كوردەكانى ئێران و توركيا دەركەن...؟!

كوردەكانى ئێران و توركيا دەركەن...؟!

470 خوێندراوەتەوە

ئەنوەر حسێن (بازگر)


كوردەكانى ڕۆژهەڵات و باكور دەركەن؛
دەريانكەن پێيان بڵێن "بڕۆنەوە بۆ سنە، سەقز، بانە، بۆكان و مهاباد، بۆ وان، جەزيرە، هاكارى و ئامەد...؟!".
دەريانكەن و پێيان بڵێن "ئێوە چى دەكەن لە سلێمانى و هەولێر، تووشى سەر ئێشەمان دەكەن؟!".
دەريانكەن و پێيان بڵێن "بابە ئێوە بە هەڵە لە وەزعەكە تێگەيشتوون، گەر وادەزانن كوردستان، يەك كوردستانە و جياوازى نييە لە نێوان باشور و ڕۆژهەڵات و باكور، ئەوە هەقيقەتێكى نييە، يان وابزانن ئێوە ماڵى خۆتانە و كەس نييە پێتان بڵێت بەر چاوتان بە كلە، هەڵە تێگەيشتوون...؟!".
پێيان بڵێن "خێر و بێرى ئێوە چييە، جگە لەسەر ئێشە بۆمان، گەر باسى شۆڕشگێڕى و قارەمانى و باوەشى گەرم و پڕ لە تاسەى ڕابردوويان بۆ كردن، كە چ هاوكارى باشور و باشورييەكانيان كردوە، بڵێن ئەو زەمانە گوزەشت...؟!".
پێيان بڵێن "گەر تا دوێنى ڕێگامان داون لەناو ماڵە سارد و سڕ و بێ موحبەتى ژێر سەرماى دەرزى ئاژنى زستان و گەرماى تاقەت پڕوكێنى هاوين لە زرگوێز، كۆيە و تۆپزاوا دانيشتوون، ئيتر فەرموو بپێچنەوە و خواتان لەگەڵ".
پێيان بڵێن "كاكە، دادە گيان، ميوان ڕۆژێ، دوو ڕۆژ خۆشە، چيتان داوە لە كوردايەتى و شۆڕشگێڕى، بۆچى ناڕۆن بۆ ئەوروپا، ئێمەش و خۆشتان لە گێر و كێشە نەجات بدەن؟".
ئەوانەيان پێ بڵێن بە ڕوو قايميتانەوە، وەكو لێدوانى هەندێك لەو بێ وەفايانەى، كە بە ڕوو قايميانەوە، ڕووياندێت هەندێك شت بڵێن، ئينسان هەست بە عارەق كردنەوە دەكات، شەرم مەكەن، لەوەى ئەوان دڵيان عاجز دەبێت، دڵى پڕ لە غرور و غوربەتييان دەشكێت، لەو وڵاتە خاوەن ماڵەى كە وەكو نيشتمان و ماڵى عەزيزانيان بۆى هاتن، تا پەنايان بدەن و باوەشى گەرمى موحەبەتييان بۆ بكەنەوە، ئێستا بە ناڕاستەوخۆ دەريان دەكەن.

،،

بەڵام ئيتر نابێ وێنەكانى قازى و شێخ سەعيدى پيران لە مۆزەخانە و شوێنە گشتييەكان هەڵواسن و ئيتر دەبێت بيانهێننە خوارەوە، با لەوە زياتر شەرمەزار نەبين بەرامبەرييان.


ئيتر ناوى ئەو شەقام و گۆڕەپانانە بسڕنەوە، كە بە ناوى ئۆجەلان، دەميرتاش، قاسملۆ، كاك فوئاد، شێخ نەهرى، شێخ عيزەدين، شێخ جەلال و شۆڕشى ئاگرى داغەوەيە، چەند ساڵە لافى كوردايەتى و هاوخەباتى لێدەدەن.
ئيتر گەر ڕيفراندۆمێكى تر كرا، دڵنيابن وەكو پێشوو لە سنە و ئامەد، خەڵكى پشتيوانى نايەنە خيابان.
گەر شەڕێكى ترى داعش بوو، پێشمەرگەكانيان نانێرن بۆ مەخموور و k1 و كەركوك.
گەر (31)ى ئاب بوو، داڵدەى خەڵك و كەلوپەك و پێداويستييە زەرورييەكانتان نادەن و بۆتان ناشارنەوە.
گەر ئەنفال ڕوويدايەوە و كيمياباران كراين، چاوەڕێى شاردنەوەى ڕۆڵەكانتان مەبن لەژێر چادر و خێمەى نهێنى ئەوان، گەر داوايانكردەوە بۆ پشتيوانى ڕۆژئاوا هێز بنێرن، وەكو پێشوو دەستگيريان بكەن.
ئيتر مەڵێن؛ خزم، كەس، هاوڕێ، هاوخوێن و دۆستەكانمان لەو ديوون.
ئيتر مەڵێن؛ سنە لە سلێمانى و ئامەد لە هەولێر دەچێت و سەقز و جولەمێرگ دەستە خوشكى سلێمانى و هەولێرن.
ئيتر مەڵێن؛ سنە و ئامەديش شارى خۆمانن.
ئيتر شانازيكردن بە سەيد عەلى ئەسغەر و حەسەنى كامكار و شڤان پەروەر، بە ناسر، نەجمە، كاڵێ و دينۆ كۆتايى پێبهێنن.
ئيتر باسى ئەوە مەكەن، كە ئەوان خاوەنى شۆڕش و خەبات و قوربانيدانى گەورەن و ئەوان بەشێكن لە مێژووى شۆڕشگێڕى.
بەڵام ئەوەشتان لە ياد بێت، گەر ئەمجارە لێتان قەوما بۆ سەر سنوورەكان، چاوەڕێى ئەوە مەكەن، خەڵكى جەزيرە، شێرناخ، سلۆپى، بانە، مەريوان، سنە، سەردەشت و حاجى ئۆمەران، باوەشى گەرمتان بۆ بكەنەوە، ماڵى خۆيانتان بۆ چۆڵبكەن و بە كۆڵ نانى گەرمى سەر تەنوورى گوندەكانى سەر سنوورتان بۆ بكەنە توێشوو، باوەشى ميهرەبانيتان بۆ بكەنەوە و لەسەر چاويان داتانبنێن.

،،

چاوەڕێى ئەوە مەكەن، بە قاچاخ و هەزار دەردە سەرى لە لادێيەكانى خۆيان حەشارتان بدەن، تا توركێك، يان عەجەمێك سوكايەتيتان پێ نەكەن.


چاوەڕێى ئەوە مەبن، گەر لێتان قەوما، هێلكە و ڕۆنى چەورتان بۆ بخەنە سەر سفرە.
چاوەڕێى ئەوە بن، ژنێك، گەنجێك لەسەر سنورى (سڵۆپى يان مەريوان) بێنە دەنگ و پێتان بڵێن "فەرموون، ئاغاى باشورى"، سوخنرانى بێ ئاگا:
ئەوە ئێوەن ..... (ڕۆژێك پێتان دەوتين فاصۆڵيا خۆرەكانى كۆيە، زرگوێز و تۆپزاوا، ڕۆژێك دەتانووت بەڕەڵاكانى سنە و سلۆپى، ڕۆژێك دەتانووت جاسوس، ڕۆژێك دەتانووت لات و پاتەكانى باكور و ڕۆژهەڵات". ناو و ناوتۆرە نەما لێمان بنێن، ديارە بيرتان چۆتەوە.
ئەوكات چ جوابێكتان پێيە بۆيان؟
پێتان دەڵێن "ئێوە نەبوون، هەرچى خزمايەتى، هاوسێيەتى، كوردايەتى و شۆڕشگێڕى بوو، ريعايەتتان نەكرد"، بە زەييتان بەو كوڕ و كچە جەوانانەى ئێمەدا نەدەهاتەوە، كە شەو و ڕۆژ لەژێر زرمەى خومپارە و فرۆكەى بێ فرۆكەوان ڕۆژيان دەكردەوە، هەرگيز وەكو كوڕ و كچى خۆتان سەيرتان نەكردن، كە دەتانزانى لە غەريبين و لە باوەشى ميهرەبانى دايك و باوكيان دوورن، دەستێكى ميهرەبانيتان بەسەردا نەهێنان، كەچى كە هاتە سەر مەترسى و لێ قەومان، كە دەبوو قسە بكەن، نەتانكرد و لەوەش خراپتر هەندێكتان بە ناوى حيزبى و حكومەتەوە، دڵتان شكاندين، هەندێكيشتان بە وەفا و گەورە بوون بەرامبەرمان و ئەوەشمان لەبەرچاوە.


كورتى و كرمانجى؛
قەيناكا گلەيى بكەن، كە ئەم كوردە بەڕێزانەى ڕۆژهەڵات و باكور، جاروبار سەرئێشەيەكى بچووك دروستدەكەن، كە بە پاراسيتۆڵێك چاك دەبێت، بەڵام نەك ئەوەى هەندێك كەس، قسە گەلێك دەكەن، دڵ كوندەكات، وەكو ئەم كوردستانە هى باوك و باپيرى ئەوان بێت، هەڵوێستى حكومەت و حيزبى باش و سياسى باشيش دەشێوێنێ و كەس نييە بڵێت "كاكە، ئەو قسانە مەكە"، ئەوەيان بيرچۆتەوە، كە لەسەر ورگى ئەوان دەژيان، ئينسان شەرم دەكات، كە هەندێك كەس لێرە قسە دەكەن، لە پێناو شتێكى بچووك، يان دەستكەوتێكى شەخسى، كە لەسەر حكومەت و حيزبى كوردى باشور دەكەوێت، ئەى نابێت وەڵامێكى ئەوانە بدرێتەوە، كە ئەوە قسەى پڕ مەنفەعەتى خۆيانە، نەك هەر كەسى تر.

،،

ئەم ماوەيە و ئەم چەند ساڵە، هێندێ لێدوان و قسەى وا بەرامبەر كوردەكانى ئێران، توركيا و سوريا دراوە و وتراوە، ئينسان شەرم دەكات، بە ناوى كورد و كوردبوونەوە بۆ هاوسێ، هاوخوێن، هاوخەبات و مێژووى هاوسنور بيكات

خۆ ڕەنگە بێدەنگى باشتر بوايە، بەڵام دڵنيابن، ڕۆژان ڕۆژى لە دوايە، ئەوانيش تاسەر لێيان ناقەومێت، بەڵام هەڵوێست و ويژدان گرنگە بۆ ئينسان، وەختێك دەبينى هەموو ڕۆژ، بۆردومان دەكرێن و دەكوژرێن و هەراسان دەكرێن و سوكايەتييان پێدەكرێت.
دەى باشە، گەر هيچ ناكرێت بەرامبەر ئەو كارانە، خۆ دەتوانن بێدەنگ بن و قسەى ناهەق نەكەن.