خاڵە بەهێز و لاوازەکانی کۆمەڵی ئیسلامیی لەم هەڵبژاردنەدا

خاڵە بەهێز و لاوازەکانی کۆمەڵی ئیسلامیی لەم هەڵبژاردنەدا

4233 خوێندراوەتەوە

بەشی توێژینەوەی دیپلۆماتیک مەگەزین ـــ بەشی شەشەم

 

كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان:

كۆمەڵی ئیسلامیی پێنجەم و كۆتا فراكسیۆنی كوردیە لە بەغداد بە (3) كورسیەوە، لەساڵی 2001 لە بزوتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی جیابووەتەوە، ساڵی ٢٠٠٣ لەكاتی هێرشەكانی ئەمەریكا بۆ سەر بارەگاكانی جوندلئیسلام ئەوانیش كەوتنە بەر هێرشی موشەكی و دواتر ناوچەی هەورامانیان پێچۆڵكرا و چوونە گوندی دارەشمانە لە دەڤەری ڕاپەڕین.

ئەمەریكا، عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی و چەند سەركردەیەكی تری گرتن و ماوەیەك لە زیندانی ئەبو غرێب و بۆکا بوون و دواتر ئازادكران، كۆمەڵ بەشداری سەرجەم هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی كردووە. لەخشتەی ژمارە (13) دا دەنگەكانی كۆمەڵی ئیسلامیی خراوەتەڕوو:

dfc
خشتەی (١٣) دەنگەکانی کۆمەڵ لە هەڵبژاردنی ٢٠١٠ و ٢٠١٤ی پەرلەمانی عێراق

 

خاڵە لاوازەكانی كۆمەڵ:

  • جیابوونەوەی كۆمەڵ لە بزوتنەوەی یەکبوونی ئیسلامیی و لەتكردنی ئەو حزبە یەكێكە لە خاڵە لاوازەكانی كە بەردەوام بەوە تۆمەتبار دەكرێت لە لایەن بزوتنەوە و هاو فكرەكانی كە گەورەترین بزوتنەوەی چەكداری ئیسلامییان شكست پێهێناو لاوازیان كرد بەرانبەر نەیارەكانی و یەكڕیزی ئیسلامییان تێكداوە، زۆرجار ئەمە لە وتارەكانی نەجمەدین فەرەج ئەحمەد (مەلا کرێکار) و سەركردەكانی بزوتنەوە و ئەندامانیان باسكراوە و هەندێک جاریش هێرشی ڕاگەیاندنی بەشوێن خۆیدا هێناوە بەتایبەت لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا.
  • پەیوەست بەخاڵی سەرەوە، مانەوەی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیی لە پۆستەكەیدا بۆ ماوەی زیاتر لە (17) ساڵ، لەكاتێكدا خۆی ڕەخنەی لەسەر ئەو بنەمایە جیابوویەوە لە بزوتنەوە كە هەوڵی بەبنەماڵەیی كردنی حیزبەكە دەدەن و كار بە شورا ناكەن و تاكڕەون.
،،

مانەوەی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیی لە پۆستەكەیدا بۆ ماوەی زیاتر لە (17) ساڵ، لە كاتێكدا خۆی لەسەر ئەو  ڕەخنە و لەسەر ئەو بنەمایە جیابوویەوە لە بزوتنەوەی یەکبوونی ئیسلامیی كە هەوڵی بەبنەماڵەیی كردنی حیزبەكە دەدەن و كار بە شورا ناكەن و تاكڕەون.

