ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن ره‌نگه‌ ببێته‌هۆى گۆرینى كاریگه‌رییه‌كانى ئه‌مریكاو ئێران له‌ به‌غداد

ئایا ئه‌نجامه‌ چاوه‌روان نه‌كراوه‌كانى هه‌ڵبژاردن گۆرانكارى له‌ عێراق دروست ده‌كه‌ن؟

ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن ره‌نگه‌ ببێته‌هۆى گۆرینى كاریگه‌رییه‌كانى ئه‌مریكاو ئێران له‌ به‌غداد

783 خوێندراوەتەوە


س. په‌یمانگاى ئه‌مریكى بۆ ئاشتى
و. نیاز نایف

به‌شێوه‌یه‌كى چاوه‌روان نه‌كراو، ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق سه‌ركه‌وتنى سه‌ركرده‌ى شیعه‌كان موقته‌دا سه‌درى لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ به‌ توندى دژایه‌تى بونى كاریگه‌رى هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌مریكاو ئێران ده‌كات له‌ عێراقدا. له‌ كاتێكدا له‌ كامپه‌ینى هه‌ڵبژاردنى ئه‌مجاره‌ زیاتر ته‌ركیزی له‌سه‌ر كێشه‌و گرفته‌كانى خه‌ڵك بوو نه‌ك له‌سه‌ر دابه‌شكارى مه‌زهه‌بى و تائیفى، هه‌روه‌ها رێژه‌ى كه‌مى به‌شداریكردنى خه‌ڵك له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان نیشانده‌رى ئه‌وه‌بوون كه‌ خه‌ڵكى ئه‌و سیستمه‌ سیاسیه‌ى ئێستا ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

 

ئه‌و كێشه‌ سه‌ره‌كیانه‌ چى بوون كه‌ رووبه‌رووى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق بونه‌وه‌، هه‌ڵبژاردن ماناى چیه‌ بۆ وڵاته‌كه‌؟

هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق نیشانده‌رى به‌رده‌وامى دیموكراسیه ناجێگیره‌كه‌و له‌ هه‌مانكاتدا رێگه‌ى به‌رده‌وامبونه‌ به‌ره‌و دیموكراسى له‌ پاش سه‌ركه‌وتنى سه‌ربازى به‌سه‌ر چه‌كدارانى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له‌ عێراق.گرنگه‌ بۆ عێراق كه‌ هه‌ڵبژاردن بوار بداته‌ حكومه‌تێكى گشتگیرى راسته‌قینه‌ كه‌ تواناى هه‌بێت روبه‌رووى دژوارییه‌كان ببێته‌وه‌ له‌ دواى داعش به‌ دابینكردنى ئاسایش، یارمه‌تیدانى زیاتر له‌ ٥ ملیۆن ئاواره‌و راگوێراو به‌هۆى جه‌نگه‌وه‌ بۆ گه‌رانه‌وه‌یان بۆ شوێنه‌كانى خۆیان، بنه‌بركردنى گه‌نده‌ڵى و بنیاتنانه‌وه‌ى شارو شارۆچكه‌ ویرانبوه‌كان و هتد.
زۆرێك له‌ عێراقییه‌كان و ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق وه‌ك ململانێى و كێبركێى نێوان ئه‌مریكا و ئێران ده‌بینن. هه‌روه‌ها كه‌مى رێژه‌ى به‌شدارى و گومان له‌سه‌ر پاكى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌و كێشه‌ سه‌ره‌كییانه‌ن كه‌ هه‌ره‌شه‌ن له‌سه‌ر شه‌رعیه‌تى ده‌نگه‌كان و حكومه‌تى نوێ.

 ،،

زۆرینه‌ى عێراقیه‌كان پێیانوابوو هه‌ڵبژاردن له‌ كۆتاییدا گۆرانێكى كه‌م دروست ده‌كات له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ى هه‌مان پارته‌ گه‌وره‌كان و سه‌ركرده‌كانیان، ئه‌م ره‌شبینییه‌ش مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌یه‌ له‌ سه‌ر ئاشتى و سه‌قامگیرى له‌ عێراقدا

 

كه‌مى رێژه‌ى به‌شدارى چى ده‌گه‌یه‌نێت له‌ روانگه‌ى بڕوابونى عێراقیه‌كان به‌ حكومه‌ته‌كه‌یان؟

كه‌مى رێژه‌ى به‌شدارى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، ٤٤.٥٪، نیشانه‌ى ئه‌وه‌یه‌ عێراقیه‌كان بروایان به‌ سیاسییه‌كانیان نه‌ماوه، هه‌روه‌ك برواشیان به‌وه‌ نییه‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌ركرده‌ى نوێ بهێنێته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ بتوانێت گۆرانكارى له‌ حكومه‌ت و ژیانى ئه‌واندا دروست بكات.

شكستى پێشووى سه‌ركرده‌كان و نه‌بونى گۆرانكارى، ترس له‌ ناسه‌قامگیرى ئه‌منى، گرفته‌ لۆجیستییه‌كان، بونى كه‌مپه‌ین بۆ سارد كردنه‌وه‌ى ده‌نگده‌ران و نه‌بوونى هاندان له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تى كاریكه‌رى ئاینى ئایه‌توڵا عه‌لى سیستانى بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵك ده‌نگ بده‌ن- به‌پێچه‌وانه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى پێشووـ هه‌موو ئه‌مانه‌ هۆكاربوون بۆ كه‌مى رێژه‌ى به‌ژدارى.

زۆرینه‌ى عێراقیه‌كان پێیانوابوو هه‌ڵبژاردن له‌ كۆتاییدا گۆرانێكى كه‌م دروست ده‌كات له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ى هه‌مان پارته‌ گه‌وره‌كان و سه‌ركرده‌كانیان – ئه‌وانه‌ى كه‌ به‌رپرسیاربوون له‌ سیاسه‌تى په‌راوێزخستن، سه‌رهه‌ڵدانى داعش، راگواستنى به‌ كۆمه‌ڵ و وێرانكارى، گه‌نده‌ڵى و زیاتر- ده‌مێننه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات به‌ هه‌مان شێوه‌ى پێشوو. ئه‌م ره‌شبینییه‌ش مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌یه‌ له‌ سه‌ر ئاشتى و سه‌قامگیرى له‌ عێراقدا.

 

موفاجه‌ئه‌ى كه‌سایه‌تى ئاینى شیعه‌كان،

موقته‌دا سه‌در چ مانایه‌ك ده‌به‌خشێت بۆ داهاتووى په‌رله‌مانى عێراق؟


رۆڵى سه‌ركردایه‌تیكردنى سه‌در، ئه‌گه‌ر بتوانێت به‌رده‌وامى پێبدات، پێگه‌یه‌كى به‌هێزى پێده‌به‌خشێت له‌ په‌رله‌مانى عێراقدا. ئه‌مه‌ش چانسى ئه‌وه‌ى ده‌داتێ بۆ دروستكردنى گه‌وره‌ترین كوتله‌ى په‌رله‌مانى بۆ ده‌ستنیشان كردنى سه‌رۆك وه‌زیران و پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ. له‌ زۆرینه‌ى سینایۆكاندا، ئه‌و ده‌توانێت رۆڵ بگێرێت وه‌ك خاوه‌ن بریار.

ئه‌و به‌رده‌وام ئه‌بێت له‌ فشاره‌كانى بۆ چاكسازى، هه‌وه‌ك له‌ ماوه‌ى ساڵانى رابردودا به‌رده‌وام كردویه‌تى. هه‌روه‌ك پشتیوانى ده‌كرێت له‌لایه‌ن بنكه‌یه‌كى جه‌ماوه‌رى چالاكه‌وه‌ كه‌ پێشتر نیشانيداوه‌ كه‌ ده‌توانێت راى شه‌قام بجوڵێنێت. له‌ عێراقدا هاوپه‌یمانێتییه‌كان هه‌میشه‌ ده‌گۆرێن پاش هه‌ڵبژاردن، بۆیه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ى سه‌در ده‌توانێت گه‌شه‌ بكات و به‌هێزتر بێت.

لایه‌نگرانى سه‌در له‌ كاتى خۆشی گێران به‌هۆى سه‌ركه‌وتنیان

 

سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ى سه‌در چیمان پێده‌ڵێت سه‌باره‌ت بة بونى مه‌یلى دژه‌ ئێران له‌ عێراق؟

ئایا رۆڵى تاران ته‌واو بوو؟

ئه‌وه‌ راسته‌ كه‌ سه‌در به‌شێوه‌یه‌كى چاوه‌روان نه‌كراو گه‌شه‌ى كرد و خۆشى به‌دور گرت له‌گه‌ڵ ئێران، به‌ڵام هێشتا جۆرێك له‌ جۆره‌كان په‌یوه‌ندى خۆى پاراستووه‌، هاوكات هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ى به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردن تائیفه‌گه‌رى تێپه‌راندوه‌و نوێنه‌رایه‌تى پێكهاته‌ جیاوازه‌كانى عێراق ده‌كات.
هه‌رچه‌نده‌ هاوپه‌یمانى و حزبه‌كانى كه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پاڵپشتى ده‌كرێن له‌ بارودۆخێكى باشدان. بۆنمونه‌، هاوپه‌یمانى فه‌تح كه‌ نوێنه‌رایه‌تى حه‌شدى شه‌عبى نزیك له‌ ئێران ده‌كات پله‌ى دووه‌مى مسۆگه‌ر كردووه‌ له‌ زۆربه‌ى پارێزگاكاندا به‌پێى ئه‌نجامه‌كانى كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان. ئه‌م زیادبوونه‌ به‌رچاوه‌ى ده‌نگه‌كانى ئه‌و لیسته‌ بواریان ده‌داتێ كه‌ هاوكارى سیاسى و دارایى و یاسایى بۆ حه‌شدى شه‌عبى به‌ده‌ست بهێنن. هه‌رچه‌نده‌ زۆر زووه‌ كه‌ له‌ ئێستاوه‌ كاریگه‌رى ته‌واوى هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ستنیشان بكرێت له‌سه‌ر ئاینده‌ى رۆڵى ئێران.

 ،،

ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كى ئاشكراش ده‌رى نه‌برن، به‌ڵام هێشتا به‌رژه‌وه‌ندى هاوبه‌ش هه‌یه‌ له‌ نێوان سه‌در و ئه‌مریكا كه‌ رێگه‌یه‌ك بدۆزنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆش نه‌بێت

 

ئه‌مریكا چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در ده‌كات؟

ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ى سه‌در بتوانێت حكومه‌ت پێكبهێنێت ئه‌وا دینامیكیه‌تێكى ئاڵۆز بۆ ئه‌ویش و ئه‌مریكاش دروست ده‌بێت.


مێژووى هاوبه‌شى دوژمنایه‌تییان وا ده‌كات زه‌حمه‌ت بێت بۆ هه‌ردولایه‌ن كه‌ پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن.


ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كى ئاشكرا ده‌رى نه‌برن، به‌ڵام هێشتا به‌رژه‌وه‌ندى هاوبه‌ش هه‌یه‌ له‌ نێوان هه‌ردوكیاندا كه‌ رێگه‌یه‌ك بدۆزنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆش نه‌بێت.

ئه‌گه‌ر سه‌در بتوانێت عێراق له‌ ئێران دوور بخاته‌وه‌ (نه‌ك به‌ره‌و ئه‌مریكا یاخود وڵاته‌ سونییه‌كان) بۆ ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر پێى خۆى بوه‌ستێت، ئه‌وه‌ هه‌واڵێكى خۆشه‌ بۆ ئه‌مریكاو وڵاتانى كه‌نداو.


به‌ هه‌مانشێوه‌، هاوكارى ئه‌منى و سیاسى بۆ عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ ده‌رفه‌تى سه‌ركه‌وتنى حكومه‌تى داهاتوو زیاتر ده‌كات، كه‌ كه‌متر پشت به‌ دراوسێكانى ببه‌ستێت كه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن له‌به‌رامبه‌ر هاوكاريیه‌كانیان هه‌يمه‌نه‌ى خۆیان به‌رسه‌ر عێراقدا زیاد بكه‌ن.


ئه‌مریكا پێشتریش ئاماژه‌ى به‌وه‌كردوه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كى باشیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراقداو ده‌خوازن ئه‌وه‌ به‌رده‌وام بێت له‌ پاش هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك وه‌زیرانى نوێ. هه‌روه‌ها سه‌در له‌ ماوه‌ى چه‌ند ساڵى رابردوودا زیاتر كراوه‌ بوه‌ بۆ پشتیوانى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراق. مه‌حاڵ نییه‌ هه‌ردوولا بتوانن خزمه‌تى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى یه‌كتر بكه‌ن.