کوردانی ئازربایجان چۆن لە ناوبران؟

کوردانی ئازربایجان چۆن لە ناوبران؟

379 خوێندراوەتەوە

دکتۆر جەبار قادر

لە دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت، تراژیدیای کوردانی ئەو وڵاتە، بەتایبەتی ئەوانەی لە هەرسێ کۆمارەکەی کەفکاز((قەوقاز، قەفقاس))دا دەژیان، سەرنجیان خرایە سەر و هەندێ چیرۆکی تراژیدییان لە بارەوە گێڕدرانەوە، کە تا ئەو دەمە باسیان لێوە نەدەکرا و کەس نەیدەوێرا خۆی لە قەرەیان بدات. یەکێ لە بەسەرهاتە خەمناکەکان پرسی تواندنەوە و لەنێوچوونی دانیشتوانی کوردی کۆماری ئازربایجان بوو، ئاخر کوردانی ئەو کۆمارە بەژمارە زۆرتربوون لە کوردانی کۆمارەکانی ئەرمینیا(ئەرمەنستان)، جۆرجیا (گورجستان) و تورکمێنیا (تورکمەنستان)، کە لەو سەردەمەدا کورد تەنها لەو چوار کۆمارەی یەکێتی سۆڤیەت دەژیان. هەرچی دانیشتوانی کوردی کازاخستان، كیرگیزیا((قیرغیزیا)) و ئۆزبەکستانە، ئەوا ئەمانە نەوەی ئەو کوردانەن کە لە ساڵانێ ١٩٣٧ – ١٩٣٨ لە ئازربایجان و ئەرمینیاوە و لە ساڵی ١٩٤٤یش لە جۆرجیاوە بە زۆرملێ بۆ ئەوێ ڕاگوێزران.

لە دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەتیش، بە تایبەتی لە دوای شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەرمەن و ئازەری لە سەر کۆماری نەگۆڕنە – قەرەباخی ئەرمەنی لە سەر خاکی ئازربایجان، کوردانی کەفکاز بەر شاڵاوی ناسیۆنالیستانی ئەرمەن و ئازەری و گورجی کەوتن و بە وڵاتانی ڕووسیا، کۆمارەکانی پێشووی یەکێتی سۆڤیەت، ئەوروپا، ئەمریکا و ئوسترالیادا بڵاوبوونەوە.

لە دوای شۆڕشی ئوکتۆبەری ١٩١٧ و دامزراندنی یەکێتی سۆڤیەت تەنها لە کۆماری ئازربایجانی سۆڤیەتی یەکەیەکی کارگێڕی بە ناوی کوردستانەوە بۆ کوردانی ئەو کۆمارە دروست کرا. بەم شیوەیە بەر لە خوشک و براکانیان لە کۆمارەکانی دیکە دەرفەتی گەشەکردنی کولتوری و ئابوورییان بۆ ڕەخسا. لە سەختترین ڕۆژانی برسێتی و شەڕی نێوخۆییدا لە ڕووسیای سۆڤیەتی، ڕابەڕی شۆڕشی ئوکتۆبەر ڤڵادیمێر ئیلیچ ئولیانەف ((لێنین)) داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئازربایجانی سۆڤیەتی، بە تایبەتی بەرپرسی یەکەم نەریمان نەریمانەف کرد چل ملیۆن ڕوبل بۆ هاناوەچوونی خەڵکانی برسی لە پەڤۆڵژییا ((کەنارەکانی ڤۆڵگا)) و کوردستان.

بەپێی پێوەرە دیمۆگرافییەکان بوایە، دەبوایە لە کۆتایی سەدەی بیستەمیندا ژمارەی کوردانی کەفکاز زیاتر لە نیو ملیۆن کەس بوونایە و لە کۆماری ئازربایجانیش بەلای کەمەوە زیاتر لە سێسەد هەزار کوردێک هەبوونایە. بەڵام لە باشترین حاڵەتدا داتا و ئامارەکانی ئازربایجان باس لە دە هەزار کوردێک دەکەن. پرۆسەی تواندنەوە و لە نێوبردنی کوردانی ئازربایجان و قەوارە سیاسییە کارگێڕییەکەیان بابەتی ئەم لێکۆلێنەوەیە، کە پوختەکەیەتی لێرەدا بڵاودەکرێتەوە.

پرسیاری سەرەکی لەم بارەیەوە ئەویە: چۆن لە دەوڵەتێک، کە لە بواری سیاسەتی نەتەوەییدا دروشمی یەکسانی نەتەوەیی و گروپی ئەتنی، برایەتی گەلان، داننان بە مافی نەتەوەیی و کولتووری تەواوی گەلان و گروپەکاندا هەڵگرتبوو؛ دەسەڵاتێک گەشەکردنی کولتووری، کۆمەڵایەتی و ئابووری بۆ زیاتر لە سەد نەتەوە و گەل وگروپی ئەتنیکی دەستەبەر کردبوو، قەوارەی سیاسی، یەکەی دەوڵەتیی و ئۆتۆنۆمی بۆیان دامەزراندبوو، چۆن بوو وا لە ئاست کورددا وا ستەمکار و زۆردار بوو و کورد بەو دەردە برا؟. لەم باسەدا هەوڵدراوە وەڵامی ئەم پرسیارە سەرەکییە بدرێتەوە.

پرسی کوردانی ئازربایجان دەمێک بوو لە بیر کرابوو، بەڵام قەیرانی نەگۆڕنە – قەرەباغ لە نەوەتەکانی سەدەی ڕابردووەوە تا کۆتایی ساڵی٢٠٢٠، جارێکی تر باسەکەی هێنایەوە گۆڕێ. بەشی گەورەی شەڕی نەگۆڕنە- قەرەباغ لە سەر داگیرکردن/ ئازادکردنی ئەو خاکانەیە، کە بەمەڵبەندی مێژوویی کوردانی ئازربایجان دادەنران.

پرۆسەی گەشەکردنی بارودۆخی کوردانی ئازربایجان لە ساڵانی یەکەمی دەسەڵاتی سۆڤیەتیدا لە بیستەکان و دەسپێکی سێیەکانی سەدەی ڕابردوودا، کاتێ پرینسپی کۆرێنیزاتسیا پەیڕەو دەکرا (کۆرێنیزاتسیا بەواتای جێگیرکردن و خۆجێی کردنی دەسەڵاتی سیاسی سۆڤیەتی دێت لە ڕێگای پێگەیاندنی کادری سیاسی و کارگێڕی خۆجێی لە نێو گەلانی ناڕووسدا بە تایبەتی لە نێو گەلانی بچووک و دواکەتوودا) هەندێ گەشەکردنی بەخۆوە بینی. کورد وەک کەمینەیەکی نەتەوەیی لە کەفکاز و لە چەشنی هەموو گەلانی دیکەی یەکێتی سۆڤیەت سوودی لەو پرۆسەیە بینی، بەڵام لە سەردەمی ((تیڕۆڕی سامناکدا)) لە ساڵانی ١٩٣٧ – ١٩٣٨ و ١٩٤٤ کوردانی ئازربایجانیش وەک زۆر لە گەلانی دیکەی بچووک و بێدەرەتان کەوتنە بەر شاڵاوی ڕاگوێزانی زۆرملێ و تواندنەوە.


لە نێوبردنی فیزیکی و پرۆسەی ڕاگواستنی زۆرەملێ و سڕینەوەی شوێنەواری کورد لە کۆماری ئازربایجان لە سییەکان و چلەکانی سەدەی ڕابردوودا، بابەتێکی مێژوویی و سیاسییە و مایەی پرسیاری زۆر و تێڕامانی قوولە. لەنێو کوردانی کۆمارەکانی کەفکازدا، واتا ئازربایجان، ئەرمەنستان وگورجستان، تەنها کوردانی ئازربایجان سۆڤیەتی لە دوای شۆڕشی ئوکتۆبەر یەکەیەکی کارگێڕییان بە ناوی ((ئویەزدی کوردستان– لە سیستەمی کارگێڕی کۆنی ڕووسیا و دەسپێکی دەسەڵاتی سۆڤیەتیدا ئویەزد بە واتای قەزا بوو)) لە ساڵی(١٩٢٣) بۆ دروست کرا. ئەم یەکەیە بە "کوردستانی سوور" نێوی دەرکردووە، دواتریش بەر لەوەی بە یەکجاری لەنێوببرێ (لە ساڵی١٩٢٩)، کاتێ لەو ساڵەدا بەپێی فەرمانێکی دەسەڵاتی باڵای سۆڤییەت لە مۆسکۆ یەکەی کارگێڕی (ئویەزد) لە پەیکەری کارگێڕیدا هەڵوەشێنرایەوە، یەکەکی هەندێ گەورەتر بە ناوی (ئۆکروگی کوردستان – کە بە عەرەبی بە مقاطعة و بە ئینگلیزی بە County وەرگێڕدراوە) دروست کرا، لە دوای ئەمەش بۆ ماوەیەکی کورت باس لە (کوردستانی سۆڤیەتی) کرا، پێش ئەوەی بە یەگجاری ناوی کوردستان لە ناواندا نەمێنێ.

لە ساڵی(١٩٢١)ەوە ناوی کوردستانی ئازربایجان لە ناواندا بوو و بیر لە چارەسەرکردنی دۆزی کورد لەو کۆمارە سۆڤیەتییە کرایەوە،

،،

تا لە ئەنجامدا دوای دوو ساڵ واتا لە ساڵی(١٩٢٣)بڕیاڕی دامەزراندنی(ئویەزدی کوردستان– قەزای کوردستان)درا.

بە پێی داتاکانی ساڵی(١٩٢٥) ئەم یەکە ئەتنیکییە- کارگێڕێیە شەش دایەرە(ناحیە) و (٣٣٠) ئاوایی گرتبووە خۆ، کە هەموو دانیشتوانەکەی لە (٦٣) ئەنجومەنی لادێدا کۆ کرابوونەوە. هەرچەندە کورد زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتوانیان لەم ئویەزدە پێکدەهێنا و ناوی هەرێمەکەش ڕەنگێکی ئەتنیکی زەقی هەڵگرتبوو، بەڵام وەک زۆر لە یەکە کارگێڕی ئەتنییەکانی تر نەکرا بە هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی سیاسی و نەتەوەیی. بەپێی یەکەمین سەرژمێری گشتیی دانیشتوانی کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی(١٩٢٦) ژمارەی دانیشتوانی ئەم یەکە کارگێڕییە(٥١٢٠٠)کەس بوو، کە(٣٧٤٧٠)کەسیان کورد بوون، واتا کورد (٧٣،١٪)ی هەموو دانیشتوانیان پێکدەهێنا. ژمارەی ئازەرییەکان (١٣٥٢٠) کەس بوو و (٢٦،٣٪)ی دانیشتوانیان پێکدەهێنا، هەرچی ئەرمەنەکان بوون، ژمارەیان تەنها (٢٥٦) کەس بوو، کە دەیکردە(٠،٥٪)ی دانیشتوان ئەم یەکە کارگێڕییە.

لە هەموو دایرەکان، قوبادلی لێدەرچێ، سەرجەم دانیشتوان کورد بوون. بۆ نموونە، لە قەرەقیشڵاغ (٩٩،٧٪)، لە کەڵبەجاڕ(٩٩،٨٪)، لە قوتورلی (٩٩،٩٪)، لە کوردحاجی(٩٨،٦٪) و لە مورادخانلیش (٩٨،٢٪)ی هەموو دانیشتوان کورد بوون. تەنها لە قوبادلی ڕێژەی دانیشتوانی ئازەری(٩٨،٩٪) بوو و لە دوای ئەوانیش ئەرمەن دەهات، کە ڕێژەیان تەنها( ١٪) و دانیشتوانی کوردی لێ نەبوو. توێژەران وای لێکدەدەنەوە کە قوبادلی بە مەبەست خرایە سەر ئویەزدی کوردستان بۆ ئەوەی ڕێژەی دانیشتوانی کورد لە هەرێمەکە لە (١٠٠٪)ەوە دابگرن بۆ (٧٣٪). .