  • بۆ ئەم هەڵبژاردنە زەقترین خاڵی لاوازی كۆمەڵ بەشدارینەکردنی بوو لەو لیستەی یەکگرتوو و بزوتنەوە بە ئیسلامخوازان ناویدەبەن، لەئێستاشدا لیستی یەكگرتوو نوێنەرایەتی ئەو لیستە دەكات و بزوتنەوەی ئیسلامی و بزاڤی چاكسازی و گەشەو زۆر ڕێكخراو و كەسایەتی تری ئیسلامی سەربەخۆ پشتگیری دەكەن. لەبەرانبەردا هاوهەڵوێستی كۆمەڵ لەگەڵ گۆڕان كە ئیسلامیەكان بەگشتی وەك سەرچاوەی چەپگەرایی دەیبینن و لەڕابردووشدا چەند سەركردەیەکیان دژایەتی ڕەوتی ئیسلامیان كردووە.
  • گۆڕانی بەردەوام لە هەڵوێستەكانی كۆمەڵدا، لە ڕابردوودا لەگەڵ پارتی پێكەوە لەسەنگەردا بوون دژی یەكێتی و بەكافریان دەزانین، بەڵام ئێستا لەگەڵ سەركردەكانی گۆڕان كە هەمان سەركردە كۆنەكانی یەكێتین هاوپەیمان و هاوسەنگەرن.
  • ناڕوونی هەڵوێستیان لە پرۆسەی ڕاپرسی و دژایەتی كردنی و بەڵێ بۆ كردنی لە دوا چركە ساتەكاندا.
  • كۆبوونەوەی دەنگەكانیان تەنها لە پارێزگای هەولێر و پاشان سلێمانی و نەبوونیان لە پارێزگاكانی تر.
  • بەهەمان شێوەی یەكگرتوو، ئیسلامیی بوون پاشان مێژووی چەكدارییان و وتارە توندەكانیان ڕێگرە لەوەی كە لەپانتاییەكی فراوانتردا كارو چالاكیەكانیان نمایش بكەن، بوونی كەسانی توندڕەو لە بیركردنەوە و مومارەسەدا ڕێگرن لە كرانەوەی ئەم حیزبە و فراوان بوونی بنكەی جەماوەریان.
،،

دروستبوونی دوو قەوارەی نوێ لە هەرێمی كوردستان و بوونی سەركردەكانی كۆمەڵ هاوشێوەی ئارام قادر و سەرگوڵ قەرەداغی و موئمین زەڵمی و كۆنە نەهزەكان و ئەندامانی دیكەیان لەناو ئەو دوو قەوارەیەدا دەبێتە خاڵی لاوازی كۆمەڵ.

  • نەبوونی تۆڕێكی میدیایی بەهێز و داخراویی كۆمەڵ خاڵێكی تری لاوازی ئەم حیزبەیە.
  • دروستبوونی دوو قەوارەی نوێ لەهەرێمی كوردستان و بوونی سەركردەكانی كۆمەڵ هاوشێوەی ئارام قادر و سەرگوڵ قەرەداغی و موئمین زەڵمی و كۆنە نەهزەكان و ئەندامانی دیكەیان لەناو ئەو دوو قەوارەیەدا دەبێتە خاڵی لاوازی كۆمەڵ.

  

خاڵە بەهێزەكانی كۆمەڵ:

  • مێژووی سەركردەكانی كۆمەڵ لەشاخ ئەگەرچی لە ڕیزەكانی بزوتنەوەدا بوون و تەنها سێ ساڵ بوو، یەكێكە لەخاڵە بەهێزەكانیان.
  • ڕەمزیەتی (عەلی باپیر) لای كۆمەڵەكان و خەڵكی سلێمانی بەتایبەت كە بە (پیاوی مەرد) ناوی دەبەن گرنگن بۆ كۆمەڵ و هەوادارانی. لەگەڵ ئەوەشدا چالاكانە دەجوڵێت بەتابیەت لەبۆنە كۆمەڵایەتیەكاندا، سەرەڕای زمانی نوسین و وتاردانی.
  • هاوڕایی بوونی كۆمەڵ لەگەڵ گۆڕان لەپرسی سەرۆكایەتی هەرێم و داخستنی پەرلەمان و دژایەتی كردنی پارتی لە كوردستان و لەعێراق.
،،

رەمزیەتی (عەلی باپیر) لای كۆمەڵەكان و خەڵكی سلێمانی بەتایبەت كە بە (پیاوی مەرد) ناوی دەبەن گرنگن بۆ كۆمەڵ و هەوادارانی. لەگەڵ ئەوەشدا چالاكانە دەجوڵێت بەتابیەت لەبۆنە كۆمەڵایەتیەكاندا، سەرەڕای زمانی نوسین و وتاردانی.

  • هەڵوێستی وەزیر و پەرلەمانتارەكانی كۆمەڵ لە كوردستان و لەعێراق كە دوربوون لە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و چالاكانە كاریان كردووە. بۆ نمونە، عبدالستار مجید و ئەحمەدی حاجی ڕەشید بەردەوام لەمیدیاكاندا بوونیان هەبووە و ڕونكردنەوەیان داوە سەبارەت بەكارەكانیان.
  • بەهێزی كۆمەڵ لەشاری هەولێر كە ئیسلامیەكانی تر تێیدا لاوازن و لەهەڵبژاردنی ڕابردوشدا توانی زیاتر لە (80) هەزار دەنگ و (2) كورسی بەدەست بهێنێت.
  • وتاری توند و سۆزداریانەی كۆمەڵ ئەگەرچی هەندێجار بەزیانی خۆیان كۆتایی دێت، بەڵام لەلایەكی تر بۆ هەڵبژاردن كاریگەری لەسەر دەنگی خەڵكی ئیسلامخوازی بێلایەن هەیە و حەزیان لەو جۆرە وتارانەیە.

لەسەر بنەمای ئەو ئاماژانەی سەرەوە، دەتوانین بگەینە ئەو ئەنجامەی كە دەنگی كۆمەڵ لەسەرجەم پارێزگاكاندا كەم و زیاد دەكات بەڕێژەی جیاواز، ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر ژمارەی كورسیەكانی.

 

شیكاری دەنگ و كورسیەكانی كۆمەڵ:

بۆ ئەم شیكاریە شەش پارێزگا وەردەگرین كە كورد دەنگ و كورسی هەیە تێیدا كەئەویش پارێزگاكانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، كەركوك، نەینەوا، دیالە)یە. سەرەتاش لەو پارێزگایانەوە دەست پێدەكەین كە كۆمەڵ زۆرترین دەنگ و كورسی تێدا بەدەستهێناوە، وەك لە خشتەی ژمارە (14)دا ڕونكراوەتەوە:

 

dcf
خشتەی (١٤) دەنگی کۆمەڵ لە هەڵبژاردنی ٢٠١٤ی پەرلەمانی عێراق

 

 

پارێزگای هەولێر:

پارێزگای هەولێر خاڵی بەهێزی كۆمەڵەو زۆرترینی دەنگەكانی لەم پارێزگایە، لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بە (80.492) دەنگ (2) كورسی بەدەستهێنا. ئەوەی جێگای سەرنجە جەماوەری ئیسلامی هەولێر زیاتر بێلایەنن و هەر هەڵبژاردنێك بەشێوازێك دەنگ دەدەن. بۆ نمونە لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران 2010 كۆمەڵ (62.706) دەنگە، یەكگرتوو (51.065) دەنگە. لە ئەنجومەنی نوێنەران 2014 كۆمەڵ (80.492) دەنگە، یەكگرتوو (20.563) دەنگە، هەمان ڕۆژ هەڵبژاردنی پارێزگاكان 2014 كۆمەڵ (57.907) دەنگە، یەكگرتوو (27.713) دەنگە. كە جیاوازیەكی زۆرە، لەیەك ڕۆژدا دوو هەڵبژاردن دەنگی كۆمەڵ لەو پارێزگایە (22.585) دەنگی كەمكردووە، ئەمەش بەڵگەیە كە خەڵكی هەولێر كاندیدیان بەلاوە گرنگە نەك لیستەكە.

،،

پارێزگای هەولێر خاڵی بەهێزی كۆمەڵەو زۆرترینی دەنگەكانی لەم پارێزگایە، لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران  (80.492) دەنگی بەدەستهێنا و (2) كورسی بردەوە.

لەهەڵبژاردنی 2014 كۆمەڵ لە هەولێر كورسی پێش كۆتایی بردووە. ئەگەر كۆمەڵ بتوانێت پارێزگاری لەدەنگەكانی پێشتری بكات ئەوا دەتوانێت (2) كورسی مسۆگەر بكات. بەڵام لەبەر چەند هۆكارێك زەحمەتە بتوانێت ئەو دەنگانە بەدەست بهێنێتەوە. لەوانەش بەكورتی: (سەلیم شوشكەیی) كەپێشتر زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا  رەنگە وەک چوار ساڵی ڕابردوو لە بەرچاوی جەماوەر نەمابێت، كۆمەڵی ئیسلامیی نەچووە ناو پرۆژەی لیستی  ئیسلامییەكان، لیستی یەكگرتوو  وبزوتنەوە و بزاڤی چاكسازی و ئیسلامیی سەربەخۆ پشتگیری دەكەن، سەرۆكی لیستی یەكگرتوو (حاجی كاروان) و (حسێن گردەچاڵی) و كەسانی تری بانگخواز لە لیستی یەكگرتوو كەسایەتی دیاری ئەو شارەن و جەماوەری ئیسلامیی هەولێر حەزیان لەو تایپەیە لە بانگخوازە. بوونی (بەشیر حداد)  لە لیستی پارتیدا كە كەسایەتیەكی ئیسلامی توركمانی هەولێرە، ئەمانە كاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر دەنگەكانی كۆمەڵ و  زۆر زەحمەتە بتوانێت زیاتر لە (60) هەزار دەنگ بهێنێت لەو پارێزگایە، لەم حاڵەتەشدا تەنها (1) كورسی بەدەست دەهێنێت. واتە كۆمەڵ لە هەولێر لەباشترین حاڵەتدا (2) كورسی و لەخراپترین حاڵەتیشدا (1) كورسی مسۆگەرە.

پارێزگای سلێمانی:

وەك پێشتر ئاماژەمان بۆ كرد، پارێزگای سلێمانی جێگەی ململانێی سەرجەم قەوارەكانەو هەموویان كورسیان هەیە لەو پارێزگای،. كۆمەڵ تەنها (1) كورسی و (57.102) دەنگی هەیە، لە چوار ساڵی ڕابردوودا لە پارێزگای سلێمانی كۆمەڵ توانیویەتی هاوئاراستە لەگەڵ گۆڕان هەڵوێست وەرگرێت بەخواستی شەقام دژایەتی سەختی پارتی كردووە، بێگومان ئەو هەڵوێستانە كاریگەری هەبووە لەسەر جوانكردنی ڕووی كۆمەڵ لای بەرەی دژە پارتی، بەڵام ئەوەی گرنگە بزانرێت ئەم جوانكردنە لای كەسانێكە كە خۆیان لایەنگری بزوتنەوەی گۆڕان و حیزبەکانی ترن كۆمەڵیان وەك حزبێكی ئیسلامی لا پەسەند نییە، بۆیە بۆ هەڵبژاردنەكان تەنها دەنگ بە حزبەكانی خۆیان دەدەن و پشت لە كۆمەڵ دەكەن.

چەند فاكتەرێكی تر هەن لە سلێمانی كە لە قازانجی لیستی كۆمەڵ نین، لەوانە بوونی ئارام قادر و سەركردەكانی دیكەی كۆمەڵ لە قەوارەی هاوپەیمانی و  دروستبوونی قەوارەی نەوەی نوێ، هەموو ئەم خاڵانە كاریگەرن لەسەر دەنگی كۆمەڵ. خاڵێكی تری گرنگ بەرز بوونەوەی نرخی كورسی یەكەمە لە سلێمانی بە بەراورد بە پارێزگاكانی تر بەهۆی نەبوونی حیزبی زۆر گەورە و زۆری قەوارە سەركەوتووەكان كە هەر (7) قەوارەكە كورسی دەبات، دابەشكاری یەكەمی سانتلیگۆ بەسەر (1.7)دا كە بەپێی هەڵبژاردنی ڕابردوو لەسەروی (45) هەزار دەنگەوە بووە، بۆیە ئەگەری هەیە هەر حزبێك كەمتر لە (45) هەزار دەنگ بهێنێت لە كورسی بێبەش بكرێت، لەبەرانبەردا سەرۆكی لیستی كۆمەڵ لە سلێمانی (ئەحمەدی حاجی ڕەشید) لە چوار ساڵی ڕابردوودا لە بەغداد نمونەی پەرلەمانتارێكی سەركەوتوو و چالاك بووەو ئەگەری هەیە بتوانێت ئەو باڵانسە ڕاست بكاتەوە، ئەگەرچی لایەنگرەكانی زیاتر كۆنە نەهزەكانن و كاریگەرن بە ئارام قادر و هاوپەیمانی.

،،

سەرۆكی لیستی كۆمەڵ لە سلێمانی (ئەحمەدی حاجی ڕەشید) لە چوار ساڵی ڕابردوودا لە بەغداد نمونەی پەرلەمانتارێكی سەركەوتوو و چالاك بووەو ئەگەری هەیە بتوانێت ئەو باڵانسە ڕاست بكاتەوە و کورسیەکەی سلێمانیان مسۆگەر بکاتەوە.

ئەگەر ئەو هۆكارە نەرێنیانەی لەسەرەوە باس كران ببنە هۆكاری دابەزینی دەنگی كۆمەڵ بۆ خوار (45) هەزار دەنگ مەترسی لەدەستدانی ئەو كورسیەی سلێمانیان هەیە، بۆیە كۆمەڵ لەسلێمانی لەباشترین حاڵەتدا تەنها (1) كورسی و لەخراپترینیش مەترسی لەدەستدانی كورسیەكەی هەیە.

 

پارێزگای دهۆك:

لەپارێزگای دهۆك كۆمەڵ تەنها (4.374)  دەنگی هەیە و هیچ ئەگەرێك نییە بۆ هەڵكشان و هێنانی كورسی ئەو پارێزگایە.

 

پارێزگای كەركوك:

كۆمەڵ لە كەركوك لاوازە و لەڕابردووشدا تەنها (2.737) دەنگی هەبووە. ئێستاش لەگەڵ هاوپەیمانی و گۆڕان لیستی نیشتمانیان پێكهێناوە. ئەگەر هەموو دەنگەكانی كۆمەڵ بۆ تەنها یەك كاندیدیش بێت، ئەوا هیچ ئەگەرێك نییە بۆ بردنی كورسی ئەو هاوپەیمانیە، چونكە دەنگەكانی گۆڕان و هاوپەیمانی زۆر زیاتر دەبێت. بۆیە لەكەكوكیش دەنگەكانی كۆمەڵ بەقازانجی دوو لایەنەكەی تر دەبێت و هیچ كورسیەك نابات.

،،

كۆمەڵ لە كەركوك لاوازە و لەڕابردووشدا تەنها (2.737) دەنگی هەبووە. ئێستاش لەگەڵ هاوپەیمانی و گۆڕان لیستی نیشتمانیان پێكهێناوە، هیچ ئەگەرێك نییە بۆ بردنی كورسی ئەو هاوپەیمانیە، چونكە دەنگەكانی گۆڕان و هاوپەیمانی زۆر زیاتر دەبێت. بۆیە دەنگەكانی كۆمەڵ بەقازانجی دوو لایەنەكەی تر دەبێت.

 

پارێزگای نەینەوا و دیالە:

لەپارێزگاكانی نەینەوا و دیالە پێشتر كۆمەڵ لیستی نەبووە بەشدار نەبووە و هیچ ئەگەرێك نیە بۆ ئەوەی هیچ كورسیەك لەو دوو پارێزگایە بەدەست بهێنن.

كەواتە پێشبینی دەكرێت كۆمەڵ بۆ هەڵبژاردنی 2018 گۆڕانكاری لەدەنگەكانیدا ڕوو بدات لە چەند پارێزگایەك و ژمارەی كورسیەكانیشی گۆڕانی بەسەردا بێت، وەك لە خشتەی ژمارە (15)دا سیناریۆكانی ڕونكراوەتەوە:

dfc
خشتەی (١٥) کورسی پێشبینیکراو لە هەلبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بۆ کۆمەڵی ئیسلامیی

 

 

،،

بەپێی باشترین سیناریۆ  لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2018 دەتوانێت (3) كورسی و لە خراپترین سیناریۆشدا (1) كورسی بەدەست بهێنێت.

 

لەكۆتاییدا: بەپێی باشترین سیناریۆ كۆمەڵ لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2018 دەتوانێت (3) كورسی و لەخراپترین سیناریۆشدا (1) كورسی بەدەست دەهێنێت، لەهەردوو حاڵەتەكەدا سەرکەوتن نییە بۆ كۆمەڵ و مانەوەی کورسیەکانێتی وەک رابردوو، لە کاتێکدا لە ماوەی ڕابردوودا زۆرترین دژایەتی پارتی كردووە و هاوهەڵوێست بووە لەگەڵ گۆڕان و خۆی بەبەری خەڵك دەبینێت و چاوەڕوانی هەڵكشانێكی گەورە دەكات لە دەنگ و سەنگ و كورسیەكانیدا.

 تێبینی:

پێشرتر دیپلۆماتیک مەگەزین سیناریۆکان و خاڵە بەهێزەکانی پارتی و یەکێتی و گۆران و یەکگرتووی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردووەتەوە، بەمشێوەیە

پارتی دیموکراتی کوردستان http://www.diplomaticmagazine.net/politics/362

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان http://www.diplomaticmagazine.net/politics/370

بزوتنەوەی گۆران http://www.diplomaticmagazine.net/politics/379

یەکگرتووی ئیسلامی  http://www.diplomaticmagazine.net/politics/393

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك