لیستی جیا، کورد تووشی شکست دەکات لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا ؟

کورد بە چەند کاروانێک دەگەڕێنەوە بۆ بەغداد

لیستی جیا، کورد تووشی شکست دەکات لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا ؟

1439 خوێندراوەتەوە

راپۆرتی فرانس پرێس

و: ڕەزوان حەسەن

كوردی دابەشبووی عێراق، وەك ئەوەی لەدەستدانی بەشێكی زۆر لە خاكی دوڵەمەند بە نەوتی كوردستان ئەوەندە جەرگبڕ نەبووبێت، وا خەریكی لە مەیدانی سیاسیشدا لە هەڵبژاردنەكانی 12ی  ئایاری عێراق توشی شکستێکی گەورە دەبن و ١٠ کورسی لە دەست دەدەن.

شیكەرەوان پێشبینی دەكەن كورد ژمارەی كورسیەكانی كەم بكات لە پەرلەمانی عێراق بەو پێیەی رووبەری خاكەكەیان، كە بەهۆی ململانێی نێوان هەردوو پارتە سەرەكیەكەوە لە هەرێمی نیمچە سەربەخۆی كوردستان كەوتووەتە دۆخێكی خراپەوە، بەرتەسك بووەتەوە.

لە ریفراندۆمی مانگی ئەیلولی ٢٠١٧ دا لە کوردستان لە سەدا ٩٣ی خەڵك بە بەڵی دەنگی پێدا، بەڵام بەغداد بەهۆیەوە توڕە بوو، بەرلەوەش هۆشداری ئەوەی دابوو كە هەموو جۆرە  دەنگدانێک بۆ جیابونەوە "نایاساییە".

لە كاردانەوەی ئەو ریفراندۆمەدا، هێزە فیدراڵیەكان لە مانگی ئۆكتۆبەری هەمان ساڵ، هێزە كوردییەكانیان لە كەركوك و كێڵگە نەوتیەكانی كردە دەرەوە، تەنانەت لە ناوچە كێشە لەسەرەكانی پارێزگاکانی نەینەوا و سەڵاحەدینیش، هاوكات بەغداد سزای ئابوریشی سەپاند بەسەر کوردستاندا.

،،

لە كاردانەوەی ئەو ریفراندۆمەدا، هێزە فیدراڵیەكان لە مانگی ئۆكتۆبەری هەمان ساڵ، هێزە كوردییەكانیان لە كەركوك و كێڵگە نەوتیەكانی كردە دەرەوە، تەنانەت لە ناوچە كێشە لەسەرەكانی پارێزگاکانی نەینەوا و سەڵاحەدینیش، هاوكات بەغداد سزای ئابوریشی سەپاند بەسەر کوردستاندا.

لەكاتێكدا كوردستانی عێراق خەریكی هەستانەوەیە، هەردوو هێزە كوردییە دەسەڵاتدارەكە لە هەوڵدان بۆ كۆكردنەوەی لایەنگرە ورە رووخاوەكانیان، هاوكات لەسەر لێكدوركەوتنەوەی هەردوولا تۆمەت ئاراستەی یەكتری دەكەن. وەك "خیانەت" و "ناپاكی".

لەسەر پۆستەرەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و دڵی پارتی دیموكراتی كوردستان داوا لە دەنگدەران دەكرێت بەهێزەوە بێنەوە پێشەوە "بۆ بەرگریكردن لە ریفراندۆمەكەیان" لە نێو پەرلەمانی عێراقدا.

یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش لە شاری سلێمانی داوا لە خەڵك دەكات "لەپێناو داهاتوویەكی بەهێز بۆ مافی چارەی خۆنوسین دەنگ بدەن"، بەڵام بەلای پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هەڵوێستەکانی یەکێتی ئیدی كاری پێكەوەیی مەحاڵ كردووە.

dcv
بانگەشەی لیستەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ـ سلێمانی

 

خەسرەو گۆران وەك سەركردەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت "ئێمە پێمان وایە كەركوك بەهۆی  خیانەتی ئەندامانی سەرەكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەلایەن هێزەكانی عێراقی فیدراڵەوە داگیركراوە."، وتیشی "بەر لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكان كاتێك پێشنیاری یەك لیستی كوردیمان بۆ سەرانسەری عێراق كرد هیچ وەڵامێكمان نەدرایەوە."

تەواو بە پێچەوانەی ئەوەوە، بە تێڕوانینی سەعدی ئەحمەد پیرە لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان؛ پارتی یەكەم لایەن بوو، دوای رەتكردنەوەی كۆمەڵێك پێشنیار بۆ لیستی هاوبەش، كاندیدەكانی خۆی دیاریكرد.

وتیشی "ئەوەی هەندێ سەركردەی دیاریكراوی پارتی دەیڵێن گوزارشتە لە مۆراڵی ناشرینی سیاسی خۆیان، چونكە لەجیاتی ئەوەی وەك كێبڕكێكار سەیرمانكەن، وەكو دوژمن سەیرمان دەكەن."

،،

سەعدی ئەحمەد پیرە: ئەوەی هەندێ سەركردەی دیاریكراوی پارتی دەیڵێن گوزارشتە لە مۆراڵی ناشرینی سیاسی خۆیان، چونكە لەجیاتی ئەوەی وەك كێبڕكێكار سەیرمانكەن، وەكو دوژمن سەیرمان دەكەن".

حیزبە بەدیلەكانی دیكەش بوونەتە هەڕەشەی زیاتر لەسەر پارچە پارچەبوونی دەنگی كورد، لەوانە بزوتنەوەی گۆڕان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ.

بەو هۆیەوە ئێستا 503 كاندید لەسەر 77 لیست كێبڕكێ لەسەر 46 كوسی پەرلەمانی عێراق دەكەن لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك كە هەرسێكیان بەشێوەیەكی فەرمی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنن.

باڵانسی هێز گۆڕاوە

لە كۆتا هەڵبژاردنی ساڵی 2014ی عێراق، پارتە كوردیەكان 62 كورسییان لە كۆی 329 كورسی پەرلەمان بەدەستهێنا، بە كەركوك و دیالە و نەینەوا و بەغدادیشەوە.

عادل باخەوان بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی كۆمەڵناسی لە زانكۆی سۆران وتی "لەدەستدانی كەركوك یەكێك بوو لە ساتەوەختە گەورەكانی مێژووی عێراقی دوای سەدام حوسێن"، وتیشی "لەو كاتە بەدواوە باڵانسی هێز بە زیانی كورد وەرچەرخاوە قورسە ژمارەیەكی ورد بڵێین، شتەكە دەگۆرێت، بەڵام گومانی تێدا نییە كورد هەندێ كورسی لەدەست دەدات."

dcv
ناو بازاڕی سلێمانی ـ نیسانی ٢٠١٨

خەسرەو گۆران دانی بەوەدا نا كە لەدەستدانی كەركوك كارەساتێكی گەورەبوو.

گۆران ئەوەشی وت كە "بە پێچەوانەی هەڵبژاردنەكانی 2014ەوە، بەهۆی نەبوونی هێزەكانی ئاسایشی كورد بۆ پاراستنی دەنگدەران لە ناوچە كوردییەكانی دەرەوە هەرێمی كوردستان هیچ بەشدارییەك ناكرێت".

،،

یەكێكی دیكە لە پاشەكشەكانی پارتە كوردییەكان ئەوەیە بۆ یەكەمجار كوردەكان لەنێو ئەو لیستانەدا دەركەوتوون كە لەلایەن پێكهاتە نەتەوەییەكانی دیكەی ناوخۆی هەرێم دیاریكراون.

یەكێكی دیكە لە پاشەكشەكانی پارتە كوردییەكان ئەوەیە بۆ یەكەمجار كوردەكان لەنێو ئەو لیستانەدا دەركەوتوون كە لەلایەن پێكهاتە نەتەوەییەكانی دیكەی ناوخۆی هەرێم دیاریكراون.

یەكێك لە نمونە هەرە دیارەكان موستەفا شێخ كاوەیە، كوڕی شێخ مەحمود حەفید بەرزنجییە كە لە دژی داگیركاری بریتانیا جەنگا و لەنێوان ساڵی 1920 بۆ 1922 دەوڵەتێكی كوردی دروستكرد.

موستەفا شێخ كاوە لەنێو بەرەیەكدایە كە لەلایەن عەمار حەكیمەوە سەركردایەتی دەكرێت، سەید عیسا بەرزنجی، یەكێك لە هاوكارانی موستەفا شێخ كاوەیە وتی "ئەوە لیستێكی عێراقییە و ئامانجی ئێمە ئەوەیە خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەین."

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك