پارێزگاری سلێمانی داوای لێكۆڵینەوە لەبەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆن دەكات

پارێزگاری سلێمانی توڕەیە

پارێزگاری سلێمانی داوای لێكۆڵینەوە لەبەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆن دەكات

1888 خوێندراوەتەوە


پارێزگاری سلێمانی ، داوای دروستكردنی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆن دەكات و هۆشداریش دەداتە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە ئەگەری" بەریەكەوتنی سیاسی و كۆمەڵایەتی" لەشاری سلێمانی بەهۆی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەوە

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە نامەكەدا باس لەكەمترخەمی و خەمساردی هەندێك كەسی ناو كۆمسیۆن دەكات بەتایبەتی ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆن كە دۆخێكی نەخوازراویان دروستكردوە.

نامەكەی پارێزگاری سلێمانی بۆ كۆمسیۆن هەڕەشە ئامێزە و لەنیوانی دێڕەكانیدا چەندین مانای لەخۆگرتوە كە ئاماژە بەتەقینەوەی دۆخی ئەمنی و سیاسی دەكەن لەحاڵەتی پشتگوێخستنی سكاڵاكاندا.

ئەمەش دەقی نامەكەیە:

نامه‌یه‌كی خێرا بۆ؛
كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق

به‌ناوی خودای مه‌زنی میهره‌بان
- هاووڵاتیانی كوردستان و عێراق..
- نوێنه‌رایه‌تیی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستاندا..
- ڕێكخراوه‌ ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان..
- سه‌رجه‌م باڵیۆزخانه‌و كونسڵخانه‌كانی وڵاتان له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستاندا..

ئێمه‌ له‌ پارێزگای سلێمانی، بێلایه‌نانه‌و یاساییانه‌و ئیدارییانه‌و به‌رپرسانه‌و ده‌وڵه‌تییانه‌، چاوه‌ڕوانی به‌ڵێن و لێدوانه‌ ڕه‌سمییه‌كانتان بووین ده‌رهه‌ق به‌و هه‌موو گومان و كه‌مته‌رخه‌میی و ساخته‌كارییانه‌ی له‌ ئه‌نجامی ده‌نگی ده‌نگده‌رانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕۆژی 12/5/2018كرابوون، به‌ڵام به‌نیگه‌رانییه‌كی زۆره‌وه‌ سوربوونی خۆتان له‌سه‌ر ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌به‌راییه‌كان و گوێنه‌دان به‌ نووسراوه‌ ڕه‌سمیی و تانه‌و سكاڵاكان دووپاتكرده‌وه‌، له‌ بری ڕه‌واندنه‌وه‌ی گومانه‌كان، پانتایی گومانه‌كانتان زیاتركرد.

،،

كه‌مته‌رخه‌میی و خه‌مساردیی و بێباكیی هه‌ندێك له‌ كه‌سانی ناو كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق و ئۆفیسه‌كانی كۆمسیۆن له‌هه‌ندێك شوێن، دۆخێكی مه‌ترسیداریی نه‌خوازراویان هێناوه‌ته‌كایه‌وه‌.


له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌ڕونیی و ڕاشكاویی پێتان ڕاده‌گه‌یه‌نین، كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌ركی یاسایی به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ ئه‌ستۆی ئێوه‌دا بێت، ئه‌وا ئه‌ركی پاراستنی هاووڵاتیان و ئاسایش و ئارامیی و ژیان و شكۆو ماف و ده‌نگ و زه‌مینه‌ی به‌شداریكردنیان له‌ ئه‌ستۆی ئێمه‌دایه‌، له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ كه‌مته‌رخه‌میی و خه‌مساردیی و بێباكیی هه‌ندێك له‌ كه‌سانی ناو كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق و ئۆفیسه‌كانی كۆمسیۆن له‌هه‌ندێك شوێن، دۆخێكی مه‌ترسیداریی نه‌خوازراویان هێناوه‌ته‌كایه‌وه‌.


بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌مانه‌؛ داوای لێكۆڵینه‌وه‌ی خێراو ڕوون و یاساییانه‌ له‌ ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و له‌ ئه‌نجامه‌كانی ده‌نگدان ده‌كه‌ین و داوا ده‌كه‌ین سكاڵای لایه‌نه‌كان به‌هێند وه‌ربگیرێن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ مانایه‌ك بۆ ده‌نگی ڕه‌وای خه‌ڵك و بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و بۆ سیستمی دیموكراسیی و بۆ سه‌روه‌ریی یاسا نامێنێته‌وه‌و ئه‌م ناوچه‌یه‌ ڕوبه‌ڕوی قه‌یرانگه‌لێكی سه‌خت و دژوارو ئاڵۆزتر ده‌بێته‌وه‌، متمانه‌ی خه‌ڵك به‌ دامه‌زراوه‌ ده‌ستوریی و ده‌وڵه‌تییه‌كان نامێنێت، زه‌مینه‌ی به‌ریه‌ككه‌وتنی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌هێنێته‌كایه‌وه‌.


گۆڕینی ده‌نگی ڕه‌وای خه‌ڵك و قه‌باره‌ی قه‌واره‌كان و نوێنه‌رایه‌تیی كاندیداكان، گۆڕینی شادیی هاووڵاتیان به‌شین، سه‌ركه‌وتن به‌ كه‌وتن، ئاشتیی به‌ شه‌ڕ، ڕاستیی به‌ ساخته‌، تاوانگه‌لێكی گه‌وره‌ن، ڕێ بۆ دوباره‌بونه‌وه‌ی هاوشێوه‌ی په‌لاماردانه‌ ناڕه‌واكان بۆ سه‌ر باره‌گای سه‌ره‌كیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كانی تر، خۆشده‌كه‌ن.

،،

بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌مانه‌؛ داوای لێكۆڵینه‌وه‌ی خێراو ڕوون و یاساییانه‌ له‌ ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و له‌ ئه‌نجامه‌كانی ده‌نگدان ده‌كه‌ین و داوا ده‌كه‌ین سكاڵای لایه‌نه‌كان به‌هێند وه‌ربگیرێن،


بۆیه‌ پێویسته‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق؛ به‌خێرایی كۆتایی به‌ گه‌مه‌ی ده‌نگه‌كان بهێنێت، یان به‌ده‌ست ئه‌ژماریانبكاته‌وه‌، یان كۆپیی وێنه‌ی ده‌نگی ده‌نگده‌ران بداته‌ قه‌واره‌ به‌شداربووه‌كان.


هه‌ر لێكه‌وته‌یه‌كی خراپ و نه‌خوازراو له‌م پرۆسه‌یه‌ بكه‌وێته‌وه‌، به‌ر له‌هه‌ر لایه‌نێكی گلاو له‌م لادانانه‌، كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق به‌رپرسیاره‌.


له‌گه‌ڵ ڕێزدا..

د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر
پارێزگاری سلێمانی
17/5/2018

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری