کوردەکانی عێراق بە دوای کردنەوەی پەڕەیەکی نوێدان لەگەڵ ئێران

"هەموو حزبە کوردییەکان تێگەیشتن پێویستە خواستەکانی تاران بە هەند وەربگرن"

کوردەکانی عێراق بە دوای کردنەوەی پەڕەیەکی نوێدان لەگەڵ ئێران

937 خوێندراوەتەوە

س: ئەلمۆنیتۆر

و: ڕاشد کەمال

کوردەکانی عێراق لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانیان دەکەنەوە لەگەڵ ئێراندا، پاش حەوت مانگ لە پشتگیری ئێران بۆ عێراق لە تێکشکاندنی هیواکانیان بۆ سەربەخۆیی لەپاش ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ کە تێیدا ٩٣٪ کوردەکان جیابوونەوەیان لە عێراق هەڵبژارد.

حکومەتی ھەرێمی کوردستان میوانداری وەفدێکی بازرگانی حکومەتی ئێرانی کرد لە هەولێر لە ماوەی چوارهەمین کۆنفرانسی بازرگانی نێوان دوو لایەنەکە لە ٢-٣ ی مانگی ئایار بۆ باسکردنی ڕێگەکانی فراوانکردنی پەیوەندییەکان، حەسەن دانایی فەر، باڵوێزی پێشووی ئێران لە بەغداد و سەرۆکی ئێستای لیژنەی فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لە نێوان ئێران و عێراقدا ڕایگەیاند:" ئەم کۆنفرانسە کۆبوونەوەیەکی گرنگ بوو بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق بەتایبەتی هەرێمی کوردستانی عێراق".
ئەمەش بەڵگەیەکی ترە بۆ زیادبوونی دەسەڵاتی ئێران لە عێراقدا، وڵاتەکەش هەڵبژاردنێکی گرنگی ئەنجامدا لە ١٢ی ئەم مانگەدا، کە دەتوانین ببینین گروپە پاڵپشتیکراوەکان لە ئێرانەوە پێگەکانی دەسەڵاتیان قۆرخکردووە کە جێی نیگەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپییە.

لە کۆنفرانسەکەدا لە هەولێر، ئیرەج مەسجدی، باڵوێزی ئێران لە عێراق و ئەفسەری پێشوو لە هێزەکانی قودسی سەر بە سوپای پاسداران، لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی، کە هێزی سەرەکی بوو لەپشت ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٧. ووتی:" لە کۆبوونەوەکەدا، بۆچوونەکان ئاڵوگۆڕکران سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و کۆتا بەرەوپێشچوونەکان لە عێراق و هەرێمدا".

،،

ئیرەج مەسجدی باڵوێزی ئێران لە عێراق و ئەفسەری پێشوو لە هێزەکانی قودسی سوپای پاسداران، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی، کە هێزی سەرەکی بوو لەپشت ڕیفراندۆم لە  ئەیلولی ٢٠١٧. وتی:" لە کۆبوونەوەکەدا، بۆچوونەکان ئاڵوگۆڕکران سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و کۆتا بەرەوپێشچوونەکان لە عێراق و هەرێمدا".

DC
مەسعود بارزانی لەگەڵ مەحمود عەلەویی وەزیری ئیتڵاعات و چەند بەرپرسێکی ئێرانی

وەزیری پیشەسازی و بازرگانی ئێران، محەمەد شەریعەتمەداریی، کە ئامادەی کۆنفرانسەکەبوو، ڕایگەیاند ڕێکەوتننامەیەک ئیمزاکراوە لە نێوان هەولێر و تاران بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانیان و پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ چارەسەرکردنی ئەو ڕێگریانەی کە دەبنە هۆی خاوکردنەوەی بازرگانی ئەم دوو لایەنە.
ئەم جۆرە پێشوازییە ئاست بەرزە لە لێپرسراوانی ووڵاتێک کە زۆرێک لە کوردەکان بە لەناوبردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و لەدەستدانی ناوچە کێشە لەسەرەکان و نیوەی داهاتی نەوتی هەرێم تاوانباری دەکەن لە کاتێکدایە کە ئێران ڕووبەڕوی کەنارگییری زیاتر دەبێتەوە لەپاش پاشگەزبوونەوەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە پەیمانە ناوەکییەکە.
نازم دەبباغ، نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران،  وتى:" وا دەزانم هەموو حزبەکان، بە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ئەوانی دیکەش، تێگەيشتوون کە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی گرنگە و پێویستە ویست و پێشنیارەکانی بەهەند وەربگیردرێت، ئێمە دەتوانین بڵێین ئەوان (ئێرانییەکان) بە کوردەکانیان ڕاگەیاندووە کە ڕیفراندۆم دەبێتە ھۆی کارەسات بۆ کوردەکان، ئێستا هەموو حیزبەکان (کوردییەکان) لە هەوڵدان بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانیان (لەگەڵ تاران)``.
کاتێک کە سەرکردایەتی کوردەکان گەشتنە ئەو ڕاستییەی کە ئێران بڕیار بەدەستی ڕاستەقینەیە لە عێراق، وەفدێکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران نێچیرڤان بارزانی لە مانگی کانوونی دووەم سەردانی تارانی کردوو شکستیان قبووڵکرد لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ لێپرسراوە باڵا ئێرانییەکاندا

،،

کاتێک کە سەرکردایەتی کوردەکان گەيشتنە ئەو ڕاستییەی کە ئێران بڕیار بەدەستی ڕاستەقینەیە لە عێراق، وەفدێکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران نێچیرڤان بارزانی لە مانگی کانوونی دووەم سەردانی تارانی کردوو شکستیان قبووڵکرد لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ لێپرسراوە باڵا ئێرانییەکاندا

. وەفدی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕازیبوو بە داواکارییەکانی تاران بە وەستاندنی قاچاغچێتی لە کوردستانی عێراقەوە، وە سنووردارکردنی زیاتری گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردە ئێرانییەکان کە لە هەرێمی کوردستانن، بە ڕێگریکردن لێیان لە ئەنجامدانی چالاکی لەسەر سنوور.

DFC
کونسوڵخانەی ئێران لە هەرێمی کوردستان ـ هەولێر

لە بەرامبەردا، هەردوو لایەن ڕێککەوتن لەسەر فراوانکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان و هێنانیان بۆ ئاستێک پێش ئەوەی دەوڵەتی ئیسلامی یەک لەسەر سێی عێراق داگیربکات لە هاوینی ٢٠١٤.
ئێستا، کوردەکان و ئێران هەڵدەستن بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنێک کە دەرئەنجامی خراپی دەبێت بۆ ئەوانەی کە لەسەر سنوور دەژین، وە بەتایبەتی بۆ کوردەکانی ئێران کە بەدەست هەژاری و بێکارییەکی زۆرەوە دەناڵێنن.

حکومەتی ھەرێمی کوردستان توانای دەروازە سنوورییەکانی ئێستای زیاد دەکات و دەروازەی سنووری دیکەش دەکاتەوە. ئەمەش بووە هۆی درووست بوونی خۆپیشاندان و مانگرتن لە ناوچە کوردییەکانی ئێران، کە قەدەغەکردنی قاچاغیكردني هەزاران کۆڵبەری (ناوی ناوچەیی) بێکارکردووە.

ئەندام پەرلەمانێکی کوردی ئێران مانگی ڕابردوو لە پەرلەمان سکاڵایکرد کە ٧٥,٠٠٠ کۆڵبەر کارەکانیان لەدەستداوە بەهۆی سیاسەتی ئێرانەوە بە ساڵی ئێرانی کە٢٠ ی مانگی ئازار کۆتایی هات.

دەسەڵاتدارانی ئێرانی دەڵێن لە هەوڵی چاکسازیدان بۆ دووبارە خستنەوە سەرکاری ئەو کۆڵبەرانە، لەسەروو ئامادەکارییە تازەکانەوە، لەهەمان کاتدا، لە پەیوەی بە مانگرتنە بەردەوامەکانی شاري بانەی سنووری، لێپرسراوان دەڵێن داواکاری بازرگانە لۆکاڵییەکان لێخۆشبوونە لە ٥٠٪ ی باجی گومرگ - کە زیاترە لە دوو ئەوەندەی باجی ئێستا کە ٢٠٪- کە شتێکی نەگونجاوە.
زیادەیەکیش بۆ ئەم تێکەڵەیە کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانە لە پەیمانی ناوەکی لە ٨ ی ئایار، کە هەرئێستە کاریگەری کردووەتە سەر خەڵکی ئاسایی ئێران، دانیشتویەکی شاری کرماشان ڕۆژێک دوای کشانەوەی ترەمپ لە ڕێککەوتنەکە بە مۆنیتۆری ڕاگەیاند:" نرخی ١٠ کیلۆگرام برنج لە ٧٠,٠٠٠ تمەنەوە زیادبووە بۆ ٩٠,٠٠٠ تمەن لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا،  خەڵک نیگەرانن لە کاردانەوەکانی بڕیارەکەی ئەمریکا لەسەر خەڵکی ئاسایی".

،،

سەرچاوەیەکی پەیوەندیدار بە مۆنیتۆر ی ڕاگەیاند:ترسێکی ڕاستەقینە هەیە کە پێشمەرگە لە چەک دابماڵرێن وەک ئاماژەیەک بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، گرووپی کوردی سەرەکی کە لە ساڵی ١٩٨٠ وە لە جەنگدایە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و دەڵێت:" ئێستا مشتومڕێکی گرنگ لە ئارادایە کە چی بکرێت ئەگەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەچەکیان دا بماڵێت".

لە هەمان کاتدا، ڕێژەی کوژراوە کۆڵبەرەکان لەلایەن پاسەوانانی سنووری ئێرانەوە لە بەرزبوونەوەدایە، لەلای عێراقەوە، بازگەی زیاتر دانراون بۆ ڕێگریکردن لە بازرگانەکان بۆ گەیاندنی شتومەک بە کۆڵبەرەکان، ئەفسەرێکی کوردی لە ناوچە سنوریەکانی نزیک شارۆچکەی خورماڵی سەربە پارێزگای سلێمانی لە ٢٥ ی مانگی نیسان وتی:"ئێمە لێرەین بۆ ڕێگریکردن لە قاچاغچێتی شتومەک". هەروەها دەڵێت:"ئەمە تازەیە، وا دەزانم هۆکاری فشاركردنه لە ئێرانەوە لە پاش ڕیفراندۆم".
لە ڕووە ئەمنییەکەوە، ئێران داوایکردووە بە وەستاندنی چالاکی گرووپە کوردییە ئۆپۆزسیۆنە ئێرانییەکان لە ناوچە سنووریەکان، وا دەردەکەوێت کە فشارەکان لە بەرزبوونەوەدان.

سەرچاوەیەکی پەیوەندیدار بە مۆنیتۆر ی ڕاگەیاند:طترسێکی ڕاستەقینە هەیە کە پێشمەرگە لە چەک دابماڵرێن وەک ئاماژەیەک بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، گرووپی کوردی سەرەکی کە لە ساڵی ١٩٨٠ وە لە جەنگدایە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی وە دەڵێت:" ئێستا مشتومڕێکی گرنگ لە ئارادایە کە چی بکرێت ئەگەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەچەکیان دا بماڵێت"، هەندێکیش لە ناوخۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە دەڵێن کە پێویستە چەک هەڵبگرن و بگەڕێنەوە شاخ، چونکە هیچ گرەنتییەک نییە کە نەکرێنە ئامانج لەلایەن ئێرانییەکان یان هێزی پیادە ئەگەر لەچەک دابماڵرێن.
ئەو هەنگاوانەی کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان گرتنیەبەر بۆ بەرەوپێشبردنی بازرگانییە دوولایەنەکە و هێشتنەوەی گرژییەکانی خاکەکەی بە داپۆشراوی دەرخەری تێگەشتنی سەرکردایەتی کوردەکانی عێراقە کە پێویستە لە پەیوەندییەکی باشدابن لەگەڵ ئێرانییەکاندا – نەک تەنها بۆ مانەوە لە ناوچە پر کێشەکەدا، بەڵکو بۆ دووبارە قبوڵکردنەوە لە پایتەختی عێراق. هەولێر دانیپێدا دەنێت کە ڕێگەی بەغداد لە تارانەوە دەڕوات نەک واشنتن لە ڕاستیشدا دووبارەکردنەوەی وانەیەکە بۆ لێپرسراوە کوردەکان: کە ڕۆڵیان لە جەنگی دژی داعش وای نەکردوە کە لەلایەن ڕۆژئاواوە دەستیان لێ بەرنەدرێت.