حزبەکان گرەو لەسەر پاراستی دەنگەکانیان دەکەن نەک زیادکردنی

حزبەکان گرەو لەسەر پاراستی دەنگەکانیان دەکەن نەک زیادکردنی

2049 خوێندراوەتەوە

بایكۆتى هه‌ڵبژاردن‌و به‌شدارینه‌كردنى هاووڵاتیان له‌ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردندا، هێزه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات ده‌خاته‌ دۆخى به‌رگرییه‌وه‌و وا ده‌كات ئه‌وان له‌ برى تێكۆشان له‌ پێناو زیاد بوونى ڕێژه‌ى كورسى‌و ده‌نگه‌كانیان، هه‌وڵى هێشتنه‌وه‌و كه‌منه‌كردنى ده‌نگه‌كانیان بده‌ن.
به‌به‌راوردى هه‌ڵبژاردنه‌كانى پێشوو، پێده‌چێت له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، ڕێژه‌ى به‌شدارینه‌كردنى هاووڵاتیان زۆر زیاد بكات‌و ئه‌مه‌ش ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌رى خراپ بۆ سه‌ر ده‌نگى هێزو قه‌واره‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێمى كوردستاندا دروستده‌كات.
به‌هۆى شكستى ئه‌زموونى حكومدارییان‌و به‌هۆى ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه‌ جۆراوجۆرانه‌ى به‌هۆى ئه‌وانه‌وه‌ خولقاوه‌، پاشه‌كشه‌ى هه‌ردوو هێزى ده‌سه‌ڵاتدارى هه‌رێمى كوردستان " پارتى‌و یه‌كێتى" له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقدا، ئه‌گه‌رێكى چاوه‌ڕوانكراوه‌و گشت ئاماژه‌كان نیشانه‌ى پاشه‌كشه‌و كه‌مكردنى ده‌نگه‌كانى ئه‌وانى لێده‌خوێنرێته‌وه‌.
دۆخه‌ خراپه‌ به‌رقه‌رابووه‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕووى سیاسى‌و دارایی‌و ئابوریی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا پارتى‌و یه‌كێتى خستۆته‌ دۆخێكى به‌رگرى سه‌خته‌وه‌و تێكۆشانى ئه‌وان له‌ پێناو ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ به‌كه‌مترین زیان له‌ یارییه‌كه‌ بێنه‌ ده‌ره‌وه‌.

،،

دۆخه‌ خراپه‌ به‌رقه‌رابووه‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕووى سیاسى‌و دارایی‌و ئابوریی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا پارتى‌و یه‌كێتى خستۆته‌ دۆخێكى به‌رگرى سه‌خته‌وه‌و تێكۆشانى ئه‌وان له‌ پێناو ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ به‌كه‌مترین زیان له‌ یارییه‌كه‌ بێنه‌ ده‌ره‌وه‌.

DFC
بانگەشەی لیستەکان لە بازاری شاری سلێمانی ـ نیسانی ٢٠١٨


به‌شێكى به‌رفراوانى هاوڵاتیانیش، باسله‌بایكۆتكردنى هه‌ڵبژاردن‌و به‌شدارینه‌كردنیان له‌ پرۆسه‌كه‌دا ده‌كه‌ن‌و ڕاسته‌وخۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كان بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ى ده‌نگى هێزه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات.


