باڵیۆزی ئه‌مریكا چی به‌ مه‌سرور بارزانی وت و ئه‌و چی بڵاوكرده‌وه‌؟

باڵیۆزی ئه‌مریكا چی به‌ مه‌سرور بارزانی وت و ئه‌و چی بڵاوكرده‌وه‌؟

3396 خوێندراوەتەوە

باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق، له‌سه‌ر دۆسیه‌ی ده‌ستگیركراوان و ئازادی راگه‌یاندن و راده‌ربڕین هۆشداری ده‌داته‌ هه‌رێم، به‌ڵام به‌رپرسانی هه‌رێم خۆیان له‌ باسكردنی ئه‌و پرسه‌ ده‌دزنه‌وه‌.


ماسیو تولەر باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مریكا له‌ عێراق، سه‌ردانی هه‌ولێری كرد و له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێم و مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم كۆبویه‌وه‌.


ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ دوابه‌دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌ راگه‌یاندراوێكدا باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا ده‌ڵێت له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا، باڵیۆز تولەر جەختیکردۆته‌وه‌ لە گرنگیی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕاگەیاندن و ئاماژەی بەوەدا کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەند دەمێنێتەوە بە کارکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگای مەدەنی لەسەر ئەم پرسە و دڵنیاییدا لە پەیوەندیەکەی بەهێز لەگەڵ حکومەتەکەی بایدن.

،،

به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌و راگه‌یاندراوه‌دا كه‌ مه‌سرور بارزانی له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ عێراق بڵاویكردۆته‌وه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسی له‌وه‌ نه‌كردوه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ باڵیۆز باسی پرسی راگه‌یاندن و ئازادی راده‌ربڕین و دۆسیه‌ی ده‌ستگیركراوانی بادینان كرا بێت.


رۆژی 10 ی ئه‌م مانگه‌ دادگای هه‌ولێر بڕیاریدا به‌ شه‌ش ساڵ زیندانی بۆ پێنج له‌ ده‌ستگیركراوانی بادینان، ئه‌و تۆمه‌تانه‌ش كه‌ ئاراسته‌یان كراوه‌ سیخوڕی و هه‌وڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هه‌رێم و دروستكردن و په‌یوه‌ندیكردن بوه‌ به‌ گروپی چه‌كدارییه‌وه‌.


ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار نیه‌ ئه‌مریكیه‌كان له‌سه‌ر دۆسیه‌ی سزادانی رۆژنامه‌نوسان و چالاكانی بادینان دێته‌ ده‌نگ، پێشتریش كونسوڵخانه‌ی ئه‌مریكتا له‌ هه‌ولێر راگه‌یاندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا هاتوه‌"بە وردی چاودێری دەستگیرکردن و پاشان دادگایکردنەکانی ئەم دواییەی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانمان کردووە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەربارەی پرسی ئازادیی ڕادەربڕین و لەو نێوەندەشدا ئازادی بۆ ڕاگەیاندکاران بەردەوام لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی_کوردستان و بەردەوامیش دەبێت لەسەری. کۆمەڵگا دیموکراتیەکان ڕێز لە ئازادیی ڕادەربڕین دەگرن و پشتیوانی لە توانای ڕاگەیاندکاران دەکەن بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان بە بێ ترس لە تۆڵە لێسەندنەوه.“ - ئۆفیسی راگەیاندنی نێردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا".