به‌پێى ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان لیسته‌كه‌ى عه‌بادى له‌ پێشه‌وه‌یه‌

لیستى سائیرون و فه‌تح و ده‌وڵه‌تى یاسا كێبركێى دوه‌م و سێهه‌مى ده‌كه‌ن

به‌پێى ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان لیسته‌كه‌ى عه‌بادى له‌ پێشه‌وه‌یه‌

663 خوێندراوەتەوە

 به‌پێى ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانى هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ى عێراق هاوپه‌یمانى نه‌صر به‌ سه‌رۆكایه‌تى حه‌یده‌ر عه‌بادى له‌ پێشه‌وه‌ى لیسته‌كانى دیكه‌وه‌یه‌ له‌ سه‌رتاسه‌رى عێراقداو به‌ دواى ئه‌ویشدا لیستى سائیرونى نزیك له‌ موقته‌دا سه‌در دێت.

رۆژنامه‌ى حه‌یاتى له‌نده‌نى له‌ راپۆرتێكیدا ئاماژه‌ى به‌وه‌ كردوه‌ كه‌ رێژه‌ى به‌شدارى كردن له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌راورد به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى دیكه‌ زۆر كه‌م بووه‌ به‌رێژه‌ى ٤٤.٥٢٪ له‌ كاتێكدا رێژه‌ى به‌شدارى له‌ دوایین هه‌ڵبژاردندا ٦٠٪ بوه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى رۆژنامه‌كه‌ لیسته‌كه‌ى عه‌بادى سه‌ركه‌وتنى گه‌وره‌ى به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌ پارێزگاكانى نه‌ینه‌واو سه‌ڵاحه‌دین و ئه‌نبار. هه‌روه‌ها لیستى سائیرونى موقته‌دا سه‌در زۆرینه‌ى ده‌نگى پارێزگا شیعییه‌كانى باشورى عێراقى بردوه‌. له‌ دواى ئه‌ویش لیستى ده‌وڵه‌تى یاساى نورى مالیكى و هاوپه‌یمانى فه‌تح دێن به‌ سه‌رۆكایه‌تى هادى عامرى.

هه‌روه‌ها رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كردوه‌ كه‌ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌مجاره‌ زۆرتر پارێزراو بوه‌ له‌ رووى ئه‌منیه‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى پێشتر. سه‌ركرده‌ى پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كانى به‌غداد له‌وباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاندوه‌ كه‌ پلانى ئه‌منى بۆ پاراستنى بنكه‌كانى ده‌نگدان سه‌ركه‌وتوو بوه‌و هیچ خروقاتێكى ئه‌منى رووى نه‌داوه‌.

رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كردوه‌ كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستاندا بۆ یه‌كه‌مجار رێژه‌ى ده‌نگدان به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو كه‌مى كردوه‌. هه‌روه‌ك ده‌وترێت كه‌ كه‌مى رێژه‌ى به‌شدارى ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ بونى كێشه‌یه‌كى زۆرى ته‌كنیكى له‌ میانه‌ى به‌رێوه‌چونى پرۆسه‌كه‌داو هه‌روه‌ها  بونى بیهیوایى خه‌ڵك له‌ دوباره‌بونه‌وه‌ى هه‌مان هێزو لایه‌نه‌ ته‌قلیدییه‌كان له‌ كۆره‌پانى سیاسیدا كه‌ پێشتر له‌ ئاستى خواستى گه‌لدا نه‌بوون.

 

 

 

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك