كه‌سیان موقەدەس نیین...؟

كه‌سیان موقەدەس نیین...؟

262 خوێندراوەتەوە

ئەنوەر حسێن (بازگر)


جارێكى تر كه‌سێكى گۆڕان، له‌سه‌ر زارى لێپرسراوى ژوورى په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماسییه‌كانى بزووتنەوەکەیانەوە، ڕووى مێژوویى به‌ڵته‌جییه‌ت و لۆمپه‌نیزمى سپى كرده‌وه‌، ئەمەش لە پای ئەوەی گوایه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ نه‌وشیروان مسته‌فا گیراوه‌. پێشتریش له‌سه‌ر كتێبى (له‌برى بیره‌وه‌رى) ئه‌م جۆرە قسانه‌ كران. لە کۆی هەموو ئەم باسانەدا به‌رده‌وام دوو شت ده‌وترێن؛ یه‌كه‌م "موقەدەسه‌"، دووهه‌م "بۆچى پاش مردنى قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌كرێت؟".


ڕاستییه‌كه‌ى ناوبراو، جیا له‌وه‌ى یه‌كێك بوه‌ له‌ سه‌ركرده‌كانى ناو شۆڕشى كوردستان، سەرباری ئەوەی کە جێگه‌ى ڕێزه‌ و به‌شێك له‌و مێژوه‌ باشه‌ به‌ر ئه‌و ده‌كه‌وێت، به‌ڵام به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌شێك له‌ خراپه‌ و شكست و شه‌ڕ و كوشتاره‌كانیش به‌ر مێژوو‌ى ئه‌و ده‌كه‌ون، به‌ڵام دیسان موقەدەس نییه‌، تا قسه‌ى له‌سه‌ر نه‌كرێت، جیا له‌و قسانه‌ى مه‌لا به‌ختیار و بیره‌وه‌رییه‌كانى، زۆر له‌ سه‌ركرده‌كانى ناو ئه‌و شۆڕشه‌، ده‌یان ڕه‌خنه‌یان له‌سه‌ر نه‌وشیروان نووسیوه‌. (بڕوانه‌ به‌رگى دووهه‌مى (به‌ خه‌ونى گه‌وره‌وه‌ كه‌وتینه‌ڕێ)، بیره‌وه‌رییه‌كانى مامۆستا جه‌عفه‌ر، (ئه‌زموون و یاد)ى مامۆستا پشكۆ، (سه‌خته‌ڕى)ى عه‌لى بچكۆڵ، بیره‌وه‌رییه‌كانى داهاتووى سالار عه‌زیز و فوئادى مه‌جید میسرى و ئه‌وانى تریش). کەچی ڕقى شه‌خسى هێنده‌ زاڵه‌ به‌رانبەر هه‌ر قسه‌یه‌كى مه‌لا به‌ختیار، کە كاره‌كته‌رێكى وه‌ك وشیار زمانپیس و نادبلۆمات، كه‌ حه‌ق بوو لێپرسراوى یه‌كێك له‌ په‌یجه‌ فه‌یك و بێ دایك و بێ باوكه‌كان بێت، چوونکە‌ ده‌ڵێى زێرابه‌ نه‌ك دبلۆماتكار.

،،

ناشیرینترین ئارگومێنتى ئه‌مانه‌، بریتییه‌ له‌م ڕسته‌یه‌ "ناوبراو مردوه‌ و له‌ ژێر خاكدایه‌، نابێت ڕه‌خنه‌ى لێ بگیرێت!". ئه‌م عه‌قڵه‌یه‌ته‌ زۆر مه‌ترسیداره‌ و جۆرێكه‌ له‌ سه‌له‌فیزم له‌ به‌رگى هێزێكى پۆپۆلیستدا.


ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌، كه‌ هێشتا خه‌ڵكى به‌ڕێزى وه‌ك عومه‌ر سه‌ید عه‌لى و زۆرى ترى تێدایه‌، كه‌ ئینسان له‌به‌ر ئیحترامى ئه‌وانه‌ ناكرێت زۆر شت بڵێت، به‌ڵام ده‌بێت بزانن به‌ هۆى نا وشیاره‌كانى ناویانەوە، دابه‌زینى ئاستى سیاسییان بۆ ئه‌م جوێندانه‌، بزووتنه‌وه‌كه‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ زه‌عیفتر و كه‌مجه‌ماوه‌رتر ده‌بێت، چونكه‌ تا بزووتنه‌وه‌كه‌ له‌ شوێنى (قادر حاجى عه‌لى، سالار عه‌زیز، عوسمانى حاجى مه‌حموود، عه‌دنان عوسمان، جه‌لال جه‌وهه‌ر و شه‌ماڵ وه‌فا و ...هتد) پشتیوانی و پەروەردەی نا وشیاره‌كانى ناو خۆی بكات، حاڵى له‌ ئێستا باشتر نابێت، كه‌ له‌ (25) كورسییه‌وه‌ ئێستا ناتوانێت (5) كورسى مسۆگه‌ر بكات، تەنانەت ئەگەر دیقه‌ت بده‌ن یه‌ك ئه‌ندام په‌رله‌مانى عێراقیان له‌گه‌ڵ نه‌ماوه‌، ده‌زانن بۆچى؟
به‌ هه‌زاران لایه‌نگر و گۆڕانخوازیان به‌ قه‌ولى خۆیان له‌گه‌ڵ نه‌ماون، ده‌زانن بۆچى؟
من گوێم لێبوه‌ ناڕازییه‌كانیان چى ده‌ڵێن، كه‌ ئێره‌ شوێنى باسكردنى نییه‌. به‌ ڕاستى بۆ خودى مێژووى كاك نه‌وشیروانیش جوان نییه‌، کە وشیار هه‌ڵگرى گوتاره‌ گۆڕانخوازییه‌كه‌ى بێت و نوێنه‌رایه‌تیى بكات و دیفاعى لێبكات.
سه‌باره‌ت به‌ قسه‌ى ئه‌خیریش، كه‌ گوایه‌ مه‌لا به‌ختیار دیموكراتخواز نییه‌ و دیموكراسیی قبوڵ نه‌بوه‌، ئه‌مه‌یان نه‌ك ناڕاسته‌، به‌ڵكو به‌ قسه‌ى هه‌موو ئه‌وانه‌ى نزیك و هاوڕێى كاك نه‌وشیروان بوون و هه‌موو ئه‌و بیره‌وه‌رى و نوسراوانه‌ى بینیومانن و خوێندومانه‌ته‌وه‌، به‌ هه‌موو پێوه‌رێك (مه‌لا به‌ختیار له‌ نه‌وشیروان مسته‌فا دیموكراسیتر و دیموكراسیخوازتر بوه‌).
ئه‌مه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ بڵێ (كاسترۆ دیموكراسیتر بوه‌ له‌ سلڤادۆر ئالێنده‌).
سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تى دووهه‌مى كۆڕى (كله‌پ هاوس)ى مه‌لا به‌ختیار بۆ كوردانى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان به‌ قسه‌ى هه‌ندێك له‌ براده‌رانى ڕۆژهه‌ڵات، گوایه‌ وتراوه‌ "قاسلمۆ چاوساغیی بۆ به‌عس كردوه‌"، كه‌ لە ڕاستیدا وەهاش نه‌وتراوه‌.
سه‌ره‌تا شه‌هید (د. عه‌بدوڵره‌حمان قاسملۆ) ڕێبه‌رێكى بزووتنه‌وه‌ى سیاسی و شۆڕشگێڕانه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان بوو، شایسته‌ى ڕێزه‌، كه‌ به‌ داخه‌وه‌ تیرۆر كرا. 

،،

به‌ڵام قاسلمۆش وه‌كو هه‌ر سه‌ركرده‌یه‌كى تر موقەدەس نییه‌، تا ڕه‌خنه‌ى لێ نه‌گیرێت، به‌ڵكوو ده‌یان كه‌موكورتیى هه‌بوه‌ و دۆستى نزیكى سه‌دام حوسێن بوه‌ و به‌ مامۆستا بانگى كردوه‌.


له‌ به‌رامبه‌ر شه‌ڕى كۆمه‌ڵه‌ و دیموكراتیش، له‌سه‌ر زارى سه‌ركرده‌كانى كۆمه‌ڵه‌وه‌، گله‌یى زۆرى له‌سه‌رە، سه‌باره‌ت به‌ دیداره‌كه‌ى گۆڤارى (كل العرب) له‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌، گه‌ر ڕاستیش نه‌بێت، ده‌بوو ساڵى (1988) حیزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران ئه‌و كات هه‌واڵه‌كه‌ى به‌ درۆ بخستایه‌وه‌ و ڕاگه‌یاندنێكى دابایه‌ و ئه‌و هه‌واڵه‌ى به‌ چه‌واشه‌ ناوببردایه‌، به‌ڵام نه‌كراوه و نەوتراوە‌.
پاشان گه‌ر بیره‌وه‌رییه‌كانى (غه‌نى بلوریان، ئیبراهیم عه‌لیزاده‌، عه‌بدوڵڵاى موهته‌دى و ...هتد) بخوێنیته‌وه‌، به‌ سه‌دان گله‌یی و ڕه‌خنه‌یان له‌سه‌ر د. قاسملۆ هه‌یه‌.
پاشان ڕه‌نگه‌ گه‌وره‌ترین ڕه‌خنه‌ له‌سه‌ر د. قاسملۆ، ئه‌وه‌ بێت، كه‌ به‌و ساده‌یى و ساكارییه‌وه‌ چوه‌ به‌ر ده‌ست بكوژانى له‌ نه‌مسا، وه‌كو مسته‌فا هیجرى - سكرتێرى (حدكا)، له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانى باسى ده‌كات، قاسلمۆ ته‌نانه‌ت پرسى به‌ ده‌فته‌رى سیاسیی حیزبەکەیشی نه‌كردوه‌، بۆ ئه‌و گفتوگۆیانه‌.
كه‌واتا شه‌هید د. قاسملۆش قابیلى ڕه‌خنه‌یه‌ و دیسان موقەدەس نییه‌، تا كه‌س قسه‌ى له‌سه‌ر نه‌كات.
ئه‌وه‌ش، كه‌ په‌یوه‌ندى بە بۆچوونى مه‌لا به‌ختیاره‌وه‌ هه‌یه‌، پێموایه‌ دیموكراته‌كان و كۆمه‌ڵه‌كان و كوردى ڕۆژهه‌ڵاتیش ئه‌وه‌ ده‌زانن كه‌ دواى مام جه‌لال، یه‌كه‌م كه‌سه‌ پشتیوانى له‌ خه‌بات و تێكۆشان و بزووتنه‌وه‌ى شۆڕشگێڕانه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان كرده‌وه‌ و له‌م باره‌یه‌وه‌ هیچ كه‌س ناتوانێت نکۆڵی له‌وه‌ بكات.
هه‌ر كه‌سیش باوه‌ڕ ناكات، با له‌ هه‌ردوو دیموكرات و هه‌ر سێ كۆمه‌ڵه‌ پرسیار بكات، جیا له‌وه‌ش كه‌ هه‌میشه‌ به‌ڕێزه‌وه‌ قسه‌ى له‌سه‌ر د. قاسملۆ كردوه‌، به‌ڵام دیسان ناكاته‌ ئه‌وه‌ى قسه‌ له‌سه‌ر قاسلمۆ نه‌كرێت و کەسێکی موقەدەس بێت‌.
باشیشه‌ واز له‌و كلتوره‌ پۆپۆلیستیه‌ بێنن، كه‌ كلتورى هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانى باشوورى كوردستانه‌.