شەری هەڵبژاردن دەگوێزرێتەوە بۆ سەر جەستەی کاندیدە ژنەکان

شەری هەڵبژاردن دەگوێزرێتەوە بۆ سەر جەستەی کاندیدە ژنەکان

1448 خوێندراوەتەوە

.بانگه‌شه‌كانى هه‌ڵبژاردن بۆ په‌رله‌مانى عێراق كه‌ پێده‌نێته‌ هه‌فته‌ی پێش كۆتایی، رۆژ به‌ رۆژ گوتارى لایه‌نه‌كان به‌رامبه‌ر یه‌كدى گه‌رمتر ده‌بێت، تا ئه‌و سنوره‌ى كه‌ هه‌ندێ كاندید باس لەوە دەکەن لە لایەن رکابەرەکانیانەوە "  هەرەشەی دروستکردنی مه‌له‌فى ئه‌خلاقیان لێدەکرێت و بەوە ده‌ترسێنرێن".


روخۆش ئيسماعیل سابر، كاندید له‌ لیستى هاوپه‌یمانى هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سه‌باره‌ت به‌ دروستكردن و هەرەشەی بڵاوکردنەوەی مه‌له‌فى ئه‌خلاقى و ڤیدیۆ و وێنه‌ى کاندیدە ژنەکان لە هه‌ندێ سایت و تۆرى كۆمه‌ڵایه‌تى نیگه‌رانى خۆى ده‌رده‌برێت و به‌شتێكى قێزه‌ون ناوى ده‌بات و بە دیپلۆماتیک مەگەزینی وت :" دروستكردنى مه‌له‌فى ئه‌خلاقى بۆ كاندیده‌كان به‌تایبه‌ت ئافره‌تان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا دووره‌ له‌ هه‌موو به‌هایه‌كى ئه‌خلاقییه‌وه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ى ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن و ده‌یانه‌وێت به‌رامبه‌ر له‌ كه‌دار بكه‌ن دیاره‌ له‌ ده‌نگ و ئه‌داى به‌رامبه‌ره‌كه‌یان ده‌ترسن و ده‌زانن چ كاریگه‌رییه‌كى له‌سه‌ر ده‌نگده‌ر داناوه".
هه‌رچه‌نده‌، هاوڕێ تۆفیق به‌رێوه‌به‌رى گشتى كۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانی عێراق له‌ سلێمانى پێیوایه‌ "سەرجەم کاندیدی لیستەکان به‌ فلته‌رى كۆمسیۆندا تێپه‌ریوون، دواتر ناوه‌كانیان تۆمار كراوه‌، بۆیه‌ ناكرێت كاتێك وێنه‌یه‌كى نه‌شیاوى كاندیدێك یان هه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كى دیكه‌ دێـته‌ به‌رده‌ستمان خێرا تۆمه‌ت بده‌ینه‌ پاڵى و متمانه‌ى پێ بكه‌ین".

،،

روخۆش ئيسماعیل، کاندیدی هاوپەیمانی: ئه‌گه‌ر كاندیدێك هه‌بێت كێشه‌ى ئه‌خلاقى هه‌بێت ده‌بوو له‌ سه‌ره‌تاوه‌ كۆمسیۆن ئاگادارى ئه‌م بابه‌ته‌ بووبێت و به‌ووردى به‌دواداچوونى بۆ رابردووى كاندیده‌كان بكردایه‌ تاوه‌كو ئێستا خۆیان و لیسته‌كانیشيان رووبه‌رووى مه‌ترس و ئیحراجى ده‌نگده‌ران نه‌بنه‌وه‌.

روخۆش ئيسماعیل، ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه‌ كه‌ "ئه‌گه‌ر كاندیدێك هه‌بێت كێشه‌ى ئه‌خلاقى هه‌بێت ده‌بوو له‌ سه‌ره‌تاوه‌ كۆمسیۆن ئاگادارى ئه‌م بابه‌ته‌ بووبێت و به‌ووردى به‌دواداچوونى بۆ رابردووى كاندیده‌كان بكردایه‌ تاوه‌كو ئێستا خۆیان و لیسته‌كانیشيان رووبه‌رووى مه‌ترس و ئیحراجى ده‌نگده‌ران نه‌بنه‌وه‌".

dfc
بانگەشەی لیستەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق / فۆتۆ: سەرتیپ عوسمان

له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌نجامدانى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانى عێراق، چه‌ند گرته‌ ڤیدۆییەک بڵاوکرانەوە، یەکێک لەو کاندیدە ژنانەشی کە گرتەیەکی ڤیدۆیی درایە پاڵ، روونكردنه‌وه‌ى بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد " ئه‌و كه‌سانه‌ى مۆبایله‌كه‌یان دزیبووم و شته‌كانیان بڵاو كردومه‌ته‌وه‌ بهاتنایه‌ت خۆم وێنه‌ و ڤیديۆكه‌م پێ ده‌دان چونكه‌ له‌خۆم ناترسم".
به‌رێوه‌به‌رى گشتى لقى سلێمانى كۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانی عێراق سه‌باره‌ت به‌م بابه‌تانه‌ بۆ دبلۆماتیك مه‌گه‌زین ده‌دوێت و ده‌ڵێت:"  له‌ ئەمرۆدا ته‌كنه‌لۆژیا هێنده‌ پێشكه‌وتووه‌ زۆر به‌ ئاسانى ده‌توانرێت وێنه‌و ڤیدۆى كه‌سه‌كان ده‌ستكارى بكرێت و دواتر مامه‌ڵه‌یه‌كى نا ئه‌خلاقى پێوه‌ بكرێت، بۆیه‌ ناكرێت كاتێك وێنه‌یه‌كى نه‌شیاوى كاندیدێك یان هه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كى دیكه‌ دێـته‌ به‌رده‌ستمان خێرا تۆمه‌ت بده‌ینه‌ پاڵى و متمانه‌ى پێ بكه‌ین."

،،

به‌رێوه‌به‌رى گشتى لقى سلێمانى كۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانی عێراق: هه‌رچه‌نده‌ كاندیده‌كان به‌ فلته‌رى كۆمسیۆندا هاتوون به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌و ڤیديۆ و وێنه‌ دروستكراوانه‌ى كه‌ له‌تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ به‌ به‌ڵگه‌ پشتراست بكرێـته‌وه‌، ئێمه‌ش له‌ كۆمسیۆن جارێكى دیكه‌ مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ینه‌وه‌ و رێوشوێنى به‌رامبه‌ر ده‌گرینه‌به‌ر.


دەشڵێت:"هه‌رچه‌نده‌ كاندیده‌كان به‌ فلته‌رى كۆمسیۆندا هاتوون به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌و ڤیديۆ و وێنه‌ دروستكراوانه‌ى كه‌ له‌تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ به‌ به‌ڵگه‌ پشتراست بكرێـته‌وه‌، ئێمه‌ش له‌ كۆمسیۆن جارێكى دیكه‌ مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ینه‌وه‌ و رێوشوێنى به‌رامبه‌ر ده‌گرینه‌به‌ر."
سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامدانى رێوشوێن به‌رامبه‌ر هه‌ر كاندیدێك له‌ كۆمسیۆن، هاورێ تۆفیق دەڵێت:" ده‌بێت له‌ دادگا سكاڵاى له‌سه‌ر تۆمار بكرێت و دواتر بریارى دادوه‌ر چى بوو له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ئێمه‌ جێبه‌جێى ده‌كه‌ین، ئەگەر پێویست بكات ناوى كاندیده‌كه‌ له‌ تۆمارى ده‌نگدان ده‌سرینه‌وه‌ به‌ڵام تائێستا هیچ كاندیدێك ناوى نه‌سراوه‌ته‌وه‌ و ته‌نها قسه‌ى نا فەرمین و ئێمه‌ش له‌ فه‌یسبووك بینیومانه‌".

 د.سه‌ردار قادر، كاندید له‌ لیستى پارتى دیموكراتى كوردستان و مامۆستاى زانكۆ بە دیپلۆماتیك مه‌گه‌زینی وت:" شه‌ڕى ئایدۆلۆژیی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كه‌ كه‌لتورى یه‌كتر قبوڵنه‌كردن تێیدا به‌رقه‌راره‌، بووه‌ته‌ هۆى ئه‌وه‌ى ده‌ست بۆ هه‌رچى مه‌له‌ف و كرداره‌ ببرێت له‌ پێناو له‌ كه‌دار كردن و بچوككردنه‌وه‌ى به‌رامبه‌ر، دروستكردنى مه‌له‌فى ئه‌خلاقیش له‌ ئێستادا بۆ كاندیده‌كان كارى ئه‌و حزبانه‌یه‌ كه‌ تووشى ئیفلاسى سیاسی بوون و هیچ له‌ به‌رنامه‌یاندا نییه‌."
ده‌شڵێت:" پارتی ئه‌مرۆ وه‌ك هێزى یه‌كه‌م و كاریگه‌ر به‌ ئامانجگیراوه‌ و مه‌له‌فى ئه‌خلاقى بۆ كاندیده‌كانى دروست ده‌كرێت به‌تایبه‌ت ئافره‌ته‌كانى، چونكه‌ ژنان ره‌مزى حه‌یاوحورمه‌ت و رێزن  لە كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى  بۆیە ده‌یانه‌وێت له‌كه‌داریان بكه‌ن".

،،

د.سه‌ردار قادر، كاندید له‌ لیستى پارتى:  پارتی ئه‌مرۆ وه‌ك هێزى یه‌كه‌م و كاریگه‌ر به‌ ئامانجگیراوه‌ و مه‌له‌فى ئه‌خلاقى بۆ كاندیده‌كانى دروست ده‌كرێت به‌تایبه‌ت ئافره‌ته‌كانى، چونكه‌ ژنان ره‌مزى حه‌یاوحورمه‌ت و رێزن  لە كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى  بۆیە ده‌یانه‌وێت له‌كه‌داریان بكه‌ن..


كاندیده‌ ژنەکەی لیستی هاوپەیمانی پێیوایە، کە "ده‌بێت هاوكارى ژنان بكرێـت بۆ ئه‌وه‌ى له‌ پرۆسه‌ى سیاسى به‌رده‌وام بن و كاریگه‌ریان هه‌بێـت له‌ كۆمه‌ڵگەدا نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌وڵ بدرێت بریندار بكرێن و له‌ رێگه‌ى دروستكردنى مه‌له‌فى ئه‌خلاقییه‌وه‌ لێیان بدرێـت، داوا له‌ كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندن به‌تایبه‌ت دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین ده‌كات كه‌ هه‌وڵ بده‌ن ئه‌م فۆبیایه‌ كه‌ وه‌ك مین له‌ ده‌روون و رۆحى ئافره‌تانى كاندیدا چێنراوه‌، پوچه‌ڵ بكرێته‌وه".
له‌ رووى دانانى كاریگه‌ریی ده‌روونییه‌وه‌، د.جه‌عفه‌ر عومه‌ر وه‌ك پزیشكى ده‌روونى بۆ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین ده‌دوێت و ده‌ڵێت:" بابه‌تى دروستكردنى مه‌له‌فى ئه‌خلاقى و ده‌ستبردن بۆ رابردوو و ژیانى تایبه‌تى كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كان بابه‌تێكى جیهانیی و گشتییه‌ و ته‌نها كۆمه‌ڵگه‌ى كوردی نه‌گرتووه‌ته‌وه‌، ده‌نگده‌رى كورد زۆرتر به‌ لایه‌نى هه‌ست و سۆز ده‌نگ ده‌دات، بۆیه‌ هه‌وڵ ده‌درێت له‌ رێى جوڵاندنى ئه‌و لایه‌نه‌وه‌ كاندیدێك تۆمه‌تبار بكرێت و لاى خه‌ڵكى ناشيرین بكرێت و ده‌نگده‌ر له‌ ده‌روونه‌وه‌ له‌ ئه‌خلاق و كردارى بترسێت و دواتر ده‌نگى پێ نه‌دات، بۆیه‌ له‌ كۆڵگه‌ى كوردى مه‌له‌فى ئه‌خلاقى بۆ كاندیده‌ به‌هێزه‌كان دروست ده‌كرێـت تاكو ده‌رنه‌چن".

dcv
بانگەشەی هەلبژاردنی لیستەکان ـ ناو بازاری سلێمانی / وێنە: سەرتیپ عوسمان


د. جه‌عفه‌ر ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه‌ كه‌ "هه‌ندێك زانیاریی هه‌ن كه‌ كه‌سانێك یاخود لایه‌نێك هه‌بن بیانه‌وێت به‌ به‌رنامه‌ له‌ رێگه‌ى دابینكردنى پاره‌ و دروستكردنى مه‌له‌فى ئه‌خلاقییه‌وه‌ دژى نه‌یاره‌كانیان بوه‌ستنه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش دواتر كاریگه‌ریی خۆى داده‌نێت چ له‌سه‌ر ده‌نگده‌ر چ له‌سه‌ر لایه‌نى ده‌روونى كاندیده‌كه‌".

،،

د.جەعفەر عەمەر: جوڵاندنى مه‌له‌فى نائه‌خلاقى خۆى له‌ خۆیدا كارێكى نا ئه‌خلاقییه‌ كه‌ به‌بێ به‌ڵگه‌ كه‌سێك تۆمه‌تبار بكه‌یت به‌ بابه‌تێك كه‌ له‌ كه‌سایه‌تى ئه‌و كه‌سه‌دا نه‌بێت، یاخود بابه‌ته‌كه‌ شه‌خسى بێت و بۆ مه‌رامێكى سیاسى به‌كار بێت و بته‌وێت جه‌نگێكى سیاسى به‌جه‌سته‌ى كه‌سێكى بێ تاوان بكه‌یت.


جارێكى دیكه‌ هاورێ تۆفیق وه‌ك بەرپرسێکی كۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانی عێراق باس له‌م بابه‌ته‌ ده‌كات و ده‌ڵێـت:" كێشه‌كه‌ ته‌نها ئه‌مرۆ نیيه‌ به‌ڵكو دوێنێ و له‌ رابردوودا ئه‌مه‌ هه‌بووه‌ و گرەنتی نییه‌ له‌ داهاتووشدا دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌، چونكه‌ ده‌مێكه‌ ئێمه‌ هاوار له‌ په‌رله‌مانى عێراق و هه‌رێمى كوردستانیش ده‌كه‌ین یاسایه‌كى رێكخراو بۆ تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دابنرێـت تاكو هه‌ر كه‌سه‌ و به‌ویستى خۆى به‌بێ زانیارى له‌ رێگه‌ى ناوى خوازراوه‌وه‌ شت بڵاو نه‌كاته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌م مه‌له‌فه‌ ئه‌خلاقیانه‌ش زۆرتر له‌ رێگه‌ى تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ كه‌ زۆربه‌یان دوورن له‌راستییه‌وه‌".
پسپۆریه‌ ده‌رونییه‌کە دەشڵێت:" جوڵاندنى مه‌له‌فى نائه‌خلاقى خۆى له‌ خۆیدا كارێكى نا ئه‌خلاقییه‌ كه‌ به‌بێ به‌ڵگه‌ كه‌سێك تۆمه‌تبار بكه‌یت به‌ بابه‌تێك كه‌ له‌ كه‌سایه‌تى ئه‌و كه‌سه‌دا نه‌بێت، یاخود بابه‌ته‌كه‌ شه‌خسى بێت و بۆ مه‌رامێكى سیاسى به‌كار بێت و بته‌وێت جه‌نگێكى سیاسى به‌جه‌سته‌ى كه‌سێكى بێ تاوان بكه‌یت".
بۆ هەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری پەرلەمانی عێراق، لە سەرتاسەریی عێراقدا کە بۆ ١٨ بازنەی هەڵبژاردن دابەشکراوە،  6 هه‌زار و 904 كه‌س كاندیدن كه‌، 2 هه‌زار و 54 كاندیان ژنن،  یەکێتی ٣١  و پارتی ٤١  و گۆران ٨  و کۆمەڵ ٢ و هاوپەیمانی ٢٣  و یەکگرتوو ١٧ ژنیان لە لیستەکانیاندا کاندید کردووە.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان