بۆچی دەتوانین بڵین ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ساختەن؟

بۆچی دەتوانین بڵین ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ساختەن؟

4958 خوێندراوەتەوە

لای من ئاساییە کە گۆڕان دەنگی کەمبکات، ئەوە نەک چاوەڕوانکراوە بەڵکو بەشێکە لە پرۆسەی دیموکراسی، ئەگەر هەر هێزێک بە هەڵبەز و دابەزدا نەچێت مانای وایە ڕەنگدانەوەی ترپەی شەقام نیە.


بڕوابوون بە دیموکراسی هەروەها مانای ئەوەیە کە دەبێت بڕوات بە سەرنەکەوتن هەبێت. 


بە دەست نەهێنانی ئەوەی کە دەخوازیت بەشێکی هەرە گرنگی پرۆسەی دیموکراسیە کە وەهات لێدەکات کە واقیعی بیت، نزیک بیت لە خەڵک و بە خۆتتدا بچیتەوە. ئەمانەش رێگاکانی باش بونن. هەموو هێزێکیش هەمیشە پێویستی بە باش بونە چونکە کۆمەڵگا بەردەوام لە گۆڕاندایە. 
بەڵام بە هەموو پێوەرێک ئەوەی بەڕێوەچوە بەو جۆرە نیە. چەند ئاماژەیەک بە ڕوونی ئەمە دەردەخەن:

،،

رێکخستنی هێز لە کوردستان بە خواست و ئارەزوی خەڵكی کورد خۆی نیە، بەڵکو بە پلان و ئامانجی هێزەکانی ترە کە کوردستان لایان بەشێکە لە یاری ململانێی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی. ئەمە لە کاتێکدا گرنگی کوردستان دەردەخات لە ململانێکانی ناوچەکەدا لە هەمانکاتدا لاوازی کۆمەڵگای کوردی دەردەخات لە بەرامبەریدا.


یەکەم، هەر کاتژمێر شەش تەقەی خۆشی دەستی پێکرد، لە هەموو جێگاکان، کە ئاماژەیە بۆ بونی پلانێکی پێشوەخت بۆ ئەنجامدانی ئەمە. ئەمەش ڕونە ئەوەی ڕویداوە تەقەی خۆشی نیە، بەڵکو دروستکردنی دۆخێکە کە ئەوەی کە کراوە بە براوە، دەیەوێت لە ڕێگای تەقەوە ئەو دۆخە بە سەر خەڵکیدا بسەپێنێت.


دووەم، پاشان دۆخەکە هەر بەئەمەوە نەوەستاوە، کاتێک ڕاستەوخۆ هێرش دەکرێتە سەر گردەکە، کە ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ترساندن و تۆقاندنی گۆڕان بەوەی کە دەبێت ئەو ئەنجامە قبوڵ بکات، ئەگینا بە زۆر بە سەریدا دەسەپێنرێت، نیشانەی ئەوەیە کە ئەوەی پێی دەڵێن دەرئەنجامی دەنگدان پێویستی بە زەبری هێز و فیشەکە. ئەمەش نیشانەیەکی تری زەقە کە ئەوەی ڕویداوە ساختەیە، ئەگینا براوە، ئەگەر براوەیەکی ڕاستەقینە بێت، چ پیویستی بە تەقە و هێرشی ئار بی جیە.
ئەم مامەڵەیە لە گەڵ دەرئەنجامدا بە شێوازی بەکارهێنانی هێز و هەوڵدان بۆ ترسناندن و سەپاندن و بێدەنگکردن هەموو نیشانەی ئەوەن کە دەرئەنجامەکان لەلایەن هێزی براوەوە دەرئەنجامی ڕاستەقینەنین بەڵکو پلان بۆ داڕێژراون و پێویستیان بە هێزە بۆ سەپاندنیان. 


سێیەم، دەرئەنجامەکان بە شێوەیەکی وەها داڕێژراوە کە هیچ لێکدانەوەیەکی تر هەڵناگرێت. بۆچی شارێک لە پڕ ٨٠٪ دەنگدەرانی دەبنە لایەنگری یەک هێز، کە لە مێژووی ٢٥ ساڵی ڕابوردودا وەها نەبوە. لە کاتێکدا بە هەموو پێوەرێک ئەو هێزە لاوازبوە نەک بەهێز.

وەک دەزانرێت کە ئامێری بەکارهێنراو رێگری لە زۆر شێوازی تەقلیدی تەزویر دەگرێت بەڵام دەتوانرێت پرۆگرام بکرێت بۆ ئەوەی دەرئەنجامێکی جیاوازت بداتێ لەوەی کە ڕاستیەکەیە.


وەک تەقە و هێرشەکان دەریدەخەن کە هێزی براوە بڕوای بە بردنەوەکە نیە، بۆیە پەنا بۆ هێز دەبات، ئەگینا بەکارهێنانی هێز هیچ پێویست نیە. دیسانەوە بەکارهێنانی هێز نیشانەی ئەوەیە کە ئامرازی تر بەکارهێنراوە بۆ گەشتن بەو ئەنجامە.


وەک دەردەکەوێت رێکخستنی هێز لە کوردستان بە خواست و ئارەزوی خەڵكی کورد خۆی نیە، بەڵکو بە پلان و ئامانجی هێزەکانی ترە کە کوردستان لایان بەشێکە لە یاری ململانێی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی. ئەمە لە کاتێکدا گرنگی کوردستان دەردەخات لە ململانێکانی ناوچەکەدا لە هەمانکاتدا لاوازی کۆمەڵگای کوردی دەردەخات لە بەرامبەریدا. بۆیە ئەوە خەڵكی کوردستان نیە کە براوەیە، ئەوە یەکێتی یان پارتی نیە، بەڵکو هێزە ئیقلیمیەکانن. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دەبیتە سوتماکی ئەو ململانێیانە کە هەرگیز هیچ سودێکیان بۆ تۆ نابێت و هەمیشە وەک داردەستێک بەکارت دەهێنن، یان خەمی بەرژەوەندی خۆت دەخۆیت؟

 

author photo

توێژەر و نوسەر

دكتۆرا لە زانستەسیاسیەكان