دەکشێتەوە یان پاشگەز دەبێتەوە؟

دەکشێتەوە یان پاشگەز دەبێتەوە؟

665 خوێندراوەتەوە


كشانەوەی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ، لای حكومەت و پارتە سیاسیەكان شتێكی چاوەڕوان نەكراو بوو، چونكە سەدر ماوەیەكی زۆرە هەوڵی بەدەستهێنانی كورسی ئەنجومەنی وەزیران دەدات.
سەدر بیانووی بەشدارینەكردنی لە هەڵبژاردنەكان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە ویستێكی ڕاستەقینە بۆ چاكسازی و ڕووبەڕوو بونەوەی گەندەڵی لە عیراقدا بوونی نیە، لەگەڵ پیلانگێڕی هێزە سیاسییەكان كە ڕەوتەكەی بە وێرانكردنی عیراق تۆمەتبار دەكەن، ئەم بڕیارەش هاوكاتە لەگەڵ پڕوپاگەندەیەكی زۆری هاوڵاتیان بۆ ئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا ناكەن، بۆیە پێدەچێت سەدر ئەم بڕیارەی بۆ كۆكردنەوەی زیاتری لایەنگران دەركردبێت و خۆی بكاتەوە بە خاوەنی شەقامی ناڕەزایی عیراق.
لێرەدا بەوردی باس لە هۆكاری كشانەوەی سەدر و لێكەوتەكانی بڕیارە چاوەڕوان نەكراوەكە دەكەین:


هەوڵی پاشگەزبوونەوە دەدرێت:

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتی كردەوە، كە ڕەوتی سەدر توێژێكی گرنگی كۆمەڵگەی عیراقە، بۆیە تەسەوری ئەوە ناكرێت كە بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا نەكات.
هەروەها محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، هانی موقتەدا سەدری دا، بەوەی لە بڕیارەكەی پاشگەز ببێتەوە، هەروەها دووپاتی كردەوە كە " عیراق پێویستی بە نەوە دڵسۆزەكانیەتی بۆ ئەوەی ئاڵای یەكگرتویی هەڵبكەن".
تەنها سەرۆكایەتییەكانی عێراق، داوای پاشگەز بوونەوەیان نەكرد، بەڵكو سەركردەی هێزە سیاسیەكانی وەك ، عەمار حەكیم، نوری مالیكی و ئەحمەد جبوری، داوایان لەسەدر كرد لە بڕیارەكەی پاشگەز بێتەوە و هەوڵی سەرخستنی ڕهەڵبژاردنەكان بدات.

سەدر نائومێد بووە:

عیسام حسێن، ئەندامی ڕەوتی سەدر ڕایدەگەیەنێت كە" كشانەوەی ڕێبەری ڕەوتی سەدر، بەهۆی نائومێد بوونیەتی لە چاكسازی و كاری سیاسی لە وڵات و بەكارهێنانی جەماوەر لە قەیرانەكاندا".
دووپاتیشی دەكاتەوە، كە " كوتلە سیاسیەكان كارەساتی زیقار بۆ مەرامی سیاسی دژی ڕەوتی سەدر بەكار دەهێنن، ئەوەش كارێكی ڕەتكراوەیە.
ڕێبەری ڕەوتی سەدر، پێیوایە كە دۆخی ئێستا بە بنبەست گەیشتووە، هەورەها هێزەكانیش ناتوانن هیچ شتێكی نوێ پێشكەش بە گەلی عیراق بكەن، هەروەها بە بۆچوونی موقتەدا سەدر، " هێزە سیاسیەكان دەیانەوێت بەرپرسیارێتی وێران بوونی عیراق، بخەنە ئەستۆی ڕەوتەكەی" بۆیە لەم دۆخە توڕە و نیگەرانە، هۆكاری بڕیارەكەشی هەر بۆ ئەم هۆكارانە دەگێڕێتەوە.

كار لەشەرعی بوونی هەڵبژاردنەكان ناكات:

بڕیارەكەی موقتەدا سەدر بۆ بەشداری نەكردنی لە هەڵبژاردنەكان، هیچ كاریگەریەكی لەسەر شەرعی بوونی هەڵبژاردنەكان جێناهێڵێت، لەو بارەیەوە ئەیاد عەنبەر مامۆستای زانستە سیاسیەكانی زانكۆی كوفە دەڵێت:"بڕیاری ڕێبەری ڕەوتی سەدر بە بەشداری نەكردنیان لە هەڵبژاردنەكان یان پاڵپشتی لە هیچ هێزێكی سیاسی، ئەوە هەنگاوێكە بۆ كشانەوە، بێگومان ئەمەش باكگراوندێكی تاكتیكی و ستراتیژی هەیە، بەدووری دەزانم كشانەوەی سەدر و لایەنگرانی ببێتە هۆی نەمانی شەرعیەتی هەڵبژاردنەكان.
دەشڵێت:" پڕوپاگەندەی لایەنگرانی سەدر بەوەی بەشداری لە هەڵبژاردنەكان ناكەن، كاریگەری لەسەر شەرعیەتی هەڵبژاردنەكان نابێـ، چونكە ڕێژەیەكی دیاری كراو ناتوانێت شەرعیەتی هەڵبژاردنەكان دیاری بكات، ئەو كارەش لە یاسا و دەستوردا نەهاتووە".

بڕیارێكی یەكلاكەرەوەیە یان مانۆڕێكی سیاسیە؟

عەلی بەیدەر نوسەر و چاودێری سیاسی عیراقی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی "sky news" ڕایدەگەیەنێت، كە سەدر ئەمە یەكەمجار نیە كە بایكۆتی هەڵبژاردنەكان دەكات، پێشتریش لە ساڵی 2013دا بڕیارێكی وەهای دەركرد و دواتر گەڕایەوە، بۆیە ئەو چاوێرە پێی وایە، ئەم بڕیارەی زیاتر مانۆڕێكی سیاسیە، نەك بڕیارێكی یەكلاكەرەوە.
بەیدەر دەڵێت:" بە بڕوای من ئەو بڕیارەی هاوشێوەی بڕیارەكەی ساڵی 2013یە، ئەو ڕاگەیاندنە زیاتر تاكتیكێكی سیاسیە، نەك شتی زیاتر".
دەشڵێت:" ئەم بڕیارەی بۆ ئەوەیە كە جۆرێك لە جەماوەری ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە،بۆ ئەوەی زیاتر چاویان لەسەر كەیسی هەڵبژاردنەكان بێت، بۆخۆشی كەشێكی باشتر بۆ ڕێكخستنەكانی بڕەخسێنێت، بەتایبەت لە سایەی ئەو گروپە میلیشیایانەی كە لە عیراقدا بوونیان هەیە".
عەلی بەیدەر، ئاماژە بەوەش دەكات كە"لەوەیە سەدر هەستی بەوە كردبێت، كە هێزە شیعیەكانی دیكە ئەوانەی ڕكابەری دەكەن، ڕێگری بكەن لەوەی ڕەوتی سەدر سەرۆكایەتی وەزیران وەربگرێت، بۆیە بە ئاشكرا كار بۆ بەدەستهێنانی ئەو كورسیە دەكات، بڕیارەكەشی هەر بۆ ڕاكێشانی هەستی لایەنگران و شوێنکەوتوانیەتی".

سەدر بەشدارە لە گەندەڵی:

سەدر هەرچەندە باسی گەندەڵی لە عیراق دەكات، بەڵام وەك دەبینین وەزارەتی كارەبا كە پشكی خۆیەتی زۆرترین گەندەڵی تێدا كراوە و بە یەكێك لە وەزارەتە گەندەڵەكان دادەنرێت،هەروەها وەزارەتی تەندروستیش بە هەمان شێوە كە هەر لە پشكی ڕەوتەكەیەتی، لە لیستی وەزارتە هەر گەندەڵەكاندایە.
وەزارەتی كارەبا لە ساڵی 2003وە بودجەیەكی زۆری بۆ تەرخان دەكرێت،بەشێوەیەك زیاتر لە 300 ملیار دۆلاری بۆتەرخانكراوە، واتە هێندەی سێ ساڵی هەموو بودجەی عیراق،هەروەها وەزارەتی تەندروستیش لە گەندەڵیدا نقوم بووە،كە سەرباری نەبوونی هیچ پێشكەوتنێك لە خزمەتگوزاری تەندروستی، نەخۆشخانەكان بەدەست خراپی بیناو نەبوونی سەلامەتی دەناڵێنن، كە هەرجارە و نەخۆشخانەیەك گڕ دەگرێت و سەدان كەس دەبنە قوربانی.
بۆیە بیانووەكانی موقتەدا سەدر، بۆ بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردنەكان نالۆژیكیە و جێگای باوەڕ نیە، هۆكاری بڕیارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پشكی زیاتری لە حكومەتی ئایندەی عیراق بەربكەوێت، بەتایبەت كە هەوڵێكی زۆر دەدات، سەرۆكایەتی وەزیران بۆ ڕەوتەكەی مسۆگەر بكات، كەواتە بڕیارەكەی تاكتیكی سیاسیە، نەك هۆكارێكی دیكە.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی