پەنجەكان یەكتر دەشكێنن

پەنجەكان یەكتر دەشكێنن

1125 خوێندراوەتەوە

نهێنی هێرشی عەلی باپیر بۆسەر گۆڕان و وەڵامی توندی گۆڕان
لە وتارێكیدا بۆ لایەنگرانی حیزبەكەی، تەخت و تاراجی پەیوەندییەكەیانی لەگەڵا گۆڕان روخاند، ئەو رۆژگارێك یەكە دۆستی گۆڕان بوو، ئەو كاتەی هەموان گۆڕانیان جێهێشت، ئەو پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كردە قوربانی گۆڕان و لەگەڵا یوسف محەمەدی سەرۆكی پەرلەمان هەولێری جێهێشت،

،،

بەڵام تای هەڵبژاردن و بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر وای لە عەلی باپیر كرد، كورد وەتەنی ژێر بەڕە بێنێتە سەر بەڕە، ئەمەش وای لە گۆڕان كرد بێ سێ و دوو وەڵامێكی توندی بدەنەوە.


هەڵوێستێكی چاوەڕواننەكراو...
عەلی باپیر كە رۆژگارێك بۆ كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا هاتە سەر گۆڕەكەی، گۆڕانخوازان بە پڕ بەگەرویان هاوارییان دەكرد بەخێربێیت "پیاوە مەردەكە"، ئەمەش بەرەنجامی ئەو هاوكاری و پێكەوە كاركردنەی گۆڕان و كۆمەڵا بوو لەسەردەستی هەردوو سەركردەكە، بەڵام لەئێستادا هەریەك لە بەرەیەكە گۆڕان لە دەسەڵات و كۆمەڵا لە ئۆپۆزسیۆن، سەرەڕای ئەوەش هیچ كات عەلی باپیر لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا هێرشی نەكردۆتە سەر گۆڕان، بۆیە چاوەڕێكراو نەبوو عەلی باپیر بە گۆڕان بڵێت" وەزیر و پەرلەمانتارەكانتان بۆ هەڵوەرین؟ ئەرێ‌ تەكبیرێك ناكەن لە خەڵكەكەتان؟ ئێمەشتان ئیحراج كردوە"
ئەندامێكی خانەی راپەڕاندن بە دیپلۆماتیكی وت، ئەو هەڵوێستەی مامۆستا عەلی باپیر بۆ ئێمە چاوەڕێكراو نەبوو، ئێمەش زۆرمان پێیە و زۆرمان هەیە بۆ وتن، بەڵام ناكرێت هەرچی وتراوە بڵاوبكرێتەوە، هەر ئەوەندە دەڵێم، كاتێك چوینە حكومەت، عەلی باپیر داوای لە ئێمە دەكرد قسە لەگەڵ پارتی بكەین تاوەكو كۆمەڵیش بەشداری لە حكومەت بكات، وتیشی، ئەوەش ئێستا عەلی باپیر دەیكات بەشێكە لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن.


عەلی باپیر بۆ وایكرد؟!
رەنگە نزیكترین خوێندنەوە بۆ ئەم هەڵوێستەی عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی دادگەری ئەوە بێت كە لەسەر حسابی دەنگە ناڕازییەكانی گۆڕان دەنگی زیاتر بەدەستبهێنێت، بڕوایەك لەناو كۆمەڵی ئیسلامی دروست بوە، كە ئێستا خەڵك ئەان بە ئۆپۆزسیۆنێكی جدی دەبینێت و تەنانەت دەنگدەری گۆڕان كە زیاتر دەنگدەرێكی عەلمانیە، ئامادەیە دەنگ بدات بە كاندیدێكی كۆمەڵی ئیسلامی، هەر ئەوەندەش نا بڕوایان وایە زۆر دەنگدەری گۆڕان دڵخۆش نین بە هاوپەیمانی حیزبەكەیان لەگەڵا یەكێتی كە رۆژگارێك ئێسقانی یەكترییان هاڕیوە، بۆیە دەنگ نادات بەو هاوپەیمانێتیە و دەتوانن وایان لێبكەن دەنگ بە كۆمەڵ بدەن.

،،

بەڵام راستیەكە ئەوەیە دەنگدەری گۆڕان ئەگەر دەنگیش نەدات بە هاوپەیمانێتیەكە زیاتر لە بایكۆتەوە نزیكە تاوەكو دەنگدان بە كۆمەڵی دادگەری.


دوكەڵی ئاگرەكە..
ئەوەی ئەمڕۆ عەلی باپیر دەستیپێكرد، شەڕ نیە بۆ پەرلەمانی عێراق، بەڵكو ئەوە شەڕی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە كە كەمتر لە دوو ساڵی ماوە، عەلی باپیر پێیوایە سەردەمی گۆڕان تەواو بوە و ئەو بزوتنەوەیە تادێت بچوكتر دەبێتەوە، بۆیە دەبێت لە ئێستاوە كار لەسەر دەنگەكانی گۆڕان بكەن، كە رۆژگارێك بە عەلمانی و ئیسلامیەوە رویان تێكردبوو، هەر ئەوەش وایكرد لە دواین كۆنگرەی حیزبەكەیدا ناوی ئیسلامی لە حیزبەكەی بكاتەوە و لە كۆمەڵی ئیسلامیەوە بیكات بە كۆمەڵی دادگەری، بەو ئامانجەی بتوانێت لە داهاتودا دەنگی ناڕازی عەلمانی بۆخی كێش بكات، كە زۆرترین ئەو دەنگانەش دەنگی گۆڕان بون.


گۆڕان شۆك بون..
بەرپرسانی گۆڕان چاوەڕێی ئەو تیرە نەبون لە عەلی باپیرەوە، بەڵام بێ دوو دڵیش توند وەڵامیان دایەوە، ئەمە سەرەتایە لە رۆژانی داهاتودا گۆڕان زۆر شتی تر دەڵێت كە دەبێت عەلی باپیر ئامادەبێت بۆ بیستنی، هەرچۆنێك بێت ئەوەی دڵخۆشە بەوەی روودەدات پارتی و یەكێتین، تاوەكو بە دەنگدەری خۆیان بڵێن ئەوانەی رۆژگارێك خۆیان وەك ئۆپۆزسیۆن نمایش دەكرد ئەمانە بون، بەوەش هەوڵدەدەن پەرێزی خۆیان پاكبكەنەوە و بڵێن، گۆڕەپانەكە لە ئەوانی باشتر تێدا نیە.
بەپێچەوانەوە پێناچێت نە گۆڕان و نە كۆمەڵ لە شكاندنی پەنجەكان سودمەند بن.