كێ ده‌توانێت ببێته‌ په‌رله‌مانتارێكى باش؟

كێ ده‌توانێت ببێته‌ په‌رله‌مانتارێكى باش؟

1152 خوێندراوەتەوە

ئاخۆ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانتار ئه‌و مووچه‌ زۆره‌ى نه‌بوایه‌، به‌وجۆره‌ هه‌وڵى گه‌شتنى بۆ ده‌درا، ئایا بڕوانامه‌ ده‌توانێت په‌رله‌مانتار بكاته‌ په‌رله‌مانترێكى باش، جیا له‌ بڕوانامه‌و شاره‌زایی پێوه‌ره‌كانى په‌رله‌مانتارى باش‌و سه‌ركه‌وتوو كامانه‌ن، یاخود پابه‌ند بوونه‌ ئه‌خلاقییه‌كانى په‌رله‌مانتار كامانه‌ن؟
ئایا توانا و بڕوانامه‌و شاره‌زایى، كیفایه‌تن بۆئه‌وه‌ى په‌رله‌مانتار ببێته‌ په‌رله‌مانتارێكى ڕاسته‌قینه‌، سه‌ربارى ئه‌وانه‌ په‌رله‌مانتار ده‌بێت هه‌ڵگر و خاوه‌نى كام خاسییه‌تانه‌ بێت؟

عادل سدیق توێژه‌رو مامۆستاى زانكۆ، به‌گرنگى ده‌زانێت كه‌ په‌رله‌مانتار ئاگادارى ئه‌و به‌ڵێنانه‌ بێت، كه‌ له‌ سه‌روبه‌ندى هه‌ڵمه‌ته‌كانى هه‌ڵبژاردندا به‌ ده‌نگده‌رانى داوه‌.
ئه‌و به‌پێوویستیشى ده‌زانێت كه‌ په‌رله‌مانتار شاره‌زایى له‌ قوڵایى‌و ڕیشه‌ى كێشه‌كانى گه‌لى كورد له‌ عێراق هه‌بێت، تا له‌كاتى مشت‌ومڕكردن له‌سه‌ر بابه‌ته‌ گرنگه‌كانى په‌یوه‌ست به‌ كوردو كوردستان بزانێت چۆن‌و به‌ چ شێوه‌یه‌ك هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرێت‌و بڕیار ده‌دات.

عادل سدیق بۆ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین ده‌ڵێت:" كارى هه‌ماهه‌نگى‌و ده‌سته‌ جه‌معى په‌له‌مانتاران‌و یه‌كگرتووییان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ نیشتمانیى‌و نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان ده‌توانێت زۆر كارى گران ئاسان بكات‌و نێو ماڵى كورد له‌ هه‌ر جۆره‌ دابه‌شبوونێك بپارێزێت، ئه‌وه‌ش كاتێك ده‌بێت كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ شه‌خسى‌و حیزبییه‌كان وه‌لابنرێت‌و به‌رژه‌وه‌ندى گه‌ل پێش هه‌موو شتێك بخرێت.

،،

عادل سدیق مامۆستای زانکۆ:  هه‌ماهه‌نگى‌و ده‌سته‌ جه‌معى په‌له‌مانتاران‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ نیشتمانیى‌و نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان ده‌توانێت زۆر كارى گران ئاسان بكات‌و نێو ماڵى كورد له‌ هه‌ر جۆره‌ دابه‌شبوونێك بپارێزێت، ئه‌وه‌ش كاتێك ده‌بێت كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ شه‌خسى‌و حزبییه‌كان وه‌لابنرێت‌.

ASS
بانگەشەی لیستەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ـ سلێمانی


سه‌لمان نادر، نوسه‌رو ڕۆشنبیر، پسپۆڕى‌و شاره‌زایی له‌ زماندا بۆپه‌رله‌مانتار به‌گرنگ‌و پێوویست ده‌زانێت‌و ده‌ڵێت:" بابەتی پسپۆڕی لەمڕۆدا گرنگە، بەتایبەتی کاتێک لە لیژنەکانی پەڕلەماندا پەڕلەمانتار بەشدار دەبێت، بەتایبەتی پسپۆڕی یاساو شارەزایی لە نەزاهەو بەدواداچووندا، لەگەڵ ئەوەشدا زمانزانی گرنگه‌، بەڵام ئەمە تێکڕای مەرجەکان نین، دیبلۆماسیەت‌و حینکەی سیاسی و ئەزموون و شارەزایی لە پێکهاتەی عێراق و توانای هەڵکردن لەگەڵ هێزو تەوژمە سیاسیە ناوخۆیی‌و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکانیش گرنگن، بۆیە مەرج نیە ئەوانەی هەڵگری بڕوانامەی بەرزن، هەڵگری ئەو خەسڵەتانە بن، چونکە دەزانین هەم بڕوانامەو هەمیش دەرفەتەکان لێرە چۆن بوون".

به‌هه‌مانجۆر، ماجید خه‌لیل كه‌ مامۆستاى زانكۆیه‌، پرسى بڕوانامه‌و پسۆڕى به‌ پێویستی لیژنه‌كانى په‌رله‌مان ده‌زانێت، به‌ڵام ئه‌و پێیوایه‌ كه‌ له‌كوردستاندا خودى بڕوانامه‌كان گرفتى سه‌ره‌كین.

،،

ماجید خەلیل مامۆستای زانکۆ:  هێزه‌ سیاسییه‌كان به‌مه‌به‌ستى فریودانى جه‌ماوه‌ر، بڕوانامه‌داره‌كان دێننه‌ پێشه‌وه‌، لاى هێزه‌ سیاسییه‌كان بڕوانامه‌ وه‌كو چه‌كێكى ستراتیژى به‌كارهێنراوه‌ بۆ چوونه‌ پێشه‌وه‌ى خه‌ڵكانێك، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدا بڕوانامه‌ شتێكى سروشتییه‌و په‌یوه‌ندى به‌ به‌هره‌ى كه‌سه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌.


ماجید خەلیل ده‌ڵێت:" پرسى بڕوانامه‌و پرسى پسپۆڕى شتانێكن كه‌ پێویستن بۆ په‌رله‌مان‌ و ئاتاجى لیژنه‌كانن، به‌ڵام له‌وڵاتى ئێمه‌دا خودى بڕوانامه‌كان گرفتى سه‌ره‌كین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى زانكۆكانمان‌و میتۆده‌كه‌مان‌و ڕێوشوێنه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كانمان گرفتارو بریندارن، بۆیه‌ پسپۆڕێكت بۆ دێننه‌ به‌رهه‌م كه‌ ڕێساو یاسا گه‌لێك دێننه‌ پێشه‌وه‌ كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى چاكسازیدا نییه‌".

DCF
هۆڵی پەرلەمانی عێراق ـ بەغداد


ئه‌و مامۆستایه‌ى زانكۆ پێیوایه‌ كه‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان به‌مه‌به‌ستى فریودانى جه‌ماوه‌ر، بڕوانامه‌داره‌كان دێننه‌ پێشه‌وه‌" حیزبه‌كان به‌مه‌به‌ستى چاوبه‌ست له‌ خه‌ڵك، زه‌مینه‌یان ته‌خت كردووه‌ بۆ هاتنه‌ پێشه‌وه‌ى خه‌ڵكى بڕوانامه‌دار، بڕوانامه‌گه‌لێكمان هه‌یه‌ له‌وسه‌رى زمان نه‌زانینه‌وه‌ دێنه‌وه‌، له‌وسه‌رى بێپه‌روه‌رده‌یی‌و ساخته‌كارییه‌وه‌ دێنه‌وه‌، بڕوانامه‌كان زۆرینه‌یان بۆ مه‌به‌ستى به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌ت‌و پرسێكى له‌مجۆره‌ به‌ده‌ستهێنراون، لاى هێزه‌ سیاسییه‌كان بڕوانامه‌ وه‌كو چه‌كێكى ستراتیژى به‌كارهێنراوه‌ بۆ چوونه‌ پێشه‌وه‌ى خه‌ڵكانێك، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدا بڕوانامه‌ شتێكى سروشتییه‌و په‌یوه‌ندى به‌ به‌هره‌ى كه‌سه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌".
لوقمان یاروه‌یس، مامۆستاى زانكۆو پسپۆڕى ده‌روونى، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ كارى په‌رله‌مانتارى كارێكى خۆبه‌خشانه‌یه‌و هیچى له‌ به‌رانبه‌ردا نییه‌، ئه‌و بڕوایشیوایه‌ كه‌ به‌كارهێنانى بڕوانامه‌ بۆ كارى په‌رله‌مانتارى جۆرێك له‌ ئیستیغلاكردنى تێدایه‌.
لوقمان یاروه‌یس به‌ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زینى وت:" به‌كارهێنانى بڕوانامه‌ بۆ گه‌شتن به‌ په‌رله‌مان پاڵنه‌رێكى ماددییه‌ نه‌ك مه‌عنه‌وى، پاڵنه‌رێك نییه‌ بۆ خزمه‌ت".
به‌ بڕواى لوقمان یاروەیس، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانتار ئه‌و مووچه‌ زه‌به‌لاح‌و ئه‌و گشت ده‌ستكه‌وته‌ى نه‌بوایه‌ كه‌ هه‌یه‌تى، ئه‌وا به‌په‌رۆشه‌وه‌ هه‌وڵى گه‌شتنى بۆ نه‌ده‌درا، " ئه‌و هه‌موو ئیمتیازاتانه‌ى كه‌ په‌رله‌مانتار هه‌یه‌تى بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌یان په‌رژێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى له‌ حكومه‌ت بپرسنه‌وه‌، كه‌ ئه‌و هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ى بۆ هاتۆته‌ دی، ئیتر له‌خۆى تێكنادات‌و سه‌ر ئیشه‌ بۆخۆى دروستناكات".

،،

سه‌لمان نادر، نوسه‌رو ڕۆشنبیر:  دیبلۆماسیەت‌و حینکەی سیاسی و ئەزموون و شارەزایی لە پێکهاتەی عێراق و توانای هەڵکردن لەگەڵ هێزو تەوژمە سیاسیە ناوخۆیی‌و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکانیش گرنگن، بۆیە مەرج نیە ئەوانەی هەڵگری بڕوانامەی بەرزن، هەڵگری ئەو خەسڵەتانە بن، چونکە دەزانین هەم بڕوانامەو هەمیش دەرفەتەکان لێرە چۆن بوون.


به‌ بۆچوونى عادل سدیق، ده‌بێت په‌رله‌مانتارى كورد به‌ر له‌ هه‌موو شتێك ڕاستگۆو سه‌ر ڕاست‌و خاوه‌ن به‌ڵێن بێت، چونكه‌ له‌خوله‌كانى پێشوودا، گله‌یى دیارو به‌رچاو له‌ په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كان هه‌بووه‌ كه‌ هێنده‌ى له‌ خه‌مى به‌رژه‌وه‌ندى شه‌خسى و حیزبى و بنه‌ماڵه‌دا بوون، نیو ئه‌وه‌نده‌ له‌ خه‌مى گه‌له‌كه‌یاندا نه‌بوون.
عادل ده‌شڵێت:" به‌شێكى زۆر له‌ ململانێ حیزبییه‌كانى كوردستانیان گواسته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانى عێراق و به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ زۆر به‌ش‌و ده‌ستكه‌وتى مێژووییان كرده‌ قوربانى ئاره‌زووه‌ شه‌خسیى و حیزبییه‌كانیان، ئه‌وه‌ش وایكرد خه‌ڵكى وه‌ك پێویست متمانه‌ى نه‌ك هه‌ر به‌ په‌رله‌مانتاران، به‌ڵكو به‌كۆى پڕۆسه‌كه‌ نه‌مێنێت" .

SDC
بانگەشەی لیستەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ـ هەولێر

،،

لوقمان یاروه‌یس، مامۆستاى زانكۆو پسپۆڕى ده‌روونى: ئه‌و هه‌موو ئیمتیازاتانه‌ى كه‌ په‌رله‌مانتار هه‌یه‌تى بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌یان په‌رژێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى له‌ حكومه‌ت بپرسنه‌وه‌، كه‌ ئه‌و هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ى بۆ هاتۆته‌ دی، ئیتر له‌خۆى تێكنادات‌و سه‌ر ئیشه‌ بۆخۆى دروستناكات.


عادل سدیق پێیوایه‌ مووچه‌ى زه‌به‌لاح‌و ده‌ستكه‌وت‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌كان پاڵنه‌رن بۆ زۆرێك له‌كاندیده‌كان بۆ گه‌شتن به‌ په‌رله‌مان:" گرفته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ نادادییه‌كه‌ له‌ عێراقدا له‌ خودى په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، ڕوونتر بڵێین ئاوه‌كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌وه‌ ڵێڵه‌، به‌وپێیه‌ى كارى په‌له‌مانتارى به‌هۆى ئه‌و هه‌موو جیاوكانه‌ى كه‌ هه‌یانه‌ بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ى ماڵ‌و سامان پێكه‌وه‌ نان بۆ خودى په‌رله‌مانتاران، جیاوكه‌كان زۆرو جۆراوجۆرن‌و ئاسمان‌و ڕێسمانیان نێوانه‌ له‌گه‌ڵ كۆى فه‌رمانبه‌رانى ئاسایى ترى عێراقدا، هه‌ر ئه‌وه‌ش پاڵى به‌ زۆرێك له‌ كاندیده‌كانه‌وه‌ ناوه‌ كه‌ ئه‌وپه‌ڕى تواناى خۆیان و ته‌نانه‌ت زۆر ڕێگه‌ى نه‌شیاو له‌ نمونه‌ى پاره‌ و خه‌ڵات و به‌رات به‌خشینه‌وه‌ و سه‌وداكردن به‌ پۆست و پله‌وپایه‌ بگرنه‌به‌ر، ته‌نها له‌پێناوى ئه‌وه‌ى كه‌ ببن به‌ په‌رله‌مانتار".

عادل سدیق، لایوایه‌، مووچه‌ى زه‌به‌لاحى په‌رله‌مانتارو ده‌ستكه‌وته‌ زۆرو تایبه‌ته‌كانى وایكردووه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر عێراق به‌گشتى‌و كوردستان به‌تایبه‌تى به‌ربژێرێكى ئێجگار زۆر و بۆر خۆیان بۆ كورسییه‌كانى په‌رله‌مانى داهاتوو كاندید بكه‌ن، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدا به‌شێكى زۆریان تواناى ئه‌و كاره‌یان نییه‌و جگه‌ له‌ بارگرانى و به‌ فیڕۆدانى به‌شێكى زۆر له‌ داهاتى وڵات ناتوانن شتێكى تر بۆ چوار ساڵى داهاتووى عێراق‌و په‌رله‌مانه‌كه‌ى سه‌ربار بكه‌ن.

جیاواز له‌ پرسى بڕوانامه‌و پسپۆڕى، سه‌لمان نادر، ئاماژه‌ به‌ خه‌سڵه‌تى ئه‌خلاقى په‌رله‌مانتار ده‌كات‌و ده‌ڵێت:" دەبێت بزانین خەسڵەتی ئەخلاقی جیاوازە لە خەسڵەتی توانا، هەموو پیشەیەک پێویستی بە ئەخلاقیاتی خۆی هەیە، بۆیە دەبێت خاڵێک بەهەند وەربگرین، ئەڵبەتە شتی ئەخلاقی ناوەکیەو لە دەرەوە وەک پێویست نا پێورێت، بۆ نمونە هەموو پیشەیەک ئەرکی هەیەو دەسەڵاتیش دەبەخشێتە مرۆڤ، لە ڕووی ئەخلاقیەوە ئەگەر مرۆڤ دەسەڵاتی ئەو پیشەیە بکاتە سەنتەر نا ئەخلاقیانە ڕەفتار دەکات، بەڵام ئەمە زۆر پێوراو نیە، هەرچەندە ڕابردووی مرۆڤەکان دەکرێت هاوکار بێت، پێوەری ئەخلاقی بۆ پەڕلەمانتار ، ئەو میساقەیە لەنێوان خۆی‌و دەنگدەردا هەیەتی، هەر لەسەرتاوە بەڵێنی گەورە پێشێلکاری ئەخلاقیە، پاشان زاڵ نەکردنی ئینتمای لاوەکی بەسەر ئینتمای سەرەکیدا، ئەمانە مەرجی بنەڕەتین".

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی