پارێزگارێك كه‌ ره‌شه‌باى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن نه‌یخست

د.هه‌ڤال ئه‌بوبه‌كر، بێلایه‌نى پارێزگاى پاراست له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانى هه‌ڵبژاردندا

پارێزگارێك كه‌ ره‌شه‌باى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن نه‌یخست

8034 خوێندراوەتەوە

  

هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ بۆ په‌رله‌مانى عێراق پێده‌نێته‌ كۆتا ڕۆژه‌كانییه‌وه‌و هێشتا ئه‌و بێده‌نگه‌و به‌شدارى كه‌مپینه‌كانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ناكات.

دكتۆر هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگارى سلێمانى، تا ئێستا له‌ هیچ كه‌مپێنێكى بانگه‌شى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانداو ته‌نانه‌ت له‌میدیاشه‌وه‌ ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ كه‌ بانگه‌شه‌ بۆ بزوته‌وه‌ى گۆڕان بكات.


ئه‌و كه‌ به‌یه‌كێك له‌ وتاربێژه‌ سه‌رنجڕاكێش‌و هه‌م كاریگه‌ره‌كان دێته‌ ئه‌ژمارو توانى وتاردانیشى له‌ ئاستێكى به‌رزدایه‌، جیاواز له‌ به‌رپرسانى دیكه‌ى باڵاى حكومى له‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردندا بێده‌نگى هه‌ڵبژاردووه‌و ده‌رنه‌كه‌وتووه‌.



بێده‌نگبوون‌و ده‌رنه‌كه‌وتنى ئه‌و، جێگه‌ى سه‌رنجه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌و ده‌توانێت سه‌رنجى ده‌نگده‌ران ڕابكێشێت‌و هه‌م گه‌رموگوڕیش بداته‌ بانگه‌شه‌ى حیزبه‌كه‌ى.



ئارام جه‌مال، به‌ڕێوه‌به‌رى په‌یمانگانى كوردى بۆ هه‌ڵبژاردن‌و شاره‌زا له‌ بوارى هه‌ڵبژاردن، پێیوایه‌ ئه‌وه‌ى دكتۆر هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر ده‌یكات شتێكى گرنگه‌و له‌بنه‌ڕه‌تیشدا پێوویسته‌ به‌رپرسانى باڵاى حكومه‌ت نه‌چنه‌ ناو كه‌مپینى بانگه‌شه‌وه‌، چونكه‌ وه‌كو ئه‌و ئاماژه‌ى پێده‌دات بانگه‌شه‌ بۆ ئه‌وان نایاسایی‌و نا ئاساییه‌.

،،

ئارام جه‌مال، به‌ڕێوه‌به‌رى په‌یمانگانى كوردى بۆ هه‌ڵبژاردن‌:

 ئه‌وه‌ى دكتۆر هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر ده‌یكات شتێكى گرنگه‌و له‌بنه‌ڕه‌تیشدا پێوویسته‌ به‌رپرسانى باڵاى حكومه‌ت نه‌چنه‌ ناو كه‌مپینى بانگه‌شه‌وه‌، چونكه‌ وه‌كو ئه‌و ئاماژه‌ى پێده‌دات بانگه‌شه‌ بۆ ئه‌وان نایاسایی‌و نا ئاساییه‌.

ئاوات محه‌مه‌د، ئه‌ندامى ژورى یاسایی بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، جه‌خت له‌سه‌ر نایاسایبوونى بانگه‌شى به‌رپرسانى باڵاى حكومه‌ت ده‌كاته‌وه‌و بۆ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین ده‌ڵێت:" به‌پێى یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق‌و به‌پێى رێنماییه‌كانى كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، ئه‌و كه‌سانه‌ى پله‌ى وه‌زیفی حوكمیان هه‌یه‌، نابێـت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بانگه‌شه‌ بكه‌ن‌و بێنه‌ ناو بانگه‌شه‌و پشتگیرى لیست‌و قه‌واره‌كانه‌وه‌".


به‌پێچه‌وانه‌وه‌ "عه‌بدوڵا رێشاوی" چاودێرو رۆژنامه‌نووس، پێیوایه‌ به‌شدارینه‌كردنى پارێزگارى سلێمانى دكتۆر هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر له‌ بانگه‌شه‌كانى هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق شتێكى سروشتییه‌و ئه‌گه‌ر به‌شداریش بكات زۆر كێشه‌ نییه‌و هه‌ر به‌ هه‌مانشێوه‌ هه‌ر سروشتییه‌.
ئارام جه‌مال ڕایوایه‌ كه‌ دكتۆر هه‌ڤاڵ وه‌ك كه‌سی یه‌كه‌مى حكومى له‌ پارێزگاى سلێمانى شتێكى مۆدێرنه‌و ڕاقى‌و جیاواز ده‌كات كه‌ به‌شدارى بانگه‌شه‌كانى حیزبه‌كه‌ى ناكات.


سه‌باره‌ت به‌ به‌شدارى سه‌رۆكى حكومه‌ت‌و جێگره‌كه‌ى له‌بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى حیزبه‌كانیاندا، ئارام جه‌مال به‌ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زینى وت:" هه‌ردووكیان پێچه‌وانه‌ى یاسا مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن‌و نابێت به‌شدارى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن، ئه‌گه‌ر كاندید بوونایه‌، تاڕاده‌یه‌ك ئاسایی ده‌بوو بێنه‌ ناو بانگه‌شه‌كانه‌وه‌، بۆ نموونه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كاندیده‌ ئاساییه‌ له‌ناو بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان بێت، به‌ڵام نابێـت ئه‌ویش موڵك‌و ماڵى حكومه‌ت به‌كار بهێنێت، زه‌وى‌و پاره‌ى حكومه‌ت به‌ناوى حزبه‌كه‌یه‌وه‌ ته‌خشان‌و په‌خشان بكات".

،،

ئاوات محه‌مه‌د، ئه‌ندامى ژورى یاسایی بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان:

پارێزگارى سلێمانى ئه‌وه‌ى سه‌لماند كه‌ كه‌سێكى سه‌ربه‌خۆیه‌ له‌ پارێزگاداو به‌ كردار پارێزه‌رى هه‌موو ڕه‌نگ‌و ده‌نگه‌ جیاوازه‌كانه‌ له‌ پارێزگاى سلێمانى ‌و سه‌لماندوشیه‌تى كه‌ یاسا پارێزه و پێشێلكارى ناكات.


ئه‌ندامه‌كه‌ى ژوورى یاسایی بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌به‌رانبه‌ر به‌شداریكردنیان له‌بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى حیزبه‌كانیاندا، ئه‌وان سكاڵا له‌ دژى نێچیرڤان بارزانى‌و قوباد تاڵه‌بانى تۆمار ده‌كه‌ن، چونكه‌ وه‌كو ئه‌و ده‌ڵێت:" خروقاتیان ئه‌نجامداوه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ى رێنمایی یاساكانى هه‌ڵبژاردن بانگه‌شه‌ بۆ حیزبه‌كانیان ده‌كه‌ن".


عه‌بدوڵا ڕێشاوى به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پێیوایه‌ ئه‌وه‌ شتێكى زۆر ئاساییه‌و ناكرێت به‌بیانووى خروقاته‌وه‌ رێگه‌ بگیرێت له‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت‌و جێگره‌كه‌ى بێنه‌ ناو خه‌ڵك‌و به‌ هاوڵاتیان بڵێن كه‌ له‌ماوه‌ى چوار ساڵى ڕابردوو كه‌ به‌ڵێنیان به‌خه‌ڵك دابوو چیان كردووه‌و حزبه‌كه‌یان ده‌یه‌وێت چى بكات.


ڕێشاوى پاساوى بۆ به‌شداریكردنى ئه‌وان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێ سه‌رۆكى حكومه‌ت‌و جێگره‌كه‌ى بێته‌ ناو خه‌ڵك‌و قسه‌ى خۆیان بكه‌ن تا دواتر هاوڵاتیان‌و ئۆپۆزیسیۆن ره‌خنه‌ی لێبگرن‌و كۆمێنت له‌سه‌ر له‌سه‌ر قسه‌كانیان بده‌ن، ئه‌وه‌ى كه‌ جه‌نابى پارێزگار بانگه‌شه‌ ناكات زۆرتر په‌یوه‌ندى به‌خودى خۆیه‌وه‌ هه‌یه‌و ئه‌گه‌ر بانگه‌شه‌ بۆ لیسته‌كه‌ى بكات خراپ نییه‌.

 
ڕێشاوى ئه‌وه‌ش باسده‌كات له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ده‌نگدان بۆ پارێزگاكان نییه‌، بۆیه‌ شتێكى جوانه‌ كه‌ پارێزگارى سلێمانى به‌شدارى له‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ناكات‌و خۆى پاراستوه‌ له‌وه‌ى لایه‌نگرى كه‌س نه‌كات.


ئاوات محه‌مه‌د، ئه‌ندامى ژورى یاسایی بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ پارێزگارى سلێمانى ئه‌وه‌ى سه‌لماند كه‌ كه‌سێكى سه‌ربه‌خۆیه‌ له‌ پارێزگاداو به‌ كردار پارێزه‌رى هه‌موو ڕه‌نگ‌و ده‌نگه‌ جیاوازه‌كانه‌ له‌ پارێزگاى سلێمانى ‌و سه‌لماندوشیه‌تى كه‌ یاسا پارێزه و پێشێلكارى ناكات.

  

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان