لە تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی كوردستاندا نزیكەی نیو ملیۆن دەنگی گوماناوی هەیە، ئەمەش وادەكات نیشانەی پرسیار لەسەر 20- 25 كورسی پەرلەمانی هەبێت.
لەگەڵ نزیكبونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لایەنە سیاسیەكانی دەرەوەی دەسەڵات سورن لەسەر ئەوەی بەر لەهەڵبژاردن تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان پاك بكرێتەوە. بەم تۆمارەی ئێستای دەنگدانەوە نەچنە هەڵبژاردنەوە.
لەدوای دروستكردنی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و دابەشكردنی پۆستەكانی بەپێی پشكی پارتە سیاسیەكان. كۆمسیارەكانی سەر بە گۆڕان و یەكگرتوو كۆمەڵ بابەتی پاك كردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیان وروژاند و توانیان پاك كردنەوەی لیستەكە بكەنە بڕیار لەناو كۆمسیۆنەكەدا.

،،
وتەبێژی كۆمیسیۆنی بالای هەڵبژاردنەكان:
كۆمیسیۆن دەنگی بەوە داوە كە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كار بەم تۆمارە نەكرێت، چونكە تۆمارەكە هێندەی 15 كورسی پەرلەمان خەوشی تێدایە
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە زۆرینەی بڕیاریدا بە پاك كردنەوەی تۆماری دەنگدەران و دەنگی لەسەر ئەوەشدا كە بەم تۆمارەی ئێستای دەنگدەرانەوە هەڵبژاردن نەكرێت.
بەووتەی پارتە سیاسیەكان تۆماری دەنگدەران بە چەند ڕێگەی جیاواز پیس كراوە و بواری ساختەكاری تێدا فەراهم كراوە بە قەبارەیەك كە 15-20 كورسی پەرلەمانی دەبێت.
بە ووتەی ئەوان لەناو تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی كوردستاندا بەچەند ڕێگەیەكی جیاواز ناوی ساختەو دووبارەو ناوی ئاوارەی عێراقی سوریو ناوی مردووانو ناوی لێكچوو و گوماناویو ئەوانەی تەمەنیان نەگەشتووەتە تەمەنی یاسایی بۆ دەنگدان، لە لیستەكدا بونی هەیە.
،،
سەرۆكی ئەنجوومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی:
لە تۆماری دەنگدەراندا 20 كورسی تەزویر بۆ یەكێتیو پارتی مسۆگەرە.
پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران، لای بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامیو یەكگرتووی ئیسلامیو قەوارەكەی دكتۆر بەرهەم، بووەتە پرسی هەرە گرنگو تایبەتی هەڵبژاردنەكان.
" عەبدولڕەحمان عەلی"، بڕیاردەری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، بە "دیبلۆماتیك مەگەزین"ی وت:" هێندەی دوو فراكسیۆنی گەورەی پەرلەمانی ناوی ساختەو گوماناوی بەشێوازی جیاواز لە لیستی تۆماری دەنگدەراندا هەیەو ئەگەر هەڵبژاردن بەم تۆمارە ئەنجام بدرێت ئەوا كارەسات دەخولقێت".
بەپێی ئەو داتایانەی كە دیپلۆماتیك كۆی كردۆتەوە:
(63420) ناوی دووبارە لە تۆمارەكەدا هەن كە ناوی سیانیو ژمارەی دەنگدانیشیان وەك یەكە.
(23744) ناوی ئاوارەی عەرەبی تێدایە كە لەساڵی 2003وە دەست بە تۆماركردنیان كراوە.
(41899)كەس ناویان لە تۆمارەكەدا هەیە كە تەمەنیان لەسەرو نەوەت ساڵییەوەیە.
(116088) ناو هەن كە تەمەنییان نەگەشتووەتە تەمەنی یاسایی بۆ دەنگدان
(184175) ناوی تێدایە كە پێیاندەگوترێت دەنگدەری تایبەتو تا ساڵی 2014ش ئاماژەی بۆ كراوە.
(96258) ناو لە تۆمارەكەدا هەیە كە جێگای گومانن، چونكە زۆرینەیان لیكچوونو دەبێت وردبینییان تێدا بكرێت".
لەساڵی 2004وە تا 2017 ( 69000) كەس لە دامەزراوە تەندروستییەكانی حكومەتی هەرێمدا بەمردوو تۆمار كراون، بەڵام تەنها ( 600) كەس لە تۆمارەكەدا بە مردوو دانراون.
،،
بڕیاردەری فراكسیۆنی گۆڕان:
هێندەی دوو فراكسیۆنی گەورەی پەرلەمانی ناوی ساختەو گوماناوی بەشێوازی جیاواز لە لیستی تۆماری دەنگدەراندا هەیەو ئەگەر هەڵبژاردن بەم تۆمارە ئەنجام بدرێت ئەوا كارەسات دەخولقێت".
زیاتر لە 70 هەزار كەس لە تۆمارەكەدا هەن كە تەنها ئاماژە بەناوی دوانییان كراوە، ئەوە لە كاتێكدا بەپێی یاسا دەبێت ناوی سیسانی تۆمار بكرێت.
بەوتەی "شیروان زرار"، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، كۆمیسیۆن پەیڕەوێكیان بەناوی " بژاركردنو پاككرنەوەی تۆماری دەنگدەران" ئامادە كردووە بە مەبەستی پاككردنەوەی لیستی تۆماری دەنگدەرانو ئامادەكردنی بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێمی كوردستان.
وتەبێژی كۆمیسیۆنی بالای هەڵبژاردنەكان ئاماژەش بەوە دەكات "كۆمیسیۆن دەنگی بەوە داوە كە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كار بەم تۆمارە نەكرێت، چونكە تۆمارەكە هێندەی 15 كورسی پەرلەمان خەوشی تێدایە".
سەبارەت بە گرفتی جیاكردنەوەی دەنگدانی تایبەتو گشتی، شیروان زرار، وتی: كۆمیسیۆن بڕیاری داوە دەنگدانی تایبەت نەهێڵێتو هێزەكانی پێشمەرگەو ئاسایشیش لە ڕۆژی دەنگدانی گشتیدا دەنگبدەن"
بەپێی ئامارو داتاكانی ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە تۆماری دەنگدەراندا 125 هەزار ناوی دووبارە لە تۆمارەكەدا هەیەو ئەوان ئەم ناوانەیان بۆ بژاركردن داوەتە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان.
بەوتەی عەبدولڕەحمان عەلی، جگە لەو ناوە ساختەو گوماناویانە، هەزاران خێزان هەن كە خاوەنی دوو فۆرمی خۆراكو زیاتریشن، چەندین خێزانی ئاوارەی ناو كەمپەكانیش هەن كە ناسنامەیان بۆ كراوەو بەبێ گرفت دەتوانن بەشداری دەنگدان بكەنو ئەو مافەیان بۆ فەراهەم كراوە.
پەرلەمانتارەكەی گۆڕان، تۆماری دەنگدەران بە "بۆمبێكی تەوقیتكراو بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن" ناو دەبات. دەڵێت "بەم تۆمارەی دەنگدانەوە ناكرێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت"
بەوتەی "محەمەد حەكیم"ی سەرۆكی ئەنجوومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی، لە تۆماری دەنگدەراندا 20 كورسی تەزویر بۆ یەكێتیو پارتی مسۆگەرە.

،،
قاسم گەڵاڵی، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەكگرتوو:
یەكێك لەمەرجەكانی مانەوەو نەكشانەوەی یەكگرتوو لە حكومەت، پاكردنەوەی لیستی تۆماری دەنگدەرانە
" قاسم گەڵاڵی" لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەكگرتوو، پاككردنەوەی لیستی تۆماری دەنگدەران بەمەرج دەزانێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەكان دووربن لە ساختەكاری، ئەو بە بە "دیبلۆماتیك مەگەزین"ی وت:" بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەكان دوربن لەساختەكاری پێوویستە تۆماری لیستی دەنگدەران پاكبكرێتەوە، كۆمیسیۆنی باڵا پێوویستە بە ئەركی خۆیان هەستنو ئەوان هەوڵی جیدیشیانداوە، بەڵام نازانین تا چەند كارەكانیان لەبەر دەڕوا، ئێمە جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە كە پێویستە تۆمارێكی پاكی لیستی دەنگدەران هەبێتو پێویستیشە لایەنەكان ئەو تۆمارە پاكە قبوڵ بكەن.
قاسم گەڵاڵی دەشڵێت:" یەكێك لەمەرجەكانی مانەوەو نەكشانەوەی یەكگرتوو لە حكومەت، پاكردنەوەی لیستی تۆماری دەنگدەرانە".
نێچیرڤان بارزانی، بەنووسراوی ژمارە ( 5445)ی بەرواری 17- 12- 2017 داوای لەپەرلەمانی كوردستان كرد لەماوەی سێ مانگدا ئامادەسازی بكرێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانو سەرۆكایەتی هەرێم.
لەوەڵامی ئەو داوایەی نێچیرڤان بارزانیدا كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كوردستان مانگی نیسانی داهاتوی داناوە بۆ بەڕیوەچونی هەڵبژاردنەكان.
بەوپێیە ماوەیەكی كەم لەبەردەم پەرلەمان ماوە بۆ ئامادەكردنی لیستێكی دەنگدەرانی پاك بۆ هەڵبژاردنەكان.
"شیروان زرار" وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی هەرێم بە "دیبلۆماتیك مەگەزین"ی ڕاگەیاند ئەوان ماوەی مانگێكە پرۆسەی پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیان دەستپێكردووەو هەنگاوی باشیشیان ناوە بۆ پاككردنەوەی تۆمارەكە.
ئاماژەی بەوەش لە هەفتەی داهاتوودا سیدییەك بڵاو دەكەینەوە كە كەمو كوڕییەكانی تۆماری لیستی دەنگدەرانی تێدا تۆمار كراوەو سیدییەكەش دەدەینە حیزبەكانو ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیو لەهەفتەی داهاتووشدا ئێمە لە كۆمیسیۆنی باڵا بڕیار دەدەین بە لابردنی ئەو كەمو كوڕییانەی كە لە دەسەڵاتی ئێمەدانو بە ئێمە دەكرێت، ئەوەش بڵاو دەكەینەوە كە چەندە ناوی دووبارەو ناوی لەیەكچوو و ناوی مردومان لابردووە.