حكایه‌تى پۆستی پارێزگارى سلێمانى له‌ نێوان یه‌كێتی و گۆڕاندا كۆتایی نایه‌ت

یه‌كێتی داوای پۆسته‌كه دەکاتەوە

حكایه‌تى پۆستی پارێزگارى سلێمانى له‌ نێوان یه‌كێتی و گۆڕاندا كۆتایی نایه‌ت

1572 خوێندراوەتەوە

.له‌گه‌ڵ ته‌واو بوونى ماوه‌ی یاسایی ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان كه‌ هاوڵاتیان ساڵی 2014 ته‌نها بۆ ماوه‌ى چوار ساڵ هه‌ڵیان بژاردن، جارێكی تر كێشه‌ى پۆستی پارێزگارى سلێمانى كه‌ دوو ساڵ به‌ دوو ساڵ به‌رێكه‌وتنێك له‌نێوان یه‌كێتى و گۆران چاره‌سه‌ركرا دووباره‌ سه‌رهه‌ڵ ده‌داته‌وه‌.
ئازاد حه‌مه‌ ئه‌مین، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى له‌سه‌ر پشكى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان سه‌باره‌ت به‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ى نێوان یه‌كێتى و گۆران به‌ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زینی راگه‌یاند:" ئه‌و رێكه‌وتنه‌ى له‌ نێوان گۆڕان یه‌كێتى ئه‌نجامدرا بۆ چاره‌سه‌كردنى كێشه‌ى پارێزگار له‌ نێوان هه‌ردوولا، به‌و شێوه‌یه‌ بوو كه‌ دووساڵى یه‌كه‌م بۆ یه‌كێتى نیشتمانى بێت و دوو ساڵى دووه‌میش بۆ گۆران بێت".
سه‌باره‌ت به‌ته‌واوبوونى دوو ساڵه‌كه‌ى پۆستی پارێزگاری سلێمانی كه‌ ئێستا له‌سه‌ر پشكی بزوتنه‌وه‌ى گۆران له‌ لایه‌ن د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ده‌ڵێت:" ده‌بێت گۆران ئه‌و پۆسته‌ راده‌ستى یه‌كێتى بكاته‌وه‌ چونكه‌ كاته‌كه‌ى ته‌واو بووه‌ و پۆستى پارێزگارى سلێمانى مافى یه‌كێتییه‌ و ده‌بێت بۆ ئه‌و بێت".

،،

ئازاد حه‌مه‌ ئه‌مین، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى: ده‌بێت گۆران ئه‌و پۆسته‌ راده‌ستى یه‌كێتى بكاته‌وه‌ چونكه‌ كاته‌كه‌ى ته‌واو بووه‌ و پۆستى پارێزگارى سلێمانى مافى یه‌كێتییه‌ و ده‌بێت بۆ ئه‌و بێت.


ئه‌نوه‌ر تاهیر، جێگرى سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانی له‌ پشكى بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، قسه‌كانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ و به‌ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زینی وت:" ئه‌و قسانه‌ ته‌نها بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌ و ئه‌و بانگه‌شانه‌ی بۆ داواى پۆستى پارێزگاری سلێمانی ده‌كرێت، بۆ موزایه‌ده‌ى سیاسى و خۆڵكردنه‌ چاوى هاوڵاتیانه‌".

ABC
مەهدی مەحمود، هەڤاڵ ئەبوبەکر، ئازاد حەمە ئەمین، ئەنوەر تاهیر


سه‌باره‌ت به‌ ته‌واوبونى دوو ساڵی بزوتنه‌وه‌ى گۆران، ئه‌نور تاهیر ده‌ڵێت:"ده‌بێت دكتۆر هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر له‌سه‌ر كورسى پارێزگارى سلێمانى به‌رده‌وام بێـت تا ئه‌و رۆژه‌ى ئه‌نجومه‌نێكى نوێ بۆ پارێزگاى سلێمانى هه‌ڵده‌بژێردرێت و له‌ نێو ئه‌نجومه‌نه‌كه‌وه‌ پارێزگار دیارى ده‌كرێـت، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ به‌پێی یاسا، یه‌كه‌م دانیشتنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا بكه‌ین به‌ یه‌كه‌م رۆژى ده‌ستبه‌كاربوون و ته‌مه‌نى ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ى ئێستا، ئه‌وا 24/6/2018 كۆتا رۆژى ته‌مه‌نى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ده‌بێـت چونكه‌ 24/6/2016 یه‌كه‌م دانیشتنى خۆى ئه‌نجامدا، به‌ڵام دواى ته‌واوبوونى ئه‌و ماوه‌یه‌ هه‌ر جۆره‌ درێژكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ عه‌یبه‌یه‌ و نابێـت، داوامان له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كردووه‌ به‌خێراى كاتێك دابنێن بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان به‌ڵام وه‌ڵامیان نه‌بووه‌، بۆیه‌ باشتره‌ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و جێگره‌كه‌ى بار بكه‌ن و برۆن وڵات به‌جێبهێڵن".
سه‌باره‌ت به‌ پرسى شه‌رعیه‌تى پارێزگار و ئه‌نجونى پارێزگا، جێگرى ئه‌نجومه‌نى پارێزگای سلێمانى پێوایه‌، "له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌پێى ماده‌ى (31) له‌ یاسای ژماره‌ (4)ى ئه‌نجومه‌نى قه‌زا و ناحییه‌كان داوا له‌ ئه‌نجوومه‌ن ده‌كات كاره‌كانى به‌رده‌وام بێت تاكو ئه‌نجومه‌نێكى نوێ هه‌ڵده‌بژێردرێت هه‌ر به‌پێى ئه‌و یاسایه‌ش پارێزگار له‌سه‌ر كاره‌كه‌ى به‌رده‌وام ده‌بێـت تاكو له‌ رێگه‌ى ئه‌نجومه‌نێكى نوێوه‌ پارێزگارێكى نوێ داده‌نرێت كه‌ ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكه‌ش بێت".

،،

ئه‌نوه‌ر تاهیر، جێگرى سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانی: ئه‌و قسانه‌ ته‌نها بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌ و ئه‌و بانگه‌شانه‌ی بۆ داواى پۆستى پارێزگاری سلێمانی ده‌كرێت، بۆ موزایه‌ده‌ى سیاسى و خۆڵكردنه‌ چاوى هاوڵاتیانه‌.

DFC
کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی


ئازاد حه‌مه‌ ئه‌مین، به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌نوه‌ر تاهیری جێگریه‌وه‌، ده‌ڵێت: "ئه‌مرۆ یه‌كێتى له‌به‌ر بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن و سه‌رقاڵى لایه‌نه‌كان وه‌ستاوه‌ و داواى پۆستى پارێزگار ناكات و دواى هه‌ڵبژاردن ده‌بێـت ئه‌و پۆسته‌ بدرێته‌وه‌ به‌ یه‌كێتى و ئه‌گه‌ر دوو ساڵى دیكه‌ش تێپه‌رى به‌سه‌ر پۆستى پارێزگار و هه‌ڵبژاردن نه‌كرا ئه‌وكاته‌ چاره‌سه‌ر لاى سه‌ركردایه‌تى كورده‌ و ده‌بێـت كۆببنه‌وه‌ و رێگه‌ چاره‌یه‌ك بۆ ئه‌م كێشه‌ بدۆزنه‌وه‌".


یاساناسانیش سه‌باره‌ت به‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ى نێوان گۆران و یه‌كێتى و ته‌واوبوونى ماوه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى كه‌ له‌گه‌ڵیدا ماوه‌ى پارێزگاریش ته‌واو ده‌بێت رای یاسایی خۆیان ده‌خه‌نه‌ڕوو.
عه‌بدولقادر ساڵح، شاره‌زای یاسایی به‌ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زینی وت:"وه‌ك یاساناسان قسه‌یه‌كى ئه‌وتۆمان له‌سه‌ر رێكه‌وتنه‌ سیاسییه‌كه‌ى نێوان گۆران و یه‌كێتى نییه‌، چونكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى یاسا ئه‌نجامدراوه‌ و به‌پێى یاساى ژمارى (3)ى ساڵى 2009 پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان رێك نه‌خراوه‌، بۆیه‌ له‌ روانگه‌یه‌كى یاساییه‌وه‌ ناتوانین له‌سه‌ر كاریگه‌رى و ده‌ره‌نجامه‌كانى قسه‌ بكه‌ین".

DFR
ئاڵوگۆرکردنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە نێوان ئاسۆ فەرەیدون و هەڤاڵ ئەبوبەکر

،،

عه‌بدولقادر ساڵح، شاره‌زای یاسایی: وه‌ك یاساناسان قسه‌یه‌كى ئه‌وتۆمان له‌سه‌ر رێكه‌وتنه‌ سیاسییه‌كه‌ى نێوان گۆران و یه‌كێتى نییه‌، چونكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى یاسا ئه‌نجامدراوه‌ و به‌پێى یاساى ژمارى (3)ى ساڵى 2009 پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان رێك نه‌خراوه‌، بۆیه‌ له‌ روانگه‌یه‌كى یاساییه‌وه‌ ناتوانین له‌سه‌ر كاریگه‌رى و ده‌ره‌نجامه‌كانى قسه‌ بكه‌ین.


سه‌باره‌ت به‌ ته‌واوبوونى ماوه‌ى یاسایی ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان، عه‌بدولقادر ساڵح پێیوایه‌، كه‌ "به‌پێى هه‌مان یاساى پارێزگاكان كه‌ ئاماژه‌مان پێكرد ماوه‌ى چوار ساڵ داده‌نرێت بۆ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ى كه‌ هاوڵاتیان هه‌ڵیان بژاردووه‌، دوای چوار ساڵ له‌ رووى یاساییه‌وه‌ كۆتایی به‌كاره‌كانى دێت و بوارى درێژكردنه‌وه‌شى نه‌داوه‌، ئه‌گه‌ر ماوه‌ش درێژكرایه‌وه‌ ئه‌وا كاره‌كانى له‌ كه‌دار ده‌بن له‌ رووى یاساییه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ش ناتوانێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ماوه‌ى خۆى درێژ بكاته‌وه‌".
نزیكه‌ى دوو مانگ ماوه‌ بۆ ته‌واوبوونى ته‌مه‌نى ئه‌م خوله‌ی ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ 21ی نیسانی 2014 هه‌ڵبژاردنی بۆ كرا له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق و په‌رله‌مانی عێراقدا، پێشتریش له‌ ساڵی 2005 یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدراوه‌، واته‌ له‌ 13 ساڵدا ته‌نها دوو هه‌ڵبژاردنی بۆ كراوه‌.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان