دروستبوونی ماندێلایەکی کوردیی

دروستبوونی ماندێلایەکی کوردیی

891 خوێندراوەتەوە

ن:هێنری جەی بارکی

و: رەزوان حەسەن

لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو حکومەتی تورکیا داوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی پێشوەختەی کرد، کە لە ٢٤ حوزەیران بەڕێوەدەچن. زۆربەی شیکەرەوان پێشبینی دەکەن ڕەجەب تەییب ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدان بەهۆی لاوازیی پارتە ئۆپۆزسیۆنە سەرەکیەکان و کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی میدیاوە سەرکەوتن بەدەست بهێنن لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەدا. وەهایش دیارە هێز و توانای دەستورییان بەگەڕخستبێت بۆ ساختەکاری ئەگەر بێتە پێویستی.

ئەگەر ئەو بیباتەوە، ڕەنگە بردنەوەیەکی زەحمەت دبێت. بەر لە هەموو شتێک شەرعیەتی هەڵبژاردنەکە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. زۆرێک باوەڕیان وایە ساختەکاری دەکرێت، ئەم ئەگەرەش لەو ڕاستیەوە سەرچاوەی گرتووە کە هەڵبژاردنەکان لەژێر یاسای باری نائاسایی -کە یاسایەکی هەڵبژاردنە و تاڕادەیەکی زۆر لە بەرژەوەندی ئەردۆغان داڕێژراوە- و لەژێر سێبەری ئەو ڕاپرسیە گشتییە دەستورییەی ساڵی ٢٠١٧دا بەڕێوەدەچن کە سەرباری بەکارهێنانی بنکەی دەنگدانی بێ پەنجەمۆر لەدوا چرکەدا بڕیاری لەسەر درا. ئەوەی زیاتر بۆ ئەردۆگان کێشەیە ئەوەیە ئەگەری زۆرە بەهۆی دروستبوونی پەرچەکردارێکی توند لەدژی دەسەڵاتە تاکڕەوانەکەی و رێوشوێنە توندەکانییەوە کەسایەتیەکی وەک سەلاحەدین دەمیرتاش سەرکردەی پێشووی هەدەپە وەک بەهێزترین سیاسیی و وەك نیلسۆن ماندێلای داهاتووی کورد دەربکەوێت.

سەلاحەدین دەمیرتاش، کە هەینی ڕابردوو کاندیدبوونی خۆی ئاشکرا کرد، لە شتێکدا زەرەرمەندە؛ ئەویش ئەوەیە ئەو ئێستا لە زیندانە. دەمیرتاش لە ٤ی نۆڤەمبەری ساڵی 2016 بە تۆمەتی هاوکاریکردن و هاندانی تیرۆریزم دەستگیرکرا کە بەهۆیەوە سزای ١٤٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا. ئەو دەتوانێ لە ژوری زیندانەکەیەوە دەست بە هەڵمەتی بانگەشە بکات چونکە هێشتا تۆمەتەکانی بەسەردا ساغ نەبونەتەوە. هەرچەندە گومانی تێدا نییە حکومەت پەیوەندییەکانی دەمیرتاش و ستافەکەی سنوردار دەکات.

،،

دەمیرتاش لە ٤ی نۆڤەمبەری ساڵی 2016 بە تۆمەتی هاوکاریکردن و هاندانی تیرۆریزم دەستگیرکرا کە بەهۆیەوە سزای ١٤٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا. ئەو دەتوانێ لە ژوری زیندانەکەیەوە دەست بە هەڵمەتی بانگەشە بکات چونکە هێشتا تۆمەتەکانی بەسەردا ساغ نەبونەتەوە. هەرچەندە گومانی تێدا نییە حکومەت پەیوەندییەکانی دەمیرتاش و ستافەکەی سنوردار دەکات.

ئەو کەیسەی دژ بە دەمیرتاش کراوەتەوە بەشێکە لە هەوڵێکی گەورە بۆ پەڕاندنی سەری سەرکردایەتی بزوتنەوەی کوردی تورکیا و ڕێگریکردن لە دەرکەوتنی سەرکردەیەکی میانڕەو و شیاو و خاوەن جەماوەر. حکومەتەکەی ئەردۆغان بە تۆمەتی دروستکراو ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەرانی هەدەپەی زیندانی کردووە و دوورخستۆتەوە و بە هەر پاساوێک بووە پارێزبەندی (حەسانەی) لێیان سەندۆتەوە.

میدیا و ڕێکخراوە ناحکومیەکان بەهۆی داخستنیان و دەستگیرکردنی کارمەند و ئەندامانیان تاڕادەیەکی ئێجگار زۆر لاواز کراون. لە سەرەتای مانگی مارسەوە ١٢٠٠٠ یاخود سێ بەشی ئەندامانی هەدەپە دەستگیرکراون و ڕەوانەی زیندان کراون. کورد لەسەدا ١٨ بۆ ٢٠ ی دانیشتوانی تورکیا پێکدەهێنێت و لە بەشەکانی دیکەی سێ وڵاتە دراوسێکەدا هەن، لە سوریا و ئێران و عێراق. لە سەرەتای دامەزرانی کۆماری تورکیاوە لە ساڵی ١٩٢٣ کورد بەردەوام توشی زەلیلی بۆتەوە و نکوڵی لە مافە سەرەتاییەکانی کراوە.

sdx
ژنانی کورد وێنەی دەمیرتاشیان بەرزکردووەتەوە ـ باکوری کوردستان

دەمیرتاش تاکە سیاسی کوردە جێی خۆی لەنێو دەنگدەرانی غەیرە کورددا کردۆتەوە، بەتایبەتی لەنێو بازنەی چەپڕەوی سیاسی و قوتابیان و دەنگدەرانی چینی ناوەڕاستدا. دەمیرتاش سیاسییەکی گەنجە، لەسەر شاشە سەرنجڕاکێشە، سڵ لە هیچ ناکاتەوە و لە دادگاییەکەشیدا سەرکەتووبوو لە هەڵگێڕانەوەی گەمەکە لە قازانجی خۆی و لەقەفەزنانی حکومەت.

هاوشێوەی ماندێلا، کە لە وتارە بەناوبانگەکەیدا لە دادگایی ڕیڤۆنیا پشتی بە ئەزمون و مەشقە یاساییە گشتگیرەكەی خۆی بەست بۆ بەدرۆخستنەوەی ئەو تۆمەتە گەورانەی ئاراستەی کرابونەوە، دەمیرتاش کە هەم پارێزەریشە هەوڵی داوە بەشێوەیەکی سیستماتیکی ئەو کەیسەی حکومەت لەدژی دروستی کردووە هەڵی بوەشێنێتەوە. ئەو شارەزایی و توانایەی لە یاسادا هەیەتی لە بەرگریکردن لەخۆی بەشێوازێکی ورد دەكرێت بانگەشەی حکومەت بۆ سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری پووچەڵ بکاتەوە.

گومانی تێدا نییە میدیای ژێر کۆنترۆڵی ئەردۆغان، کە بە نزیکەیی هەموو تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامەکانی تورکیا دەگرێتەوە، دەمیرتاشیان پشتگوێ خستووە یاخود تەنها بۆ سوکایەتی پێکردنی ناوی دەهێنرێت. ڕۆژنامەی یەنی شەفەق بە قاتل و سیناریۆ دروستکەر ناوی بردووە: لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیی ئاساییدا دوو کۆمۆنیستی لایەنگری ئەکەپە باسیان لەوە دەکرد کە دەمیرتاش بەهۆی کوشتنی ٥٣ کەس زیندانی دەکرێت.

،،

دەمیرتاش تاکە سیاسی کوردە جێی خۆی لەنێو دەنگدەرانی غەیرە کورددا کردۆتەوە، بەتایبەتی لەنێو بازنەی چەپڕەوی سیاسی و قوتابیان و دەنگدەرانی چینی ناوەڕاستدا. دەمیرتاش سیاسییەکی گەنجە، لەسەر شاشە سەرنجڕاکێشە، سڵ لە هیچ ناکاتەوە و لە دادگاییەکەشیدا سەرکەتووبوو لە هەڵگێڕانەوەی گەمەکە لە قازانجی خۆی و لەقەفەزنانی حکومەت.

دەمیرتاش سەرکەوتوو بووە لە بەخشینی ڕۆحێکی نوێ بە سیاسەتی کوردی لەڕێی پرۆفیشناڵکردنی پارتەکەی و ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکی ناوچە تورکییەکانی دیکەی دەرەوەی ناوچە کوردیەکان و بانگەوازکردنی بۆ پەیامی پێکەوەژیانی نێوان کورد و تورک.

دەمیرتاش وەک کێبڕکێکاری هەریەک لە ئەردۆغان و سەرکردەی زیندانیكراوی پەکەکە عەبدوڵا ئۆجەلان دەرکەوتووە. وێڕای ئەوەی ئەو کوردانەی هاوسۆزن لەگەڵ پەکەکە بنكەی جەماوەریی سروشتی دەمیرتاش و هەدەپەن، بەڵام ئەو هەوڵی زۆری داوە جێگەی خۆی لەنێو ئەو کوردە موحافیزکار و دیندارانەدا بکاتەوە کە دەنگیان بۆ ئەکەپەیە.

ئەو پێشوەخت ئازایی و لێهاتوویی خۆی سەلماندووە. لە سایەی دەمیرتاشەوە هەدەپە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی حوزەیرانی ٢٠١٥ دا زیاتر لە ٦ ملیۆن دەنگی بەدەست هێنا (لەسەدا 13.1 ی کۆی دەنگدەران) و بۆ یەکەم جار توانی بەربەستی لەسەدا 10 بشكێنێت کە پێویستە بۆ چوونە نێو پەرلەمان. سەرکەوتنەکانی هەدەپە وای لە ئەکەپە کرد پێگەی زۆرینەی پەرلەمان لەدەست بدات.

دواتر ئەردۆغان هەڵبژاردنێکی دیکەی سەپاند لە نۆڤەمبەر، کە بۆخۆی ئاماژە بوو بۆ دەستپێکردنی شەڕ کاتێک دەستی بە هەڵمەتێکی گەورەی دژ بە پەکەکە دەستپێکرد و هەموو ئەو گفتوگۆیانەی بە مەبەستی ئاشتی لەڕێگەی نیوەندگیری کەسانی وەکو دەمیرتاش ئەنجام دەدران کۆتایی پێهێنا. هەدەپە لەم هەڵبژاردنانەدا وەک پێویست باش نەبووە، ئەگەرچی توانیویەتی ڕێژەی لەسەدا ١٠ بەدەست بهێنێت کە پێویستە بۆ مانەوە لە پەرلەمان.

هەلومەرجی ئەمڕۆ جیاوازە: دوابەدوای کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی ٢٠١٦ ئەردۆغان هەڵمەتێکی سوتێنەری دژ بە دوژمنەکانی ئەنجامدا. هەڵمەتی پاکسازی دامەزراوە پەروەردەییەکان و دەسەڵاتی دادوەری و سوپا و میدیا تورکیایان خاڵی کردۆتەوە لە دەنگی سەربەخۆ. هەڵبژاردنی ئایندەی ٢٤ی حوزەیران دوا هەنگاوی قۆناغی راگوزەری تورکیایە لە سیستمێکی دیموکراسیەوە بۆ سیستمێکی تەواو تاکڕەوی هەڵبژێردراو_سیستمێک کە هیچ چاودێری و هاوسەنگییەکی تێدا نابێت سنور بۆ دەسەڵاتی سەرۆکایەتی کۆمار دابنێت.

،،

سایەی دەمیرتاشەوە هەدەپە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی حوزەیرانی ٢٠١٥ دا زیاتر لە ٦ ملیۆن دەنگی بەدەست هێنا (لەسەدا 13.1 ی کۆی دەنگدەران) و بۆ یەکەم جار توانی بەربەستی لەسەدا 10 بشكێنێت کە پێویستە بۆ چوونە نێو پەرلەمان. سەرکەوتنەکانی هەدەپە وای لە ئەکەپە کرد پێگەی زۆرینەی پەرلەمان لەدەست بدات.

بەتەواوی ڕێی تێدەچێت ئەدا و کاری دەمیرتاش کە لە زیندانەوە هەڵمەتی بانگەشە ئەنجام دەدات دڵی دەنگدەرانی ناوچە جیاوازەکانی ئۆپۆزسیۆن ڕابکێشێت. مامەڵەی توندی ئەردۆغان لەگەڵ کوردەکانی ناوخۆ و کوردانی سوریا و عێراق ئەو کوردە موحافیزکارانەی ڕەنجاندووە کە هەمیشە دەنگیان بەو داوە. ئەم کوردانە ڕەنگە لە ڕابردوودا هەرگیز هاوسۆزییان بۆ هەدەپە نەبوبێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ناعەدالەتیە گەورەی بەرامبەر کورد کراوە، هاوکات بێبایەخ کردنی بەئەنقەستی هەموو شتە کوردیەکان، لەوانە ئەو هێمایانەی سەر ڕێگا و شارەوانیەکان کە بە کوردی نوسراون، وە بێڕێزیکردن بە سومبولەکانی کورد لە عەفرینی سوریا، کە لەوێ هێزەکانی تورکیا و هاوپایمانە جیهادییەکانیان هێرشێکی سەربازییان کردە سەر کوردەکان، زیاتر کوردە موحافیزکارەکانیان ڕەنجاندووە.

ئەو هەلومەرجانەی دەمیرتاشیان کردە کاندیدێکی سەرکەوتوو لە حوزەیرانی ٢٠١٥ ئێستا دروستبونەتەوە. بەهۆی بێهیوابوون لە پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن جەهەپە، لەنێو زۆرێک لە دەنگدەری ئۆپۆزسیۆنی غەیرە کورددا پشتیوانی گەورەی بەدەست هێناوە؛ دەمیرتاش وەک تاکە سەركردەی سەرڕاست تەماشا دەکرێت کە لە ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەهێز بەرەنگاری تەماحە دڕندانەکانی ئەردۆغان بۆتەوە. ئەگەری هەیە ئەو دەنگدەرانەی لە حوزەیرانی ٢٠١٥ پشتی هەدەپەیان بەردا و ئەو دەنگدەرە نوێیانەش کە دەزانن پارتە ئۆپۆزسیۆنە کۆنەکان ناتوانن شکست بە ئەردۆغان بێنن دەنگی خۆیان دەدەنە دەمیرتاش وەکو کاریگەرترین ڕێگەچارە بۆ پیشاندانی توڕەیی خۆیان لە بەرامبەر سەرکردە تاکڕەوەکەی وڵات.

دەرکەوتنی بەهێزی دەمیرتاش لە هەڵبژاردنەکانی ئایندە و بەدەستهێنانی ٧ ملیۆن و نیو دەنگ، یاخود لەسەدا پازدەی کۆی دەنگدەران، پێگەی ئەو بەرز دەکەنەوە. بەر لە خۆکاندیدکردنی، لە ڕاپرسییەکدا لەسەدا 13.4ی بەدەستهێنابوو، هاوکات کەسێکی راپرس باسی لەوە کردبوو کە ئەگەر ئەو سودمەند بێت لەو دەنگانەی وەک هاوسۆزی پێی دەدرێن دەکرێت لەسەدا ١٥ بەدەست بهێنێت.

،،

دەرکەوتنی بەهێزی دەمیرتاش لە هەڵبژاردنەکانی ئایندە و بەدەستهێنانی ٧ ملیۆن و نیو دەنگ، یاخود لەسەدا پازدەی کۆی دەنگدەران، پێگەی ئەو بەرز دەکەنەوە. بەر لە خۆکاندیدکردنی، لە ڕاپرسییەکدا لەسەدا 13.4ی بەدەستهێنابوو.

لە حاڵەتێکدا ئەگەر هیچ کاندیدێک زیاتر لەسەدا ٥٠ی دەنگەکان بەدەست نەهێنێت دەکرێت ئەو و کوردەکان تەنانەت وەک هێزی باڵادەست و خاوەن بڕیار دەربکەون. ئەمەش تادێت زیاتر ئەگەری ڕوودانی زۆرتر دەبێت، بەو پێیەی حیزبی چەپڕەوی نوێی نەتەوەپەرست بەناوی AYI (حیزبی چاك) بە سەرکردایەتی میراڵ ئەکسەنەر، وەک کێبڕکێکەرێک دەرکەوتووە. ئەم حیزبە دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی زیاتر پەرتوبڵاو دەکات. لە دەورەی دووەمی شێروخەتی هەڵبژاردندا لەنێوان ئەردۆغان و سەرکردە ئۆپۆزسیۆنە سەرەکییەکە -هەموو ئەگەرێک هەیە کاندیدی تازە دیاریکراوی مەهەپە موحەڕەم ئینسی بێت، ئەو کەسەی لەبەر پێگەی خۆی دژی حیزبەکەی خۆی و ئەردۆغان وەستایەوە بەوەی ڕەتی کردەوە دەنگ بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی سەر پەرلەمانتارانی هەدەپە بدات - دەنگی کورد و دەنگە پووچەڵ و سپییەکان کاریگەرییەکی گەورەیان دەبێت. ئەمەش ڕەنگە لەبەر ئەمە بێت کە ئەردۆغان و کەناڵ و ئامرازە میدیاییەکانی و هاوپەیمانەکانی گوتارە دژە کوردە شەڕخوازانەکەیان هێواش کردۆتەوە.

هێشتاش ئەردۆغان بەزمێكی دیکەی ناخۆشی درێژخایەنی لەبەردەمدایە: ئەویش ئەوەیە دەسەڵاتی تەواوی ئەردۆغان بەسەر دەسەڵاتی دادوەریدا ئەوە دەگەیەنێت کە هەر خۆی دەتوانێت بڕیار لەسەر ئەوە بدات ئاخۆ دەمیرتاش ئازاد بکرێت یاخود جارێکیتر ڕووناکی نەبینێتەوە. بەهەر بارێکدا بێت ئەمە بۆ ئەردۆغان گەمەیەکی دۆڕاوە. ئازادکردنی ئەوە دەگەیەنێت کە کاریگەرترین و لێهاتوترین نەیاری ئەردۆغان بە بناغەیەکی تایبەتەوە دەستی دەكرێتەوە بۆ دروستکردنی کێشە بۆی.

هێشتنەوەی لە زیندان و بێبەشکردنی لە مافی خۆپاڵاوتنی نەک تەنها لایەنگرانی بەڵکو حکومەتی وڵاتانی دەرەوە و ڕێکخراوە ناحکومییەکانیش دەوروژێنێ. وێڕای ئەوە، کۆکردنەوە و ئاراستەکردنی كۆمەڵانی خەڵكی هەندەران، بەتایبەتی لە ئەوروپا، مەسەلەکە گەورەتر دەکات و پەیوەندیەکانی دەرەوەی وڵاتەکە دەخاتە دۆخێکی خراپەوە. سزی زیندانیكردنی بۆ ماوەیەكی درێژخایەن بە تۆمەتی ئابڕوبەر دەکرێت بەپێی کات دەمیرتاش بکاتە کەسێکی بەناوبانگ_یاخود لەوانەیە بیکاتە ماندێلایەکی نوێ.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك