سیاسه‌تى كرانه‌وه‌، ئیسلامییه‌كانى تونس ده‌باته‌ لوتكه‌

حیزبی نەهزەی تونسی چۆن هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی بردەوە؟

سیاسه‌تى كرانه‌وه‌، ئیسلامییه‌كانى تونس ده‌باته‌ لوتكه‌

2078 خوێندراوەتەوە

ئا. نياز نايف

ئه‌نجامى سندوقه‌كانى هه‌ڵبژاردن له‌ تونس ده‌رى ده‌خه‌ن كه‌ بزوتنه‌وه‌ى نه‌هزه‌ى تونسى له‌پێش سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانى دیكه‌وه‌یه‌ به‌ بزوتنه‌وى ندائى تونسى ركابه‌ریشیه‌وه‌.

ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ به‌ ئه‌زمونێكى دیموكراسى ئه‌ژمار ده‌كرێت له‌ ناوچه‌كه‌دا كه‌ ده‌وره‌ دراوه‌ به‌ گه‌رده‌لولێكى به‌هێز، له‌ چوارچێوه‌ى هه‌رێمێكى ناجێگیردا، به‌ تایبه‌ت پاش تێكشكانى شه‌پۆله‌كانى به‌هارى عه‌ره‌بى و دروستكردنى به‌ره‌یه‌كى هه‌رێمى كه‌ لایه‌نگرى گۆرانه‌ به‌ ئاراسته‌یه‌كى دیموكراسیدا.

سه‌ركه‌وتنى بزوتنه‌وه‌ى نه‌هزه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا گرنگى خۆى هه‌یه‌ له‌ رووى سیاسى و مه‌عنه‌وییه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ روانگه‌ى بۆچونه‌كانى كه‌ پشتیوانى لامه‌ركه‌زییه‌ت ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌وه‌ش به‌ پێى ده‌ستورى تونسى چه‌سپاوه‌و له‌ ساڵى ٢٠١٤دا په‌سه‌ند كراوه‌و ده‌سه‌ڵاتێكى فراوان ده‌داته‌ حكومه‌ته‌ خۆجێییه‌كان.

به‌ڵام گرنكتر له‌وه‌ چه‌سپاندنى ئاراسته‌ى گۆرانكاری دیموكراسییه‌ له‌ تونسدا بۆ روبه‌روبونه‌وه‌ى شه‌پۆلى به‌هێزى دژه‌ شۆرشه‌كان له‌ ناوخۆو ده‌ره‌وه‌دا.

 ،،

بزوتنه‌وه‌ى نه‌هزه‌ له‌پاش ده‌یه‌مین گۆنگره‌ى له‌ ناوه‌راستى ٢٠١٦دا كۆمه‌ڵێك بریارو ئاراسته‌ى فیكرى و سیاسى ئاشكرا كرد، له‌وانه‌ جیاكردنه‌وه‌ى لایه‌نى بانگخوازى له‌ لایه‌نى سیاسى و كرانه‌وه‌ به‌ روى هێزو پێكهاته‌ جیاوازه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ى بنكه‌ى جه‌ماوه‌رى حیزبه‌كه‌

به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌كانى بزوتنه‌وه‌ى نه‌هزه‌ له‌ میانه‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن


بزوتنه‌وه‌ى نه‌هزه‌ له‌پاش ده‌یه‌مین گۆنگره‌ى له‌ ناوه‌راستى ٢٠١٦دا كۆمه‌ڵێك بریارو ئاراسته‌ى فیكرى و سیاسى ئاشكرا كرد، له‌وانه‌ جیاكردنه‌وه‌ى لایه‌نى بانگخوازى له‌ لایه‌نى سیاسى و كرانه‌وه‌ به‌ روى هێزو پێكهاته‌ جیاوازه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ى بنكه‌ى جه‌ماوه‌رى حیزبه‌كه‌.


ئه‌م بۆچونه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ روبه‌روى نیگه‌رانى بویه‌وه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند گروپێكى به‌رهه‌ڵستكاره‌وه‌ كه‌ ترسى ئه‌وه‌یان هه‌بوو ببێته‌ هۆى دورخستنه‌وه‌ى حیز ب له‌ ئاراسته‌ ته‌قلیدییه‌ ئیسلامییه‌كه‌ى.

هه‌ر له‌و میانه‌یه‌دا بزوتنه‌وه‌كه‌ چه‌ندین ئافره‌تى بێ له‌چكى سه‌ربه‌خۆى كاندید كرد له‌ ریزى پێشه‌وه‌ى لیسته‌كه‌یان بۆ هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانى له‌ چه‌ندین بازنه‌ى هه‌ڵبژاردندا.

به‌ڵام له‌ هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا بزوتنه‌وه‌كه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێت ، به‌وه‌ى‌ ته‌نها هێزێكى دینى ته‌قلیدییه‌و به‌شێكه‌ له‌ به‌شه‌كانى ئیسلامى سیاسى و دژه‌ به‌ هه‌موو به‌هاكانى دیموكراسى و نوێگه‌رى، له‌ لایه‌كى دیكه‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێن به‌ خیانه‌ت و لادان له‌ بنه‌ماو ئاراسته‌ ئیسلامییه‌كان.

به‌ڵام له‌ راستیدا هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانییه‌كان ده‌رفه‌تێكى كرادرى ره‌خساند بۆ بزوتنه‌وه‌ى نه‌هزه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌نگاوى نوێ بنێت به‌ ئاراسته‌ى به‌ كردارى كردنى بۆچونه‌ سیاسییه‌كانى بۆ سه‌ر زه‌مینه‌ى واقیع.

هه‌روه‌ك بوارى دایه‌ تونسییه‌كان كه‌ راده‌ى جدییه‌تى ئاراسته‌و بۆچونه‌ نوێيه‌كانى حیزبه‌كه‌ هه‌ڵبسه‌نگێنن له‌ كرانه‌وه‌ى سیاسى به‌ رووى پێكهاته‌ جیاوازه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى بنكه‌ى جه‌ماوه‌رى حیزب.

 ،،

سیستمێكى دیموكراسى پێویستى به‌ بونى حزبى به‌هێز و پیشه‌یى هه‌یه‌، كه‌ پابه‌ند بێت به‌ دابه‌شكردنى پۆسته‌كان به‌شێوه‌یه‌كى عه‌قلانى و یه‌كسان


ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ى هه‌بوو به‌ شێوه‌یه‌كى پراكتیكى له‌ چوارچێوه‌ى لیستى ناوى پاڵێوراوه‌كانى ئه‌و حیزبه‌ له‌ ناوچه‌ جیا جیاكانى وڵات كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى یه‌كسان دابه‌شكرابوو له‌ نێوان ئه‌ندامانى حیزب و كه‌سانى سه‌ربه‌خۆ له‌ ژنان و پیاوان و گه‌نجان.

به‌ شێوه‌یه‌كى پراكتیكى ئه‌مه‌ دبێته‌هۆى به‌شدارى و هاتنه‌ پێشه‌وه‌ى خوێنى نوێ له‌ ژیانى سیاسى تونسدا، له‌ رێگه‌ى چونه‌ ناوه‌وه‌ى سه‌ركرده‌ى نوێ بۆ گۆره‌پانى سیاسى و ده‌سه‌ڵاتى خۆجێى، هه‌روه‌ك هێز و گروتین ده‌دات به‌ جه‌سته‌ى ئه‌و حیزبه‌.

هاوڵاتیانى تونس له‌ چاوه‌ڕوانى ده‌نگداندا


ئه‌م به‌ره‌وپێشچونه‌ فیكری و سیاسیه‌ى كه‌ بزوتنه‌وه‌ى نه‌هزه‌ى پێدا تێده‌په‌رێت به‌ رێره‌وێكى راستدا ده‌روات له‌گه‌ڵ روبه‌روبونه‌وه‌ى هه‌ندێك گرفت و ناره‌حه‌تى كه‌ لێره‌و له‌وێ روبه‌روى ده‌بێته‌وه‌.

سیستمێكى دیموكراسى پێویستى به‌ بونى حزبى به‌هێز و پیشه‌یى هه‌یه‌، كه‌ پابه‌ند بێت به‌ دابه‌شكردنى پۆسته‌كان به‌شێوه‌یه‌كى عه‌قلانى و یه‌كسان.

ئه‌م ئاراسته‌ نوێیه‌ كرانه‌وه‌ى ئاسۆیه‌كى نوێیه‌ له‌ جیهانى عه‌ره‌بیدا به‌ مه‌به‌ستى ده‌رچون له‌ دوانه‌ى ئیسلامى سیاسى و ئاراسته‌ى عیلمانیه‌ت و نوێگه‌رى، له‌ به‌رژه‌وه‌ندى یه‌ك ئاراسته‌ى نیشتیمانى یه‌كگرتوو.