ئێران هۆشدارى ده‌داته‌ ئه‌مریكا له‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵه‌یه‌كى مێژویى

ئێران هۆشدارى ده‌داته‌ ئه‌مریكا له‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵه‌یه‌كى مێژویى

620 خوێندراوەتەوە

CNN

 كه‌متر له‌ هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌وه‌ى دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانى ئه‌مریكا بریارى كۆتایى له‌باره‌ى رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى ئێرانه‌وه‌ بدات، ئێران هۆشدارى ده‌داته‌ ئه‌مریكا كه‌ كشانه‌وه‌ى له‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ ده‌بێته‌ "هه‌ڵه‌یه‌كى مێژویى".

حه‌سه‌ن رۆحانى سه‌رۆكى ئێران، له‌ لێدوانێكى ته‌له‌فزیۆنیدا وتى: "ئێران پلانى هه‌یه‌ بۆ هه‌ر بریارێك له‌ لایه‌ن تره‌مپه‌وه‌ ده‌ربچێت". هه‌روه‌ك وتى: "كاتێك دێته‌ سه‌رباسى چه‌ك و به‌رگرى كردن له‌ وڵاتمان، ئێمه‌ دانوستان له‌گه‌ل هیچ كه‌س ناكه‌ین".

ئه‌م وتانه‌ى رۆحانى له‌ كاتێكدایه‌‌ ته‌نها چه‌ند رۆژێكى كه‌مى ماوه‌ بۆ رۆژى ١٢ى ئایار كه‌ بریاره‌ دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى ئه‌مریكا بریار بدات ئایا به‌رده‌وام بێت یاخود نا له‌ لادانى سزاكانى سه‌ر ئێران كه‌ پێشتر و به‌ پێى رێككه‌وتنێك هه‌ڵگیرابوون.

 

،،

به‌ پێى یاسا ئه‌مریكییه‌كان پێویسته‌ سه‌رۆكى ئه‌مریكا هه‌ر سێ مانگ جارێك دوباره‌ رێگه‌وتنه‌كه‌ په‌سه‌ند بكاته‌وه‌

به‌ پێى یاسا ئه‌مریكییه‌كان پێویسته‌ سه‌رۆكى ئه‌مریكا هه‌ر سێ مانگ جارێك دوباره‌ رێگه‌وتنه‌كه‌ په‌سه‌ند بكاته‌وه‌.

وه‌ك به‌شێك له‌ رێككه‌وتنى ساڵى ٢٠١٥ى نێوان باراك ئۆباماى سه‌رۆكى پێشوى ئه‌مریكاو هه‌ندێك له‌ وڵاتانى ئه‌وروپاو روسیاو چین، پێویسته‌ له‌سه‌ر ئێران رێژه‌ى یۆرانیۆمى هه‌ڵگیراو كه‌م بكاته‌وه‌و له‌به‌رامبه‌ریشدا سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌سه‌ر ئێران هه‌ڵبگیرێت.

ماوه‌یه‌كى زۆره‌ تره‌مپ ره‌خنه‌ى له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت له‌ مانگى رابردووداو له‌ میانى چاوپێكه‌وتنى سه‌رۆكى فه‌ره‌نسادا، رێككه‌وتنه‌كه‌ى به‌ شێتانه‌و بێ به‌ها وه‌سف كرد.

 

،،

مایك پومبیو وه‌زیرى نوێى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا:

ئێران گه‌وره‌ترین پاڵپشتی تیرۆریزمە له‌ جیهاندا

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌، مایك پومبیو وه‌زیرى نوێى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا مانگى رابردودا له‌ میانه‌ى سه‌ردانێكى بۆ سعودیه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ وڵاته‌كه‌ى به‌ نیازه‌ پاشه‌كشه‌ بكات له‌و رێككه‌وتنه‌و ئێرانيشى وه‌سف كرد به‌ گه‌وره‌ترین پاڵپشتى تیرۆریزم له‌ جیهاندا". هه‌روه‌ك ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ سه‌رۆكى ئه‌مریكا له‌گه‌ل رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى ئێران نییه‌ به‌م ناوه‌رۆكه‌ى ئێستاى.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك