چانسی ئەو هێزانەی لە یەكێتی جیادەبنەوه

دەركەوتنی هێزی سیاسی نوێ‌، لەسەر خوانی یەكێتی

چانسی ئەو هێزانەی لە یەكێتی جیادەبنەوه

4053 خوێندراوەتەوە

بە نزیکەی نیو سەدە تەمەنەوەو لە پاش چەند جیابوونەوەیەك لێی، یەكێتی وەكو حیزب بەردەوامە لە کاری سیاسی و ئەو حیزبو قەوارەو گروپانەشی لێی جیا دەبنەوە توشی بێ چانسی سیاسی و چەندان لەمپەرو دژواری سیسای دەبن.

سەرەڕای پەرۆشی بەشێكی زۆر لە خەڵک بۆ گەڕان بەدوای بەدیلی دوو حیزبی (پارتی و یەکێتی)دا کە لە شێوازی حکومڕانیان ناڕازین، کەچی کەش وهەوای سیاسی بۆ حیزب و قەوارەو گروپە سیاسییەکان کە لە یەکیەتی جیا دەبنەوە گونجاو نییە بۆ هێنانە کایەی نوێگەری سیاسیو گۆڕانکاری ڕیشەیی.

یەکێتی نیشتیمانی،کە لە ١ ی حوزەیرانی ١٩٧٥ دامەزراوە و تەمەنی ٤٢ ساڵە، تا ئێستا چەندین حیزب و قەوارە و گروپ و دەستەی لێ جیا بووەتەوە یان هەوڵی جیا بوونەوەیان لەو حیزبە داوە.


نزیکترین و دیارترینیان جیا بوونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و دروست بوونی باڵی ناوەندی بڕیار لە ناو حیزبەکەداو جیا بوونەوەی د.بەرهەم ساڵح و دروستکردنی قەوارە سیاسیەکەی بوو بە ناوی "هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و داد پەروەری"، بەڵام بارودۆخە سیاسییەکە بۆیان گونجاو نەبووەو، لەمپەرو کۆسپ لەبەردەمیان دروست دەبێت.


ئەندامانی ئەو حیزب و قەوارانەی کە لەم ساڵانەی دوایدا لە یەکیەتی جیا بوونەوە، لە ئاستی باڵادا قسەیان بۆ "دیبلۆماتیک مەگەزین" کردووە، ئەوان پێیانوایە کە هێزەکانی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستاندا دەرفەت نادەن بە دروست بوونی هێزی نوێ و هەوڵی هاڕینی هێزی نوێ دەدەن و هەموو شتێکیان بۆ خۆیان قۆرخکردووە.

،،

کوێستان محمد، ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان:
 لێرە هەر هێزێک سەربکەوێت، ئەگەر یەکیەتی و پارتی پاڵپشتی نەکەن، ئەگەر وەک ئەوان بیر نەکاتەوە، وەک ئەوان بڕیار نەدات، ئەو دوو هێزە دەیانەوێت بیهاڕن.


کوێستان محمد، ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بە دیبلۆماتیک مەگەزینی وت:" لێرە هەر هێزێک سەربکەوێت، ئەگەر یەکیەتی و پارتی پاڵپشتی نەکەن، ئەگەر وەک ئەوان بیر نەکاتەوە، وەک ئەوان بڕیار نەدات، ئەو دوو هێزە دەیانەوێت بیهاڕن."


کوێستان محمد، وتیشی:" ئەیانەوێت کاتێک هەر هێزێک دروست دەبێت لەم باشوری کوردستانەو تەنانەت لە پارچەکانی تری کوردستانیشدا، ئەوا ئەو هێز و لایەنانە وەک خۆیان لێبکەن، وایان لێبکەنو وەک ئەوان بیر بکەنەوەو وەک خۆیان بڕیار بدەن و وەک خۆیان گەندەڵ بن، وەک خۆیان شکست خواردوو بن، بۆیە یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە ئەو دوو هێزە دەیانەوێت هێزەکانیتر بهاڕن کە جیاواز لە خۆیان بیر دەکەنەوە."

قەوارەی سیاسی، "هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و داد پەروەری" کە لەلایەن "د.بەرهەم ساڵح" جێگری سکرتێری گشتی یەکیەتی نیشتیمانی یەوە لە ٢ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ ٢٠١٧ بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنرا، پێیانوایە حکومڕانانی ئەم وڵاتە قۆرخی هەموو جوڵەکانیان کردووە، نایەڵێت هیچ هێزێكیتر بۆ چاکسازی هەنگاو بنێت و خۆشیان نایکات.


د.ڕێبوارکەریم، وتە بێژی لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و داد پەروەری،بە دیبلۆماتیک مەگەزینی وت:" ناتوانین هەموو تەجروبەکان کە لەیەکیەتی جیا دەبنەوە وەک یەک گشتاندنی بۆ بکەین، چ لە سەرکەوتنەکاندا چ لە شکستدا، ئێمە پێمانوایە کوردستان بەیەک هێز چاک ناکرێت، چاکردنی ئەم کۆمەڵگایە پێویستی بە کاری تیم و پێکەوەیی و فرەییە کە هەموو هێزەکان پێکەوە ئەنجامی بدەن."

،،

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی ئەنجومەی سەرکردایەتی یەکیەتی:

هەموو ئەو حیزبانەی کە لە حیزبە گەورەکە جیا دەبنەوە زۆر بەزەحمەت دەتوانن خۆیان لە گەڵ هەلومەرجی پاش جیا بوونەوەکە بگونجێنن. 

وتەبێژی لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و داد پەروەری وتیشی:"بیرکردنەوەی ئێمە وەک لیستی هاوپەیمانی ئەوەیە کە پێکەوە کاری چاککردنی کۆمەڵگا ئەنجام بدەین، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆی لایەنەکانیتر.کەچی حکومڕانی ئەم وڵاتە قۆرخی هەموو جوڵەکانی کردووە، نایەڵێت هیچ هێزێكیتر بۆ چاکسازی هەنگاو بنێت و خۆشی نایکات. ئێمە تا ئەم ساتە بێئومێد بووین لەوەی کە ئەم دەسەڵاتە بتوانێت هیچ شتێك بکات، ئەم هێزانەیتر کە لە یەکیەتی جیا دەبنەوە دەبێت خۆیان هەنگاو بنێن، وە هەر هێزێک بیەوێت چاکسازی بکات نابێت تەنها خۆی بە چاکەخوازو ئەوانیتر بە شەڕخواز دابنێت، چونکە چاککردنی کۆمەڵگا بە هەموو لایەک دەکرێت نەک بەتەنها یەک هێز".

هەرچەندە ئەو حیزب و قەوارە سیاسیانەی کە لەیەکییەتی جیادەبنەوە، یەکیەتی و پارتی بەهۆکاری سەرەکی دەزانن بۆ دروستکردنی لەمپەر لە بەردەم کاری سیاسی هێزەکانیتر کە دروست دەبن، بەڵام یەکیەتی پێیوایە ئەوان وەک یەکیەتی ڕێگر نین لە بەردەم هێزە نوێکان کە دروست دەبن بەڵکو هێزە نوێکان خۆیان بە هۆکار دەزانن، بۆ درستبوونی کۆسپو لەمپەر لە بەردەم کاری سیاسی هێزە جیابووەکاندا.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی ئەنجومەی سەرکردایەتی یەکیەتی، بە دیبلۆماتیک مەگەزینی ووت:"هەر حیزب و گروپێک کە لەیەکیەتی جا بووبێتەوە، یەکیەتی لەمپەر نەبووە لە بەردەم ئەوەی کە گەشە بکەن و سەرکەوتووبن، هۆکارەکە زۆرتر بۆ خۆیان و شێوەی کار کردنیان دەگەڕێتەوە."


ئەسەسەرد وتیشی:" ئەمە دیاردەیەکی گشتییە، هەموو ئەو حیزبانەی کە لە حیزبە گەورەکە جیا دەبنەوە زۆر بەزەحمەت دەتوانن خۆیان لە گەڵ هەلومەرجی پاش جیا بوونەوەکە بگونجێنن. چونکە لە ناو حیزبە گەورەکە دوو ڕەهەند هەیە، یەکەمیان پەیوەندی بە ئایدۆلۆژیا یان بیرو باوەڕێکی دیاری کراوەوە هەیە، یان بە شێوازیێکی دیاریکراوی کارکردنەوە هەیە. دووەمیان پەیوەندی بە پەیوەندیە ناو خۆییەکانەوە هەیە لە هەبوونی ڕەخنە لە بەڕێوەبردنی حیزب، یان پەیوەندی بە هۆکاری تاکەکەسییەوە هەیە لە نێوان سەر کردەکان، ئەو گروپانەی کە لە حیزبە گەورەکە جیا دەبنەوە، پاش ئەوە ئازاد دەبن لەوەی کە ڕێچکەیەک بۆ خۆیان بدۆزنەوە، بەڵام کاتێک ئەوان لە بەر هۆکارێک جیا دەبنەوە پێویستە لە ناو خۆیاندا شیکاری بۆ بکەن، زۆر جار لەمەیاندا شکست دەهێنن."


ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی ئاماژەشی بەوە کرد:" زۆربەی کات ئەو حیزبانەی کە جیا بوونەتەوە نەیان توانیوە ئەو دوو فاکتەرە جێ بەجێ بکەن، لەبەر ئەوە یان گەڕاونەتەوە ناو حیزبە دایکەکە یان ئەوانیش توشی هەمان کێشە بوون و گروپی بچوکتریان لێ جیا بوونەتەوە".

ووتەکان

نیاز حامید، چاودێری سیاسی:

سەرباری یەکیتییەکی هەڵوەشاوە،ماڵباتی تالەبانی رێگری هەر هیزێک دەکەن کە جایدەبنەوە کاری ریفۆرم بکەن

باسی لەوەش کرد " لەبەر ئەوەی ئەوان لە حیزبێکی گەورە جیا بوونەتەوە لە بەر کەموو کوڕی بەڵام بەدڵنیاییەوە کەموکوڕیەکەش لەگەڵ خۆیان دەبەن، بۆ ناو ئەو حیزبەی کە دروستی دەکەن. ئەمە ش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەوانیش دەبنە درێژە پێدانی حیزبەکەی پێش خۆیان کە لێی جیابوونەتەوە، توشی زۆر کێشە ئەبن کە کاتی خۆی لە ناو حیزبە گەورەکەش توشیبوون، ئەم دیاردەی جیا بوونەوەیە دیاردەیەکی کۆنە، کاتی خۆشی ئەو حیزبانەی کە لەبەر کێشەی گرفتی ناو خۆیی لەیەکتری جیا بوونەتەوە دواتر حیزبی جیا بووەوە نەیان توانیوە خۆیان لە ناو خۆیاندا گرفتەکان چارەسەر بکەن، دواتر بەوە چارەسەر کراوە کە یەک بگرنەوە، ئەم دیاردەیە بۆ ئەو حیزب و گروپ و دەستانەی سەردەمی نوێش ڕاستە بەڵام بەپێی بارودۆخ گۆڕانکاری بەسەر ڕووداوەکاندا هاتووە."


چاودێرێکی سیاسی کە لە دەرەوەی ململانێ سیاسیەکانی نێوان یەکیەتی و ئەو حیزب و قەوارە سیاسیانەی کە لە یەکیەتی جیا دەبەنەوە دۆخەکە دەبینێت، پێیوایە کە سەرباری دەستێوەردانی دەرەکی، یەکیەتی ڕێگرە لە بەردەم هەر هێزێک کە جیا دەبێتەوە و دەیەوێت ڕیفۆرم بکات.


نیاز حامید، چاودێری سیاسی، بە دیبلۆماتیک مەگەزینی وت:" سەرباری یەکیتییەکی هەڵوەشاوە،ماڵباتی تالەبانی رێگری هەر هیزێک دەکەن کە جایدەبنەوە کاری ریفۆرم بکەن، یان لێیان تێکدەدات و یاخود بەشداری دەکات لەگەڵیان لە نیوە رێگادا لییان تیکدەدا لەبەردەم جەماوەرکەیان سوکیان دەکات ".


نیاز حامید، وتیشی "یەکێتی دوو ئامرازی بەدەستەوەیە ، یەکەمیان پارەو میدیا، دووەمیشیان چەک، هەرکاتێ ئەو دوانەی لەبەردەست نەمێنیت، یەکێتی وەک حزبێک نامێنیت و وردوخاش دەبێت،ئەوەی زیاتر هاوکارە بۆ یەکێتی سەرباری ئامرازەکانی دەستی دیارە ئامانج و چارەنوسیی هاوبەشە لەگەڵ پارتی، پارتی پستیوانی دەکات بۆ لاوازکردنی نەیارە جیابووەوەکانی، بەقەدەر یەکێتی دژایەتیان دەکات".


نیاز حامید، ئاماژەشی بەوە کرد "هەر ئەوەش نا بەڵکو پارتی کۆنترۆڵی ماڵباتی جەلال تالەبانی کردووە و بەهەڵڕشتنی پارە بۆ ئەوەی بەشداری بکات لەدورستکردنی بریاری سیاسی.کەواتە ئەوەی هۆکارە بۆ ئەوەی ئەو لایەنانەی کە جیادەبنەوە لە یەکێتی بێ دەست پێشخەریبن و نەتوانن هیج چارەسەرییەکی ریشەیی بە ئەنجام بگەیەنن، پارەو میدیاو چەک و پارتییە."


نیاز حامید، چاودێری سیاسی، خودی ئەو حیزب و گروپانەش کە لە یەکیەتی جیادەبنەوە بە هۆکار دەزانێت بۆ ئەوەی کە نەتوانن ڕیفۆرم و چاکسازی ڕیشەیی ئەنجام بدەن.


ئەو دەڵێت "بەشێکیان دەگەڕێتەوە بۆ زهنیەتی زاڵی ئەو لایەنانە کە جیادەبنەوە کە هەمان زهنیەتی حزبی دایکە وناتوانێت لەو چوارچێوە دەربچێت و دووەمیشیان خودی ئەو لایەنانە کە ناتوانن نارەزایەتیەکانی خەڵکی باشتر بۆ بەرژەوەندی گۆرانکاری ریشەیی سەرمایەگوزاری بکەن.بۆ نمونە گۆڕان زۆر زیاتر لە نیو ملیۆن دەنگی هێناوە بەڵام ناتوانێت ٥٠٠ کەس بهێنیتە سەرجادە بۆ چاڵاکییەکی مەدەنی نارەزایی، یا لە هەولێر زیاتر لە ١٠٠ هەزارکەس دەنگی پێداوە کەچی ناتوانێت چاڵاکییەکی مانگرتنی ١٠ کەسی ئەنجام بدات ."


وتیشی "هۆکارێکی تر کورتهێنانە لە وەبەرهێنانی هێزی گەل بۆ گۆرانکاریی پەیوەستە بە زهنیەتی دەسەلاتداریی و پۆست خوازی کە بوونی هەیە لەناو یەکێتی و لەناو گۆرانیش. گۆران دەبوو هیچ ئامادە نەبوایە و بەشداری کابینەی هەشتەمی لەگەڵ پارتی نەکردایە، بەلام کردی بە هۆی زاڵی زهنیەتی پۆستخوازییەوە بوو کە بەمەش ئۆتۆماتیکی پشتکردنە لە سەرمایەگوزاری وزەی لە بن نەهاتووی خەڵکی بۆ گۆرانکاریی ریشەیی.

ئاماژەشی بەوە کرد "هەلومەرجی هەرێمی کوردستان پێوێستی بە پرۆژە ، جورئەتی بەڕێوەبەرانی یەکەمی بزاڤەکە و خەڵک و بە پراکتیزەکردن هەیە ، کە ئەوە نەبوو ، کەواتە گۆڕانکاریی نابێت. هەمان رەوش بۆ لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و داد پەروەریش راستە بەڵکو بۆ ئەو زۆر تۆختر وخراپتر."

لە پاڵ هۆکارە ناو خۆییەکاندا لەبەر ئەوەی بەشێک لە ڕوودانی گۆڕانکاری لەکایەی سیاسی هەریمی کوردستاندا بەندە بە هاوکێشە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیەکان. ئەوا ئەم هاوکێشانەش بێ ڕۆڵ نین لە بەردەم دروستکردنی کۆسپ و لەمپەر لە بەردەم هێزە نوێکان کە دروست دەبن.


وتەبێژی لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، پێی وایە هێزە نوێکان کە دروست دەبن دەبێت هاوکێشە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیەکان لە بەرچاو بگرن.

،،

وتەبێژی لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و داد پەروەری:

هەر هێزێک کە لە یەکیەتی جیادەبێتەوە و هەنگاو بۆ چاکسازی دەنێت، پێویستە حساب بۆ هەموو هاوکێشە ناو خۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان بکات.


د.ڕێبوارکەریم، دەڵێت " بەگشتی هەر هێزێک کە لە یەکیەتی جیادەبێتەوە و هەنگاو بۆ چاکسازی دەنێت، پێویستە حساب بۆ هەموو هاوکێشە ناو خۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان بکات.هەر کاتێک حسابی بۆ هەموو ئەمانە کرد پێم وایە سەر کەوتوو دەبێت. چونکە لە پێشتردا و تا ئێستاش ئەو زەمینە دەرەکیەکی کە پەیوەندی بە حکومەتی هەرێم و هێزە دەسەڵاتدارەکان خۆیانەوە هەیە زۆر ڕێگر بووە لە بەردەم ئیرادەی چاکسازی هەر هێزێكی تر کە هەنگاوی بۆ نا بوو بێت."

کوێستان محمد، ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ چوونی جیاوازی هەیە و پێیوایە کە دەبێت پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەو ناوچەکە پەیوەندیەکی نیشتیمانی بێت نەک حیزب نوێنەرایەتی هەبێت لە وڵاتان.

ئەو دەڵێت:" ئەو شێوازە مامەڵەی ئەو دوو هێزە لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە کە خۆیان نایشارنەوە کە هەر یەکەیان مەیلیان بۆ دەوڵەتێكی ناوچەکە هەیە، لە بەغدادیش هەریەکەیان مەیلیان بۆ سەرکردەی حیزبێکی عێراقی هەیە، ئەمە وایکردووە ئەمانە بهێڵێتەوە، بێگومان کە ئەمانە مانەوەو بەهێز بوون، تۆ وەک هێیتر ناتوانیت وەک پێویست گەشە بکەیت و بەرنامەکەی خۆت جێبەجێ بکەیت."


وتیشی " لەبەر ئەوەی کە ئێمە وەک بزوتنەوەی گۆڕان نوێنەرایەتیمان لە وڵاتان نیەو پێمانوایە کە پەیوەندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان دەبێت لە سەر ئاستی حکومەت بێت، هەر بۆیە هیچ وڵاتێكی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانێت ئەجێندای خۆیمان بەسەردا فەرز بکات."


سەبارەت بە کاریگەری فاکتەرە نێودەوڵەتیەکان لەسەر مەودای کارکردنی ئەو حیزب و گروپانەی کە لە یەکیەتی جیا دەبنەوە، فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی ئەنجومەی سەرکردایەتی یەکیەتی، بە دیبلۆماتیک مەگەزینی ووت:" ناتوانین گشتاندنی بۆ بکەین بۆ هەموو ئەو گروپ و حیزبانەی کە جیا دەبنەوە، ڕەنگە حیزبێک کە جیا دەبێتەوە، فاکتەری نێودەوڵەتی کاری تێبکات، ڕەنگە حیزبێكیتر کاری تێنەکات. چونکە هاوکێشە نێودەوڵەتیەکان خۆشیان گۆڕانیان بەسەردا دێت.


وتیشی " بریاردان لە خۆگونجاندن و دژایەتیکردنی هاوکێشە نێودەوڵەتیەکان دەکەوێتە دەست ئەو حیزب و گروپانەی کە جیا دەبنەوە، مەرج نییە هەموو خۆگونجاندنێک باش بێت، یان خراپ بێت، مەرجیش نییە هەموو دژایەتیکردنێک باش بێت یان خراپ بێت. بەڵکو هەلومەرجەکە دیاری دەکات."


نیاز حامید، چاودێری سیاسی، پێیوایە لەپاڵ هۆکارە ناوخۆییەکاندا هۆکاری دەستێوەردانی دەرەکیش هەیە بۆ بوار نەدان بەو هێزانەی کە جیا دەبنەوە بۆ کارکردن و ڕیفۆرمی سیاسی.


سەبارەت بە کاریگەری فاکتەرە نێودەوڵەتیەکان، نیاز حامید ووتی "دیارە هۆکاری دەستوەردانی دەرەکی هەیە، کە دەکرێت لێرەدا تەنها بە ئاماژەدان وازی لێبهێنین".

 

author photo

 بەکالۆریۆس لە زمانی کوردی، ئەزمونی شەش ساڵ کاری ڕۆژنامەوانی لە میدیای نوسرا و بیستراودا