فازیل بەشارەتی: پارتی هەرگیز نەیوتوە ناگەڕێینەوە بۆ بەغدا

"چیتر پۆستەكانی خۆمان نادەین بەكەس"

فازیل بەشارەتی: پارتی هەرگیز نەیوتوە ناگەڕێینەوە بۆ بەغدا

748 خوێندراوەتەوە

دیداری : بنار هیدایەت


ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی لقی 21 ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە میانەی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ دیپلۆماتیك مەگەزین ئاماژە بەوە دەكات، نزیكترین كوتلەی عێراق پارتی لێوەی نزیك بێت كوتلەی سەدرە.


دیپلۆماتیك مەگەزین: لەدواین سەردانی پارتی بۆ بەغدا دەنگۆكاكان باس لەوەدەكەن ئەگەر هەیە پارتی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم ببێت و پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێت، نهێنی ئاڵوگۆڕی ئەم پۆستە لەچییەوە سەرچاوە دەگرێت؟


فازیل بەشارەتی: مەرج نیە پارتی واز لە پۆستی سەرۆكی هەرێم بهێنێت، ئەوە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانە دەڵێت پارتی جەخت لەوەرگرتنی ئەو پۆستانە دەكاتەوە كە حەقی خۆیەتی یا لەلایەن سندوقەكانی دەنگدانەوە شەرعییەت دراوە بەپارتی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستانە، چونكە پارتی خێرێكی نەبینی لەرابردوو كە پۆستەكانی بەخشی بەلایەنەكانی دیكە ئەوەش لەبەر یەكخستن و رێكخستنەوەی نێو ماڵی كورد بوو و بەڵام هیچ سودێكی لێ نەبینی، جارێكی تر پارتی ناچێتەوە سەر ئەو بیروڕا و قەناعەتەی پۆستەكانی بەلایەنی دیكە بدات، هەر پۆستێك پارتی لەئەنجامی هەڵبژاردن بەدەستیهێناوە خۆی وەریدەگرێت.

،،

پارتی خێرێكی نەبینی لەرابردوو كە پۆستەكانی بەخشی بەلایەنەكانی دیكە ئەوەش لەبەر یەكخستن و رێكخستنەوەی نێو ماڵی كورد بوو و بەڵام هیچ سودێكی لێ نەبینی، جارێكی تر پارتی ناچێتەوە سەر ئەو بیروڕا و قەناعەتەی پۆستەكانی بەلایەنی دیكە بدات


دیپلۆماتیك مەگەزین: دەڵێیت واز لەپۆستی سەرۆكایەتی هەرێم ناهێنێت، كەواتە لەكاتێكدا پۆستی سەرۆك كۆمار وەردەگرن و پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم لەژێر دەسەڵاتی خۆی دەمێنێتەوە؟


فازیل بەشارەتی: بڕوای تەواومان بە بنەمای دیموكراتی و ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان هەیە، ئەوەی دەكەوێتە بەردەم هەڵبژاردن و میللەتی كورد كە ئایا هەڵبژاردنەكان چی بەپارتی دەبەخشێت و چی بەلایەنەكانی تر دەبەخشێت، لە هەڵبژاردن هەر پۆستێك ببەینەوە موڵكی خۆمانە و هەر لایەنێك بردییەوە پیرۆزی بێت.


دیپلۆماتیك مەگەزین: بەڵام پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی هەرێم بەرێكەوتن لەنێوان یەكێتی و پارتی نەبوو؟
فازیل بەشارەتی: ئەوە تەوافوقێكی سەرەتایی و دامەزراندنی پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان بوو لەنێوان پارتی و یەكێتی و یەكێتی لەنێوان جەنابی سەرۆك و جەنابی مام جەلال بەڕەحمەت بێت ئەو پۆستانە بەو شێوەیە دابەشكران، لەئێستادا چونكە پەنا بۆ پرۆسەی دیموكراتییەت و هەڵبژاردنەكان لەهەرێمی كوردستان دەبەین، دەبێت حەق بەو شەرعییەتە بدەین كە لەلایەن میللەتەوە بە لایەنەكان دەدرێت.


دیپلۆماتیك مەگەزین: بەپێی كورسییەكان پۆستی سەرۆك كۆمار موڵكی پارتییە، ئەگەر لەهەڵبژاردنی پەرلەمان پۆستی سەرۆكی هەرێم ببەنەوە هەردووكیان وەردەگرن؟

فازیل بەشارەتی: ئومێد دەكەم نەك تەنها پۆستی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی هەرێم بەڵكو پەنجا+1 بهێنین و سەرجەم پۆستەكانی هەرێم بۆ پارتی بێت، ئەمە سروشتی هەڵبژاردن و دیموكراتیەتە لەهەموو جیهاندا، كەواتە هەڵبژاردن بۆچی دەكەین ئەگەر باپەند نەبین بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و رێز لە رای گەل نەگرین و حورمەت لەپرۆسەی دیموكراتی نەگرین كەواتە هەڵبژاردن بۆچی دەكەین كەواتە خۆمان و خەڵكیش هەڵدەخەڵەتێنین.