هۆكاره‌كانى فراوانبوونى بایكۆتى هه‌ڵبژاردن چین؟


زۆرن ئه‌و هاوڵاتییانى كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنیان لا گرنگ نییه‌و هیچ بایه‌خى پێناده‌ن، ئه‌م ته‌رزه‌ له‌ هاووڵاتیان ئه‌و ڕێژه‌یه‌یان پێكهێناوه‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى پێشووشدا به‌شدارییان نه‌كردووه‌.
ئه‌م جۆره‌ هاوڵاتییانه‌ ده‌چنه‌ خانه‌ى ئه‌و دیارده‌یه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌موو دونیادا به‌ڕێژه‌ى جیاواز بوونى هه‌یه‌و به‌شدارى هه‌ڵبژاردن ناكه‌ن.
به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه‌ ئێستا له‌ناو هاووڵاتییاندا گوزارشتى لێده‌كرێت، پێده‌چێت ڕێژه‌ى به‌شدارینه‌كردن زۆر هه‌ڵبكشێت‌و حاڵه‌تى به‌شدارینه‌كردنه‌ ئاساییه‌كه‌ تێپه‌ڕێنێت‌و ببێته‌ یه‌كێك له‌ دیارده‌كانى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌.
به‌ڕوانین له‌ بارودۆخه‌كه‌، ده‌كرێت نه‌بوونى متمانه‌ى هاووڵاتیان به‌ هه‌ڵبژاردن‌و هۆكارى فراوانبوونى بایكۆتى هه‌ڵبژاردن به‌مجۆره‌ لێكبدرێته‌وه‌:
یه‌كەم: بارودۆخى سه‌ختى ژیان‌و گوزه‌رانى هاووڵاتییان‌و بێكارى‌و بێمووچه‌یی.
دووەم: بێئوومێدبوونى ئه‌وان له‌وه‌ى كه‌ هه‌ڵبژاردن بتوانێت گۆڕانكارى دروستبكات‌و دۆخى سه‌ختى ژیانیان تێپه‌ڕێنێت.

،،

ئه‌وه‌ لاى به‌شێكى زۆرى هاوڵاتییان بووه‌ته‌ یه‌قیین كه‌ به‌شى زۆرى كاندیده‌كان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى‌و مووچه‌ى زه‌به‌لاحدا هه‌وڵى گه‌شتن به‌ په‌رله‌مان ده‌ده‌ن.


سێیەم: ئه‌و بێهیواییه‌ى كه‌ هێزه‌كانى ده‌سه‌ڵات كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن‌و به‌ڕاسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆ بانگه‌وازى ده‌سته‌به‌ردارنه‌بوون له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن.
چوارەم: ئه‌وه‌ لاى به‌شێكى زۆرى هاوڵاتییان بووه‌ته‌ یه‌قیین كه‌ به‌شى زۆرى كاندیده‌كان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى‌و مووچه‌ى زه‌به‌لاحدا هه‌وڵى گه‌شتن به‌ په‌رله‌مان ده‌ده‌ن.
پێنجەم: ئه‌زموون‌و هه‌ڵووێستى خراپى به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتارانى هێزه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات، یه‌كێكیتر له‌ هۆكاره‌كانى نائومێدبوونى هاووڵاتییانه‌.

DFC
لۆگۆ و پۆستەری لیستەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن ـ سلێمانی ـ نیسانی ٢٠١٨


سه‌ربارى ئه‌و هۆكارانه‌، زۆرن ئه‌و هاووڵاتییانه‌ى كه‌ پێیانوایه‌ وڵاتانى ناوچه‌كه‌و وڵاته‌ باڵاده‌سته‌كانى دونیا، بڕیار له‌ گۆڕانكارییه‌ سیاسییه‌كان ده‌ده‌ن‌و به‌بڕواى ئه‌وان هه‌ڵبژاردن ناتوانێت گۆڕانكارى بێنێته‌ ئاراوه‌.


زیانمه‌ندى یه‌كه‌م كێیه‌ له‌ به‌شدارینه‌كردنى هاوڵاتییان؟
با به‌ ئاستێكى كه‌میش زیانى لێبكه‌ن، به‌ڵام هه‌ڵكشانى ڕێژه‌ى به‌شدارینه‌كردنى هاووڵاتیییان له‌ هه‌ڵبژاردندا، به‌ قازانجى هه‌ردوو هێزى ده‌سه‌ڵاتدار ده‌شكێته‌وه‌.
بێهیوابوونى هاووڵاتییان ڕاسته‌وخۆ له‌ قازانجى ئه‌واندایه‌و به‌ ناڕاسته‌وخۆش كار له‌سه‌ر فراوانبوونى ئه‌م بێهییواییه‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ تا ئاستێكى زۆر، ده‌نگده‌ره‌كانى ئه‌وان له‌وانه‌ن كه‌ له‌ڕێگه‌ى به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌ته‌وه‌ گرێیانداوون به‌خۆیانه‌وه‌و به‌ڕێگه‌ى جۆراوجۆریش ناچارییان ده‌كه‌ن‌و واجبى ده‌كه‌ن له‌سه‌ریان تا به‌شدارى هه‌ڵبژاردن بكه‌ن‌و ته‌نانه‌ت لێپێچینه‌وه‌یان له‌ته‌كدا ده‌كرێت ئه‌گه‌ر دڵنیانه‌بن له‌وه‌ى ده‌نگیان به‌وان داوه‌.

،،

به‌پێچه‌وانه‌ى هه‌ردوو هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌وه‌، هێزه‌كانی تر ناتوان ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌نگده‌راندا په‌یڕه‌و بكه‌ن‌و ناچار به‌به‌شداریكردنیان بكه‌ن له‌هه‌ڵبژاردندا.


به‌پێچه‌وانه‌ى هه‌ردوو هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌وه‌، هێزه‌كانی تر ناتوان ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌نگده‌راندا په‌یڕه‌و بكه‌ن‌و ناچار به‌به‌شداریكردنیان بكه‌ن له‌هه‌ڵبژاردندا.
له‌ناو ئه‌وهاووڵاتییانه‌ى كه‌ له‌ پرۆسه‌كه‌ نیگه‌رانن‌و باسله‌ به‌شدارینه‌كردنیان له‌ هه‌ڵبژاردندا ده‌كه‌ن، زۆرینه‌ى له‌ بێده‌ره‌تانه‌كان‌و ئه‌وانه‌ن كه‌ بێكارى‌و نه‌دارى، ژیان‌و گوزه‌رانیانى ته‌واو سه‌ختكردووه‌، به‌شى هه‌ره‌ زۆرى ئه‌وان، ئه‌و ده‌نگانه‌ن كه‌ پێشتر بۆ هێزه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات ڕۆشتوون.
گومان له‌وه‌دانییه‌ كه‌ شێوازى بانگه‌شه‌و میكانیزمه‌كانى جۆشدانى جه‌ماوه‌رو كاریگه‌رى بۆ سه‌ر ڕێژه‌ى به‌شداریكردنى هاووڵاتییان ده‌بێت له‌ هه‌ڵبژاردندا، به‌ڵام ئه‌وه‌ى تا هه‌نووكه‌ به‌دیده‌كرێت، به‌رده‌وامبوونى بێهیواییه‌كه‌ى هاووڵاتییانه‌.
هه‌رچه‌نده‌ خۆیانى لێنه‌بان ده‌كه‌ن‌و كار له‌سه‌ر ڕه‌واندنه‌وه‌ى بێئومێدییه‌كان ناكه‌ن، به‌ڵام به‌رفراوانى بوونى بێهیوابوونى هاووڵاتیان‌و به‌شدارینه‌كردنیان له‌هه‌ڵبژاردندا، هێزه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات، به‌تایبه‌ت " گۆڕان‌و كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوو"ى له‌یارییه‌ چاره‌نووسسازه‌كه‌دا له‌ حاڵه‌تى هێرشبردنه‌وه‌ گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ بۆ حاڵه‌تى به‌رگریكردن‌و هێشته‌وه‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌یانه‌.

،،

ڕاپرسى‌و ئاماژه‌كان‌و ژماره‌ى ئه‌وانه‌ى كه‌ كارتى بایۆمه‌ترییان كردووه‌، یان ئه‌وانه‌ى نه‌چوونه‌ته‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنى، هه‌ڵكشانى ڕێژه‌ى به‌شدارینه‌كردنى هاووڵاتیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا ده‌خه‌مڵێنن.


ڕاپرسى‌و ئاماژه‌كان‌و ژماره‌ى ئه‌وانه‌ى كه‌ كارتى بایۆمه‌ترییان كردووه‌، یان ئه‌وانه‌ى نه‌چوونه‌ته‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنى، هه‌ڵكشانى ڕێژه‌ى به‌شدارینه‌كردنى هاووڵاتیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا ده‌خه‌مڵێنن.
به‌ڵام، ئه‌وه‌ى له‌میانى هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى ئه‌م هێزانه‌دا ده‌بینرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م خه‌مساردى‌و بێهیواییه‌ى هاووڵاتیانیان فه‌رامۆشكردووه‌و له‌برى كاركردن له‌سه‌ر ڕه‌واندنه‌وه‌ى بێهیواییه‌كه‌، سه‌رگه‌رمى گره‌وكردنن له‌سه‌ر ده‌نگی یه‌كتر.

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی