سەرۆكێك لە دەرەوەی بنەماڵەی شازادەكان

سەرۆكێك لە دەرەوەی بنەماڵەی شازادەكان

11339 خوێندراوەتەوە

نە لەبنەماڵەی شازادەكانە و نە لە بنەماڵەی لۆردەكانی نەوت، كوڕێكی گەنج لە خێزانێكی هەژارەوە سەركەوت تا لوتكەی هەرەمی دەسەڵاتی یاسادانان لە كوردستان.


یوسف محەمەد صادق، 39 ساڵ، نمونەیەكی جوانی پێشكەشكرد بۆ ئامادەبونی نەوەی نوێ‌ لە هەرەمی دامەزراوە باڵاكانی هەرێمی كوردستاندا.
گەنجێكی شەرمن و كەم دوو، بەڕێز و خاكی لە مامەڵەدا، بەڵام دامەزراو چەسپاو لەسەر ئەو بنەمایانەی بڕوای پێیەتی.


هەر لە سەرەتاوە یەكێتی و پارتی لارییان نەبوو لەوەی بزوتنەوەی گۆڕان سەرۆكی پەرلەمانی لابێت، بەڵام نیگەران بوون لەوەی نەوشیروان مستەفا گەنجێكی هێنایە پێشەوە كە لە خانەوادەیەكی سیاسی نەبوو، بەپێچەوانەوە ئەو دەستی مامۆستایەكی گەنجی زانكۆی گرت و هێنایە پێشەوە.


قەدەری یوسف محەمەد وابوو كە لەماوەی سەرۆكایەتیەكەیدا دەبوایە ڕوبەڕوی سیستمی سەرۆكایەتی هەرێم ببێتەوە كە باڵاترین و بەهێزترین دەسەڵاتی سیاسیی بوو لە هەرێم.

،،

یوسف محەمەد ، سەركەوتوو بوو لەوەدا كە لەڕوی یاساییەوە گەمارۆی سەرۆكایەتی هەرێم و خودی سەرۆكی هەرێم بدات و لەڕێگەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمەوە شەڕەكە بباتە سەری ڕەش.


یوسفمحەمەد ، سەركەوتوو بوو لەوەدا كە لەڕوی یاساییەوە گەمارۆی سەرۆكایەتی هەرێم و خودی سەرۆكی هەرێم بدات و لەڕێگەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمەوە شەڕەكە بباتە سەری ڕەش.


كاتێكیش بارزانی زانی كە هەڕەشەكە جدییە، تەنها دوو ڕێگای لەبەردەم مایەوە، یان تەسلیم بون یان تێكدانی یاریەكە، هەردوكیشی بۆ بارزانی ئیحراجی بوو. دواجار بارزانی لە نێوان تەسلیم بون و دیكتاتۆریەتدا دووەمیانی هەڵبژارد، كاتێك بەزەبری هێز ڕێگری لە سەرۆكی پەرلەمان كرد بگەڕێتەوە شاری هەولێر و بچێتە سەر كارەكەی، دواتریش ماوەی سەرۆكایەتیەكەی بۆ درێژكرایەوە. بەمەش بووە سەرۆكێك لە دەرەوەی یاسا و شەرعیەتی یاسایی.
ڕوداوەكانی دواتریش سەلماندی كە بارزانی بەڕێگە هەڵەكەدا ڕۆشتووە نەك سەرۆكی پەرلەمان.


جیاوازی زۆرە لە نێوان دەستبەرداربونی بارزانی لە پۆستەكەی لەژێر فشاری دەرەكی و وازهێنانی سەرۆكی پەرلەمان لە دوای تەواوبونی ماوەكەی. یوسف محەمەد كاتێك وازی هێنا سەرۆكایەتی هەرێم سڕكرا و سەرۆكی هەرێمیش لە پۆستەكەی دورخرایەوە، بارزانی لە لوتكەی شكستی ڕیفۆاندۆم و وتاری سەربەخۆیی وازیهێنا لەكاتێكدا یوسف محەمەد وەك سەرۆكێكی شەرعی پەرلەمان وازهێنا.


