بانگەشەی لایەنە کورییەکان بۆ هەڵبژاردن لە نێوان وەهم و واقیعدا

بانگەشەی لایەنە کورییەکان بۆ هەڵبژاردن لە نێوان وەهم و واقیعدا

774 خوێندراوەتەوە

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی  نوێنەرانی عێراق كە وابریارە لە 12ی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، سەرجەم لیست و هاوپەیمانێتیەكانی عێراق كێبڕكێ یەكتر دەكەن بۆ ئەوەی زۆرترین كورسی لە كۆی 328 كورسیەكەی ئەنجومەنەكە بەدەستبهێنن، لە هەرێمی كوردستانیش پارت و قەوارەكان  بانگەشە بۆ ئەم هەڵبژاردنەكە دەكەن، بەڵام بانگەشەیان بە شێوەیەكە وەك بڵێی بۆ ناوخۆی كوردستان بێت و بۆ نوێنەرانی عێراق نەبێت، چونكە ئەوان هێندە باسی دۆخی ناوخۆی كوردستان دەكەن، ئەوەندە باسی شەری خۆیان  ناكەن بۆ وەرگرتنی مافە دەستورییەكانی كورد  لە بەغدا.

پارت و لیستەكان  یەكتر تۆمەتبار دەكەن بەم دۆخەی كە ئێستا لە كوردستان دروست بووە، وازیان لە شەری بەغداد هێناوە و شەری كورد و كورد دەكەن ، بەشێوەیەك لە  بیریان كردووە حكومەتی ناوەند مافە دەستوریەكانی كوردی نەداوە و تەنها دەسەڵاتدارانی كورد بەرپرسن نین لە هەموو كەموكورتیەكان، چونكە لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا حكومەتی ناوەند هەمیشە خۆی لەو مادانە دزیوەتەوە كە مافی كورد زیاتر دەستەبەر دەكات و لە دەستوردا چەسپاوە، بۆیە 55 مادەی دەستوری جێبەجێ نەكردووە كە تایبەتە بە دەسەڵات و مافی كورد لە عێراقی فیدڕاڵدا.

 بۆ بەرچاو روونی خوێنەران ئاماژە بە چەند پێشێلكاریەكی روون و دیاری حكومەتی ناوەند دەكەین لە دەستوری عێراقدا:

لە سەرەتای دەستوردا نوسراوە( ان الالتزام بهذا الدستور يحفظ للعراق اتحاده الحر شعبا و ارضا وسيادة).

ئەم بەشەی دەستور زۆر بە ئاشكرا دان بەوە دادەنێت كە عێراق لە چەندین نەتەوەی جیاواز پێكهاتووە، كوردیش نەتەوەیەكی سەرەكی عێراقە لە پاڵ عەرەبدا و سەرجەم مافەكانیان پارێزراوە، هەر لێرەدا باس لەوە دەكات كە پابەند بوون بەم دەستورەوە زامنی یەكپارچەیی خاكی عێراقە، ئەمەش لە كاتی پابەند نەبوونی ناوەند بە دەستورەوە  وا دەكات كورد  سەرپشك بێت و پابەندی یەك پارچەیی خاكی عێراق نەبێت.

،،

لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا حكومەتی ناوەند هەمیشە خۆی لەو مادانە دزیوەتەوە كە مافی كورد زیاتر دەستەبەر دەكات و لە دەستوردا چەسپاوە، بۆیە 55 مادەی دەستوری جێبەجێ نەكردووە كە تایبەتە بە دەسەڵات و مافی كورد لە عێراقی فیدڕاڵدا.

DCFB
بانگەشەی لیستەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ـ هەولێر

مادەی 140 یەكێكی ترە لە مادە گرنگەكانی دەستور كە لە ساڵی 2005 نوسراوەتەوە و بەپێی ئەو مادەیە پێویست بوو پێش مانگی دێسەمبەری 2007 بارودۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە و چارەنوسی شارەكە بە راپرسی لە ناو پێكهاتەكانیدا لە نێوان كوردستان و عێراق یەكلایی بكرێتەو، بەڵام دوای 11 ساڵ لە بەرواری جێبەجێ كردنیەوە نەك جێ بەجێ نەكراوە، بەڵكو هەندێك لە سەركردەكانی عێراق باس لە ئێكسپایەر بوونی مادەكە دەكەن و دۆخی كەركوكیش دوای 16ی ئۆكتۆبەر بە زۆر و بە هێز ئەمری خۆیان سەپاندووە.

تەوافقی سیاسی بووە دروشمی عێراقی نوێ، بۆ ئەوەی سەرجەم پێكهاتەكان بە مافەكانیان بگەن و لەڕێگەی زۆرینەوە یاساكان تێنەپەرن، تەنانەت دەستوریش بە تەوافوق نوسراوەتەوە، بۆیە لە دوای سالی 2003ەوە بودجەی كوردستان و سێ سەرۆكایەتیەكە بە تەوافوق رێكەوتنی لەسەر كرا، بەڵام ئێستا زۆر گوێ بیستی ئەوە دەبین پۆستی سەرۆك كۆمار چیتر مافی كورد نیە، هاوكات لە بودجەی 2018 پشكی كوردسان لە %17ەوە كەمكردەوە بۆ %12.67، ئەمەش پێچەوانەی ئەو تەوافوقەیە كە كاتی خۆی رێكەوتنی لەسەر كراوە، هاوكات لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چەندین كۆبونەوەی بۆ سزادانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدا و تەوافوق بە تەواوی پێشێلكرا و لیستێكی وەك ( دەوڵەتی یاسا) زۆرترین كات باسی زۆرینەی سیاسی دەكات، ئەمەش بە واتای كۆتایی هاتنی تەوافوقە، بە زۆرینەو كەمینەش كورد هەرگیز ناتوانێت زۆرینە پێكبهێنت، بەمەش ناتوانێت تەنها مادەیەكیش لە بەرژەوەندی خۆی دەربكات.

هاوكات داخستنی فرۆكەخانەكان و ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی لەگەڵ توركیا و ئێران بۆ ترساندنی كۆمەلانی خەڵكی كوردستان و هێرش كردنە سەر ناوچەكانی كەركوك كۆنترڵ كردنەوەی بە هێزی سەربازی كۆمەڵێك كاری تری عێراقن كە دژ بە كوردستان ئەنجامدراوە.

بە سەیر كردنی ئەم پێشێلكاریانە بۆمان دەردەكەوێت حكومەتە یەك لە دواییەكانی عێراق پابەندی سەرجەم خاڵەكانی دەستور نەبوون، كەواتە ئەركی كورد شەری دەستوریە لەگەل بەغدادا تا سەرجەم مافەكان بدات و خۆی لە جێبەجێ كردنیان نەدزێتەوە، بەڵام وەك لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا دەیبینین لیست و قەوارەكانی كوردستان زیاتر خەریكی ئەو رووداوو  كێشانەن كە رووبەروی هەرێم بۆتەوە كە بەشێكی زۆری پەیوەندی بەمامەڵەی  عێراقەوە لەگەڵ كوردستانداهەیە، هەروەها بە بە وردبوونەوە لە دروشمەكانیان بۆمان دەردەكەوێت كە بەرنامەیەكی ئەوتۆیان نیە بۆ بەهێز كردنەوەی هەرێم و گەرانەوەی بۆ ئاستی شایستەی خۆی، كەواتە دەتوانین بڵێین لیست و قەوارەكان بانگەشەیەكی ناواقیعی دەكەن.

 

نا واقیعی بانگەشەی لیست و قەوارەكان:

  • هەندێك لە لیستەكان ئاماژە بەوە دەكەن گەر ئەوان دەسەڵات بگرنە دەست، ئەوا دۆخی ئابووری كوردستان دەگۆڕن و ژێر خانی ئابووری بەهێز دەكەن، بەڵام بیریان لەوە نەكردۆتەوە ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە و هیچ گۆرانكاریەك لە پۆستەكانی هەرێم بەهۆیەوە روونادات، لەبری ئەم جۆرە بانگەشەیە دەبوو بانگەشەی ئەوەیان بكردایە كە هەرگیز رێگە نادەن پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق كەم بكات.

SDC
بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنە کوردییەکان ـ هەولێر

،،

هەندێك لە لیستەكان ئاماژە بەوە دەكەن گەر ئەوان دەسەڵات بگرنە دەست، ئەوا دۆخی ئابووری كوردستان دەگۆڕن و ژێر خانی ئابووری بەهێز دەكەن، بەڵام بیریان لەوە نەكردۆتەوە ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە و هیچ گۆرانكاریەك لە پۆستەكانی هەرێم بەهۆیەوە روونادات،

  • ریفراندۆمە شكستخواردووەكەی ساڵی پار بەشێكی تری بانگەشەكان پێكدەهێنێت وئێستا لیست و پارتە و كەسایەتیەكان خۆیانی لێببەری دەكەن، بەڵام جگە لە شاسوار عبدولواحید لە كاتی دەنگداندا  لەبەردەم كەناڵەكانی راگەیاندن ئەمیر و  سكرتێر و رێكخەری گشتی حیزبەكان ئاشكرایان كرد كە  دەنگیان بە ( بەڵێ)دا و بە مافێكی رەوای گەلی كوردیشیان ناوزەند كرد، بۆیە ئێستا كە پەشیمان بونەتەوە دەنگدەر بە " دوو ڕوو" ناویان دەبات.
  • لە دەستوری عێراقدا ئاماژە بەوە كراوە كە پابەند بوون بەم دەستورەوە زامنی یەكپارچەیی خاكی عێراقە، ئەمەش لە كاتی پابەند نەبوونی ناوەند بە دەستورەوە وا دەكات كورد  سەرپشك بكات پابەندی یەك پارچەیی خاكی عێراق نەبێت، ئێستا كە 55 مادە جێبەجە نەكراوە، دەتوانرێت حكومەتی ناوەند تۆمەتبار بكرێت كە بەرپرس دەبێت لە یەك هەڵوەشانەوەی عێراق، بەڵام لەمەشدا هیچ لیست و قەوارەیەك ئاماژە بەم خاڵە ناكەن و تەنها رەخنە لە ئەنجامدانی ریفراندۆم دەگرن، لەبری ئەمە سەرباری رەخنە گرتن لە ریفراندۆم دەبوو لە دروشمەكانیان ئەوەیان بەرز بكردایەتەوە كە عێراق ناچار دەكەن كە سەرجەم مادەكانی دەستور جێبەجێ بكات، مافی چارەی خۆنوسینیش بۆ كورد بە مافێكی سروشتی بزانن.
  • لە دەستدانی لە%51 ی خاكی كوردستان بەشێكی تری بانگەشەی لیستەكانە، بەلام لەمەشدا ئەوەیان لەبیر كردوە كە حكومەتی ناوەند بە زەبری هێز ئەو ناوچانەی گرتەوە، بەكارهێنانی سوپا و چەكدارە میلیشیاكان لە كێشەی سیاسی ناوخۆییەكاندا و بەكارهێنانیان لە دژی نەتەوەیەكی عێراق پێچەوانەی بڕگەی (أ،ج)ی مادەی (9)ی دەستوورە، بۆیە لەبری ئەمە دەبوو ئاماژە بەوە بكەن كە جارێكی تر هەرگیز رێگا نادەن سوپا و هێزە چەكدارەكان لە دژی گەلی كورد بەكاربهێێن و كەركوك و ناوچەكانی تریش بەپێی دەستور دەگێرنەوە.
  • لە برگەی پێنجەمی مادەی (121)ی دەستوردا رێگە بە هەرێم دراوە كە هێزی ناوخۆ و پاسەوانی هەرێم( پێشمەرگە)ی هەبێت، بەڵام عێراق هیچ كات هێزی پێشمەرگەی وەك هێزەكانی تری عێراقی سەر بە وەزارەتی بەرگری سەیر نەكردووە لە رووی چەك و موچەوە، كەواتە لیستەكان دەبوو جەخت لە وەرگرتنی مافەكانی پێشمەرگە بكەنەوە، نەك تەنها باس لەم هێزانە بكەن  كە لەلایەن دوو حیزبەوە بەڕێوە دەبرێن.
،،

لە برگەی پێنجەمی مادەی (121)ی دەستوردا رێگە بە هەرێم دراوە كە هێزی ناوخۆ و پاسەوانی هەرێم( پێشمەرگە)ی هەبێت، بەڵام عێراق هیچ كات هێزی پێشمەرگەی وەك هێزەكانی تری عێراقی سەر بە وەزارەتی بەرگری سەیر نەكردووە لە رووی چەك و موچەوە.

بەم چەند نمونەی سەرەوە بۆمان دەردەكەوێت كە لیست و قەوارەكانی كوردستان لە بانگەشەیەكی نا لۆژێكیدان و لەبری دانانی بەرنامەیەكی تۆكمە، ئامانجیانە سۆزی هاوڵاتیانی كوردستان بۆلای خۆیان رابكێشن و زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنن، باس نەكردنی مافەكانی كورد لە عێراق  وهەروەها ئاماژە نەدان  پێشلێكردنی مادە دەستوریەكان لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە لیست و قەوارەكانی كوردستان  بەرنامەیەكی ئەوتۆیان نیەو وەك رابردوو سەرجەم كێشەو گرفتەكان تەنها  دەخەنە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەغدای لێدەردەكەن،لە كاتێكدا هەردوولا لێی بەرپرسن،  بەمەش واقیعی بوون و هاوسەنگی  بزر دەكەن، كاتێكیش لایەنێك  نەتوانێت سەرچاوەی كێشەكان بدۆزیتەوە مەحاڵە چارەسەریشیانی لابێت.  

 

author photo

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی

ئەزمونی پێنج ساڵ کاری ڕۆژنامەوانی و وەرگێڕان