دامەزراندنی کوردستانی سۆڤییەتی، وەک یەکەیەکی ئەتنیکی کارگێڕی لە لایەن دەسەڵاتی باڵای سۆڤییەتەوە لە مۆسکۆ بڕیاری لێ درابوو و دەبوایە جێبەجێ بکری. بە بۆچوونی داڕێژەرانی بیرۆکەکە، دەبوایە ئەم یەکەیە ببێتە ناوەندێكی گرنگ بۆ بڵاوکردنەوەی بیری بەلشەڤی لە نێو کوردانی دەرەوەی یەکێتی سۆڤییەتدا. دەبوایە (کوردستانی سوور) وەک نموونەیەکی چارەسەرکردنی بەلشەڤییانەی دۆزی نەتەوەیی کورد پیشانی دەرەوە بدرێ و کوردانی تورکیا، ئێران و عێراق و سووریا، کە ئەم دوانەی دوایی لە ژێر مەندەیتی بریتانیا و فرەنسا بوون، هان بدات ببنە لایەنگری دەسەڵاتی سۆڤییەتی و لە دژی داگیرکەرانیان ڕاپەڕن. بەڵام گەرم و گوڕی پەیوەندییەکانی یەکێتی سۆڤییەت و کەمالییەکان لە تورکیا، دواتریش دۆستایەتی لە گەڵ ئێرانی ڕەزا شادا، بوونە هۆی ساردبوونەوەی مۆسکۆ لە پەیڕەوکردنی ئەم سیاسەتە و ئاستی چاوەڕوانییەکانی لە بارەی کوردستانی سوورەوە کەم کرایەوە.


ئەمە دەرفەتێکی زێڕین بوو، کە کاربەدەستانی ئازەری لە چاوەڕوانیدا بوون و بۆ هەڵێک دەگەڕان شتێک بە ناوی کوردستانەوە لە سەر خاکەکەیان نەهێڵن. هەر لە دەسپێکەوە هەوڵی ئەوەیان دەدا کوردستانی سۆڤییەتی بە مردوویی لە دایک ببێ. وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا، ڕێژەی دانیشتوانی کورد لە ١٠٠٪ هێنرایەوە خوارەوە بۆ ٧٣٪، کابرایەکی ئازەریشیان بە نێوی حوسێن ئۆغڵی حاجییەف کرد بە سەرۆکی جێبەجێکاری ئەم کوردستانە، دام و دەزگا فەرمییەکانی کوردستانیش لە شاری شوشێ لە دەرەوەی سنوورەکانی کوردستان بوون، بەبیانوی ئەوەی لە پایتەختی کوردستان (لاچین)، کە پێشتر ئاواییەک بوو بە ناوی عەڤداڵیار، هیچ باڵاخەنە و شوێنێکی گونجاوی تێدا نەبوو بەکەڵکی ئەوە بێت دام و دەزگاکانی حکومەتی تێدا جێگیر بکرێن. لە کۆتاییدا کاربەدەستانی ئازەری فەرمانێکی مۆسکۆیان، سەبارەت بە سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی پەیکەری کارگێڕی کۆمارەکانی سۆڤیەت، بەهەل زانی و ناوی کوردستانیان لە سەر نەخشەی ئازربایجان سڕییەوە. ساڵی(١٩٣٠) کاربەدەستانی باڵای حیزب و دەوڵەت لە مۆسکۆش ئەو بڕیارەیان پەسەند کرد.


دوا بە دوای ئەمە، سیاسەتی بە ئازەری کردنی کورد یەکسەر دەستی پێکرد. ئەوەی کارئاسانی زیاتری بۆ ئەم سیاسەتە کرد ئەوە بوو: کورد و ئازەری هاوئایین بوون، بەشێک لە کوردەکانیش تەنانەت لە کاتی دامەزراندی ئویەزدی کوردستاندا ببوون بە ئازەری زمان، لە سەر ئاستی کۆمەڵایەتیش دابەش ببوون بەسەر چەندین خێڵ و عەشیرەتدا، کە کاری کاربەدەستانی ئازەرییان زۆر ئاسان دەکرد. ئەو بونیادە کۆمەڵایەتییەی کورد وەک هۆکارێک بۆ دژایەتی کردنی ڕژێمی نوێی بەلشەڤی و سۆسیالیستی پیشان درا و بەو هۆیەوە کورد بوونە ئامانجی تیڕۆڕی دەوڵەت و میلیشیا حیزبی و سیخوڕییەکان. سەرباری هەموو ئەمانە، لە سییەکان و چلەکانی سەدەی ڕابردوودا کوردیش، وەک زۆر لە گەلان و کەمینە نەتەوەییەکانی تری یەکێتی سۆڤییەت، وەبەر شاڵاوی ڕاگواستنی زۆرەملێ و توند و تیرژی و ڕژێمی تۆقاندنی ستالین کەوتن. لە سەردەمی تیڕۆڕی ستالیندا ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی ئازربایجان بۆ کۆمارەکانی ناوەڕاستی ئاسیا، کازاخستان، ئۆزبەکستان و قرغیزستان، ڕاگوێزران.


هەرچەندە لە دوای مردنی ستالین بە فەرمی باس لە گێڕانەوەی مافەکانی ئو گەلە بەشخوراوانە کرا

،،

بەڵام لە سەر ئەرزی واقیع شتێکی ئەوتۆی بۆ کورد لە گەڵ خۆیدا نەهێنا.

دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤییەتیش، بەفەرمی ڕێگەدرا بەو گەلانە بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی پێشوویان، بەڵام کاربەدەستانی کۆماری ئازربایجان بەهیچ شێوەیەک ئامادە نەبوون ڕێگە بدەن بە گەڕانەوە ئەو کوردانە. کاربەدەستانی گورجستانیش هەمان سیاسەتیان پەیڕەو کرد، هەرچی ئەرمەنەکان بوون هەموو کوردانی موسوڵمانی کۆماری ئەرمەنستانیان لە وڵاتەکەیان وەدەرنا. ئەو کۆسپ و تەگەرانەی لە بەردەم کوردان دروست کران وایان کرد کە نەگەڕێنەوە بۆ سەر زێدی خۆیان. پەرەسەندنی هزری توندڕەوی نەتەوەپەرستی لە نێو گەلانی پێشووی یەکێتی سۆڤیەتدا، بە تایبەتی لە کۆمارەکانی کەفکاز ڕێگرێکی سەرەکی بوو لە بەردەم گەرانەوەی کوردانی ڕاگوێزراو بۆ سەر خاکی مێژوویی خۆیان. شەڕی ئەرمەن و ئازەری لە سەر نەگۆڕنە- قەرەباغ و داگیرکردنی خاکی کوردان لە لاچین، کەڵبەجاڕ، کوردحاجی..تاد لایەن هێزی ئەرمەنەوە خەونی گەڕانەوەی کوردیان بۆ هەمیشە لە گۆڕنا.


ئەنجامەکانی سیاسەتی تواندنەوە، چەوساندنەوە و ڕاگوێزانی زۆرەملێی کوردی ئازربایجان لە ئامار و داتاکانی دانیشتوانی ئەو ولاتەدا بەرجەستە دەبن. لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی ئازربایجان لە ساڵی(١٩٢٦) نەدەگەیشتە دوو ملیۆن و نیو کەس، ژمارەی دانیشتوانی کورد (٤١١٣٢)کەس بوو، کەچی بەپێی ئامارەکانی ساڵی(٢٠٠٩)، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشوانی ئازربایجان زیاتر لە نۆ ملیۆن بوو، ژمارەی کوردان تەنها(٦٠٦٥ )کەس بوو. بەپێی پێوەرە دیمۆگرافییەکان دەبوایە ئێستا ژمارەی کوردانی ئازربایجان بەلای کەمەوە (٣٠٠) هەزار کەسێک بوایە.


بەو شێوەیە کوردانی ئازربایجان لە بەینبران، دەرفەتی چارەسەرکردنی دۆزی کوردیش لە کەفکاز و دامەزراندنی قەوارەیەکی دەوڵەتیی بۆ کوردانی یەکێتی سۆڤییەت لە گۆڕ نرا. هەموو ئەم سیاسەتانە لە سایەی دەوڵەتێكدا پراکتیزەکران، کە دروشمی یەکسانی و برایەتی گەلانی بەرز دەکردەوە و دەیان کۆمار و کۆماری ئۆتۆنۆمی و دەڤەر و ناوچەی ئۆتۆنۆمی بۆ گەلانی ئەو وڵاتە بەرینە دروست کردبوو.