بارزانی بووە سەرۆكێك لە دەرەوەی شەرعیەت و یاسا، لەبەرامبەردا یوسف محەمەد بوو بە رەمزی سەروەربون و داكۆكیكردن لە یاسا.
بارزانی كاتێك وازیهێنا نەیوت سامانەكەم چەندە و چیم هەیە، لە بەرامبەردا یوسف محەمەد رایگەیاند كە خاوەنی یەك پارچە زەویی نییە.
ئێستا كاتێك یوسف محەمەد وتاری ماڵئاوایی دەخوێنێتەوە دەتوانێت بە شانازییەوە باس لە دەسكەوتەكانی ماوەی سەرۆكایەتیەكەی بكات .


یوسف محەمەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە وتاری ماڵئاوایدا ڕایگەیاند، پەرلەمان ئەمڕۆ بە قۆناغێكی زۆر مەترسیداردا دەڕوات، چونكە پەرلەمان گەڕێنراوەتەوە بۆ ڕۆژگارێك كە هیچ پێگە و ڕۆڵ و كاریگەرییەكی نەبوو و پاشكۆی تاقم و كەس و دەستەبژێر بوو.
دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دوای ئەوە هات ڕۆژی 20 ی ئەم مانگە جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاریدا لە كابینەی هەشتی حكومەتی هەرێم بكشێتەوە و دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ببێت.


وتاری ماڵئاوایی

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەدا وتارێكی پێشكەشكرد و تێیدا ڕایگەیاند، لای هەموتان ئاشكرایە كەئێستا كوردستان لەدۆخێكی ئێجگار سەختدایدایە. خەڵكی ژیانێكی سەخت و پڕلە ناخۆشی دەژین، ئەركی دەسەڵاتی سیاسیە كە ژیانێكی باش دابینبكات، نەك خۆی ببێتە سەرچاوەی سەختكردنی ژیانی خەڵك. تەنانەت ئەمڕۆ دەسەڵاتی سیاسیی كوردستان بەئاراستەی دژایەتیی خەڵكدا دەڕوات. ئەم ئاراستەیە دەبێت رێگری لێ بكرێت نەك پشتیوانی.


یوسف محەمەد، وتیشی، ماوەی ئەم خولەی پەرلەمان دابەشبوو بەسەر دوو قۆناغدا، قۆناغێكیان دەكرێت بوترێت ئاسایی،بەڵام قۆناغی كۆتایی نائاسایی لەهەموو ڕویەكەوە، دەتوانین هەروەها بەقۆناغی پێش كودەتاو پاشكودەتا ناویبنێین. كودەتا بە مانای بەكارهێنانی هیزە بۆگەیشتن بەئامانجی سیاسیی ناشەرعی، ئەمڕۆ هەمان بەكارهێنانی هێز دەبینین بۆهەمان ئامانجی ناشەرعی. بەداخەوە وەها دەردەكەوێت دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی كوردستان بەهیچ شێویەك سڵناكەنەوە لەپەنابردن بۆچەك و تۆقاندن و توندوتیژی بۆمانەوەی خۆیان.


"شێری ماڵەوە و ڕێویی دەرەوە"

سەرۆكی دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی كوردستان هێرشی توندی كردە سەر دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی كوردستان و بە شێری ماڵەوە و ڕێەیی دەرەوە وەسفیكردن"هەر دەسەڵاتێكی سیاسی تەندروست لەدونیادا، دەبێت ملكەچبێت لەئاست خواستەكانی خەڵكداو، مكوڕبێت لەسەرخواستەكانی لە بەرامبەر نەیارەكانی گەلەكەی. بەڵام وادیارە دەسەڵاتی كوردی بەتەواوی بەپێچەوانەوەیە: ملكەچ بۆئەوانیترو سەرسەخت و توندوتیژ بەرامبەر خەڵكی سیڤیلی كوردستان، ڕێك وەك پەندە كوردیەكە"شێری ماڵەوە و ڕێویی دەرەوە".


بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕۆژی 12 ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2015 یوسف محەمەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ، رێگای نەدرا لە بگەڕێتەوە شاری هەولێر بۆسەر كارەكەی و لە بازگەی پردێ‌ لەلایەن هێزێكی چەكدارەوە رێگری لێكرا و بەناچاری گەڕایەوە بۆ سلێمانی.


لەبارەی ئەو ڕووداوەوە ئەمرۆ یوسف محەمەد وتی، نەچوینە ژێر باری هیچ فشار و ئیرادەیەكی نایاسایی بۆ بەلاڕێدابردنی كاری پەرلەمانی، هەر بۆیەش پەرلەمان پەكخرا، لەم بارەیەوە قسە زۆرە بۆ كردن، كە دەكرێ لە دەرفەتی تردا بكرێن.


سەرۆكی دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی كوردستان، دۆخی ئێستای پەرلەمانی ئێستای كوردستانی بە مەترسیدار وەسفكرد و پێیوابو پەرلەمان ئەمڕۆ بە قۆناغێكی زۆر مەترسیداردا دەڕوات، چونكە پەرلەمان گەڕێنراوەتەوە بۆ ڕۆژگارێك كە هیچ پێگە و ڕۆڵ و كاریگەرییەكی نەبوو و پاشكۆی تاقم و كەس و دەستەبژێر بوو. بەكارخستەوەی پەرلەمان بەم جۆرە، نیشانەیەكی زەقی خواستە بۆ دەستەمۆكردنی پەرلەمان، بۆ كردنی پەرلەمان بە دەزگایەك كە وەك دەزگاكانی سیستەمی دیكتاتۆری كار و چالاكییەكانی بەڕێوە ببات.


حكومەت شكستی هێناوە و وازبهێنێت

سەرۆكی دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە دوای هەرەس و كاریسەی ١٦ی ئۆكتۆبەر و لەدەستدانی، نیوەی خاكی كوردستان و قوڵبوونەوەی قەیران و كێشە ئابووری و سیاسییەكانی هەرێم، هیچ بژاردەیەك لەبەردەم حكومەتی شكستخواردووی هەرێمدا نەماوە جگە لە هەر چی زووترە راگەیاندنی شكستی خۆی و وازهێنان، بەپێچەوانەوە بەردەوامیدان بەم دەسەڵاتە شكستخواردووە مەترسیی گەورەتریشمان دێنێتەپێش. كەواتە هەر چركە ساتێك دواكەوتنی هەڵوەشانەوەی حكومەتی هەرێم دەكرێ ببێتە هۆی ئەوەی كە ئەوەی لەدەستیشدا ماوە لەدەست بچێت.
پەیامێك بۆ هێزەكانی دیكە


یوسف محەمەد پەیامێكی ئاراستەی هێزەكانی تر كرد و داوای لێكردن رێگری لەم هەڵدێرە بكەن و هەموو هێزە دڵسۆز و هاونیشتمانییە خەمخۆرەكان بەرەیەكی بەرفراوانی ڕزگاریی نیشتیمانی پێكبهێنن.


یوسف محمد سادق، ڕۆژی 29/4/2014 لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان بەسەرۆكی پەرلەمانی كوردستان هەلبژێردرا و لە ڕۆژی 12 ی ئۆكتۆبەری 2015 وە پارتی لە بازگەی پردێ‌ رێگریلێكرد بگەڕێتەوە هەولێر، بۆیە لە نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی كوردستان درێژەی بە كارەكانیدا، دوای كردنەوەی پەرلەمان و دەستپێكردنەوەی دانیشتەكانی، یوسف محەمەد، ئامادەنەبو بگەڕێتەوە و ئەمڕۆش ڕایگەیاند، كە دۆخی ئێستای پەرلەمانی كوردستان مەترسیدارە.


هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەی ئەمڕۆیدا سەرۆكی دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت ڕایگەیاند، خاوەنی یەك مەتر زەوی نیە نەك لە كوردستان لە جیهاندا و ئۆتۆمبێلیش تەنها ئۆتۆمبێلێكی توێتا كامری هەیە و شانازی دەكات بەوەی هەرگیز پۆستەكەی بۆ بەرژەوەندی شەخسی بەكارنەهێناوە.

 

author photo

بەكالۆریۆس لە ڕاگەیاندن 

ئەزمونی ١٢ ساڵ كاركردن لە میدیای نوسراو، بینراو و بیسراو