توركیا ئینتەرپول بەكاردەهێنێت بۆ دەستگیركردنی نەیارە سیاسییەكانی لە جیهاندا

ئەردۆغان یاسای نێودەوڵەتی شکاندووە و لە ڕێگەی دەستورەوە نەیارەکانی دەکاتە ئامانج

توركیا ئینتەرپول بەكاردەهێنێت بۆ دەستگیركردنی نەیارە سیاسییەكانی لە جیهاندا

1179 خوێندراوەتەوە


ن: جاگۆ روسێڵ
و: رەزوان حەسەن


لە کودەتا شکستخواردووەکەی تەموزی ٢٠١٦ەوە کە ئامانجی لابردنی سەرۆک کۆمار ئەردۆغان بوو حکومەتی تورکیا دڵرەقانە کەوتۆتە وێزەی ئەو کەسانەی کە بە هەڕەشەیان دەزانێت. ڕۆژنامەنوسان و پرۆفیسۆرانی زانکۆ و نەیارانی سیاسی و چالاکوانی مافی مرۆڤ لەنێو ئەو ٥٠,٠٠٠ کەسانەدان کە حکومەتی تورکیا لەژێر ناوی دادگاییکردنی ئەو کەسانەی دەڵێت پەیوەندییان بە تیرۆرەوە هەیە دەستگیری کردوون. حوکمی یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، بەتایبەتی لە دادگا لاوەکیەکاندا، زۆر بە خراپی شکۆیان شکێنراوە.


ئەوەی لە نێوخۆی تورکیادا ڕوودەدات بە ڕوونی ئیدانە کراوە، لەوانە لەلایەن دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ. بەڵام هەڵمەتی تورکیا بۆ سەرکوتکردنی نەیارەکانی تەنها لەنێو سنوری وڵاتەکەدا نەماوەتەوە. تورکیا دەمێکە میکانیزمەکانی یاسای نێودەوڵەتی لەوانە ئینتەرپول بە خراپی بەکارهێناوە بۆ ڕاوەدونانی خاوەن بیروڕا جیاوازەکان لە دەرەوەی سنورەکانی. ساڵی رابردووش کۆمەڵێک هەنگاوی بۆ سەرکوتکردن و ترساندنی پەنابەرە سیاسیەکان لە دەرەوە گرتەبەر.

،،

دانانی ٦٠,٠٠٠ کەس لەسەر داتابەیسێک کە بۆ دیاریکردنی شوێنی مەترسیدارترین تاوانبارانی سەر زەوی دروستکراوە بەکارهێنانی ئاشکرای سیستەمەکەیە بەشێوەیەکی خراپ. بۆ ئەوەی زیاتر ڕوونی بکەینەوە، لە ساڵی ٢٠١٦ تەنها ١٣,٠٠٠ ئاگاداری سور هەبوون کە بە جیهاندا بڵاوکرابونەوە.


لە تەموزی ٢٠١٧ میدیای تورکیا ئەوەی بڵاوکردەوە کە تورکیا هەوڵیداوە ناوی ٦٠,٠٠٠ کەس بخاتە سەر لیستی زانیاری (داتابەیسی) ئینتەرپوڵ. زۆرینەی ئەو ٦٠,٠٠٠ کەسە لەبەر ئەوە بە ئامانج گیرابوون کە گومانیان لێدەکرا شوێنکەوتووی کەسایەتی پەناهەندەی تورک فەتحوڵڵا گولەن بن، کە ئەردۆغان لەسەر تیرۆر و بە ئەنجامدانی پلانی کودەتاکەی ٢٠١٦ تۆمەتباری دەکات. ئەو داتابەیسە وەک ئاگادارکەرەوەیەک وایە و هەموو ١٩٢ وڵاتەکەی جیهان لەوە ئاگاداردەکاتەوە کە فڵانە کەس لەلایەن پۆلیسەوە داواکراوە. هەرچەندە ئینتەرپوڵ لانی کەم تەنها بەدواداچوون بۆ یەک جۆر لە ئاگادارکردنەوەی کەسانی داواکراو دەکات -کە بە ئاگاداری سور (البلاغ الاحمر) ناسراوە و وەک پۆستەری نێودەوڵەتی داواکراوان وایە- بەڵام ئێستا بەدواداچوون بۆ ئەو جۆرەی دیکە ناکات کە بە دزەکردن ناسراوە.


دانانی ٦٠,٠٠٠ کەس لەسەر داتابەیسێک کە بۆ دیاریکردنی شوێنی مەترسیدارترین تاوانبارانی سەر زەوی دروستکراوە بەکارهێنانی ئاشکرای سیستەمەکەیە بەشێوەیەکی خراپ. بۆ ئەوەی زیاتر ڕوونی بکەینەوە، لە ساڵی ٢٠١٦ تەنها ١٣,٠٠٠ ئاگاداری سور هەبوون کە بە جیهاندا بڵاوکرابونەوە. هەرچەندە کێشەکە تەنها لە تورکیادا کورت نەبۆتەوە. ڕێکخراوى (Fair Trials) لە چەندین وڵات -لەوانە روسیا و ئیندۆنیزیا و میسر و ڤەنزوێلا- زانیاری لەسەر نمونەی بەکارهێنانی ئاگادارکردنەوەکانی ئینتەرپوڵ بۆ مەبەستی سیاسی کۆکردۆتەوە، کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هەوڵ دراوە ڕۆژنامەنوسان و داکۆکیکەرانی مافی مرۆڤ و نەیارانی سیاسی بێدەنگ بکرێن. ئەگەر ئینتەرپوڵ خوازیارە وەک دەزگایەکی باوەڕپێکراو لە شەڕی دژ بە تاوان بمێنێتەوە، دەبێت گەرەنتی ئەوە بکات لەلایەن حکومەتی وڵاتانەوە بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوەی سیاسی بەکارنەهێنرێت.


ئینتەرپوڵ هەندێ ڕیفۆرمی کردووە کە جێی پێشوازی لێکردنن، بەڵام بەس نەبوون بۆ ڕێگری کردن لە تورکیا لە خراپ بەکارهێنانی دەزگاکە. هاوینی ڕابردوو هەریەک لە دۆغان ئاخانلی ( نوسەری تورک-ئەڵمانی و ڕەخنەگری ناسراوی حکومەتی تورکیا) و هەمزە یەڵچین (ڕۆژنامەنوسی تورک-سویدی) لەسەر بنەمای ئاگادارکردنەوەکانی ئینتەرپوڵ لە ئیسپانیا دەستگیر کران. ئەم حاڵەتانە وایان لە ڕۆژنامەنوسان کرد لەکاتی هەڵمەتێکی هەڵبژاردنیدا لەساڵی ٢٠١٧ پرسیار لە ئەنجێلا مێرکڵ بکەن لەسەر مەسەلەکە. کاتێک لەبارەی کەیسی ئاخانلیەوە پرسیاری لێکرا، مێرکڵ ڕایگەیاند «نابێت ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەکو ئینتەرپول بۆ ئەو جۆرە مەبەستانە بە خراپی بەکاربهێنرێن».


تورکیا  خەریکی بەکارهێنانی ڕێگەی نوێیە بۆ سەرکوتکردنی ئەو ڕەخنەگرانەی کە لە دەرەوە پەناگەیان دەستکەوتووە. نوێترین داهێنانی ئەنقەرە ماڵپەڕی (تیرۆر ئارانانلەر)ە واتە داواکراوی تیرۆریست، کە ماڵپەڕێکی حکومییە و پۆلیسی نیشتیمانی بۆ گەڕان بەدوای خەڵکی داواکراودا بەکاری دەهێنێت. هاوکات لەگەڵ ڕیزبەندکردنی ئەندامانی گروپە تیرۆریستییەکانی وەکو داعش، ئەم وێبسایتە چالاکوانانی دیار و کاریگەری مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنوسان و دەنگە ناڕازییەکانی وەکو تیرۆریست ڕیزبەند کردووە. لە هەندێ حاڵەتدا حکومەت سەدان هەزار یۆرۆ وەک بەخشیش بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ئەم کەسانە پێشکەش دەکات. وەهاش دیارە پارە و بەخشیش جێگەی خۆیان لەنێو کاری بەرەنگاربونەوەی تاوانباران لەسەر ئینتەرنێت کردبێتەوە.


یەکێک لەم کەسە داواکراوانە چالاکوانی بەلجیکی بە ڕەگەز تورک بەهار کیمیۆنگورە کە یەکێکە لە ڕەخنەگرانی ئەزمونی تورکیا لەگەڵ مافی مرۆڤ و دیموکراسی. بەهار لە ساڵی ٢٠١٦ بە تیرۆریست ناوزەند کرا ئەویش بەهۆی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانێکی ئاشتیانە لەبەردەم یەکێتی ئەوروپا، کە لەو کاتەوە لە دادگای سێ وڵاتی جیاوازەوە بڕیار لەسەر ئەوە درا کە خۆپیشاندانی لەو جۆرە مومارەسەیەکی ڕەوای مافی ئازادی دەربڕینە. کیمیونگور هاوڵاتییەکی یەکێتی ئەوروپایە، بەڵام بۆ ١٢ ساڵ ئەبێت حکومەتی تورکیا لە هەوڵدایە بۆ بێدەنگ کردنی و دادگاییکردنی خۆی و کەسوکارەکەی. یەکەمجار تورکیا ئینتەرپولی بەکارهێنا و ئاگاداری سوری بڵاوکردەوە و بەوەش کیمیونگور لە سێ بۆنەی جیاوازدا دەستگیر کرا، لە هۆڵەندا و ئیسپانیا و ئیتالیا. دەرەنجام بۆ ماوەی شەش مانگی رەبەق ئازادی لێ زەوت کرا و هاوکات لەو ماوەیەشدا هەر چاوەڕێی بڕیاری ڕادەستکردنەوەی بوو. دوای ئەوەی وڵاتان رەتیان کردەوە کیمیونگور رادەستی تورکیا بکەنەوە و لەهەر حاڵەتێکدا ڕێگەی پێدرا بگەڕێتەوە ماڵی خۆی لە بەلجیکا، لە کۆتاییدا ئینتەرپول ئاگادارکردنەوەکەی سڕییەوە.

،،

تورکیا  خەریکی بەکارهێنانی ڕێگەی نوێیە بۆ سەرکوتکردنی ئەو ڕەخنەگرانەی کە لە دەرەوە پەناگەیان دەستکەوتووە. نوێترین داهێنانی ئەنقەرە ماڵپەڕی (تیرۆر ئارانانلەر)ە واتە داواکراوی تیرۆریست، کە ماڵپەڕێکی حکومییە و پۆلیسی نیشتیمانی بۆ گەڕان بەدوای خەڵکی داواکراودا بەکاری دەهێنێت


ئێستا لەبەرئەوەی ناوەکەی خراوەتە سەر وێبسایتی تیرۆر ئەرانانلەر، حکومەتی تورکیا بڕی ١ملیۆن لیرە(واتە نزیکەی ٢٥٠,٠٠٠$)ی وەک بەخشیش ئامادە کردووە. لە مانگی ئازار خەڵکی بەلجیکا سکاڵایەکیان بەرزکردەوە و داوایان کرد حکومەتەکەیان رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی کیمیونگور لەهەر هەڕەشە و پەلامارێکی دیکە. ئەم کارانەی تورکیا لە سەرانسەری ئەوروپادا هەستی پێکراوە و خەڵکانی دیکەش لەم چوارچێوەیەدا بەئامانج گیراون، لەوانە مۆسیقاژەن ئیحسان جەبەلیک کە لە ئەڵمانیا دەژی و ئەندامی یەروم گروپە، ئەو باندەی بە تێڕوانینە سیاسیە چەپەکانی ناسراوە، لەگەڵ خوێندکاری فەرەنسی سەڤیل سیڤیملی بە تۆمەتی ئەوەی لە کۆنسێرتی یەروم گروپ و خۆپیشاندانی یەکی ئایار بەشدارییان کردووە حوکمی پێنج ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنرا. مانگی دووی ئەمساڵ ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدە کە لە ئێستادا لە فینلەندا نیشتەجێیە لە کاتی بەشداربوونی لە کۆنفرانسێکدا، پاش ئەوەی تورکیا داوای ڕادەستکردنەوەی کردبوو بە تۆمەتی تیرۆریزم، دەستگیر کرا. ئەگەرچی دواجار دادگاکانی چیک بەرەڵا یان کرد، بەڵام هەر کاتێک سەفەر بکات مەترسی گرتنی لەسەرە تاوەکو ئەو کاتەی ئەو ئاگارکردنەوە سورەی لە دژی ئەو دەرکراوە هەڵبوەشێنرێتەوە.


ئەگەرچی دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا و بەلجیکا و فەرەنسا پێناچێت بەپێی داواکارییەکانی تورکیا هەنگاو بنێن، بەڵام هەندێ وڵات بەو داواکارییانە ڕازی دەبن. ساڵی ٢٠١٦ بولگاریا عەبدوڵڵا بویوکی تورکی، کە داوای مافی پەنابەری کردووە و ئاگادارکردنەوەی سور ئەویشی گرتۆتەوە، رادەستی تورکیای کردەوە، ئەویش دوای ئەوەی وەزیری ناوخۆی بولگاریا بڕیاری لەسەر ئەوەدا کە مافی یاسایی نییە لە وڵاتەکەدا بمێنێتەوە، سەرەڕای بوونی دوو بڕیاری دادگای بولگاریا کە ڕادەستکردنەوەی داواکراوان ڕەت دەکەنەوە.

تورکیا لەڕێگەی پێشکەشکردنی بەخشیش بە خەڵکی خەریکی بەکارهێنانی ئەرانانلەر تیرۆرە (وەک چۆن پێشتر ئینتەرپوڵی بەکارهێنا) بۆ چاندنی ترس لە دڵی خەڵکانی وەکو کیمیونگور و جەبەلیک و سیڤیملی. هەروەها ئەمە هەوڵێکیشە لەلایەن حکومەتی تورکیا بۆ فراوانکردنی ئەجێندا سیاسیەکەی بۆ نێو یەکێتی ئەوروپا و کپکردنی ئەو هاوڵاتی و نیشتەجێبووانەی وڵاتانی ئەوروپا کە دژی ڕژێمەکەی ئەردۆغانن، لەوانە ئەوانەی کە بۆ ڕزگاربوون لە سەرکوتکردنیان لە تورکیا هەڵهاتوون.

،،

لە تەموزی ٢٠١٧ میدیای تورکیا ئەوەی بڵاوکردەوە کە تورکیا هەوڵیداوە ناوی ٦٠,٠٠٠ کەس بخاتە سەر لیستی زانیاری (داتابەیسی) ئینتەرپوڵ. زۆرینەی ئەو ٦٠,٠٠٠ کەسە لەبەر ئەوە بە ئامانج گیرابوون کە گومانیان لێدەکرا شوێنکەوتووی کەسایەتی پەناهەندەی تورک فەتحوڵڵا گولەن بن، کە ئەردۆغان لەسەر تیرۆر و بە ئەنجامدانی پلانی کودەتاکەی ٢٠١٦ تۆمەتباری دەکات


وێبسایتی تیرۆر ئەرانانکلەر لەگەڵ ئەو هەڕەشە و توندوتیژیانەی لەدژی کەسانی خاوەن دەنگ و بیروڕای جیاواز بەکاردەهێنرێن بەشێکن لە هەڵمەتێکی هەراسانکەری دەسەڵاتدارانی تورکیا بۆ لەکەدارکردنی خەڵکانی هەندەران و دروستکردنی کەشێکی پڕ لە ترس و بێ متمانەیی و ڕێگریکردن لە کەسایەتیەکان لەوەی ڕەخنە لە حکومەتی تورکیا بگرن، تەنانەت لە پەناگەی ئارامی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاش. ئەمەش دەستێوەردانێکی مەترسیدارە لە مافەکانی هاوڵاتی و نیشتەجێبووانی وڵاتانی یەکێتی و ئەوروپا و هاوکات دژایەتیکردنی بەها هاوبەشەکانی یەکێتی ئەوروپایە

ئەو دەنگە ناڕازییە تورکانەی لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەژین شایستەی ئەوەن, بە ئازادانە و بەبێ ترسی ڕاوەدونانیان لەلایەن تورکیاوە لە دەرەوەی سنورەکانی, بژین. سەرانی حکومەتەکانی یەکێتی ئەوروپا و هەروەها دامەزراوەکانی یەکێتی ئەوروپا دەبێت زیاتر هەوڵ بدەن بۆ ڕێگریکردن لە تورکیا لە هەناردەکردنی ستەم و چەوساندنەوە. دەبێت برۆکسل بە زارەکی پشتیوانی لە دەوڵەتانی ئەندام بکات تاوەکو بتوانن وەک پێویست ئەو کەسانە بپارێزن کە بەئامانج گیراون بۆ ئەوەی هاوڵاتیان لەوە دڵنیا بکەنەوە لەوەی بە پاڵنەری سیاسی نەگیرێن. دامەزراوەکانی یەکێتی ئەوروپاش دەبێت هەنگاوی بەکۆمەڵ بنێن بۆ ئەم مەسەلەیە، نەک تەنها لەلایەنی یاساییەوە -کە ئێستا دادگای ئەوروپی مافەکانی مرۆڤ خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە کەیسی ڕادەستکردنەوەی بویوک- بەڵکو لەلایەنی سیاسیشەوە. لە کۆتاییشدا، حکومەتی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا پێویستە بە دەرکردنی ڕاگەیەنراوی گشتی ئەوە ڕوون بکەنەوە کە ئەو ڕۆژنامەنوس و پەنابەر و چالاکوانە سیاسیانەی مەترسی ئەوەیان لەسەرە حکومەتی تورکیا لەسەر بیروڕای جیاوازیان پەلاماریان بدات لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا پارێزراو دەبن.