لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی توركیادا،كێ‌ روبەڕووی ئۆردوغان دەبێتەوە؟

لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی توركیادا،كێ‌ روبەڕووی ئۆردوغان دەبێتەوە؟

1039 خوێندراوەتەوە

لەپاش ئەوەی بۆ یەكەمجار ئۆردوغان لە ساڵی 2003 دا پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتی وەرگرت، لەوكاتەوە خەوی ئەوەی بۆ دروست بوو كە دەبێت ببێتە سەركردەیەكی كاریزماو لەم سەدە نوێیەدا جێگەی ئەتاتورك بگرێتەوە

بۆیە دەبینین لە دوای ئەوەوە بیرۆكەی دەستورێكی نوێ‌ و سیستمێكی نوێ‌ و توركیای نوێ‌ لە ئەدەبیاتی سیاسیی پارتی دادو گەشەپێداندا سەریهەڵداو بۆ ئەم مەبەستەش راگەیاندنی توركیای نوێ‌ لە 2003 دا هاتە ئاراوە، سەرەتا ئەم پڕۆژانە وەك پرۆژەیەكی نیشتمانی سەریانهەڵداو لەسەر ئەم بنەمایەش كاریان بۆ دەكرد، بەڵام دەبینین دواجار ئەم خەون و پرۆژانە سنوریان بچوك دەبێتەوەو لە كەسی ئۆردوغاندا خۆی دەبینێتەوە، ئەمەش پاش ئەوە دروست بوو كە ئۆردوغان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2014 دا بوە دوانزەهەمین سەرۆك كۆماری توركیا، بەهۆی فراوانی خەون و پرۆژەكانی پارتی دادوگەشەپێدان و خودی سەرۆك، لەدوای ئەوەوە بڕیاری گۆڕینی سیستمی حوكمڕانیان دا لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆكایەتی و لە ریفراندۆمەكەی 16/4/2017 دا توانیان ئەم بەربەستەش ببڕن و سیستمی حوكمڕانی بگۆڕن بۆ كۆماری و لەم رێگەیەشەوە توانیان كۆمەڵێك دەسەڵاتی زۆر بدەن بە سەرۆك كۆمار و لە بەردەمیدا پەرلەمان و دادگاكان و حكومەت لاواز بكەن.

،،

هەڵبژاردنی ئەم كاتە بۆ هەڵبژاردنی پێش وەخت بە پلان و بەرنامە بۆ دارێژراوە، دەیانەوێت تەوزیفی ئەم كاتە بكەن بۆ سەركەوتنی ئۆردوغان، بەڵام ئایا ئۆردوغان توانای سەركەوتنی هەیە و پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان دەتوانن بەرەوڕووی ببنەوە؟


هەرچەند گۆڕینی سیستمەكە بۆ كۆماری و سەركەوتنیشی لە راپرسیەكەدا ئامانجەكەی ئۆردوغانی بەدیهێنا، بەڵام بە سەیركردنی دەرئەنجامەكانی كە بەڕێژەی 51,41% دەرچووە بەرامبەر بە ڕێژەی دەنگی 48,58% بە نەخێر، مایەی دڵە راوكێ‌ و لەسەر وەستان و مەترسی بوو. هەرچەند بەپێی یاساو دەستور دەبوایە لە مانگی تشرینی دووەمی 2019 دا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی ئەنجام بدرایە و ئەوكاتەش دەستورە نوێیەكە دەكەوتە كار و سەرۆكیش بەو دەسەڵاتە فراوانەوە دەست بەكار دەبوو، كە ئەمەش لە ئێستاوە ساڵێك و پێنج مانگی مابوو، بەڵام ئەو ماوە بۆ ئاك پارتی زۆر بوو هەتا چاوەڕێ بكات و لەهەمانكاتدا كات لە بەرژەوەندیان نیە ئەوكاتە بچنە هەڵبژاردنەوە، چونكە ئۆردوغان لە لێدوانێكدا چەند مانگێك لەمەوپێش وتی هەڵبژاردنی 2019 چارەنووس سازە و چارەنووسی نیو سەدەی ئایندەی توركیا دیاری دەكات، لەبەرئەوە پێم وایە هەر لەدوای ریفراندۆمەكەوە ئاك پارتی پلانی ئەوەی داناوە كە لە هەلێك بگەڕێت كە تیایدا هەڵبژاردنی پێش وەخت رابگەیەنێت و هەڵبژاردنەكەش مسۆگەر بێت بە دەرچوونی ئۆردوغان بۆ سەركەوتن لەو هەڵبژاردنەی كە بە مێژوویی و چارەنوسسازی دەبینێت، دەبینین ئاراستەی سیاسەتەكانی دەگۆڕێت و دەیەوێت تەوزیفی دەرئەنجامی كودەتاكەی 2016 بكات و لە دوای ئەمەوە دەبینین كە ئاكپارتی پارتێكی ترە بە سیاسەتێكی ترەوە

لەدوای ئەوەوە سەرەڕای توندی بەرامبەر بە ئۆپۆزسیۆن و گوڵەنیەكان و رۆژنامەنوسان، دەبینین لە بەرامبەر كوردیشدا سیاسەتێكی توند دەگرێتە بەرو لەدوای دەستپێكردنەوەی شەڕ لەگەڵا پارتی كرێكاراندا باسێك بەناوی كرانەوەی دیموكراسی و گفتوگۆ لە ئارادا نەماوەو روبەڕوبوونەوەی سەربازی و عەسكەرتاریەت و توندوتیژی جێگەی گرتۆتەوە، لەدوای ئەم سیاسەتانەشەوە دەبینین رۆژبەرۆژ لە پارتی نەتەوەپەرستی تورك (مەهەپە) زیاتر نزیك دەبێتەوەو وەك پارتێكی هاوكاری ستراتیجی مامەڵەی لەگەڵدا دەكات و لە كۆبوونەوەیەكداو لەسەر پێشنیاری دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختیان بۆ پەرلەمان و سەرۆك كۆمار راگەیاند.


هەڵبژاردنی ئەم كاتە بۆ هەڵبژاردنی پێش وەخت بە پلان و بەرنامە بۆ دارێژراوە، دەیانەوێت تەوزیفی ئەم كاتە بكەن بۆ سەركەوتنی ئۆردوغان، بەڵام ئایا ئۆردوغان توانای سەركەوتنی هەیە و پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان دەتوانن بەرەوڕووی ببنەوە؟ هەرچەند جەهەپە ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردندا، بەڵام كەسێكی دیاری نەكردووە، بۆ روبەڕوبوونەوەی ئۆردوغان.


چەند مانگێك لەوەوپێش كەمال كلیچدار ئۆغڵۆ سەرۆكی جەهەپە لە لێدوانێكدا بۆ گۆڤاری (فۆكس)ی ئەڵمانی وتبووی ئەوەی پێیان بكرێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەیكەن بۆ لەسەركار لادانی ئۆردوغان، پێویستە ئەوروپیەكانیش بڕوا بەو راستیە بكەن كە لەو هەڵبژاردنەدا هەموو هێزە دیموكراتەكان هاوپەیمانیەتێك دروست دەكەن بۆ ئەوەی ئۆردوغان هەتا هەتایە دور بخەنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش دەنیز بایكاڵا داوای لە كلیچدار ئۆغڵۆ كردبوو كە خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بپاڵێوێت.

،،

كەمال كلیچدار ئۆغڵۆ سەرۆكی جەهەپە لە لێدوانێكدا بۆ گۆڤاری (فۆكس)ی ئەڵمانی وتبووی ئەوەی پێیان بكرێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەیكەن بۆ لەسەركار لادانی ئۆردوغان، پێویستە ئەوروپیەكانیش بڕوا بەو راستیە بكەن كە لەو هەڵبژاردنەدا هەموو هێزە دیموكراتەكان هاوپەیمانیەتێك دروست دەكەن بۆ ئەوەی ئۆردوغان هەتا هەتایە دور بخەنەوە


(غونوڵا نۆڵا) بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی توركی لە پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە توركیا دەڵیت كەمال ئۆغڵۆ پیاوێكی گەورەیە، بەڵام وەك ئۆردوغان یاریزانێكی سیاسی باش نیە، چونكە ئەگەر بتەوێت شكست بە ئۆردوغان بدەین دەبێت شارەزای هەموو ئەو یاریانە بیت كە ئەو دەیانزانێت و دەیكات دووەم كەسایەتی بۆ روبەڕووبونەوەی ئۆردوغان (میرال ئەكشنار)ە كە وەزیری ناوخۆی پێشووی توركیا بوەو لە چەند مانگی رابردوودا پاش جیابوونەوە لەمەهەپە پارتێكی نوێی راگەیاندووە بەناوی پارتی چاك، میرال كە بە ژنە گورگەكە ناسراوە لەسەرئەوە لە مەهەپە جیابووەوە كە پشتیوانی لە ئاك پارتی كرد لە راپرسیەكەی ساڵی پاردا، ئەو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا وتی دەبێت هەموو پارتە سیاسیەكان هاوپەیمانێتیەك دروست بكەن بۆ شكست پێهێنانی ئۆردوغان، من خۆم ئامادەم روبەڕووی ببمەوەو شكستی پێ‌ بدەم.


گۆڤاری تایمی ئەمریكی دەڵێت لە ئێستادا توركەكان بۆ كەسێك دەگەڕێن كە بتوانێت شكست بە ئۆردوغان بدات، بۆئەوەی دۆخەكە لەڕووی ئازادی و دیموكراسیەوە بگەڕێنێتەوە بۆ پێشتر، بەڵام بە بڕوای ئێمە ئەم پاڵێوراوە لاوازەو ناتوانێت ئەوكارە بكات، چونكە بە درێژایی 16 ساڵی رابردوو جەهەپە كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە نەیتوانیوە هیچ هەڵبژاردنێك بەرێتەوە لەبەر ئەوە هەڵبژاردنی داهاتوو پێویستی بە كەسێكی دڕ و گەورەو ناودار و چاونەترس هەیە.

،،

گۆڤاری تایمی ئەمریكی دەڵێت لە ئێستادا توركەكان بۆ كەسێك دەگەڕێن كە بتوانێت شكست بە ئۆردوغان بدات، بۆئەوەی دۆخەكە لەڕووی ئازادی و دیموكراسیەوە بگەڕێنێتەوە بۆ پێشتر، بەڵام بە بڕوای ئێمە ئەم پاڵێوراوە لاوازەو ناتوانێت ئەوكارە بكات،


ئۆردوغان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو پشتی لە كورد كردووە و ئەو راستیەی فەرامۆشكردووە كە ئەگەر كورد دەنگیان بەنەخێر بدایە ئەوا راپرسیەكەی پار شكستی دەهێنا، دەنگی كورد لە هەڵبژاردنی داهاتووشدا یەكلاكەرەوە و چارەنووسسازە بۆ ئۆردوغان و پارتەكەی. چونكە بەهۆی سیاسەتەكانی ئۆردوغان بەرامبەر بە كوردانی سوریا و باكور و باشور، پێم وایە ئێستا زۆرینەی هاوڵاتیان نیگەرانن لە ئۆردوغان و حەز بە سەركەوتنی ناكەن، لەبەرئەوە پێشبینی دەكرێت لە خولی یەكەمدا دەنگە نارازیەكانی كورد بچێت بۆ ئەو پاڵێوراوەی كە هادەپ دیاری دەكات، هەروەها جەهەپەش ئەگەر كاندیدی هەبێت دەنگ بە كاندیدی خۆیان دەدەن و مەهەپەش كە دەنگێكی زۆری ناڕازی هەیە، دەنگ بە میرال ئەكشنار دەدەن و بەمەش هەموویان هەوڵ دەدەن كە ئۆردوغان نەتوانێت لە خولی یەكەمدا سەركەوتن بەدەست بهێنێت>

ئەگەر ئەمەش روبدات هەڵبژارنەوەی ئۆردۆغان لە خولی دووەمدا دەكەوێتە بەردەم مەترسی، چونكە بۆ خولی دووەم دەتوانن بە دیاریكردنی كاندیدێك كە هەموویان لەسەری كۆكبن شكست بە ئۆردوغان بدەن،بە بروای زۆر لە توێژەرانی بواری سیاسی هەتا ئێستا باشترین بژاردە بۆ ئەو كارە عبدالله گوڵی سەرۆكی پێشوی توركیایە ،چونكە گوڵ كەسایەتیەكی سیااسی ناودارەو پیاوێكی میانرەو بوە لە سیاسەتداو رەخنەگرێكی گەورەی سیاسەتەكانی ئۆردوغانە لە توركیاو لە ناو خودی ئەكەپەشدا لایەنگرێكی زۆری هەیە ، بەڵام هەتا ئێستا نە پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان ئەو داوایەیان لێ‌ كردوەو نە خۆیشی شتێكی وای پێشنیار كردوە ،چونكە ئەمەش بۆ كەسێكی وەك گول ئاسان نیە ئەو كارە بكات و دۆستەكانی دوێنێی بە خیانەتكار ناوی بەرن ، بەڵكو ئەگەر ئەم كارەش بكات ئەگەری ئەوە هەیە بە شێوەی سەر بەخۆ ئەنجامی بدات . بەڵام ئەمەش ئەگەرێكە، چونكە هاوڵاتیانی توركیا لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمان لە 2015 دا لە جیاتی شكست دان بە ئەكەپە پشتیوانیان لێكرد و ئەوەندەیان دەنگ پێدا كە خۆی بتوانێت حكومەت پێك بهێنێت و لەو مەترسیەش رزگاری بوو.

 

author photo

نوسەر و ڕۆژنامەنوس