،،

 بارزانی داوای بایكۆتی دەنگدانی لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێم كرد بۆ پەرلەمانی عێراق بەقسەیان نەكرد، داوای بایكۆتی دەنگدانی كرد لەناوچە جێناكۆكەكان بەڵام جارێكی تر بەقسەیان نەكرد، ئێستا هەر لایەنێك چەندی دەنگ هێناوە ئەوە ئەنجامی بەشداریكردنی هەڵبژاردنەكانی عێراقە،


دیپلۆماتیك مەگەزین: لە 25 ی ئەیلولی ساڵی رابردوو بارزانی وتی ناگەڕێینەوە بۆ بەغدا، بەڵام جارێكی تر پارتی گەڕایەوە بۆ بەغدا، ئەمە ناشرین بوونی پارتی لەلایەن پارتییەكان و میللەتەوە نیشان نادا؟
فازیل بەشارەتی: نەخێر كاك مەسعود نەیوتووە ناگەڕێینەوە بۆ بەغدا، كاك مەسعود لەناو گەرمەی پرۆسەی هەڵبژاردنی ریفراندۆم وتی دوای بڕیاری گەل لاریمان نیە بۆ گفتوگۆ كردن لەگەڵ بەغدا، ، قەت باسمان لەوەنەكردووە ناگەڕێینەوە بۆ بەغدا.


دیپلۆماتیك مەگەزین: پارتی لەئێستاد لەگەڵ چ لایەنێكی عێراقی نزیكە بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتی؟
فازیل بەشارەتی: ئێمە دانوستانمان لەگەڵ لایەنە براوەكانی عێراق دەبێت، كەسمان دەستنیشان نەكردووە ئەمە دوژمنی پلە یەكمان بێت و ئەوە دۆستی پلە یەكمان بێت، كامیان هاتنە پێشەوە لەلیستە براوەكان بۆ بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان و وەكوو عەبادی و مالیكی دەست نەخەنە قوتی هاوڵاتی كوردستانەوە، ئێمە ئازادین لەدانوستاندن كردن بۆ بەدەستهێنانی مافەكان و بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان.


دیپلۆماتیك مەگەزین: دوای ئەوەی دوێنێ فازڵ میرانی لەبەغدا بوو پارتی لەئێستادا لەچ لایەنێكەوە نزیكە؟
فازیل بەشارەتی: لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان دانوستاندن دەكات بەڵام بەحوكمی هەڵبژاردنەكان لەسەدرەوە نزیكە.


دیپلۆماتیك مەگەزین: پێتان وانیە سەدریش هەمان دووبارەبوونەوەی مالیكی و عەبادیی نەبێت لەوەی هەرسێ لایەنەكە عەرەب و شیعەن؟
فازیل بەشارەتی: سیاسەت پەیوەندی بەكورتی و درێژییەوە نیە، پەیوەندی بەمامەڵەوە هەیە، من وەكوو خۆم  باوەڕم بەهیچ عەقڵ و بەڵێنێكی عەرەب نیە.


دیپلۆماتیك مەگەزین: ئەگەر باوەڕتان بەعەقل و بەڵێنی عەرەب نیە بۆ سەركردایەتییەكەتان ئاگادارناكەنەوە لەوەی ئەم كارە هەڵەیە، یا هاوپەیمانێتییەكی بەهێزی كورد دروستبكەن و یەك كەس و یەك داخوازی بن. ؟
فازیل بەشارەتی: ئەگەر لایەنە سیاسییەكان بەگوێی پارتی و خودی كاك مەسعودیان بكردایە لەزۆر تەنگەچەڵەمە و گرێ كوێرە رزگارمان دەبوو، بارزانی داوای بایكۆتی دەنگدانی لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێم كرد بۆ پەرلەمانی عێراق بەقسەیان نەكرد، داوای بایكۆتی دەنگدانی كرد لەناوچە جێناكۆكەكان بەڵام جارێكی تر بەقسەیان نەكرد، ئێستا هەر لایەنێك چەندی دەنگ هێناوە ئەوە ئەنجامی بەشداریكردنی هەڵبژاردنەكانی عێراقە، بەڵام بابەتی دانوستاندن لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی عێراق بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی گەلی كوردە، ئەگەر نا وەكوو پارتی عاشقی باڵای هیچ سەركردەیەكی پارتی نەبووین.


دیپلۆماتیك مەگەزین: پێشبینیتان هەیە كۆتایی بەقەیرانی دارایی و سیاسیی بێت لەئەگەری پێكهێنانی كابینە لەلایەن سەدرەوە؟
فازیل بەشارەتی: ئومێدی ئەوە دەكەین، چونكە ئەگەر نەیەنە پێشەوە بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان، راستە لەعێراقیش گەندەڵی و دزی و دەستپیسی هەیە، بەڵام ئەگەر نەیەنە پێشەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان، ئەوا پرۆسەی سیاسیی عێراق بەتەواوەتی تێكدەچێت.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك