بەم ڕدێنە سپیەوە کو درۆ دەکەم

بەم ڕدێنە سپیەوە کو درۆ دەکەم

361 خوێندراوەتەوە

ڕەزوان یاڵانپێی


دەگێڕنەوە لە سەردەمی کەریم خانی زەنددا لە ئێران پیاوێک دێتە کۆشکی شا و بە کۆڵ دەگریت و فرمێسک قەتارە دەبەستن، لێی دەپرسن ئەی پیاو چی بوە هۆکاری ئەو گریانە زۆرە؟ دەڵێت ڕێگەم بدەن بچمە لای کەریم خان لەوێ باس و حاڵی خۆم دەکەم، چەند ڕۆژێک دێت و گریان بەردەوامە تا ناچار یەکێ لە دەرباریان دەچێتە ژوری شا و حاڵ و مەسەلەی بۆ دەگێڕێتەوە و خانیش دەڵێت بیهێنن و بزانین چی ڕویداوە.

پیاوی کوێر دەچێتە بەردەم کەریم خان و گریان هەر بەردەوامە و ناتوانێت هیچ وشەیەک بدرکێنێ و زمانی لاڵ بوە، کەریم خان فەرمان دەدات بیبەنە دەرەوە و هەر کات گریانی نەما بیهێننە ژوەرەوە. کاتێک گریانی نامێنێ دەیبەنە خزمەت کەریم خان، لەوێ خان دەڵێ گوێم گرتوە و بڵێ بزانم چی بوە.

پیاوی نابینا دەڵێ قوربان من کە لە دایک بوم هەر دو چاوم کوێر بون و دونیای ڕۆشنم نەدەدی، بەڵام باوکی بەڕێزتان بە کەرامات و میهرەبانی خۆی هەر دوی چاوی ساغ کردمەوە و ئێستا بینیایم کێشەیان نیە، کەریم خانی زەندیش لەوێ بڕیار دەدات کە هەر دوو چاوی کوێر بکەنەوە و بیبەنە دەرەوە، پیاو دەست دەکاتەوە بە گریان و هاوار دەکات ئەی خان تۆش وەک باوکت بەڕەحم بە، خان دەڵێت باوکم نە پیاوێکی ئاینی بوە، نە خاوەنی کەرامات، ئەسڵەن پیاو چاکیش نەبوە.

کەریم خان زوو تێدەگات ئەم کەسە دەیەوێت کوێلە بونی خۆی پیشان بدات و نەخۆشی لە کۆمەڵگادا بڵاوبکاتەوە، بۆیە فەرمان دەدات ئەم جۆرە کەسانە دەبێت تەمبێ بکرێن نەک پاداشت، سزا بدرێن و نەهێڵرێت ماستاوچیەتی و بەردایەتی تەشەنە بسێنێت.

کەم ئاوی و بێ ئاوی تەنگی بە زۆربەی گەڕەک و کۆڵانەکانی هەولێر هەڵچنیوە و خەڵکی ناچار کردوە پەنا بێننە سەر جادە و داوا لە حکومەت و خێرۆمەندان دەکەن کە بە هانای داواکانیانەوە بچن و لەو کێشەی ڕزگاریان بکەن

،،

لە پڕ موختارێکی نەخۆش و کۆیلە دێتە نێو ئاپۆڕای جەماوەرەوە و بەو هەموو پیرەژن و پیاوە پیرانەی دەگوت درۆزنن و درۆ دەکەن و ئاو هەیە و هیچ کێشەیەک نیە.

کێشەی دەسەڵات و بەرپرسان ئەوەیە دەیانەوێت موختار چاوساغ و تەواوی خەڵک کوێر و نابینابن، بۆ ئەوەی ڕوی ڕاستیەکان بشارنەوە و عەیب و عاریان هەڵنەدرێتەوە، لەم کۆمەڵگەیەی ئێمەشدا ڕۆشنبیرێک و قەڵەم بەدەستێک نابینی
سەربەستانە بنوسێت، چونکە كاری ڕۆشبیرە عەورەتی ئەو سیاسییانە دەربخات كە ڕۆژانە لە میدیاوە زمانێكی فێڵاویان هەیە و بە كرداریش شەیتانێكی سیاسین، وەگەر نا موختاری گەڕەک نەیدەوێرا بەو پیرە پیاوە بڵێت درۆ دەکەی.