ هه‌ره‌شه‌كانی ترامپ هێور بكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ ترسی به‌ریه‌ك كه‌وتنی روسیا و ئه‌مریكا له‌ خاكی سوریادا.


له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنی هێرشه‌كان، وه‌زاره‌تی به‌رگری روسیا ئاشكرایكرد كه‌ مۆسكۆ ئێستا له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ ڕژێمى سوریا به‌ سیسته‌می به‌رگری پڕ چه‌ك بكات.
سێرگی رۆدسكی، سه‌رۆكی ژووری چالاكی له‌ دەستەی ئه‌ركانی روسیا رایگه‌یاند كه‌ وڵاته‌كه‌ی ئێستا له‌ هه‌وڵی دووباره‌ گه‌شه‌پێدانی سیسته‌می به‌رگری (S300ه‌، كه‌ ده‌توانێت له‌ یه‌ك كاتدا 24 فرۆكه‌ی ئاسایی و جۆری شه‌به‌ح و ئه‌و جۆرانه‌ی خۆیان له‌ ڕادار بزر ده‌كه‌ن بپێكێت، چونكه‌ توانای برینی 400 كیلۆ مه‌تری هه‌یه‌، هاوكات له‌ توانایدا 16 موشه‌كی بالیستی له‌ دووری 4500 مه‌تره‌وه‌ بپێكێت، كه‌واته‌ هێرشه‌ سنورداره‌كه‌ی ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی نه‌ك نه‌بووه‌ هۆی لاوازكردنی هێزی سه‌ربازی حكومه‌تی وسوریا ، به‌ڵكو به‌ پێدانی سیسته‌می به‌رگری. S300 له‌لایه‌ن روسیاوه‌ به‌هێزتر بوو.

dc
بەشار ئەسەد سەربازانی سوپاکەی بەسەر دەکاتەوە

سێیه‌م: هاوپه‌یمانه‌كانی دووباره‌ به‌ڵێنی پاراستنی ئه‌سه‌دیان دووپات كرده‌وه‌
هاوپه‌یمانه‌كانی به‌شار ئه‌سه‌د، له‌ كاتی هێرشه‌كاندا زۆر به‌ توندی به‌رگریان لێكردو به‌ڵێی پاراستنیان پێدا، له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا حه‌سه‌ن روحانی سه‌رۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی سوریادا رایگه‌یاند، ئێران به‌ توندی هێرشه‌ دوژمنكاریه‌كه‌ ئیدانه‌ ده‌كات، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئێران به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هاوكارییه‌كانی بۆ به‌شار ئه‌سه‌د، وتیشی ئه‌م هێرشانه‌ نابنه‌ هۆی لاوازكردنی حكومه‌ت و گه‌لی سوریا.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ( حزب الله) ی لوبنانی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌م هێرشانه‌ی ئیدانه‌ كردو به‌ شانۆگه‌رییه‌كی كۆمیدی شكستخواردوو ناوزه‌ندی كرد، له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا رایگه‌یاند كه‌ به‌ توندی هێرشه‌ سێ قۆڵیه‌كه‌ بۆ سه‌ر سوریای برامان ئیدانه‌ ده‌كه‌ین و رایده‌گه‌یه‌نێن كه‌ ئه‌م هێرشانه‌ له‌ داهاتوودا ده‌بێته‌ به‌رگری، له‌ ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامی هێرشه‌كانی و داگیر كردنی سوریا داوا له‌ حه‌شدی شه‌عبی عێراقی ده‌كه‌ین دژی ئه‌مركیه‌كان بجه‌نگن.
له‌لایه‌كر تره‌وه‌ فوزی برهوم وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی به‌رگری فه‌له‌ستینی ( حماس) رایگه‌یاند ئێمه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانی پێشوومان سورین‌و به‌ توندی ئه‌م هێرشانه‌ ئیدانه‌ ده‌كه‌ین و پێمانوایه‌ بۆ تێكدانی خاكی سوریاو به‌هێز بوونی كیانی جوله‌كه‌یه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا.

چواره‌م: ئه‌سه‌د له‌سه‌ر كورسی ده‌مێنێته‌وه‌
دوای كۆتایی هاتنی هێرشه‌كان و سنورداركردنی بۆ چه‌ند پێگه‌یه‌كی سه‌ربازی، ئیتر بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی نایانه‌وێت كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌شار ئه‌سه‌د بهێنن، به‌ڵكو ته‌نها ئامانجیانه‌ ئه‌سه‌د له‌ هێرشه‌كانیاندیدا بۆ سه‌ر ئۆپۆزسیۆنی وڵاته‌كه‌ی چه‌كی قه‌ده‌غه‌ كراو به‌كار نه‌هێنێت، ئه‌م هێرشانه‌ دڵنیایی دایه‌ ئه‌سه‌د كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی نادیار له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات ده‌مێنێته‌وه‌.

،،

بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی نایانه‌وێت كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌شار ئه‌سه‌د بهێنن، به‌ڵكو ته‌نها ئامانجیانه‌ ئه‌سه‌د له‌ هێرشه‌كانیاندیدا بۆ سه‌ر ئۆپۆزسیۆنی وڵاته‌كه‌ی چه‌كی قه‌ده‌غه‌ كراو به‌كار نه‌هێنێت، ئه‌م هێرشانه‌ دڵنیایی دایه‌ ئه‌سه‌د كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی نادیار له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات ده‌مێنێته‌وه‌.

پێنجه‌م: ئه‌سه‌د توندتر له‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان ده‌دات
دوای هێرشه‌كانی ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی بۆ سه‌ر پێگه‌ سه‌ربازییه‌كانی سوریا، سوپای سوریا ده‌توانێت به‌بێ ترس و هێزێكی زیاتره‌وه‌و به‌ توندترین شێوه‌ هێرش بكاته‌ سه‌ر گروپه‌ چه‌كداره‌كان، چونكه‌ ئێستا جگه‌ له‌ به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاوی هه‌موو ڕێگاكانی تر بۆ سوپا ڕێگه‌ پێدراوه‌و وڵاتانی رۆژئاواش وه‌ڵامێكی كرداری ئه‌وتۆیان نابێت، چونكه‌ ئه‌وان بۆ هێرشی كیمیاوی كارێكی ئه‌وتیان ئه‌نجام نه‌دا، بۆیه‌ زه‌حمه‌ته‌ بۆ فراوان كردنی هێرشه‌كان كارێك بكه‌ن كه‌ ببێته‌ هۆی به‌كارهێنانی گورزی سه‌ربازی.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی