یه‌كگرتوو: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌ قبوڵ ناكه‌ين

دوو كورسى بۆ یه‌كگرتوو دانراوه‌ له‌سه‌رتاسه‌رى عێراقدا

یه‌كگرتوو: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌ قبوڵ ناكه‌ين

1518 خوێندراوەتەوە


رۆژى 12ى ئایار هاوڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان چوونه‌ سه‌ر سندووقه‌كانى ده‌نگدان و ده‌نگیاندا بۆ نوێنه‌رانیان له‌ په‌رله‌مانى عێراق، به‌ڵام دواى ته‌واو بوونى كاتى یاسایی پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن ئه‌وه‌ى جێگه‌ى شۆك و پرسیار بوو بۆ زۆرێك له‌ لایه‌نه‌كان و به‌تایبه‌ت هاوڵاتیان ئه‌وه‌بوو كه‌ وه‌ك چاودێران ئاماژه‌یان بۆ كرد له‌رێگه‌ى ده‌ستكارى كردنى ئه‌و سیسته‌مه‌ ئه‌لكترۆنییه‌ى كه‌ ده‌نگى پێ درا گۆرانكارییه‌كى زۆر له‌ ده‌نگه‌كاندا كراوه‌ و مافى زۆرێك له‌ لایه‌نه‌كان خوراوه‌ به‌تایبه‌ت گۆران و یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵ و هاوپه‌یمانى.
له‌م باره‌وه‌ یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان له‌زارى ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تیانه‌وه‌ بۆ دپلۆماتیك مه‌گه‌زین ده‌دوێت و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌و گاڵته‌جارییه‌ى دوێنێ كرا ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ و شایه‌نى قبوڵكردن نییه‌.
عوسمان كاروانى به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى یه‌كى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان و ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى ئه‌و حزبه‌ وتى: به‌دواخه‌وه‌ جارێكى دیكه‌ پرۆسه‌ى دیموكراسى وشه‌فافییه‌ت له‌هه‌رێمى كوردستان كه‌وته‌وه‌ به‌ر نه‌شته‌رى لایه‌نه‌كانى ده‌سه‌ڵات و جوانترین پرۆسه‌ى دیموكراسى كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ناشرین كرا.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتوو ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات كه‌ ئه‌وان به‌هۆكارى ئه‌زموونیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى ده‌سه‌ڵات، گوومانى ئه‌وه‌یان كردووه‌ كه‌ ئه‌مجاره‌ش ته‌زویرێكى زۆر ئه‌نجام بدرێت به‌ڵام نه‌ك به‌م شێوه‌یه‌ى كه‌ واتایه‌ك بۆ ته‌زویریش نه‌مێنێته‌وه‌.

 ،،

عوسمان كاروانى: به‌دواخه‌وه‌ جارێكى دیكه‌ پرۆسه‌ى دیموكراسى وشه‌فافییه‌ت له‌هه‌رێمى كوردستان كه‌وته‌وه‌ به‌ر نه‌شته‌رى لایه‌نه‌كانى ده‌سه‌ڵات و جوانترین پرۆسه‌ى دیموكراسى كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ناشرین كرا

عوسمان كاروانى، به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى یه‌كى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان


عوسمان كاروانى سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان له‌باره‌ى قبوڵكردنى ده‌نگه‌كانه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات: یه‌كگرتوو به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌ قبوڵ ناكات و  پێیان وایه‌ غه‌درێكى گه‌وره‌ له‌ یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان و ئه‌و لایه‌نانه‌ش كراوه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م به‌ره‌یه‌دان و پێیان وایه‌ سیسته‌مى ئه‌مجاره‌ى هه‌ڵبژاردن ساخته‌كارى تێدا كراوه‌.
سه‌باره‌ت به‌ رێژه‌ى كه‌مكردنه‌وه‌ى ده‌نگى لایه‌نه‌كان بۆ ده‌سه‌ڵات كاروانى پێى وایه‌ هه‌رلایه‌نێك و به‌شێوه‌یه‌ك و به‌رێژه‌یه‌ك غه‌درى لێكراوه‌و ده‌نگه‌كانى دزراون به‌ڵام یه‌كگرتوو پشكى شێرى به‌ركه‌وتووه‌ و غه‌درێكى ئیجگار گه‌وره‌ى لێكراوه‌ كه‌ قابلى قبوڵكردن نییه‌.
ئه‌وه‌شى روونكرده‌وه‌ كه‌ یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان قورسایی هه‌یه‌ و ئه‌مرۆ له‌ گۆره‌پانى سیاسی عێراق ده‌نگ و ره‌نگى هه‌یه‌ و ده‌سه‌ڵات ده‌زانێت یه‌كگرتوو له‌ گه‌شه‌و گه‌وره‌بووندایه‌ بۆیه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك رێگه‌ى لێ ده‌گرێت كه‌ گه‌وره‌ ببێت.
كاروانى ئه‌وه‌شى وت، دوو كورسى بۆ یه‌كگرتوو دانراوه‌ كه‌ له‌سه‌رتاسه‌رى عێراق به‌ده‌ستى بهێنێ به‌ڵام ئه‌و دوو كورسییه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌نگى راستى یه‌كگرتوو نییه‌ و چه‌ند كورسییه‌كى دیكه‌مان لێ براوه‌ ده‌ره‌نجامه‌كان قبوڵ ناكه‌ین تا ده‌نگى ته‌واو و حه‌قیقى خۆمان پێ نه‌ده‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ى كه‌ قسه‌یان له‌سه‌ر پرۆسه‌كه‌ هه‌یه‌ كۆ ده‌بینه‌وه‌ و قسه‌ى كۆتایی ده‌كه‌ین و بۆ میدیاكانى راده‌گه‌یه‌نین.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان