تاڵیبان کێن‌و چییان لێ چاوەڕوان دەکرێت؟

تاڵیبان کێن‌و چییان لێ چاوەڕوان دەکرێت؟

977 خوێندراوەتەوە

د. ئیبراهیم مەلازادە

تاڵیبان گروپێکی تەقلیدی دەرچووی حوجرە و مزگەوتەکان و قوتابخانە ئاینییەکانی پاکستان و ئەفغانستانن، سەر بە نەتەوەی پەشتۆنن کە زۆرینە دانیشتوانی ئەفغان و بەشێك لە ڕۆژئاڤای پاکستان پێك دێنن. لەئەنجامی شەڕی ناوخۆی گروپە ئیسلامییەکانی ئەفغانستان، تاڵیبان دامەزرا وەکو گروپێکی چەکداری ڕێکخراو لەپێناو کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆی ئەفغانستان بەڕێبەرێتی مەلا محەمەد عومەر. ڕێبەری ئێستایان مەلا هیبەتوڵا ئاخوندزادەیە، پێشتر سەرۆکی قازیەکانی تاڵیبان بووە. بزووتنەوەی تاڵیبان چەند تایبەتمەندییەکییان هەن، بەو شێوەیەی خوارەوە:

یەکەم: ناوی تاڵیبان (طالبان) لە عەرەبییەوە هاتووە بەمانای خوێندکاران یا قوتابییان. لەو ناوچەیە بە خوێندکارانی قوتابخانە شەرعییەکان دەڵێن تاڵیب. شێوازێکە لەو قوتابخانانەی کە ئێستا لە زۆرێك لە مزگەوتەکانی کوردستان هەن و سەر بە وەزارەتی ئەوقافن، (ئەوە نازانم ئەگەر لەو یەک دوو ساڵەی دوایی خرابنە سەر وەزارەتی خوێندنی باڵا).
ئەوەش مانای وایە کە ئەوانە فەقێن، واتە خوێندکاری زانستە شەرعییە تەقلیدییەکانن، ڕێك وەکو ئەو حوجرە و قوتابخانانەی کە لە کوردستان بەدرێژایی سەدان ساڵ مەلای بەرهەم هێناون.

دووەم: مەزهەبی تاڵیبان لەڕووی عەقیدەوە، (ماتوریدیین) و ئیمامەکەشییان ئەبو مەنسوری ماتوریدییە، کە یەکێكە لە زانایانی سوننە مەزهەب. ماتوریدی نزیکە لە مەزهەبی ئەبولحەسەنی ئەشعەری. دیارە کە مەلایانی کوردستانیش بەهەمان شێوە هەڵگری عەقیدەی ئەشعەرین.

چۆن داعش و قاعیدە و سەلەفییەکانی کوردستانیش مەلای کوردییان بەلاوە بیدعەچی و مەزهەبین، داعش و قاعیدە بەهەمان شێوە تاڵیبانیشییان بەلاوە بیدعەچی و مەزهەبین. بۆیە تاڵیبان تەواو جیاوازن لەگەڵ گروپە ڕادیکاڵە ئیسلامییەکان و تەنانەت لەگەڵ زۆرینەی گروپە ئیسلامییەکان، لەوانەیە ئەوەی کۆیان دەکاتەوە، دژە ئەمریکیبوون و جیهادکردنە.

سێیەم: تاڵیبان سەر بە مەزهەبی حەنەفین، کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەبو حەنیفەی نوعمان. بەو جۆرە فیقهی حەنەفی ڕوانگەی شەرعی بزووتنەوەی تاڵیبانە، لەڕووی مەنهەج و جێبەجێکردندا. بەو مانایەی جیاوازییان لەگەڵ مەلاکانی کوردستان مەزهەبە. مەلاکانی کوردستان شافیعی مەزهەبن و لەسەر عەقیدەی ئەشعەرین، تاڵیبان حەنەفی مەزهەبن و لەسەر عەقیدەی ماتوریدین.

چوارەم: هەر وەکو مەلاکانی کوردستان، تاڵیبان سەر بەهیچ گروپ و قوتابخانەیەکی ئیسلامی سیاسیی نین و تەکفیریش نین. بەڵام لەوانەیە لەسەر ئاستی سەرکردە و هەندێك لە کادیرەکانیان ئاگایان لە ئەدەبییاتی ئیسلامییەکان هەبێت و ئاگاداری گروپە ئسلامی و ڕادیکاڵەکانن. هەروەکو ئێستا زۆرێك لە مەلاکانی کوردستان ئاگاداری ئەدەبییاتی ئیسلامییەکانن، بەڵام بیرکردنەوە و خواپەرستی و باوەڕییان بۆ جێبەجێکردنی شەریعەت لەگەڵ ئیسلامییەکان جیاوازە.

پێنجەم: کاتی خۆی کە ئەمریکا تاڵیبانی تۆمەتبار کرد بە (تیرۆر)، لەبەر ئەوە نەبوو کە کاری تیرۆریستی دەکەن، بەڵکو بەهۆی ئەوەبوو کە ڕەدیان کردەوە ئەمیری قاعیدە ئوسامە بن لادن ڕادەستی ئەمریکا بکەن. رەفزکردنییان بۆ ڕادەستکردنی بن لادن، لەبەر ئەوە نەبوو کە ئەوان هاوڕان لەگەڵ بن لادن، بەڵکو نەیانتوانی فەتوایەك بدۆزنەوە ڕێگا بە ڕادەستکردنی موسوڵمانێك بدات بە ناموسوڵمانەکان (یاخود بە کافران). هەر بەهۆی ئەو پابەندبوونەشییانەوە، قوربانییان بە دەستەڵاتی خۆیان دا بۆ ئەوەی کارێکی پێچەوانەی شەریعەت نەکەن.

شەشەم: جێبەجێکردنی شەریعەت لەلایەن تاڵیبانەوە بەتەواوەتی جیاوازە لەگەڵ حوکمی داعش وەکو ئەوەی هەندێك حاڵیبوون. بەڵکو جێبەجێکردنی فیقهی حەنەفی تەقلیدییە، بەجۆێك لە 1996 کە دەستەڵاتییان وەرگرت، لەلایەك هیچ ئەزموونێکی حوکمدارییان نەبوو، لەلایەکی دیکەشەوە ئاگایان لە قانونەکان و بنەما مۆدێرنەکانیش نەبوو. بۆیە بەپێی هەندێك سەرچاوە، لەو ساڵانەی دوایی چەندین خولی هەمەجۆرییان بۆ کادیرەکانییان کردوونەتەوە لەزۆربەی بوارەکانی زانست و هونەر و حوکمداریدا، بەڵام هێشتاش نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی کە لەدونیای مۆدێرن بەتەواوی تێبگەن.

حەوتەم: کولتور و ڕوانگەی تاڵیبان هەمان کولتور و ڕوانگەی تەقلیدی خەڵكی ئەفغانستانە. تاڵیبان هەروەکو قوتابخانە شەرعییەکانی کوردستان، جلوبەرگی میللی خۆیان لەبەر دەکەن. لەقوتابخانە شەرعییەکانی کوردستانیش جلوبەرگی کوردی دەکەنە بەرییان و مەلایەکانیش جلوبەرگی دینی. تاڵیبانیش هەروا. هەر ئەوەشە نزیکبوون و تێکەڵبوونییان لەخەڵك و گوێڕایەڵی خەڵکیش بۆ ئەو مۆدێلە لە دینداری و حوکمی شەریعەت، بەتایبەتیش لە کۆمەڵگەیەکی سوننەتی وەکو کۆمەڵگەی ئەفغانستان. هەر لەو ڕوانگەیەشەوە، چاوەڕوانی ئەوە لە تاڵیبان ناکرێت باوەڕ بە بنەماکانی دیموکراسی و هەڵبژاردن بکەن و دەستاودەستی دەستەڵات بکەن، بەڵام بەپێی ڕاگەیاندنەکانییان، هەوڵ دەدەن دادوەری لەڕوانگەی شەریعەتەوە جێبەجێ بکەن و بەرژەوەندیەکانی خەڵك بپارێزن.

لەکۆتاییشدا، ئاماژەکان ئەوە دەڵێن کە تاڵیبانی ئێستا جیاوازە لەگەڵ تاڵیبانی بیست ساڵ لەمەوبەر. ئەمەش لەگەڵ چوونە ناو کابوول بەدەرکەوت، کە ڕێگایان بە ڕاوەڕووت و پەلاماردانی ناوچە دیپلۆماسییەکان نەدا.

،،

هەروەها وتاری سیاسی ئەمجارەیان بەتەواوەتی جیاوازە لەگەڵ پێشوو، بەتایبەتیش لەڕووی پەیوەندییە دەرەکییەکان و قبوڵکرنی بنەمای دانوستان لەگەڵ سەرانی ڕژێمی داڕوخاوی پێشووی ئەفغانستان.


بەشێوەیەکی گشتی، حوکمی تاڵیبان، حوکمێکی داخراوی سنووردار دەبێت بۆ ئازادییەکان و پەیوەندییە مرۆییەکان لەناوخۆی ئەفغانستان. لەهەمان کاتیشدا دەکرێت جارێکی دیکە ئەفغانستان ببێتەوە بە مۆڵگەی گروپە ڕادیکاڵەکان و بەهۆی موسوڵمانبوونییانەوە تاڵیبان قبوڵییان بکەن، هەرچەندە ڕایانگەیاند کە ئەوان ناهێڵن لەسنوورەکانییانەوە زیان بە دراوسێکانییان بگات. لەهەمان کاتدا بەحوکمی جیۆپۆلیتیك و ئاڵۆزی ئەو ناوچەیە، حوکمی تاڵیبان لەقۆناغی کورتمەودادا، گرژی و ئاڵۆزی ناوخۆیی و دەرەکی بەخۆیەوە دەبینێت، ئەگەر بەداناییەوە لەسەر هەردوو ئاستەکان ڕەفتار بکەن، دەکرێت بتوانن ببن بە بەشێك لە سیستمی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتیش دوورکەوتنەوە لە تیرۆر و وەستانەوە دژ بەو گروپانەش کە پێڕەوی لە کردەوەی تیرۆیستانە دەکەن، بەتایبەتیش قاعیدە و داعش، کە هەر ئەوەش داواکاری ئەمریکییەکانە و بۆی هەیە لەو ڕوانگەیەشەوە ڕێكکەوتن لەنێوانییاندا هەبێت.