دوای دە ساڵ .... بۆچی قەیرانی سوریا درێژەی كێشا؟

دوای دە ساڵ .... بۆچی قەیرانی سوریا درێژەی كێشا؟

264 خوێندراوەتەوە

هاوڵاتیانی سوریا لە چەند شار و شارۆچكەیەك، یادی دە ساڵەی یەكەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكانی وڵاتەكەیان كردەوە، كە ئەو كات لە درێژەی شۆرشەكانی بەهاری عەرەبی ، خۆپیشاندان و ناڕەزاییان دژی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد ئەنجامدا، بەڵام ئەم خۆپیشاندان و شۆرشە بۆ گەلانی سوریا بووە پایز ،چونكە ماوەی دە ساڵە لە قەیران و شەڕی ناوخۆدانو بەهۆیەوە زیانێكی زۆری مرۆییان كردووە و ژێرخان و سەرخانی وڵاتەكەیان بە تەواوی داڕماوە ، ئەمە جگە لەوەی دەستوەردانی دەرەكی، سوریای كردۆتە مەیدانی " شەڕی بەوە كالەت"، بەمەش چارەسەری سیاسی بۆتە كارێكی مەحاڵ.


ڤان دام دیپلۆماسی هۆڵەندی و شارەزا لە كاروباری ڕۆژهەڵات و باڵیۆزی پێشووی وڵاتەكەی لە هەریەكە لە عیراق و میسر و ئیندۆنیزیا، هۆكاری درێژەدانی قەیرانی سوریا شی دەكاتەوە، كە خۆی لە كۆمەڵێك هۆكاری دەرەكی و ناوخۆیی دەبینێتەوە.

،،

ڤان دام دەڵێت:" درێژە كێشانی قەیرانەكە بەهۆی دەستوەردانی دەرەكیە، هەروەها ئۆپۆزسیۆنیش ئەوەندە چەكیان پێنەدرا، كە بتوانن شەڕەكە لە بەرژەوەندی خۆیان یەكلایی بكەنەوە".


هەرچی پەیوەست بە دانوستان و گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكە، ئەو كەسایەتیە دیپلۆماسیە دەڵێت:" گفتوگۆ كلیلی چارەسەركردنی هەموو قەیرانێكە، بەڵام لەهەمانكاتدا و لە سەرەتای قەیرانی سوریاوە، لایەنە سەرەكیەكان دەیانویست لەسەر ئەرزی واقیع كۆتایی بە هەندێك لایەنی دیكە بهێنن، هەروەها هەر یەكە لەم لایەنانە دیدو بۆچوونی جیاوازی لە لایەنەكانی دیكە هەیە، كە ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی تێگەیشتن لە نێوانیاندا نەبێت".
ڤان دام، هۆكارێكی دیكە بۆ قەیرانەكانی سوریا ڕوون دەكاتەوە، كە پەیوەستە بە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان، چونكە بە وتەی ئەو "ئەوان لە ڕووی سەربازییەوە، شكستیان هێنا، هەروەها هەموو چارەسەرێكی مام ناوەندییان ڕەتكردەوە، كە تاكو ئێستا لەسەر ئەم بۆچونەیان سورن، هەروەها زۆرترین وڵاتانی ئەوروپاش گۆڕانكارییەكی ڕیشەییان لە سوریا دەوێت".


دەربارەی چارەسەر سیاسی بۆ جەنگی سوریا، باس لەوە دەكات كە" بۆتە كارێكی مەحاڵ،چونكە ئەمە پێویستی بە ڕەزامەندی هەریەكە لە ئەمریكا و ڕوسیا و ئێران و توركیاوە هەیە، كە هەریەكەیان بەرژەوەندی هەرێمی تایبەت بە خۆی هەیە لە سوریادا".
ئەو شارەزایەی كاروباری ڕۆژهەڵات زیاتر لەسەر ئەم لایەنە دەوێست و بە نموونەی ڕوونی دەكاتەوە و دەڵێت:"بۆ نموونە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، ڕووبەڕووی رۆڵی ئێران لە ناوچەكە و پرسی ئەتۆمیەكەی بۆتەوە، هەروەها توركیاش دەیەوێت چارەسەری قەیرانەكە بكرێت، بەڵام هیچ ڕۆڵێك بە كورد نەدرێت،بۆیە ڕێگری دەكات لە هاتنی زیاتری ئاوارەكانی ئیدلب، هەروەها هەریەكە لە ڕوسیا و ئێران دەیانەوێت هاوپەیمانەكەیان لە دیمەشق بپارێزن، بۆیە ئەم بەرژەوەندیانە لەگەڵ یەك یەكناگرێتەوە، كاری لەپێشینەی هەر وڵاتێكیان جیاوازە لە وڵاتێكی دیكە".
دەربارەی گۆڕانی سەرۆكایەتی ئەمریكا و توانای جۆبایدن بۆ گۆڕینی دۆخەكە، ڤان دام پێی وایە كە" گۆڕانكارییەكی گەورە لە نێوان سەرۆكایەتی پێشوو و ئێستا ڕووی نەداوە، هەروەها گرنگی نێودەوڵەتی بە پرسی سوریا وردە وردە بەرەو خاوبوونەوە رۆیشتوە و وەك جاران گرنگی پێنادەن".

كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی:
دەربارەی جدیاتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سوریا، ئەو شارەزایەی هۆڵەندا ئاماژە بەوە دەكات كە" لە ڕووی تیۆرییەوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وا دیارە جدیە لە چارەسەركردنی قەیرانەكە، بەڵام لەڕووی پراكتیكیەوە، ئەوە تەنها لە ڕووی مەبدەئەوە جدیە، ئەوان هیچ بیرۆكەیەكی ڕوونیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەكە نیە".
دووپاتیشی دەكاتەوە كە" سەپاندنی سزا بەسەر حكومەتی سوریا، نابێتە مایەی گۆڕانی فەرمانڕەوا، ئەمە لە كاتێكدایە كە سزاكان بۆتە مایەی ئەوەی كە خەڵكی لە دۆخێكی خراپدا ژیان بەسەر بەرن".
لە كۆتایشدا، ڤان دام پێی وایە، تیرۆر بۆتە مایەی ئەوەی كە سەقامگیری لەو وڵاتە نەمێنێت و چەندین گروپی تیرۆرستی چالاكیەكانیان لەو وڵاتە زیاد بكەن، بەمەش جەنگەكەی خوێناوی تر كردووە، هەروەها ژمارەی قوربانیان و پەناهەندە و ئاوارەی سوریا زیاد كردووە.