ژیان‌ و وێستگه‌ سیاسییه‌كانى عادل موراد

کوردێکی شیعە لە ناو دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی دا

ژیان‌ و وێستگه‌ سیاسییه‌كانى عادل موراد

3721 خوێندراوەتەوە

له‌ناوه‌ڕاستى ساڵانى شه‌سته‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردوودا یه‌كێك له‌ قوتابییه‌ دیاره‌كانى كورد ده‌بێت له‌ زانكۆى به‌غدادو له‌پاش كوده‌تاكه‌ى ساڵى 1968ى حیزبى به‌عس، واز له‌ خوێندنى زانكۆ دێنێت‌و په‌یوه‌ندى به‌ شۆڕشى ئه‌یلووله‌وه‌ ده‌كات‌ودواى به‌یاننامەى ( 11)ى ئازارو ڕێكه‌وتنى نێوان سه‌ركردایه‌تى شۆڕى ئه‌یلول‌و حكومه‌تى به‌عس، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خوێندن‌و ده‌شبێته‌ سكرتێرى یه‌كێتى قوتابیانى كوردستان‌و ئه‌ندامى لیژنه‌ى مه‌ركه‌زى لقى به‌غدادى پارتى دیموكراتى كوردستان.
عادل موراد، ساڵى 1949 له‌ شارى به‌غداد له‌ دایكبووه‌و به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر كورده‌ فه‌یلییه‌كان، خوێندنى سه‌ره‌تایی له‌ خوێندنگه‌ كوردییه‌ فه‌یلییه‌كان‌و قۆناغى ناوه‌ندى‌و ئاماده‌یشیی له‌ به‌غداد ته‌واو كردووه‌و له‌ ساڵى 1966 له‌ كۆلێژى زانستى زانكۆى به‌غداد به‌شى كیمیا وه‌رده‌گیرێت‌و له‌ وماوه‌یه‌دا سه‌رپه‌رشتى به‌شێك له‌ ڕێكخستنه‌كانى به‌غدادى پارتى ده‌كات‌و دواى ئاشكرابوونى ڕێكخستنه‌كان، واز له‌ خوێندن دێنێت‌و ڕوو له‌ شاخ ده‌كات‌و ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌و له‌ پێشمه‌رگایه‌تیشدا بووه‌ته‌ ئه‌ندامى ناوچه‌ى (باڵه‌ك)ى پارتى.
پاش ڕاگه‌یاندنى 11ى ئازارى ساڵى 1970 له‌ كۆنگره‌ى یه‌كێتى قوتابیاندا به‌ سكرتێر هه‌ڵده‌بژێردرێت‌و هاوكات به‌پێى خاڵه‌كانى به‌یاننامه‌كه‌ش كه‌ ده‌بوو جێگرى لێپرسراوى ڕێكخراوه‌ پیشه‌ییه‌كانى عێراق كورد بێت، بۆیه‌ ئه‌و پۆسته‌ ده‌درێته‌ عادل موراد.
پاش هه‌ره‌سهێنانى شۆڕشى ئه‌یلوول ده‌چێته‌ ئێران‌و پاش كه‌متر له‌ ساڵێك، ئێران جێده‌هێڵێت‌و ده‌چێته‌ سووریاو هه‌ر له‌وێ په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ مام جه‌لالدا دروستده‌كات.

،،

عادل موراد پاش هه‌ره‌سهێنانى شۆڕشى ئه‌یلوول ده‌چێته‌ ئێران‌و پاش كه‌متر له‌ ساڵێك، ئێران جێده‌هێڵێت‌و ده‌چێته‌ سووریاو هه‌ر له‌وێ په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ مام جه‌لالدا دروست ده‌كات.

dcf
عادل موراد، یەکەم کەس لای چەپ 


ئه‌و له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ( مام جه‌لال‌و نه‌وشیروان مسته‌فاو فواد مه‌عسوم‌و كه‌مال فوادو عومه‌ر شێخ موس‌و عه‌بدولڕه‌زاق عه‌زیز فه‌یلى) یه‌كێك له‌ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌رانى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستانه‌.
سه‌باره‌ت بوونى به‌یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانى ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌رى یه‌كێتى مام جه‌لال له‌ به‌رگى دووه‌مى كتێبى ( دیدارى ته‌مه‌ن)دا ده‌ڵێت:" له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌وڵمدا سیغه‌ى جه‌لالى‌و مه‌لایی له‌ یه‌كێتییه‌وه‌ دور بێت، واته‌ سیغه‌یه‌كى هاوبه‌شبێت كه‌ هه‌موو لایه‌ك بگرێته‌وه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش هه‌وڵمدا عادل مورادو دكتۆر فواد مه‌عسوم قانع بكه‌م كه‌ بێنه‌ ناو ئه‌و ڕێكخستنه‌ تازه‌یه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌وان خه‌تى كۆنى مه‌لایی بوون".
له‌ ساڵى (1978) دا، عادل موراد له‌گه‌ڵ فواد مه‌عسوم‌و ئه‌حمه‌د بامه‌ڕنى به‌نوێنه‌رایه‌تى یه‌كێتى له‌ (پاریس)ى پایته‌ختى فه‌ره‌نسا سه‌ردانى خومه‌ینى ده‌كه‌ن.
كاتێك مام جه‌لال ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كوردستان‌و له‌ 12- 9- 1977 سه‌ركردایه‌تییه‌كى یه‌كگرتوو له‌هه‌رسێ باڵه‌كه‌ى یه‌كێتى ( خه‌تى گشتى- كۆمه‌ڵه‌- بزوتنه‌وه‌) دروستده‌كرێت، عادل موراد كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى وڵات ده‌بێت، له‌سه‌ر حسابى (خه‌تى گشتى) ده‌بێته‌ ئه‌ندامى سه‌ركرایه‌تى یه‌كێتى.
پاش سه‌فه‌رێكى دورو درێژ بۆ وڵاتانى رۆمانیاو بولگاریاو ئه‌ڵمانیاو هۆڵه‌نداو له‌ساڵى 1979 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كوردستان‌و له‌ ناوزه‌نگ ده‌گیرسێته‌وه‌.
له‌ مانگى شوباتى ساڵى 1979 وازى له‌ یه‌كێتى هێناو گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ سوریاو له‌ ڕۆژنامه‌ى (سه‌فیر)ى لوبنانى ده‌ستى به‌كارى رۆژنامه‌نووسى كرد.

،،

مام جه‌لال له‌ به‌رگى دووه‌مى كتێبى ( دیدارى ته‌مه‌ن)دا ده‌ڵێت:" له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌وڵمدا سیغه‌ى جه‌لالى‌و مه‌لایی له‌ یه‌كێتییه‌وه‌ دور بێت، واته‌ سیغه‌یه‌كى هاوبه‌شبێت كه‌ هه‌موو لایه‌ك بگرێته‌وه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش هه‌وڵمدا عادل مورادو دكتۆر فواد مه‌عسوم قانع بكه‌م كه‌ بێنه‌ ناو ئه‌و ڕێكخستنه‌ تازه‌یه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌وان خه‌تى كۆنى مه‌لایی بوون".

df
عادل موراد کاتی نەخۆشیەکەی ـ ئەڵمانیا ـ ئایاری ٢٠١٨


له‌ 6- 8- 1979 بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالستى لیژنه‌ى ناوه‌ندى هه‌ڵده‌بژێرێت‌و ( ڕه‌سوڵ مامه‌ندو مه‌حمود عوسمان‌و عادل مورادو تایه‌رى عه‌لى والى‌و عه‌دنان موفتى) ده‌بنه‌ ئه‌ندامى لیژنه‌كه‌، له‌ كۆنگره‌ى یه‌كه‌مى حیزبى سۆسیالستى یه‌كگرتووى كوردستاندا كه‌ له‌ 12- 5- 1981دا به‌سترا، عادل موراد له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ( ڕه‌سووڵ مامه‌ندو مه‌حمود عوسمان‌و تایه‌رى عه‌لى والى)دا ده‌بێته‌ لیژنه‌ى سه‌رپه‌رشتیارى كۆنگره‌و له‌ كۆنگره‌كه‌شدا به‌ ( 98) ده‌نگ، زۆرترین ده‌نگى ئه‌ندامانى كۆنگره‌ به‌ده‌ست دێنێت.
سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه‌ زۆرترین ده‌نگى كۆنگره‌ى به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌ڵام له‌پاش كۆنگره‌وه‌و تا ئه‌وكاته‌شى كه‌ له‌ساڵى 1994دا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناو یه‌كێتى، عادل موراد، كه‌مترین ڕۆڵى سیاسى له‌ناو حیزبى سۆسیالستدا گێڕاوه‌، پێده‌چێت به‌شێكى ونبوونى ئه‌و، به‌هۆى كێشه‌كانى نێوان هه‌ردوو باڵى ڕه‌سووڵ مامه‌ندو مه‌حمود عوسمانه‌وه‌ بووبێت كه‌ له‌ناو كۆنگره‌كه‌دا ته‌قینه‌وه‌و به‌شێكیشى په‌یوه‌ندى به‌وه‌وه‌ هه‌بووه‌ كه‌ كه‌متر له‌شاخ بووه‌و له‌وماوه‌یه‌دا زۆرترین كات له‌ سوریا بووه‌.
به‌وته‌ى محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود له‌سه‌رده‌مى شاخدا په‌یویه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى حیزبى سۆسیالست له‌ڕێگه‌ى عادل مورادو مه‌حمود عوسمان‌و عه‌دنان موفتى‌و عه‌بدولخالق زه‌نگه‌نه‌وه‌ بووه‌و ئه‌وانیش له‌و كارانه‌یاندا زۆر سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود ده‌ڵێت:" ئه‌وان ته‌مبه‌ڵ بوون‌و زۆر خوشیان نه‌ده‌دایه‌ كاره‌كان‌و به‌هۆى ناكۆكى نێوانیان‌و جیدى نه‌بوونیان له‌كاره‌كاندا، نه‌ك هه‌ر سوودێكیان بۆ حیزب نه‌بوو، به‌ڵكو زیانى زۆریشیان لێدا".
هه‌ر له‌و قۆناغه‌دا له‌ ڕێگه‌ى عادل مورادو عه‌دنان موفتییه‌وه‌ پاشكۆى ڕۆژنامه‌ى (ڕێبازى ئازادى) كه‌ ئۆرگانى ڕه‌سمى حیزبى سۆسیالست بوو له‌ لوبنان چاپ ده‌كرا.
دوابه‌شى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌سه‌ندكراوى یه‌كێتى له‌ ساڵى 1992دا ئاماژه‌ به‌ به‌ستنى ( پلنیۆم) ده‌كرێت‌و یه‌كه‌مین پلنیۆمى یه‌كێتیش له‌ مانگى یه‌كى ساڵى 1993دا سازده‌كرێت‌و تیایدا بڕیار له‌ یه‌كگرتنى یه‌كێتى له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌ چه‌په‌كانى كوردستان " ئاڵاى شۆڕش‌و حیزبى سۆسیالست" ده‌درێت‌و (10) ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى بۆ یه‌كێتى زیاد ده‌كرێت‌و پاش چوارده‌ ساڵ دابڕانى له‌یه‌كێتى، عادل موراد، هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ( ڕه‌سوڵ مامه‌ندو مه‌لا به‌ختیارو عیماد ئه‌حمه‌دو عه‌دنان موفتى‌و محه‌مه‌د شاكه‌لى‌و به‌هرۆز گه‌ڵاڵى) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناو یه‌كێتى.
له‌ كۆنگره‌ى دووه‌مى یه‌كێتى له‌ ساڵى( 2001) ده‌بێته‌وه‌ به‌ ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى‌و له‌كۆنگره‌ى سێیه‌مى یه‌كێتیش له‌ ساڵى (2010) خۆى ناپاڵێوێته‌وه‌ بۆ سه‌ركردایه‌تى.

،،

له‌ ڕۆژى 31ى ئابى 1996دا كه‌ پارتى به‌پشتیوانى حیزبى به‌عس یه‌كێتى له‌ هه‌ولێرو به‌شێكى زۆرى كوردستان وه‌ده‌رنا، عادل موراد له‌گه‌ڵ دكتۆر كه‌مال فواددا له‌هه‌ولێر جێده‌مێنێت، خۆى ده‌ڵێت:" ڕۆژى ڕه‌شى 31ى ئاب من له‌ هه‌ولێر بووم، من‌و ڕه‌حمه‌تى دكتۆر كه‌مال فواد چل ڕۆژ له‌وێ ماینه‌وه‌و پاش گه‌رده‌لوولى تۆڵه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ سلێمانى".

dcv
عادل موراد، د.فواد مەعسوم، دوو ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ی.ن.ک


سه‌باره‌ت به‌ هاتنه‌وه‌ى عادل مورادو ئه‌و سۆسیالستانه‌ى كه‌ له‌گه‌ڵ ڕه‌سووڵ مامه‌نددا بوون بۆ ناو یه‌كێتى، مام جه‌لال ده‌ڵێت:" به‌شى زۆریان سۆسیالسته‌ ڕه‌سه‌نه‌كان بوون به‌ سه‌رۆكایه‌تى ره‌سووڵ مامه‌ند، كه‌ كۆنیش یه‌كێتى بوون، پێیانباشبوو بێنه‌ ناو یه‌كێتییه‌وه‌، ده‌ستیان به‌ گفتوگۆكردو له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى بۆ ئه‌وه‌ى بێنه‌ ناو یه‌كێتییه‌وه‌، هه‌ندێكیان بێلایه‌ن مانه‌وه‌ وه‌كو دكتۆر مه‌حمودو عادل مورادو عه‌دنان موفتى، دواتر عادل مورادو عه‌دنان موفتیش هاتنه‌ ناو یه‌كێتییه‌وه‌، ئه‌وانه‌ى هاتنه‌ ناو یه‌كێتییه‌وه‌ له‌ڕووى فیكرى‌و سیاسى‌و دروشمه‌وه‌ له‌یه‌كێتییه‌وه‌ نزیكتربوون وه‌ك له‌پارتى، هۆیه‌كى تریش ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌وانه‌ كۆن یه‌كێتى بوون".
پاش گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆناو یه‌كێتى، كرایه‌ به‌رپرسى ناوه‌ندى راگه‌یاندنى یه‌كێتى تا ساڵى 2000و پاش ئه‌و ساڵه‌، بوویه‌ لێپرسراوى په‌یوه‌ندییه‌كانى یه‌كێتى له‌ سوریا، پاش ڕووخانى ڕژێمى به‌عس له‌ ساڵى 2003، ماوه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نى حوكمى عێراق، نوێنه‌رى مام جه‌لال بوو.
له‌ ڕۆژى 31ى ئابى 1996دا كه‌ پارتى به‌پشتیوانى حیزبى به‌عس یه‌كێتى له‌ هه‌ولێرو به‌شێكى زۆرى كوردستان وه‌ده‌رنا، عادل موراد له‌گه‌ڵ دكتۆر كه‌مال فواددا له‌هه‌ولێر جێده‌مێنێت، خۆى ده‌ڵێت:" ڕۆژى ڕه‌شى 31ى ئاب من له‌ هه‌ولێر بووم، من‌و ڕه‌حمه‌تى دكتۆر كه‌مال فواد چل ڕۆژ له‌وێ ماینه‌وه‌و پاش گه‌رده‌لوولى تۆڵه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ سلێمانى".
ساڵى 2004 بوویه‌ باڵوێزى عێراق له‌ وڵاتى ڕۆمانیا، ساڵى 2012 كرایه‌ لێپرسراوى ئه‌نجوومه‌نى ناوه‌ندى یه‌كێتى،

عادل موراد، ماوەیەک لەمەوبەر بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشیکی سەردانی ئەڵمانیای کرد و لەو وڵاتە مایەوە، تا ئەوەی لە تەمەنی ٦٩ ساڵی و لە رۆژی هەینی (٢٠١٨.٥.١٨) هەر لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد، میدیاکانی یەکێـتیش بڵاویان کردەوە هەفتەی داهاتوو تەرمەکەی دەگەڕێننەوە و لە کوردستان بەخاک دەسپێردرێت.

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی