سالار مەحمود
لەگەڵ ئەوەدا كە تەواوی عێراقی گرتۆتەوە، بەڵام سەبارەت بە پرۆسەی ساختەكاری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، زۆرترین چاو لەسەر پارێزگای سلێمانییەو لەوێنە گشتییەكەی ساختەكارییەكەدا زۆرترین ئاماژەی بۆ دەكرێت.
ئومێد حەمە عەلی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان، سەبارەت بەچڕبوونەوەی ئاماژەكان بۆ ساختەكاری لە سلێمانی دەڵێت:" تەزویرەكە گشتییە، تەنها پەیوەست نییە بە پارێزگای سلێمانییەوە، لەوێنە گشتییەكەدا سەرنجەكە زۆرتر لە سلێمانییو یەكێتییە، لەبەر ئەوەی یەكێتی ئەمجارە پێشڕەوی ئەم ساختەكاریو هاككردنو بێحورمەتیكردنە بووە، بە دەنگی خەڵكو بە بنەماكانی دیموكراسیو بە بەشداری دیموكراسییانەی خەڵك".
ئومێد پێیوایە كە یەكێتی عەرابی ساختەكارییەكە بووەو بە بێ هەماهەنگی پارتیش نەیتوانیوە پرۆسەی ساختەكارییەكە ئەنجام بدات:" دەكرێت بڵێین عەرابی جێبەجێكردنی ساختەكاری ئەمجارە بووە، كارەكە بە سپۆنسەری یەكێتی كراوە، بەدڵنیاییەوە یەكێتی بۆ ئەوەی تەزویرەكەی جێبەجێبكاتو ڕێگەی پێبدرێت، بێگومان بە بێ هەماهەنگی پارتی ئەم جۆرە تەزویرەی بۆ ناكرێت، ئەمە مانای ئەوە نییە كە پارتی تەزویری نەكردووە، چونكە پارتی خۆی هەر لە بنەماوە لەسەر تەزویر ماوەتەوەو پایەی حكومڕانییەكەی پارتی لە بنەڕەتەوە لەسەر ساختەكارییە، بۆیە زۆرتر سەرنجەكە لەسەر یەكێتییە چونكە یەكێتی وەكو پاداشت ئەم ساختەكارییەی بۆ كراوە، لە لایەن وڵاتانی ئیقلیمیییەوە.".

،،
فەهمی مەحمود، بەرپرسی ناوەندی هەڵبژاردنی یەكگرتوو لە سلێمانی:
لە هەردوولا ساختەكاری كراوە بەرانبەرمان، بەتایبەت كەمكرنەوەی دەنگەكانمان لە بادینان جێگەی سەرسوڕمانە، ئێمە بە تەنها چاومان لەسەر سلێمانی نییە، بەڵام برادەرانی پارتی لە سلێمانی خۆیان بە مەزڵوم دەزانیو ئەوانیش ناڕازی بوون، ئەوە وایكرد زۆرتری دەركەوتنی ساختەكارییەكە لە سلێمانییەوە بێت
فەهمی مەحمود، بەرپرسی ناوەندی هەڵبژاردنی یەكگرتوو لە سلێمانی، باسلەوە دەكات كە بەپرۆسەی ساختەكارییەكە دەنگەكانی یەكگرتوو چووە بۆ هەردوو هیزی دەسەڵات، بۆ یەكێتیو بۆ پارتی.
دەربارەی هۆكاری چڕبوونەوەی پرسی ساختەكارو هاككردنەكە لەسەر سلێمانی، فەهمی مەحمود، بە دیپلۆماتیك مەگەزینی وت:" لە هەردوولا ساختەكاری كراوە بەرانبەرمان، بەتایبەت كەمكرنەوەی دەنگەكانمان لە بادینان جێگەی سەرسوڕمانە، ئێمە بە تەنها چاومان لەسەر سلێمانی نییە، بەڵام برادەرانی پارتی لە سلێمانی خۆیان بە مەزڵوم دەزانیو ئەوانیش ناڕازی بوون، ئەوە وایكرد زۆرتری دەركەوتنی ساختەكارییەكە لە سلێمانییەوە بێت".
بەرپرسی ناوەندی هەڵبژاردنی یەكگرتوو لە سلێمانی باسیش لەوە دەكات كە بە پیلانێكی ناوچەیی كار لەسەر كەمكردنەوەی دەنگەكانی یەكگرتوو كراوەو لە هەردوو دەڤەری سەوزو زەرد وەكو یەك ساختەكاری بەرانبەر ئەوان كراوەو ئەوان كراونەتە ئامانج.
" ساختەكارییەكی بە بەرنامەو پێشوەختە ئەنجام دراوە، ئەو لایەنە سیاسییانە كراوەنەتە ئامانج كە جێگەی ئومێدی خەڵكن" ئەوە قسەی كاروان حەمە ساڵح، ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەرییە.
بەوتەی كاروان، قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری كراوەتە ئامانج، چونكە هاوپەیمانی هێزێكی چاكەخوازەو ك ئاماژەی گەورەش هەبوو كە دەنگێكی زۆرباش دێنێت، وەكو كاروان وتی" لەم ساختەكارییەدا قەوارەی هاوپەیمانیو خودی سەرۆكی قەوارەكە، دكتۆر بەرهەم كراوەتە ئامانج".
سەبارەت بەچڕبوونەوەی ئاماژەو گازەندەكان سەبارەت بە پرۆسەی ساختەكاری لە سلێمانی، كاروان حەمەساڵح بە دیپلۆماتیك مەگەزینی وت": لەبەر ئەوەی ئێمە دەنگدەرمان لە سلێمانیو كەكوكو ناوچە دابڕاوەكان زۆرترە بۆیە وا دەركەوتووە كە ساختەكارییەكە زۆرتر لە سلێمانی بێت، بەڵام ساختەكارییەكە لەهەردوولا ئەنجامدراوە، بەبڕوای شارەزایانی بواری ئای تی، لە هەرجێگەیەك دەنگمان زۆرتر بووبێت لەوێ زۆرتر دەنگمان لێبراوە، بۆیە وا دەردەكەوێت كە لە سلێمانی زۆرتر غەدرمان لێكراوە".

،،
ئومێد حەمە عەلی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان:
تەزویرەكە گشتییە، تەنها پەیوەست نییە بە پارێزگای سلێمانییەوە، لەوێنە گشتییەكەدا سەرنجەكە زۆرتر لە سلێمانییو یەكێتییە، لەبەر ئەوەی یەكێتی ئەمجارە پێشڕەوی ئەم ساختەكاریو هاككردنو بێحورمەتیكردنە بووە، بە دەنگی خەڵكو بە بنەماكانی دیموكراسیو بە بەشداری دیموكراسییانەی خەڵك.
كاروان دەشڵێت:" یەكێتیو پارتی پێكەوە پرۆسەی ساختەكارییەكەیان ئەنجامداوە، ئەوە هەوڵێكە بۆ بێهیواكردنی خەڵكو لەباربردنی پرۆسەی دیموكراسی، بەڵام ئێمە بێهیوا نابین، ئەم قۆناغە تێدەپەڕێنینو سازش ناكەین لەسەر دەنگو مافی هاووڵاتیان".
بە وتەی ئومێد حەمە عەلی، جیا لەپارتیو یەكێتی هێزی تریش هەن بەشدارن لە ساختەكارییەكەدا، وەكو ئومێد دەڵێت، ئەم پیلان گێڕییە بۆ لێدان لەو هێزانە بووە كە بەتایبەت هێزی نیشتیمانی ڕەسەننو چۆكیان دانەداوەو بەكرێگیراویو كلكایەتییان بۆ وڵاتانی ناوچەكە قبوڵ نەبووە.
ئومێد ئاماژە بەوەش دەكات كە ساختەكاریو هاككردنەكە پیلانی پێشوەختە بووەو دەشڵێت:" یەكێتیو پارتی بۆ ئەوەی سیناریۆی ساختەكارییەكەیان تاڕادەیەك قەناعەت پێ بكەن، هێزی دیكەیان لەتەزویرەكەدا لەگەڵ خۆیاندا شەریككردووە، ئەمە پیلانی پێشوەختەیەو دانیشتنی پێشوەختەشی لەسەر كراوە، ئەوان دەیانەوێت هەروەك چۆن دەسەڵاتەكەیان لەسەر بنەمای ساختەكارییە، ئاواش ئۆپۆزیسیۆنی ساختە هەبێت".
ئومێد ئاماژە بەوە دەكات كە ساختەكارییەكە یەكێتی نیشتیمانی لە مەرگ گەڕاندۆتەوە، ئەوەش بەهۆكارێكی دیكە دەزانێت بۆ ئەوەی كە ئاماژەی ساختەكارییان لەسەر سلێمانی چڕ ببنەوە:" یەكێتی لە لێواری مەرگدا بوو، ئەمەش دیسان نوچدانو ئاشبەتاڵێكی ترە بۆ یەكێتی، ئەوە پادشتی فرۆشتنی كەركووكە، بەڵام بە بێ هەماهەنگی پارتی نەیدەتوانی ئەم ساختەكارییە بكات، چونكە پارتی دوای ئەوەی لەم ناوچەیە ناڕەزایی دەربڕیو ڕازی نەبوو بە ئەنجامەكان لە هەندێك ناوچەش ژمارەی دەنگەكانی لە 4000 هەزارەوە بۆ 600 دەنگ دابەزی، ئەگەر ئەم هەماهەنگییە نەبووبێت ئەمە قبوڵ ناكات".
فەهمی مەحمود، بەرپرسی ناوەندی هەڵبژاردنی یەكگرتوو لە سلێمانی، ئاماژە بەوە دەكات كە ئەم پرۆسەی ساختەكارییە كاریگەری تەواوی دەبێت لەسەر بێهیواكردنی هاووڵاتیانو ئەو دەڵێت:" ئەوە ڕاستەوخۆ كاریگەری هەیە كاتێك هاووڵاتی بەچاوی خۆی دەبینێت ئەو دەنگەی ئەو بۆلایەنێكیتر دەڕوات، ئەم ساختەكارییە بێهیواییەكی زۆر دروستدەكاتو وا لە خەڵك دەكات بڕوایان بە هەڵبژاردنو خەباتی مەدەنیو دەنگدان نەمێنێت".
ئەو بەگرنگیشی دەزانێت كە لەم قۆناغەدا ڕێگە لەم ساختەكارییە بگیرێت، " چونكە دەسەڵات حەز دەكات خەڵك بێئومێد بێت، هەتا خەڵكیش كەمتر بچێت بۆ دەنگدان، بۆ ئەو باشترە".
ئومێد حەمە عەلی باس لە پرۆسەی بێئومێدكردنی هاووڵاتیان دەكات لە لایەن دوو هێزەكەی دەسەڵاتەوەو دەڵێت:" بەدڵنیاییەوە یەكێتیو پارتی كاریان لەسەر بێئومێدكردنی خەڵك كردووە لەڕێگەی میدیاكانی خۆیانەوە، كاریان لەسەر ئەوە كردووە كە هەڵبژاردن هیچ شتێك ناگۆڕێتو بەخەڵكیان دەوت ئەوەتا چەندجار هەڵبژاردن كراوەو هیچ نەگۆڕاوە، ئەوەیان بڵاو دەكردەوە كە پارتیو یەكێتی دووهێزی چەكدارنو بەهەڵبژاردن لاناچنو هەڵبژاردن كاریگەری نابێت لە گۆڕانكاری سیاسیدا".

،،
كاروان حەمە ساڵح، ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەریی:
لەبەر ئەوەی ئێمە دەنگدەرمان لە سلێمانیو كەكوكو ناوچە دابڕاوەكان زۆرترە بۆیە وا دەركەوتووە كە ساختەكارییەكە زۆرتر لە سلێمانی بێت، بەڵام ساختەكارییەكە لەهەردوولا ئەنجامدراوە، بەبڕوای شارەزایانی بواری ئای تی، لە هەرجێگەیەك دەنگمان زۆرتر بووبێت لەوێ زۆرتر دەنگمان لێبراوە.
كاروان حەمە ساڵح، ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری، پێیوایە ئەم پرۆسەی ساختەكارییە تەواوكەری پرۆسەی 16ی ئۆكتۆبەرەو ئاماژەش بەوە دەكات ئەگەر ئەو لایەنانەی ساختەكارییان بەرانبەر كراوە سازش بكەن، ئەوا ئەم شێوازە لە هەڵبژاردن دەبێتە كلتور :" خەتەری گەورە ئەوەیە كە شەش لایەنەكە سازش بكەن لەو ساختەكارییە گەورەیەی كە ئەنجامدراوە، سازشكردن لەدەنگی هاووڵاتیان خۆكوژی سیاسییە بۆ ئەو شەش لایەنەی كە دژی ساختەكارییەكەن، ئەگەر ئەمە بكەن ئەم شێوازە لەهەڵبژاردن دەبێتە كلتور، ئیدی ئەو دوو هێزە لەخەڵك ناترسن، چونكە پێوویستیان بەدەنگی خەڵك نامێنێت، دەتوانن خزمەتی خەڵكیش نەكەنو مووچەكانیشیان ببڕن".
ئومێد حەمە عەلی، باسلە هەوڵو پرۆسەی بێهیواكردنی هاووڵاتیان لە لایەن یەكێتیو پارتییەوە دەكاتو دەشڵێت كە ئەم ساختەكارییەش بۆ جێبەجێكردنی ئەو ئامانجەیانە:" یەكێتیو پارتی لەگوتاری كارەكتەرە سیاسییەكانیانەوە ئەوەیان دەوت كە هێزەكانی تریش وەكو ئێمەن، دەیانوویست ئێمەش بە ڕەنگە فاسیدەكەی خۆیان ڕەنگ بكەن، لەڕێگەی دیكەشەوە هێزە سیاسییەكانیان یەكسان دەكرد بە یەك، ئەوان هەموو كارێك دەكەن بۆ بێئومێدكردنی خەڵكو پرۆسەی ساختەكارییەكەی ئەمجارەشیان بۆ جێبەجێكردنی ئەو ئامانجەیانە".