ئایا پەرلەمانی عێراق دەتوانێت ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەڵوەشێنێتەوە؟

خەریكە داواكاری هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەكان سەرتاسەری عێراق دەگرێتەوە

ئایا پەرلەمانی عێراق دەتوانێت ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەڵوەشێنێتەوە؟

3261 خوێندراوەتەوە


وردە وردە دەنگە ناڕازیەكان دژی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی 12ی ئایار زیاتر دەبێت و لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان دێنە سەرخەت.

تازەترین پێشهات بڕیاری كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە لەڕۆژی شەممەی داهاتوو بە مەبەستی بانگهێشتی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و لێپرسینەوەیان.

ئێستا چاوەكان لەسەر ئەوەن ئایا پەرلەمان لەتوانایدا هەیە هەڵبژاردنەكە هەڵوەشێنێتەوە؟

ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات كە ئەنجومەنی نوێنەران بانگهێشتی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی كردوە بۆ كۆبونەوەیەكی نائاسایی لەسەر كەموكوڕیەكانی هەڵبژاردن و سكاڵاكانی تەزویر لە شارە جیاوازەكاندا.

ئیبتیسام هیلالی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە كردوە كە ئەم خولەی پەرلەمان تا 30 حوزەیران دەسەڵاتی هەیە كارەكانی بكات و لەدوای ئەوە ماوەكەی تەواو دەبێت.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت" پەرلەمان مافی ئەوەی هەیە كە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمسیۆن بكات و داوایان لێ‌ بكات كە پشت بە سیستمی هەژماری ئەلكترۆنی یان بژاردنی دەستی دەنگەكان ببەستن"

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە " پەرلەمان دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی نیە، چونكە لەیاسای هەڵبژاردنی بەركاردا ئاماژە بەو حاڵەتانە نەكراوە كە بەهۆیەوە هەڵبژاردن هەڵدەوەشێتەوە، چ بەهۆی كەمی رێژەی بەشداریەوە بێت یان ئەو پێشێلكاریانەی ئەنجامدراون"


ئەمڕۆ پێنج شەممە 81 ئەندامی پەرلەمانی عێراق داوایەكیان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردوە بەمەبەستی گرێدانی كۆبونەوەیەكی نائاسایی بۆ بانگهێشتی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بەهۆی حاڵەتەكانی تەزویر و شیواندنی راستیەكان و كەمی بەشداریكردنی خەڵكی عێراق لە هەڵبژاردنەكاندا"


لە نوسراوەكەدا هاتوە" پشت بەست بە مادەی 58 لە دەستوری عێراق، ترسی ئەوە لەئارادایە وڵات بەرەو گێژاوێكی نادیار بڕوات بەهۆی ئەنجامە كارەسات ئامێزەكانی هەڵبژاردنەوە كە لە هەڵبژاردنی 2018 كەوتۆتەوە لە تەزویر و شیواندنی راستیەكان و بەشدارینەكردنی گەلانی عێراقی لە هەڵبژاردنەكەدا"
هەروەها چەندین لایەنی سیاسی عێراقیش داوای دوبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنیان كردوە لەوانە هاوپەیمانی وەتەنیەی ئەیاد عەلاوی و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی.

هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەڵێن" یاری بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە كراوە لەلایەن كۆمسیۆنەوە"

بەپێی هەواڵێكی سایتی بغدا الیوم، ریِژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا لە نزمترین ئاستدا بوە و بەپێی زانیاری هەندێك ناوەندی جیهانی نەگەیشتۆتە 16%-19% ی ئەوكەسانەی مافی دەنگدانیان هەبوە"

ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆن 44%ی عێراقیەكان بەشداری هەڵبژاردنەكەیان كردوە.

هەروەها لە هەرێمی كوردستانیش شەشە لایەنی سیاسی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیان رەتكردۆتەوە و راینگەیاندوە تا ئەوكاتەی دەنگە راستەقینەكانیان بۆ دەگەڕێتەوە بایكۆتی پرۆسەی سیاسی عێراق دەكەن و كورسیەكانیان بە چۆڵی دەهێڵنەوە.

لەلایەكی دیكەوە هەر ئەمڕۆ نێردەی نەتەوەیەكگرتوەكان لە عێراق، یان كۆبیش بەیانامەیەكی دەركردوە و داوادەكات كۆمسیۆن لێكۆڵینەوە لە سكاڵاكان بكات و ڕێگەبدرێت بەشێوەی جوزئی ئەژماری دەستی دەنگەكان بكرێتەوە.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری