هەڵبژاردن، وەک پرۆسەی دروستكردنی چینایەتی

هەڵبژاردن، وەک پرۆسەی دروستكردنی چینایەتی

278 خوێندراوەتەوە

ڕابەر عومەر ڕێشاوی

ئەگەر باوەڕی دیموكراسی و پرۆسەی هەڵبژاردن وا لەناو زهنی ئێمەی كورددا وەك عەقیدەیەك چەسپی بێت كە هەر ئەبێت بچین نوێنەرانی خۆمان هەڵبژێرین، بێگوێدانە ببینی ئەو وێنەیەی ئەم عەقیدەیە چ سیستمێكی لیی دروستكراوەو چۆن دارێژراوە لە سەرەوە بۆ خوارەوە؟.


ئەگەر دیموكراسی ئەوەی لەناو تاكەكاندا چاندبێت كە هەر دەبێت هەموومان بچینە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگ بدەین بە كاندیدێك و تەواو دیموكراسیتەمان جێبەجێ‌ كردووە یاخود نەخێر دیموكراسیەت بایكۆت و دەنگ سوتاندنیشی لە خۆیدا هەڵگرتووە؟ ئێمە ئەتوانین بە دەنگ سوتاندنیش دیموكراسیەت لەدەست دیموكراسی پەرەستەكان رزگاربكەین؟ ئایا خودی دیموكراسی نەكراوە بە كەرەستەیەك بۆ گەیشتن بە پلە و پایەی دەسەڵات و پارە، لەكاتێكدا دەبێت پلە و پایە و دەسەڵات بەكاربهێنرێت بۆ گەیشتن بە رۆحی دیموكراسیبوون؟


وەڵامی ئەو پرسیارانە بۆ خوێنەر جێدێڵم و دەمەوێت ئەوە بڵێم كە پرۆسەی هەڵبژاردن لە ئەسپ و عەرەبانەیەك دەچێت كە پاشایەك لەناو كەژاوەكەیدا دانیشتوەو دوو ئەسپیش بەرەو كۆشك دەیبەن، لەو وێنەیەدا ئەسپەكان لە دەنگدەر و لغاوبەدەستیش لە كۆمسیۆن و پاشاش لە كاندیدەكان دەچن، و ئەو خەڵكەش كە چەپڵە لێدەدات تا ئەم كەرناڤاڵە بەرەو كۆشك بەرێبخرێت لە راگەیاندن و بانگەشەی درۆینە دەچێت.


لەدوای رووخانی رژێمی بەعسەوە ئەم كەرناڤاڵی ئەسپ و كەژاوەیە بەرەو ئەو رۆشتووە تا كە رێگەخۆشكەر بێت بۆ ئەوەی چینێكی كەم لە خەڵك بەهۆی دەنگدانەوە لە ماوەیەكی كەمدا بگەنە زۆرترین داهات، خزمەتگوزاری باش، ئاسایشێكی تایبەت كە جیا بێت لە ئاسایشی خەڵكی ئاسایی،

،،

بەڵام لەو سەرەوە كە سەیری هێڵەكە دەكەی چینی دەنگدەر كەمترین داهات، خراپترین خزمەتگوزاری لە كوالیتی و چەندێتی لەگەڵ نەبونی ئاسایشێك كە هەمووان لەژێرسایەیدا وەك یەك هەست بە ئارامی و دڵنیایی بكەن بەشیەتی.


جا پرسیارە بنەرەتیەكە ئەمەیە كە ئەبێت لەخۆمانی بكەین كە بۆچی بە یاسا رێگەدراوە زۆرترین داهات بۆ كەمترین توێژ بروات و كەمترین داهات بۆ زۆرترین خەڵك بێت؟ ئەو یاسایە لە چ فەلسەفەیەكی ئەخلاقیەوە وەرگیراوە كە هەستێت ئەم دابەشكاری و جیاكاری و چینایەتیە لە نێوان دەنگدەر و دەنگپێدراو دروستبكات؟ لەوە بنەرەتی تر ئەو باوەرە چییە وا دەكات لەو زۆرترین خەڵكە كە بچن دەنگ بدەن بەو كەمترین توێژە تا زۆرترین داهاتی وڵات بۆ خۆیان بەرن و كەمترین داهاتیش بۆ خۆیان بێت؟ ئەگەر دەڵێن خەڵك زۆرە و داهات كەمە، ئەی بۆچی داهاتێكی زۆر بۆ ئەو توێژە كەمە دابینكراوە ؟ عەدالەت لەوێدایە كە ئەگەر داهاتی وڵات كەمە و بەشی ئەم هەموو خەڵكە ناكات دەبێ داهاتی ئەم توێژەی دەسەڵاتیش ئەوەندە زۆر و زەق نەبێت ببێتەهۆی دروستبوونی چینایەتی و جیاكاری لەرووی ژیانكردنەوە.


گوایە پاساوی ئەم پارە زۆرەی پەرلەمانتار و وەزیر و سەرۆكوەزیران و سەرۆككۆمار بۆ ئەوەیە كە لە بەرتیلوەرگرتن بۆ كردنی كاری نایاسایی بەدووربن، بەڵام ئایا ئەو هەموو حاكمانەی كە زۆر زیاتر لە پەرلەمانتارێك وەردەگرن ئایا لەم حاڵەتە پارێزراو بوون و دەبن؟، ئایا هەر خودی دەستەی دادوەری و قەزاوەت لەژێر ركێف و هەیمەنەی حزبدا نیە؟ ئایا دەستەی دادوەری دەستەیەكی سەربەخۆیە؟ توانیویەتی سەرۆكجاشێك یان سەرۆكحزبێك دادگایی بكات؟ كەواتە حاڵەتی بەرتیلوەرگرتن بە پێدانی موچەی زۆر چارەسەر ناكرێت بەڵكو رێگەی زانستی تر هەیە كە بیری لێنەكراوەتەوە.


هەر بۆیە پرۆسەیەك وا لە زۆرترینی خەڵك بكات لەماوەیەكی زەمەنی كورتدا توێژێك كەم بەناوی بەرگری لە نیشتمانەوە بخاتە ئەوپەڕی نازونیعەمتەوە بۆ هەتاهەتاییە و خۆشی وەك هاوڵاتیەك پارە نەك لە قورگی شێردا، بەڵكو لە كلكی شێردا نەتوانێ دەربێنی؟ ئایا ئەم پرۆسەیە كە ناوی هەڵبژاردن بەم دۆخەوە پرۆسەیەكی ئەخلاقییە؟ بەشداریكردنی بە دەنگدان بە یەكێك لە كاندیدەكان كارێكی دروستە؟


یان بۆچی دەبێت ئەم سیستمە وا بێت كە سەرۆکەکان لە چینێكی زۆر برژوازیدا بژی و كارگوزارێكیش لە نزمترینی ژیان؟ نابێ بپرسین ئەمە بۆ وایە ئەگەر ئەڵێن كارگوزارێك كاری ئەو سەرۆکانەی پێ ناكرێت دەی خۆ سەرۆكیش كاری كارگوزارێكی پێ ناكرێت، ئەسڵەن سەرۆك كۆڵەوارترە لەچاو كارگوزارەكە لە ئەدای كاروباری خۆی

،،

چونكە سەرەڕای ئەوەی دونیایەك راوێژكار و دكتۆر و خزمەتگوزار و پاساوان وان لەخزمەتیا و لە خۆشترین و باشترین جێگادا دەژی

كەچی كاری دروستی خۆی تەنها لەسەر زمان و كاغەز دەبنێرێت و لە واقیعدا هیچ هەنگاویك بۆ گۆرانكاری ناتوانێ ئەنجام بدا، ئایا ئەگەر ئەمە كۆڵەواری نەبێت، ئەبێت چی بێت ؟


كۆتا قسەم ئەوەیە وەك چۆن هەموو كاندید و حزبێك ئەوە بە مافی خۆی دەزانێت بگات بەو خۆشبەختیە كە دەسەڵات و پارەیە، بۆ ئەمەش هانی خەڵك دەدات دەنگ بدەن بە كاندیدەكانیان ئەوەهاش منیش مافی خۆمە بە هاوڵاتی بڵێم بچۆرە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگەكەت بسوتێنە، چونكە تۆ بەو كارەت ئەتوانی ئەو ئەڵقەیە ببچڕێنی كە لەنێوان ئەسپەكە و لغاوچییەكەدا هەیە و بەوەش عەبارەنەكە لاردەبێتەوە و ئەو سیستمە نارەسەنە كۆتایی پێ دێت كە چینایەتی لە نێوان تۆی دەنگدەر و ئەوی كاندید دا دروستكردوە، واتە تۆ بە دەنگسوتاندنت گومان دەخەیتە سەر كۆی ئەو سیستمەی كە ئەم چینایەتیە ترسناكەی بەرهەمهێناوە.
بۆیە ئەم دەنگ سوتاندنە گەر لەم باوەرە سەرچاوە بگرێت بێ رقلێبوونەوە لە هیچ لایەنێك ئەوا دەبیتە كارێكی ئەخلاقی و ئینسانی، چونكە تۆ بەو كارەت هەم خۆت رزگار دەكەی هەم كاندید، واتە بەو رێگەیەت ناهێڵی ئەو كاندیدە بكەوێتە ناو سیستمێكەوە كە چینایەتی لە نیوان تۆ و ئەودا دروستكردوە، بۆیە تا راستكردنەوەی ئەم بارە لارە دەنگسوتاندن كارێكی ئەخلاقی و دروستە.