کورد چی دەوێت لە بەغداد ؟ سەرۆک کۆمار یان سەرۆکی پەرلەمان

کورد چی دەوێت لە بەغداد ؟ سەرۆک کۆمار یان سەرۆکی پەرلەمان

1407 خوێندراوەتەوە

كورد جارێكى دیكه‌ لە هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى عێراق به‌شدارى کرد و له‌ ڕێگەی خولێكى دیكه‌ى په‌رله‌مانەوە دەگەرێنەوە بەغداد بۆ نێو گه‌مه‌ سیاسییه‌كان و شه‌ڕى مافه‌ ده‌ستوورى و یاساییه‌كان، دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین له‌م راپۆرته‌ دا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمی کوردستان ئه‌وله‌یه‌تى كورد له‌ گه‌رانه‌وه‌ى بۆ به‌غداد دیارى ده‌كات.
پارتى دیموكراتى كوردستان له‌زارى وته‌بێژه‌كه‌یانه‌وه‌ له‌ شارى سلێمانى ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ "كورد ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌غداد ده‌بێت ده‌ستبه‌ردارى پۆستى سه‌رۆك كۆمار نه‌بێت چونكه‌ پۆستێكى سیادییه‌ و گرنگه‌ بۆ كورد" به‌ڵام لایه‌نه‌كانى دیكه‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌م رایه‌یان هه‌یه‌ و چاویان له‌ پۆستى سیادییه‌كانى دیكه‌ له‌ به‌غداد وه‌ك پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان.
عه‌تا شێخ حەسەن، وته‌بێژى ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتى دیموكراتى كوردستان ـ پارێزگاى سلێمانى بە دیپلۆماتیك مه‌گه‌زینی وت:" كورد جارێكى دیكه‌ ده‌یه‌وێت له‌ ئه‌زموونێكى نوێدا بگه‌رێته‌وه‌ بۆ به‌غداد به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ى باس له‌ پۆسته‌كان بكه‌ین كه‌ كورد ده‌بێت چى وه‌ر بگرێت و چى رەت بكاته‌وه‌ ده‌بێت كورد كۆده‌نگ بێت و یه‌كگرتوو بێت، له‌ به‌غداد په‌رته‌وازه‌و پارچه‌ پارچه‌ نه‌بین.
دەشڵێت:" حزبه‌كه‌ى ئه‌مجاره‌ به‌جدى كارى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ چۆن كۆده‌نگى له‌ نێوان هێزه‌ كوردییه‌كان دروست بكات و به‌یه‌ك ده‌نگ و ره‌نگ له‌ به‌غدا بریار بده‌ین، چونكه‌ هه‌ركاتێك كورد له‌ به‌غدا به‌جیا و به‌په‌رته‌وازه‌یی داواى مافه‌كانى كردبێت نه‌یاران سودیان له‌م حاڵه‌ته‌ وه‌رگرتووه‌ كه‌واته‌ ئه‌وله‌ویه‌ت پێش ئه‌وه‌ى داواى پۆست بكه‌ین ده‌بێت داواى یه‌كریزى بكه‌ین".

،،

عه‌تا شێخ حەسەن، وته‌بێژى ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتى دیموكراتى كوردستان ـ پارێزگاى سلێمانی:  چاومان له‌ پۆستى سه‌رۆك كۆماره‌ و هه‌موو هه‌وڵێك دەدەین بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پۆسته‌ له‌ده‌ستى كورد ده‌رنه‌هێنرێت چونكه‌ پۆستێكى سیادى و گرنگ و مافى كورده‌.

 
سه‌باره‌ت به‌ گرنگى پۆسته‌كانى سه‌رۆك كۆمار یان سه‌رۆكى په‌رله‌مانی عێراق، عه‌تا شێخ حەسەن پێىوایه‌ كه‌ پارتى دیموكراتى كوردستان چاوى له‌ پۆستى سه‌رۆك كۆماره‌ و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پۆسته‌ له‌ده‌ستى كورد ده‌رنه‌هێنرێت چونكه‌ پۆستێكى سیادى و گرنگ و مافى كورده‌.
هه‌رچى بزوتنه‌وه‌ى گۆرانه‌ تەواو پێچەوانەیه‌ و ڕێکخەری ژووری یاسایی بزوتنەوەکە دەڵێت: "ده‌بێت كورد هه‌وڵ بۆ به‌ده‌ستهێنانى پۆستى سه‌رۆكی پەرلەمان بدات چونكه‌ له‌ رابردوودا ده‌ركه‌وت پۆستى سه‌رۆك كۆمار هیچ شتێكى نه‌كرد بۆ كورد و له‌سه‌ر كوردیش ماڵ بوو".

DF
کۆبوونەوەکانی دەستپێکردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق ـ بەغداد ـ ٢٠١٤


د.ئیسماعیل نامیق، بە دیپلۆماتیک مەگەزینی وت:" ده‌بێت كورد ئه‌وه‌ بزانێ له‌ماوه‌ى چوار ساڵى رابردوودا به‌تایبه‌ت دواى نه‌مانى جه‌لال تاڵه‌بانى له‌سه‌ر كورسى سه‌رۆك كۆمار، پۆستى سه‌رۆك كۆمار هیچ شتێكى بۆ مافه‌كانى كورد نه‌كردووه‌ و له‌كاتێكدا له‌سه‌ر كوردیش ئه‌ژماركراوه‌، لەبەرئەوەی پۆستى سه‌رۆك كۆمار پۆستێكى ته‌شریفاتییه‌ و گرنگ نییه‌ بۆ كورد، بۆیە دەبێت كورد هه‌وڵ بدات پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان به‌ده‌ست بهێنێت چونكه‌ ده‌ركه‌وت له‌ ماوه‌ى رابردوودا ئه‌و بریارانه‌ى دژى كورد ده‌دران له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌رده‌چوون بۆیه‌ تاكو رێژه‌ى كورد له‌ په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان زۆرتر و كاریگه‌رتر بێت بۆ كورد باشتره‌ و رێگری ده‌بێێت لانى كه‌م له‌و یاسانه‌ى دژى كورد ده‌رده‌چن".

،،

د.ئیسماعیل نامیق، ڕێکخەری ژووری یاسایی بزوتنەوەی گۆران: ده‌بێت كورد هه‌وڵ بۆ به‌ده‌ستهێنانى پۆستى سه‌رۆكی پەرلەمان بدات چونكه‌ له‌ رابردوودا ده‌ركه‌وت پۆستى سه‌رۆك كۆمار هیچ شتێكى نه‌كرد بۆ كورد و له‌سه‌ر كوردیش ماڵ بوو.

رێبوار حه‌مه‌د وته‌بێژى كۆمه‌ڵى ئیسلامىش تایبه‌ت به‌ددپلۆماتیك مه‌گه‌زین سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ ده‌دوێت و ده‌ڵێـت:" ئێمه‌ وه‌كو كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌ به‌غداد چاومان له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانى كورد و جێ به‌جێكردنى ماده‌ى 140 و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدایه‌ له‌ رێگه‌ى دیالۆگ و لێكتێگه‌شتنه‌وه‌، ده‌بێت ئه‌و خاكه‌ى كه‌وا له‌ ده‌ره‌نجامى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم له‌ده‌ستماندا جارێكى دیكه‌ هه‌وڵ بده‌ین بیگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌ر خاكى هه‌رێمى كوردستان".
وته‌بێژه‌ى كۆمه‌ڵ پێشىوایه‌، کە ده‌بێت كورد شه‌رى مافه‌كانى بكات به‌پێى ئه‌و شه‌راكه‌ته‌ى كه‌ بۆى داده‌نرێت له‌ عێراقی دواى هه‌ڵبژاردن و شه‌رى ئه‌وه‌ بكات به‌رژه‌وه‌ندى حزبى و كه‌سى بخرێته‌ لاوه‌ و به‌رژه‌وه‌ندى گشتى و مافه‌كانى كورد پێش بخرێت،  چى له‌به‌رژه‌وه‌ندى كوردایه‌ ئه‌وه‌ پێش بخرێت.

،،

ڕێبوار حەمەد، وته‌بێژه‌ى كۆمه‌ڵی ئیسلامیی: ده‌بێت كورد شه‌رى مافه‌كانى بكات به‌پێى ئه‌و شه‌راكه‌ته‌ى كه‌ بۆى داده‌نرێت له‌ عێراقی دواى هه‌ڵبژاردن، شه‌رى ئه‌وه‌ بكات به‌رژه‌وه‌ندى حزبى و كه‌سى بخرێته‌ لاوه‌ و به‌رژه‌وه‌ندى گشتى و مافه‌كانى كورد پێش بخرێت،  چى له‌به‌رژه‌وه‌ندى كوردایه‌ ئه‌وه‌ پێش بخرێت.


