پارتی بۆچی ڕازی نابێت ڕزگار عەلی ببێتە پارێزگاری كەركوك

كەركوك لەنێوان بەرداشی یەكێتی و پارتیدا دووجار تەسلیم كرا

پارتی بۆچی ڕازی نابێت ڕزگار عەلی ببێتە پارێزگاری كەركوك

3080 خوێندراوەتەوە

پارتی دیموكراتی كوردستان بۆچی ڕازی نابێت رزگار عەلی ببێتە پارێزگاری كەركوك؟ یەكێتی بۆ نەیتوانی لەگەڵ عەرەب و توركمانەكانیش پۆستی پارێزگار وەربگرێتەوە، یەكێتی هیچ هەنگاوێكی تر دەگرێتەبەر بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە، چەندین پرسیاری تر لەم راپۆرتەدا وەڵام دراونەتەوە.


لە ڕۆژی 16 ی ئۆكتۆبەردا هێزەكانی عێراق بەرەو كەركوك پێشڕەوییان كرد و كۆنتڕۆڵی زۆرێك لە ناوچەجێناكۆكەكانیان كرد، هەمان ڕۆژ نەجمەدین كەریم، كە تا ئەو بەروارەش سەرەڕای لەسەر كارلابردنی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە وەك پارێزگار بەردەوام بو، شارەكەی جێهێشتوە و لە هەولێر نیشتەجێ‌ بوو.


لەئێستاشدا لەسەر فەرمانی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت لەلایەن راكان جبوری، كە پێشتر جێگری پارێزگاری كەركوك بو بەڕێوەدەبرێت.

 
یەكێتی و پۆستی پارێزگار
دوای ڕووداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەر یەكێتی زوو كەوتە خۆی تاوەكو پۆستی پارێزگاری كەركوك وەربگرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش رزگار عەلی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ ئەو پۆستە كاندید كرا، بەڵام بژاردەكەی یەكێتی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە ڕەتكرایەوە، ئەوەش گرفتی بۆ یەكێتی دروستكرد، بەوپێیەی زۆرینەی ئەندامانی لیستی برایەتی لە كەركوك لە پارتی دیموكراتی كوردستانن.


ئەم هەڵوێستەی پارتی، یەكێتی ناچار كرد بیر لەوە بكاتەوە لەگەڵ عەرەب و توركمانەكان بگاتە ڕێكەوتن بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك، بەڵام لەم هەوڵەشدا سەركەوتوو نەبو، بەوپێیەی توركمانەكان یەكگرتوو نەبون و بەسەر چەند كوتلەیەكدا دابەش بون، پێكهاتەی عەرەبیش لە ئەنجومەنەكە داواكارییەكانیان لەسەر یەكێتی ڕۆژ بەڕۆژ بەرزدەكەنەوە، ئەوەش لەپێناو ئەوەدا كە دۆخی پارێزگار وەك خۆی بمێنێتەوە و پۆستی پارێزگار لای پێكهاتەی عەرەب بەمێنێتەوە، ئەگەر بە وەكالەتیش بێت.

،،

شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی:

 بۆ ئەوەی شەرمەزاری خەڵكی كەركوك و جەماوەری كوردستان نەبین، پێویستە كەسێك پۆستی پارێزگاری كەركوك وەربگرێت كە دەستی نەبوبێت لە ڕووداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەردا.

 
ناكۆكی پارتی لەگەڵ ڕزگار عەلی چیە؟
پارتی دیموكراتی كوردستان بەشێوەیەكی ئاشكرا لاری لەوە نیە پۆستی پارێزگار بۆ یەكێتی بێت، بەڵام كاندیدەكەی یەكێتی كە رزگار عەلی- یە بەتەواوەتی لای پارتیەوە ڕەتكراوەتەوە، پاساوی پارتیش بۆ ڕەتكردنەوەی ڕزگار عەلی ڕووداوەكانی شانزەی ئۆكتۆبەرە.


شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بە "دیپلۆماتیك" ی ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی شەرمەزاری خەڵكی كەركوك و جەماوەری كوردستان نەبین، پێویستە كەسێك پۆستی پارێزگاری كەركوك وەربگرێت كە دەستی نەبوبێت لە ڕووداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەردا.


وتیشی، رزگار عەلی لەلایەن پارتیەوە قبوڵكراو نیە، بەوپێیەی لەو ڕووداوانەدا دەستی هەبوە و ئیمزای ئەو رێكەوتنەی كردوە كە هێزە عێراقیەكانی هێنا بۆ سەر كەركوك.


ئەو پەرلەمانتارەی پارتی رەتیشیكردەوە وتیشی، جگە لەوەی پێویستە یەكێتی كەسێكی تر كاندید بكات، پێویستە دۆخی كەركوكیش ئاسایی بكرێتەوە، بەوپێیەی تائێستاش ماڵی سەرۆكی لیستی برایەتی لەلایەن حەشدی شەعبیەوە داگیركراوە، تائێستاش ئەندامانی پارتی لە كەركوك دەستگیردەكرێن، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی هێشتا بارەگا حیزبیەكان لەو شارەدا داگیركراون.


لای خۆیەوە رزگار عەلی، كاندیدی یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوك پێشتر لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەی "كوردستانی نوێ‌" ی حیزبەكەیدا رایگەیاندوە، لەو رۆژەوەی هێزەكانی عێراق هاتونەتە كەركوك و دەوروبەری، 14 ئەندامی لیستی برایەتی و 9 ئەندامی لیستی توركمان و 6 ئەندامی لیستی عەرەب دەوام دەكەن و كەسیشیان روبەروی مەترسی نەبونەتەوە، هاوڵاتیانیش بە بیانوی كورد بون دەستگیرنەكراون، بۆیە ئەوانە تەنها پاساون كە باس لە مەترسی لەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی پارێگای كەركوك نائاسایی بونی دۆخی كەركوك دەكرێت.


هەر لەو بارەیەوە ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە یەكێتی، بە ماڵپەڕی "دیپلۆماتیك" ی ڕاگەیاند، پارتی دیموكراتی كوردستان تەنها بیانو دەگرێت تاوەكو ئەو پۆستە بۆ یەكێتی نەبێت، ئەگەرنا بۆ هیچ كێشەیەكیان نیە لە گەڕانەوە بۆ موسڵ لەكاتێكدا لەو پارێزگایە هاوشێوەی كەركوك حەشدی شەعبی هەیە، كەچی پارتی لە ئەنجومەنەكەش بەشدارە و لە ئیدارەی پارێزگاكەش پۆستەكانی وەرگرتۆتەوە.


عەسكەری تەئكیدیشی كردەوە كە یەكێتی دەستبەرداری پۆستی پارێزگار كەركوك نابێت و تەنها كاندیدیشیان بۆ ئەو پۆستە ڕزگار عەلی- یە و ناچنە ژێر باری خواستی پارتیەوە بۆ گۆڕینی كاندیدەكەیان.


هەر لەو بارەیەوە سەرچاوەیەك بە "دیپلۆماتیك" ی وت، كێشەی پارتی لەگەڵ ڕزگار عەلی تازە نیە و لە ساڵی 2005 یشدا كاتێك هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كراوە، پارتی ڕازی نەبوە ڕزگار عەلی سەرۆكی لیستی برایەتی بێت بۆ هەڵبژاردنەكان و بە فشاری ئەمریكیەكان یەكێتی ڕازی كردوە و لەجیاتی رزگار عەلی، عەبدولڕەحمان مستەفا وەك سەرۆكی لیستی برایەتی دیاریكراوە.

،،

ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك :

پارتی دیموكراتی كوردستان تەنها بیانو دەگرێت تاوەكو ئەو پۆستە بۆ یەكێتی نەبێت، ئەگەرنا بۆ هیچ كێشەیەكیان نیە لە گەڕانەوە بۆ موسڵ لەكاتێكدا لەو پارێزگایە هاوشێوەی كەركوك حەشدی شەعبی هەیە


یەكێتی بێ‌ چارە ماوەتەوە
لەئێستادا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هیچ جوڵەیەكی نەماوە بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگار و وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە، دوای ئەوەی لە پارتی بێهیوابو هەوڵیدا لەگەڵ عەرەب و توركمانەكان بگاتە رێكەوتن بۆ تەواوكردنی رێژەی یاسایی دانیشتی ئەنجومەنی پارێزگا، بۆ ئەو مەبەستەش دوو كۆبونەوە بۆ گۆرینی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگار و دانانی پارێزگارێكی نوێ‌ كرا بەڵام لەو كۆبونەوانەدا بەهیچ شێوەیەك ئەو دوو پرسە یەكلا نەكرانەوە و تەنانەت لە كۆبونەوەكاندا ئەو دوو پرسە هەر باس نەكران.


رزگار عەلی، پێش روخانی بەعس، واتە پێش 2003 پۆستی پارێزگاری كەركوكی بەڕێوەدەبرد لەسەر ئیدارەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لەدوای ساڵی 2003 یشەوە چەند ساڵێك لە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا بوە.


بەهۆی ناكۆكیەكانی پارتی و یەكێتیەوە تەنها پۆستی پارێزگار بە بەتاڵی نەماوەتەوە بەڵكو پۆستەكانی قائیمقامی ناوەندی كەركوك و قائیمقامی دوبز و داقوق و بەرێوەبەری ناحیەی سەرگەڕانەش بە بەتاڵی ماونەتەوە، كە پۆستێكیان لە پشكی یەكێتی و سیانیان لە پشكی پارتین، ئەوە جگە لەوەی لەئێستادا بەهۆی ئەوەی پۆستی پارێزگار لای كورد نیە چەندین ناوچەی دەوروبەری كەركوك روبەروی تەعریب بونەتەوە.


لەئێستادا پرسیارەكە ئەوەیە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەچێتە ژێر فشاری پارتیەوە و ڕازی دەبێت بە گۆڕینی رزگار عەلی، یاخود سازشی زیاتر بۆ توركمان و عەرەبەكان دەكات و لەو رێگایەوە پۆستی پارێزگار بەدەست دەهێنێت؟

 

author photo

بەكالۆریۆس لە ڕاگەیاندن 

ئەزمونی ١٢ ساڵ كاركردن لە میدیای نوسراو، بینراو و بیسراو