ئێران، ڕاپەڕین بە بەبێ ڕابەرێكی گەورە

خۆپیشاندانەكانی ئێران شۆڕشێك بەناوی هێلكەوە

ئێران، ڕاپەڕین بە بەبێ ڕابەرێكی گەورە

2061 خوێندراوەتەوە

ئەم ڕۆژانەی كە ئێران بە مانگی (دەی) یاخود (بەفرانبار)دا تێپەڕ دەبێت خۆپیشاندانی گەورەو بەرفراوان بەخۆیەوە دەبینێت، گرانیی نرخی كاڵاو خۆراك و بێكاریی داینەمۆی ئەم شۆڕش‌و خۆپیشاندانە جەماوەرییەیە كە سەرانسەری ئێرانی گرتووەتەوە.


ئێران لەم مانگەدا بیرەوەریی دیكەی هەیەو تەوقیتەكە دووبارە بووەتەوە، ساڵی 1978 لەم مانگەدا شۆڕشی گەلانی ئێران تەواو كڵپەی سەندبوو، محەمەد ڕەزاشای پەهلەوی بەتەنیا لە گۆڕەپانەكەدا خۆی دەبینییەوە، نە جەماوەری هەبوو، نە دۆستی دەرەكیشیی مابوو.


فەرەیدوون هوەیدا كە برای ئەمیرعەباسی هوەیدا سەرۆك وەزیرانی پێشووتری ئێران و دۆستی كۆنی شایە، لە كتێبەكەیدا (سقوگ شاه) دەڵێت: "شەوی 31ی دیسبەمبەری 1978 جیمی كارتەری سەرۆك كۆماری ئەمریكا لە میانەی گەشتەكەیدا لە هیندستانەوە هاتە تاران تا شەوی سەری ساڵ لە كۆشكی نیاوەران بە میوانداریی شا بەڕێ بكات، لەو ماوە كەمەی مایەوە وتی شا خۆشەویستی ناو خەڵكی ئێرانەو گەل زۆریان خۆش دەوێت. كەچی ساڵێكی نەبرد خەڵك لێی ڕاپەڕین، نە خەڵك خۆشی ویست‌و نە ئەوانیش پشتیگرییان كرد.

،،

ئەوەى حكومەتی ئێرانی تۆقاندووە ئەوەیە ئەم خۆپیشاندانە یەكەم كاتەكەی هەمان كاتی شۆڕشی گەلانی ئێرانە دژی شا، هەروەها سەرتاسەریی وڵاتەكەیشی گرتووەوە، واتا لە ڕووی كات و شێوەوە ڕێك لەوەی 1978 و 1979 دەچێت.


ڕاپەڕین شای ناچاركرد ئاڵوگۆڕی حكومەتەكەی كرد شاپوور بەختیاری نەیاری حكومەتی شاهەنشایی كردە سەرۆكوەزیران و سەرۆكوەزیرانی پێشووتر (هوەیدا)ی خستە بەندیخانەوە، وایدەزانی ئەوە ئاو بەئاگرەكەدا دەكات و كۆتایی بە هەمووشت دێت.


هەر ئەمڕۆژانە ئێرانییەكان یادێكی دیكش دەكەنەوە، ئەویش یادی خۆپیشاندانە بەردەوامەكەی لایەنگرانی میرحوسێن موسەویی‌و مەهدی كەڕووبییە كە ساڵێكی خایاندو هیچ ئەنجامێكی لێسەوز نەبوو، تەنانەت حكومەت هەردوو كاندیدكەی سەرۆكایەتی ئێران و پیاوی گەورەی وڵات (موسەوی و كەڕوبی) دەستبەسەر كردو تا ئێستاش لەماڵەكەی خۆیاندا دەستبەسەرن.


ئیحسان نەراغی نووسەرو دۆستی نزیكی شای ئێران و یەكێك لە دۆستانی ساواك لە كتێبەكەی خۆیدا (از كاخ شاه تا زندان اوین) دەڵێت خۆپیشاندان فشارێكی وای بۆ شا هێنابوو كە بە منی گوت وەرە لای ئەم پەنجەرەیە گوێ بگرە، گوێم لێبوو دەنگی خۆپیشاندەران دەهاتە ژووری شا كە درووشمیان دژی شا دەگوتەوە. هەروەها ناوبراو دەڵێت:" كاتێكمان زانی كارەبای كۆشكی شا كوژایەوە، چونكە فەرمانبەرانی كارەباش مانیان گرت، ئیتر كۆشكی نیاوەران نوقمبوو لە تاریكییدا، ناچاربوون بە مۆلیدە كۆشكیان ڕووناك كردەوە.


بەراوردی ئێستاو ڕابردووی هەردوو حكومەتەكەی ئێران:

ئەگەر ئێستای ئێران و حكومەتەكەی بە سەردەمی پەهلەوی و پاشاكەی بەراورد بكەین دەبینین لە زەمان و هەڵچوونی خۆپیشاندەران و فشاری دەرەكییدا لێكچوونێكی زۆر هەیە، بەڵام هێزی كۆماری ئیسلامیی و حكومەتی پاشایی جیاوازیی زۆریان هەیە. ئەوەتا لەگەڵ ئەو دۆخە خراپەی ئێستای ژیان و گوزەرانی خەڵكدا بەڵام دەوڵەت لایەنگریی زۆری هەن و لەهەمان ڕۆژدا كە خەڵك دژی حكومەت خۆپیشاندان دەكەن، ئەوانیش ڕێپێوان دەكەن و یادی ڕۆژی 9ی بەفرانبار، واتا دووپاتكردنەوەی وەفا بۆ دەوڵەتی ئێستای ئێران دەكەنەوە.


جیاوازییەكی سەیر هەیە لە ژیانی ئەوساو ئیستای خەڵك، ئەوسا خەڵك ژیانیان زۆر باشبوو، باری ئابووریی ئێران لە دۆخێكی بەرز و باشتردابوو، بەڵام گەندەڵی و سەركوتكردن هەبوو.


ئێستا گەندەڵی و سەركوتكردنی نەیار هەر هەیەو ژیانی خەڵك و باری ئابوورییش لەوپەڕی خراپییدایە، لەگەڵ ئەوەی بێزاریی زۆر هەیە و نێوانی خەڵك و حكومەت زۆر بچڕاوە، كەچی ڕابەری ئێران و حكومەتەكەی لایەنگری زۆریان هەیە. ئەمەیان فاكتەری ئایدۆلۆژیایە كە خاڵی مانەوەی كۆماری ئیسلامیی و ڕژێمەكەیەتی.

،،

ئێستا گەندەڵی و سەركوتكردنی نەیار هەر هەیەو ژیانی خەڵك و باری ئابوورییش لەوپەڕی خراپییدایە، لەگەڵ ئەوەی بێزاریی زۆر هەیە و نێوانی خەڵك و حكومەت زۆر بچڕاوە، كەچی ڕابەری ئێران و حكومەتەكەی لایەنگری زۆریان هەیە

 

ئایا مێژوو دووپات دەبێتەوە

هێشتا زووە حوكمی ئەوە بدەین و خوێندنەوەی كات و دەرفەتی زیاترمان دەوێت، بەڵام بە ڕامان و شرۆڤەی هێز و تواناو سیاسەتی حكومەتی ئێران و ناوچەكە دەتوانین هەندێ دیوی تاریكی ڕوون بكەینەوە.


لە 1979 شا ناچاربوو ئێرانی بەجێهێشت و هەمان ڕۆژ ڕۆژنامەكان هەواڵەكەیان كردە مانشێت و گڕیان لە جەماوەر بەردا. ئەو ماوەیەی خۆپیشاندان درێژەی هەبوو بە ئاشكرا میدیاكانی ئێران پشتی شایان دەشكاندو هەواڵەكانیان لایەنگریی تەواوبوو بۆ شۆڕشگێڕان.


بەڵام ئێستا جگە لە تۆڕی ئینتەرنێتێكی لاوازی ناوخۆ هیچ میدیایەكی ناوخۆیی نییە ئاگرەكە خۆشتر بكات، بەپێچەوانەوە ئێران دەیان كەناڵی ئاسمانیی هەیە و ڕووماڵی خۆیان دەكەن.


سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان ئەوەندەیان درۆ لەگەڵ نەیارانی دەوڵەتی ئێران كردووە، كە خەڵك وادەزانن ئەمەش سیاسەتەو بە قازانجی دەوڵەت دەشكێتەوە، بۆیە ئەمجارەیان بەپێچەوانەی سەردەمی پاشایی خەڵك هەست دەكەن جەماوەر هەمیشە لەگۆڕەپانەكەدا بەتەنیا بەجێ دەهێڵرێت و وڵاتانی بەرژەوەندیخواز پەلی بەرپرسانی ڕژێم دەگرن و لە گێژاو دەربازی دەكەن.


گەلانی ئێران ئەزموونێكی تاڵی تریان لەخۆپیشاندانی گەورەی سەرتاسەریی هەیە كە دژی كۆماری ئیسلامیی كردیان و ساڵێك لەو سەرشەقامانە ئاگریان كردەوەو دروشمیان گوتەوە، كەچی سەرئەنجام بەدیارچاوی دنیاوە سەركوت كران.
پەیامی ئەمجارەی خۆپیشاندانەكانی ئێران


ئەمجارەیان خۆپیشاندانەكە دەوڵەتی ئێرانی تۆقاندووە بەوەی لە ناو شاری مەشهەدو قوم گەرمرترین خۆپیشاندان هەیە، لەكاتێكدا ئەم دوو شارە ڕۆڵی سەرەكییان هەبوو لە دەرپەڕاندنی محەمەد ڕەزاشای پەهلەوی و هێنانەوەی خومەینی لە فەڕەنساوە بۆ تاران، كەچی لە شاری قوم كە بنكەی سەرەكیی مەزهەبییەو قوتابخانەی پێگەیاندنی كادری سیاسیی و شەرعیی ڕژێمە، گوترا:" شەی شاهی ئیران، وەگەڕێ بۆ ئێران. ڕەزاشای ئێران دروود بۆتۆ.


ئەمە كاربەدەستانی ئێرانی تووشی شۆك كرد، بۆیە جارێكی تر دەبێت بەخۆیاندا بچنەوەو سووكایەتیكردن بە كابینەی ئیسڵاحییەكان و لەمپەر دروستكردن بۆ سەركەوتنی سیاسەت و بەرنامەی حكومەتی ڕیفۆرمخوازن، مەرگی كۆماری ئیسلامییشی پێیە و هەردووكیان پێكەوە دەسووتێنێت.

،،

 ئەوەی كە زۆر جێگەی نائومێدییە بۆ هەموو ئێرانییەكان، ئەوان دەیانەوێت حكومەتی ئێستا بەو هەموو هێزەی كە هەیەتی وڵاتانی زلهێز بیڕووخێنن، كەچی ئەوانیش سپاردوویانە بە خۆپیشاندان و ڕاپەڕینی جەماوەری. هەمووشیان دەزانن حكومەتێكی وا بەهێز بە خۆپیشاندان ناڕووخێت و نیشانەی هێشتنەوەی ڕژێمەكەیە.


پەیامێكیتر ئەوەیە جۆرێك لە نوكتەو فشقیات باڵی بەسەر خۆپیشاندانەكاندا كێشاوەو بەناوی گرانبوونی هێلكە دەستیان پێكردو دروشمێكی گاڵتەئامێزیان بەرزركردەوە.


ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دواوە دروشمی لیستەكەی میرحوسێن موسەوی (مرگ بر سیب زەمینە)بوو، كە واتا مردن بۆ پەتاتەو ژیانتان دەگۆڕین بۆ باشتر، ڕەنگە تۆزێك هاوسۆزیی ئەوەی پێوە ببیرنێت و لەژێر هەمان بیروبۆچووندا بەرزكرابێتەوە.


خاڵێكی تر كە حكومەتی ئێرانی تۆقاندووە ئەوەیە ئەم خۆپیشاندانە یەكەم كاتەكەی هەمان كاتی شۆڕشی گەلانی ئێرانە دژی شا، هەروەها سەرتاسەریی وڵاتەكەیشی گرتووەوە، واتا لە ڕووی كات و شێوەوە ڕێك لەوەی 1978 و 1979 دەچێت.


ئێران دەستی خستووەتە ناو وڵاتانی دوور و نزیكەوەو هەمووی شێواندووە، بۆیە ئەمڕۆ سعوودیەو ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی بە ئاشكرا پێشوازییان لەو خۆپیشاندانە جەماوەرییە كرد. ئەمەش پەیامە بۆ ئێران كە كاردانەوە ببینێت.


خوێندنەوەیەكیتر ئەوەیە كە زۆر جێگەی نائومێدییە بۆ هەموو ئێرانییەكان ئەوان دەیانەوێت حكومەتی ئێستا بەو هەموو هێزەی كە هەیەتی وڵاتانی زلهێز بیڕووخێنن، كەچی ئەوانیش سپاردوویانە بە خۆپیشاندان و ڕاپەڕینی جەماوەری. هەمووشیان دەزانن حكومەتێكی وا بەهێز بە خۆپیشاندان ناڕووخێت و نیشانەی هێشتنەوەی ڕژێمەكەیە.


فەرەح پەهلەوی شاژنی پێشووی ئێران لە فەڕەنساوە پەیامێكی بۆ پشتگیری بڵاوكردووەتەوە و هەرچی ڕەخەنە لەو حكومەتەی دەگرێت، هەمووی لە دەوڵەتەكەی خۆیاندا هەبوو، بۆیە بێئومێدبوونە بۆ خۆپیشاندەران كە سەرێكی پاك و بەهێز نییە پێشڕەوییان بكات.


شاژنی پێشووی ئێران لەوپەڕی دنیا و بە ئاوارەییشەوە ددان بە مافی هیچ نەتەوەیەكی ئێراندا نانێت و لە پەیامەكەیدا دەڵێت: ئاواتم یەكپارچەیی خاكی ئێرانە.
نوكتەیەكیش لەناو ئێرانییەكاندا بڵاوكرابووەوە كە ئەم ماوەیە لە ئیسپانیا فیستیڤاڵی شەڕە ئارد و هێلكە بەڕێوەچوو، دەیانگوت: ئەگەر ئەو هێلكانەیان بدایە بە ئێران ئیتر كێشەكە چارەسەر دەبوو.


بۆیە ئەم هەڵوێستە لاوازانەی نەیارانی ئێران هۆكارێكە سەرئەنجام شۆڕشەكە ببێتەوە بە شۆڕشی هێلكەو مریشكەكەش هەموویان بخاتەوە ژێر پەڕ و باڵی خۆیەوە.

 

author photo

نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوس، ئه‌زمونى 17 ساڵ كارى ڕۆژنامه‌وانى