بەهۆی ئەو بارودخە تایبەتەو بەهۆی ئەو گۆڕانكارییە سیاسییانەی بۆ ئەوان هاتۆتە پێشەوە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ حیزبو قەوارە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، وێستگەیەكی چارەنووسساز دەبێت.
هەریەك لە حیزبو قەوارە سیاسییە كوردییەكان بە بارودۆخێكی تایبەتەوە بەشداری هەڵبژاردن دەكەنو ئەو بارودۆخەشی كە بەر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوانی تێدایە، جیاوازە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو، بۆیە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقو ڕۆژی 12- 5- 2018 لە ژیانی سیاسی ئەواندا، دەبێتە وێستگەیەكی گرنگو چارەنووسساز.

،،
كۆمەڵێك فاكتەرو ڕووداوی جیاواز كە لە ماوەی ڕابردوودا ڕوویانداوەو هەندێكیشیان ئێستاش بەرقەرارن، پێدەچێت كاریگەرییان لە سەر ڕێژەی دەنگو پێگەی پارتی لە پاش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقو هەڵبژاردنەكانی داهاتووش هەبێت
پارتی
لەگەڵ ئەوەدا كە چاودێران پێیانوایە پارتی لەو هێزانەیە كە تا ئاستێكی زۆر دەنگی جێگیری هەیەو ئەندامانو دەنگدەرانی بە ئاسانی دەستبەرداری نابن، بەڵام كۆمەڵێك فاكتەرو ڕووداوی جیاواز كە لە ماوەی ڕابردوودا ڕوویانداوەو هەندێكیشیان ئێستاش بەرقەرارن، پێدەچێت كاریگەرییان لە سەر ڕێژەی دەنگو پێگەی پارتی لە پاش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقو هەڵبژاردنەكانی داهاتووش هەبێت:
یەك: پارتی وەك هێزی دەسەڵاتدارو حكومڕانی یەكەمی هەرێمی كوردستان، بەرپرسیارێتی هەرە گەورەی لە ئەستۆدایە لەو بارودۆخە خراپە ئابورییەی كە چەند ساڵێكە ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووەو وایكردووە كە مووچە خۆرانو هاوڵاتیان لە لە خراپترین دۆخی ژیاندابن.
دوو: شكستی ڕیفراندۆمو لێكەوتە خراپەكانی لەسەر هەرێمی كوردستانو ئەو ڕووداوانەی كە پاش ڕیفراندۆم ڕوویاندا، پشكی گەورەی بەر پارتی دەكەوێت، بەتایبەت كەوتنی كەركوكو ڕووداوی 16ی ئۆكتۆبەر.
سێ: كەوتنی شەنگالو چۆڵكردنی بە بێ بەرگریو جێهێشتنی بۆ داعش.
چوار: دەستبەرداربوونی بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێمو چۆڵكردنی كورسییەكەی لە ژێر فشاردا.
پێنج: تا ئاساتێكی زۆر، بە تاڵبوونەوەی ئەو دروشمە نەتەوەییو نیشتیمانیانەی كە پارتی بەردەوام كاری لەسەر كردووەو لەبانگەشەی هەڵبژاردندا بەكاری هێناوە، بەتایبەت پرسی سەربەخۆیی.
شەش: گەشتنی خۆپیشاندانەكان بە زۆنی زەرد لە 25ی ئازارداو، تێكشاندنی ئەو ترسەی كە لەوە پێش هەبوو، وایكردووە كە هێزەكانیتر جیاواز لە ڕابردوو بانگەش بكەنو هەم هاووڵاتیانیش لەو فشارانە نەترسن كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا لەسەریان بووە، بەجۆرێكیتریش ڕەفتاری دەسەڵاتی ئەو دەڤەرە بەرانبەر مامۆستایانی ئایینیو مامەڵەی خراپیان لەگەڵ خۆپیشاندەرانی 25ی ئازارداو شەقهەڵدان لە مامۆستا بەتەمەنەكە بێكاریگەری نابن.
حەوت: هاتنەكایەی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری، یەكێكی دیكەیە لەكاریگەرییەكان بۆ سەر دەنگو پێگەی پارتی، بەتایبەت كە بەرهەم ساڵح سیاسییەكی نا ڕادیكاڵەو قەوارەكەشی لەسەر هەمان تەرز خۆی وێنا كردووە.
،،
لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە هەموو حیزبو قەوارە سیاسییەكانیتر، زیاتر چاوی لەسەرەو ئەم هەڵبژاردنەش بۆ یەكێتی، ڕەنگە یەكێك لە وێستگە گرنگەكانی ژیانی سیاسی ئەم حیزبە بێت:
یەكێتی
لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە هەموو حیزبو قەوارە سیاسییەكانیتر، زیاتر چاوی لەسەرەو ئەم هەڵبژاردنەش بۆ یەكێتی، ڕەنگە یەكێك لە وێستگە گرنگەكانی ژیانی سیاسی ئەم حیزبە بێت:
یەك: یەكەمین هەڵبژاردنە كە یەكێتی بەبێ مام جەلال ئەزموونی دەكات.
دوو: وەك هێزێكی حكومڕان لە پاڵ پارتیدا، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بەرپرسیارێتی دۆخی خراپی ژیانو گشت ئەو قەیرانە ئابورییو داراییانەی وە ئەستۆ دەكەوێت كە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.
سێ: جیابوونەوەی بەرهەم ساڵح لەیەكێتیو بەشداریكردنی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری لە هەڵبژاردنەكاندا.
چوار: شكستی ڕیفراندۆمو لێكەوتە خراپەكانیو 16ی ئۆكتۆبەرو كەوتنی كەركووك.
پێنج: ناكۆیو ململانێ بەردەوامەكانی ناو یەكێتیو پرسی نەبەستنی كۆنگرەو نەبوونی مەرجەعی بڕیاڕدانو پەرتەوازەیی لە گوتارو هەڵووێستدا.
بزوتنەوەی گۆڕان
هەرچەندە دروشمو كارنامە ڕادیكاڵییەكانی یەكێك لە خاڵە بەهێزەكانی بزوتنەوەی گۆڕانەو شكستی حكومڕانی هەردوو هێزی دەسەڵاتدارو بەرقەراربوونی كێشە ئابوورییەكانو خراپی ژیانو گوزەرانی هاووڵاتیان لە قازانجی ئەم هێزەیە، بەڵام دوو هۆكاری كاریگەر هەن كە پێدەچێت جێكەوتەیان لەسەر دەنگو پێگەی بزوتنەوەی گۆڕان هەبێت لەم هەڵبژاردنەدا:
یەك: یەكەمین هەڵبژاردنە بزوتنەوەی گۆڕان بەبێ نەوشیروان مستەفا بەشداری دەكات.
دوو: هاتنە مەیدانی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری بە ڕێبەرایەتی بەرهەم ساڵح، لە ئاستێكی نزمترشیدا بەشداریكردنی قەوارەی " نەوەی نوێ"، بێكاریگەری نابن بۆسەر دەنگەكانی بزوتنەوەی گۆڕان.
یەكگرتووی ئیسلامی
هەرچەندە دەنگەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان تا ئاستێك جێگیرەو ئایدۆلۆژیاو سۆزی ئایینی سروشتی دەنگدەری ئەم حیزبەی نەخشاندووە، بەڵام گۆڕانكارییە سیاسییەكانو هەڵوێستەكانی لە چوار ساڵی ڕابردوودا، كاریگەری لەسەر ڕێژەی دەنگو پێگەی یەكگرتوو دا دەنێن بەهەردوو بارەكەدا:
یەك: بەشداریكردنی لە ڕیفراندۆمداو دەركەوتنی وەك یەكێك لەو هێزانەی كە پاڵپشتی گەورەی ڕیفراندۆمن.
دوو: جیابووەی محەمەد ڕەووف ئەندامی مەكتەبی سیاسیو بەشێك لە كادیرانی ئەم حیزبەو بەشداریكردنیان لە دروستكردنی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەی.
سێ: پشتگیریو پشتیوانی هەریەكە لە بزوتنەوەی ئیسلامیو ڕەوتی گەشەو هەندێك لە ئیسلامییە بێلایەنەكان بۆ لیستی یەكگرتووی ئیسلامی.
كۆمەڵی ئیسلامی
كۆمەڵی ئیسلامی كە پشت ئەستورە بە هەڵوێستەكانی لە چوار ساڵی ڕابردووداو پێیوایە بە دۆخێكی باشەوە دەچێتە ناو هەڵبژاردنەوە، پێدەچێت ئەم دوو هۆكارە كاریگەری لەسەر ڕێژەی دەنگەكانی ئەو حیزبە دابنێت:
یەك: جیابوونەوەی ئارام قادرو دامەزراندنی قەوارەی هاوپەیمانی لەگەڵ بەرهەم ساڵحدا.
دوو: پشتگیریو پاڵپشتی بزوتنەوەی ئیسلامیو ڕەوتی گەشەو بەشێك لە ئیسلامییە بێلایەنەكان بۆ یەكگرتووی ئیسلامیو ئەو لیستەی كە ناویان لێناوە لیستی ئیسلامخوازان.
قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری
12- 5 یەكەمین وێستگەی دەركەوتنی پێگەی جەماوەری بەرهەم ساڵحە، سەنگی مەحەكو یەكەمین تاقیكردنەوەی ئەوە لەبەردەم قەزاوەتی جەماوەردا.
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێگەی بەرهەم ساڵح لەناو جەماوەری یەكێتیدا بەیان دەكاتو لە ڕوویەكی دیكەشەوە هەڵبژاردنەكە بۆ بەرهەم ساڵح، گوزارشتە لە هەڵسەنگاندنی ئەزموونی ئەو لەكایەی حكومداریدا.
لە ئاستێكی دیكەشەدا، ئەم هەڵبژاردنەو ڕێژەی دەنگەكانی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری، تاقیكردنەوەی ڕۆڵو پێگەی جەماوەری" ئارام قادر"ە، ئەو كەیەكێك لە سەركردە كاریگەرەكانی كۆمەڵی ئیسلامیی بووەو یەكێكیشە لە دامەزرێنەرانی قەوارەی هاوپەیمانی، ئەمە بۆ " محەمەد ڕەوف" یش ڕاستە، كە ئەویش یەكێك لەسەركردەكانی یەكگرتووی ئیسلامی بووەو یەكێكیشە لە دامەزرێنەرانی قەوارەكە.
نەوەی نوێ
بەرلەوەی بەشداری قەوارەی " نەوەی نوێ" لەم هەڵبژاردنەدا كێبركێبێت لەگەڵ هێزەكانی دیكەدا لەسەر كورسییەكانی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، ڕاستەوخۆ سەنگی مەحەكە بۆ شاسوار عەبدولواحید لەبەرانبەر ئەوەی لە بواری ئابوریو هەم میدیاییدا كردوویەتی.
ڕەنگە ئەم هەڵبژاردنە یەكەمینو هەم دوا وێستگەی سیاسی بێت بۆ شاسوار عەبدولواحید، یەكەمین وێستگە دەبێت ئەگەر قەوارەكەی توانی بەچەند كورسییەكەوە بچێتە پەرلەمانی عێراق، ڕەنگە دوا وێستگەش بێت بۆ ئەو، ئەگەر نەتوانێت لە هەڵبژاردنەكەدا لە كورسییەك زیاتر مسۆگەر بكات.