هه‌رچى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستانیشه‌ پێىوایه‌، پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان بۆ كورد گرنگتره‌ له‌ پۆستى سه‌رۆك كۆمار و ده‌بێت كورد به‌یه‌ك ده‌نگ داواى مافه‌كانى خۆى بكات له‌ به‌غدا.
عوسمان كاروانى، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان سه‌باره‌ت به‌ مافه‌كانى كورد له‌ نێوان به‌رداشى سه‌ركۆ كۆمار و سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراقدا بە دیپلۆماتیک مەگەزینی راگەیاند:" پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان گرنگتره‌ ده‌بێـت كورد هه‌وڵى ته‌واوى بۆ بدات بۆ ئه‌وه‌ى له‌ رێگه‌ى ئه‌و پۆسته‌وه‌ مافه‌كانى كورد به‌ده‌ست بهێنینەوە"
دەشڵێت:"كێشه‌ى كورد پێش ئه‌وه‌ى له‌ وه‌رگرتنى پۆسته‌كاندا بێـت له‌ به‌غداد، له‌ یه‌ك گوتارى و یه‌ك پرۆژه‌یدایه‌ كه‌ ده‌بێت كورد به‌ یه‌ك ده‌نگ بگه‌رێته‌وه‌ به‌غداد".

،،

عوسمان كاروانى، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتووى ئیسلامیی:  پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان گرنگتره‌ ده‌بێـت كورد هه‌وڵى ته‌واوى بۆ بدات، بەڵام كێشه‌ى كورد پێش ئه‌وه‌ى له‌ وه‌رگرتنى پۆسته‌كاندا بێـت له‌ به‌غداد، له‌ یه‌ك گوتارى و یه‌ك پرۆژه‌یدایه‌ كه‌ ده‌بێت كورد به‌ یه‌ك ده‌نگ بگه‌رێته‌وه‌ به‌غداد.

هه‌رچه‌نده‌ كۆمه‌ڵى ئیسلامى تاكو ئێستا بریارى فەرمیان له‌ باره‌ى گرنگى پۆستى سه‌رۆك كۆمارى یان سه‌رۆكى په‌رله‌مانه‌وه‌ نه‌داوه‌ وه‌ پارتى دیموكراتى كوردستانیش پێى وایه‌ پۆستى سه‌رۆك كۆمار گرنگه‌ و هه‌رچى بزووتنه‌وه‌ى گۆران و یه‌كگرتووى ئیسلامیشن پێیان وایه‌ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان گرنگه‌, له‌گه‌ڵ ئه‌واندا یه‌كێتی نیشتمانی كه‌ پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عێراق له‌لاى ئه‌وانه‌ پێیان وایه‌ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان گرنگتره‌ له‌ سه‌رۆكى كۆمار ئیدى هه‌ركه‌سێك بێت وه‌رى بگرێت.
سەبارەت بە یەکێتیش کە ماوەی سێ خول و ١٢ ساڵە پۆستی سەرۆک کۆماریان بە دەستەوەیە، ئێستا چاویان لەوەیە بیگۆرنەوە بە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، ره‌هێڵ عەلى ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى ناوه‌ندى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، دیپلۆماتیك مه‌گه‌زینی وت:" پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عێراق به‌پێى ده‌ستور ده‌سه‌ڵاته‌كانى كۆتوبه‌ند كراوه‌ و ناتوانرێت له‌ رێگه‌ى ئه‌م پۆسته‌وه‌ مافه‌ ته‌واوه‌كانى كورد به‌ده‌ست بهێنرێت، بۆیه‌ گرنگه‌ ئه‌مجاره‌ كورد داواى كورسى سه‌رۆكى په‌رله‌مان بكات، ئیدى هه‌ركه‌سێك ئه‌و پۆسته‌ وه‌ر بگرێت پارتى بێت یاخود گۆران یان هه‌ر لایه‌نێكى دیكه‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كورد ئه‌بێت و كارى جدى بۆ كورد و كوردستان بكات".

FGCV
نوری مالکی، فواد مەعسوم، ئوسامە نوجێفی، ئەیاد عەلاویی ـ دەستەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق

،،

ره‌هێڵ عەلى ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى ناوه‌ندى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان: پۆستى سه‌رۆك كۆمار به‌پێى ده‌ستور ده‌سه‌ڵاته‌كانى كۆتوبه‌ند كراوه‌، بۆیه‌ گرنگه‌ ئه‌مجاره‌ كورد داواى كورسى سه‌رۆكى په‌رله‌مان بكات، ئیدى هه‌ركه‌سێك ئه‌و پۆسته‌ وه‌ر بگرێت پارتى بێت یاخود گۆران یان هه‌ر لایه‌نێكى دیكه‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كورد بێت.


ئه‌ندامه‌کەى ئەنجومەنی ناوندی یەکێتی ئاماژە بەوە دەکات کە " یه‌كێتیش وه‌كو ئه‌ندامى حزبه‌كانى دیكه‌ كه‌ هه‌موویان پێیانوایه‌ پێش ئه‌وه‌ى كورد بیر له‌ پله‌و پۆست و كورسى بكاته‌وه‌ له‌ به‌غداد ده‌بێت بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ له‌وێ چۆن یه‌كگرتووبن و چۆن به‌یه‌كه‌وه‌ یه‌ك گوتاریان هه‌بێت و دژى یه‌كدى قسه‌ نه‌كه‌ن چونكه‌ له‌ماوه‌ى رابردوودا بینیمان چۆن كورد به‌هۆى جیاوازى و پارچه‌ پارچه‌ بوونه‌وه‌ مافه‌كانى كه‌وتنه‌ به‌ر هه‌ره‌شه‌و له‌برى به‌ده‌ستهێنانى ده‌ستكه‌وتى دیكه‌ هه‌ندێ ده‌ستكه‌وتى دیكه‌شمان له‌ده‌ستدا و گرنگترینیان كه‌مكردنه‌وه‌ى پشكى كورد بوو له‌ بودجه‌ى عێراقیدا".
بەوشێوەیە دەردەکەوێت زۆرینەی حزبە کوردییەکان، باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كورد ته‌نها له‌رێگه‌ى به‌ده‌ستهێنانى پۆست و كورسییه‌وه‌ له‌ به‌غداد به‌هێز نابێت بۆیه‌ ده‌بێت بیر له‌ هۆكاره‌كانى دیكه‌ خۆ به‌هێز كردن بكاته‌وه‌.
د.ئیسماعیل نامیق، رێكخه‌رى ژوورى یاسایى بزوتنەوەی گۆران هەر لە لێدوانەکەیدا بۆ دیپلۆماتیک مەگەزین ئاماژەی بەوە کرد"ده‌بێـت كورد له‌گه‌ڵ داواكردنى پۆست و كورسیه‌كانى به‌غداد بیر له‌وه‌ش بكاته‌وه‌ چۆن هه‌وڵ بدات هه‌رێمى دیكه‌ له‌ عێراق دروست ببێت، چونكه‌ ئه‌مرۆ ده‌وڵه‌تێكى ناوه‌ندى به‌هێز له‌ به‌رامبه‌ر هه‌رێمێكى لاوازدا هه‌یه‌ به‌ڵام كه‌ زیاد له‌هه‌رێمێك هه‌بوو ئه‌وكاته‌ ناوه‌ند هێنده‌ به‌هێز نابێت و سه‌رقاڵى هه‌رێمه‌كانى دیكه‌ ده‌بێـت، كه‌واته‌ گۆران له‌گه‌ڵ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و حكومه‌تێكى ناوه‌ندى لاوازدايه".

،،

سێ خولە پۆستی سەرۆک کۆمار بە دەستی کوردەوەیە و دراوە بە یەکێتی، جەلال تاڵەبانی دوو خول لەسەر یەک پۆستەکەی بەرێوەبردووە هەرچەندە دوو ساڵی کۆتایی خولی دووەم بەهۆی نەخۆشییەوە لە بەغدا دوورکەوەتەوە، لە تەموزی ٢٠١٤ شەوە تائێستا فواد مەعسوم پۆستەکە بەرێوەدەبات.

هه‌رچى یه‌كگرتووى ئیسلامیشیه‌ وه‌ك عوسمان كاروانى ئاماژه‌ى پێكرد گرنگ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ته‌نها پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان وه‌ر بگرین و ئیدى وا بزانین هه‌موو شتێك بۆ كورد ده‌كرێت گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كورد له‌ به‌غداد دواى چوار ساڵى دیكه‌ چى بۆ هاوڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان كوردووه‌ و نوێنه‌ره‌كانى كورد له‌ به‌غدا دواى چوار ساڵ چى له‌ هه‌گبه‌كه‌یاندایه‌.
بریاره‌ رۆژی ١٢ی ئەم مانگە هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق به‌رێوه‌ بچێت، کوردیش بە چەند لیستێکی جیاوازەوە بەشداری دەکات، لە ماوەی سێ هەڵبژاردنی رابردووشدا پۆستی سەرۆک کۆمار بە دەستی کورد بووە و دراوە بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کۆچکردوو جەلال تاڵەبانی دوو خول لەسەر یەک پۆستەکەی بەرێوەبردووە هەرچەندە دوو ساڵی کۆتایی خولی دووەم بەهۆی نەخۆشییەوە لە بەغدا دوورکەوەتەوە، لە تەموزی ٢٠١٤ شەوە تا ئێستا فواد مەعسوم پۆستەکە بە رێوەدەبات.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان