ئەم چواركەسە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندیدن

ئەم چواركەسە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندیدن

3353 خوێندراوەتەوە

سەرچاوە:  بەشی فارسی سایتی ئەلعەرەبیە

بەپێی هەواڵێكی بەشی فارسی سایتی ئەلعەرەبیە هەریەك لە بەرهەم ساڵح و نێچیرڤان بارزانی و فوئاد مەعسوم و فوئاد حسێن كاندیدی سەرۆكایەتی كۆمارە.

بەرهەم ساڵح چوار ساڵ بەر لە ئێستا كاندیدی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بوو لەگەڵ فوئاد مەعسوم. بەڵام دەنگدانی نهێنی ناو فراكسیۆنی كوردستانی لە بەغدا بوە هۆی دورخستنەوەی بەرهەم ساڵح ،بەهۆی ئەوەی ئەندامە كوردەكانی فراكسيونى هەریەكە لە یەكێتی و پارتی دەنگیان بە فوئاد مەعسومدا كە كاندیدی ماڵی تاڵەبانی بوو. لەبەرامبەریشدا هەریەكە لە گۆڕان و یەكگرتوو كۆمەڵ دەنگیان بە بەرهەم ساڵحدا.

بەرهەم ساڵح سیاسیەكی ناسراوە لەسەر ئاستی عێراق، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارتەكەی گومانی هەیە لە نەزاهەتی هەڵبژاردنەكان و لەگەڵ پێنج لایەنی دیكە ئەنجامەكانیان ڕەتكردەوە. بەوهۆیەشەوە هێشتا گومان هەیە ئەم لایەنانە دان بەئەنجامەكانی هەڵبژاردندا بنێن و بچنە بەغدا.

كاندیدی دوەم كە لەم ڕۆژانەدا بەگەرمی باسی دەكرێت بریتییە لە نێچیرڤان بارزانی.

نێچیرڤان بارزانی بە سیاسیەكی میانەڕەوتر ناسراوە لەچاو مامیدا لەوپرسانەی پەیوەندی بەنیوانی هەرێم و بەغداوە هەیە.

هەرچەندە بەشی زۆری گرژیەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ دەگەڕێتەوە كە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی بڕیاری لێدرا. بەڵام لەدوای ڕیفراندۆم توانی جارێكی دیكە پەیوەندیەكانی نێوان پارتی و حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا بونیات بنێتەوە.

بەپێی سایتی ئەلعەرەبیە نیچیرڤان بارزانی كە لە ئێران لەدایك بوە لەوانەیە تەنها كەسی ناو پارتی بێت كە ئێران لە بونی بەسەرۆك كۆماری عێراق نیگەران نەبێت.

بەڵام نێچیرڤان بارزانی لەم كارەیدا لەبەردەم چەند گرفتێكدایە یەكێكیان پەیوەندی بە جێهێشتنی پۆستی سەرۆكی حكومەتە بۆ ئامۆزاكەی و ئەوی دیكەش پەیوەندی بە نەبونی بڕوانامەی بەكالۆریۆسەوە هەیە كە بەپێی دەستور پێویستە سەرۆكی كۆمار هەڵگری ئەو بڕوانامەیە بێت.

هەروەها بەپێی زانیاریەكانی سایتی ئەلعەرەبیە دوو بەربژێرەكەی دیكە لە یەكێتی و پارتین.


یەكەمیان بریتیە لە فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری ئێستای عێراق و ئەوی دیكەش بریتیە لە فوئاد حسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم كە كەسێكی نزیكە لە مەسعود بارزانیەوە و وەك ئەوە وایە بارزانی پۆستەكە بەڕێوەبەرێت

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری