بەخێربێن بۆ وڵاتی پەرلەمانتاری ئەلیكترۆنی

هەڵبژاردنەكان لە ساختەكاری كلاسیكییەوە بۆ ساختەكاری مۆدێرن

بەخێربێن بۆ وڵاتی پەرلەمانتاری ئەلیكترۆنی

1684 خوێندراوەتەوە

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12ی ئایاردا، جۆری ساختەكارییەكانی لە ساختەكاری لۆكاڵی‌و كلاسییكییەوە گواستەوە بۆ ساختەكاری سەرتاسەری‌و مۆدێرن‌و دەستەواژەی پەرلەمانتاری ئەلیكترۆنیشی هێنایە گۆڕێ.


هاككردنی پرۆسەی هەڵبژاردن‌و ساختەكاری بەڕێگەی ئەلیكترۆنی، جیا لە گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بە قازانجی چەند لایەنێك‌و هێنانەخوارەوەی دەنگی كۆمەڵێك هێزو لایەنی دیكەی سیاسی، هاوكات دەستەواژەی ( پەرلەمانتاری ئەلیكترۆنی) یشی بەرهەم هێناوە.


لە یەكەم هەڵبژاردنەوە لە كوردستان، ساختەكاری جۆراو جۆر، بەشێكی گەورەی پرۆسەكە بووەو هیچكام لەو هەڵبژاردنانەی ئەنجام دراون، بە بێ ساختەكاری بەرفراوان بەڕێوە نەچوون‌و هێزو لایەنە سیاسییە بەشدارەكان، بە هەردوو هێزی دەسەڵاتداریشەوە دەیانجۆری ساختەكارییان لە هەڵبژاردنەكاندا خستووەتە ڕوو.
لە یەكەم هەڵبژاردنەوە لە كوردستان، تا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12ی ئایار، جۆری ساختەكارییەكان بریتیبوون لە ( دەنگدانی دووبارەو چەندبارەو، ناوی دووبارە لە تۆماری دەنگدەرانداو، دەنگدان لە بری كەسانی مردو، بوونی ناوی كەسانی ئێرانی‌و ئاوارەی سوری‌و عێراقی‌و، درووستكردنی ناوی وەهمی لە تۆماری دەنگدەرانداو، گۆڕین‌و دەستكاریكردنی ئەنجامەكان لە مەركەزی هەڵبژاردنی پارێزگاكاندا بەر لە ڕاگەیاندنی).


بە بەراوردی ساختەكاریی ئەمجارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەو ساختەكارییانەی لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا ئەنجام دەدران، ساختەكاری لۆكاڵی‌و هەم كلاسیكی بوون.

،،

هاككردنی پرۆسەكەو ساختەكارییەكە بەڕێگەی ئەلیكترۆنی، دەستەواژەی ( پەرلەمانتاری ئەلیكترۆنی) هێناوەتە گۆڕێ‌و تەنانەت لەناو ئەو هێزو لایەنانەشدا كە ساختەكارییان بەرانبەر ئەنجامدراوە، گومانی لەسەر ڕێژەی دەنگی كاندیدەكان درووستكردووە.


لۆكاڵی بوون بەوەی كە نەدەتوانرا، ئەو جۆرانەی ساختەكاری وەكو یەك لە هەموو شوێنێكداو بەیەك ئاست جێبەجێبكرێت‌و لە هەموو ناوچەكاندا وەكو یەك زەمینەی ئەنجامدانیان نەبوو.


كلاسیكیش بوون بەوەی كە بۆ جێبەجێكردنیان تەكنەلۆژیاو سیستمی ئەلیكترۆنی پێوویست نەبوو، بەڵكو فڕوفێڵ‌و ساختەكارییەكی تا كەكەسی بوو كە دەستەیەك زەمینەیان بۆ دەڕەخساند، هەندێكجار زەبری هێزو زۆرجاریش هێز پێوویست نەبوو بۆ ئەنجامدانی ئەو جۆرانە لە ساختەكاری لە دەنگدان‌و لە هەڵبژاردندا.
بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12ی ئایاردا، بە سیستمی ئەلیكتۆرنی ئەنجامدرا، تا ئاستێكی زۆر ڕێگەی لە جۆری ئەو ساختەكارییانە گرت كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا ئەنجامدەران.


هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12ی ئایاردا، جۆری ساختەكارییەكانی لە ساختەكاری لۆكاڵی‌و كلاسییكییەوە گواستەوە بۆ ساختەكاری سەرتاسەری‌و مۆدێرن.


دەنگۆی فراوانی ساختەكاری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی 12ی ئایار، ڕێژەی ساختەكارییەكەی بەرفراوانتركردو بەڕوونیش ڕۆڵ‌و دەخالەتی ئێران‌و وڵاتانی دیكەی لە هەڵبژاردنەكەدا نیشاندا.


گوڵاڵە سدیق كاندیدی ژمارە 18ی لیستی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری

،،

گوڵاڵە سدیق كاندیدی ژمارە 18ی لیستی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری:

بەهۆی ئەو ساختەكارییە گەورەو بەرفراوانەوە، بێگومان ئێستا لە شوێنی من كەسێكیتر چووەتە پەرلەمان كە بەرهەمی پرۆسەی هاككردن‌و ساختەكاریی ئەلەیكترۆنییە، بەڵێ پەرلەمانتارێكی ئەلیكترۆنی لەبری من دەبێتە پەرلەمانتار


پرسی ساختەكاری‌و هاككردنی پرۆسەی هەڵبژاردن، هەرزوو هاواری لە هەندێك لە كاندیدەكانی دوو هێزەكەی دەسەڵاتیش هەستاند‌و ئەوان ڕایانگەیاند كە یاری بەدەنگەكانیان كراوەو بەهۆی ساختەكارییەوە دەنگی ئەمان براوە بۆ كاندیدیتری ناو لیستەكەیان، ئەوان هەمان ئەو پەیامەیان گوزارشت لێكرد كە هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵات‌و كاندیدەكانیان دەیڵێن " دەنگی ئێمە براوەو دزراوە بۆ پەرلەمانتاری ساختەو ئەلیكترۆنی".


جیا لە ئاست‌و ڕێژەی ئەو ساختەكارییانەی بەرانبەر هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵات كراوە، هاككردنی پرۆسەكەو ساختەكارییەكە بەڕێگەی ئەلیكترۆنی، دەستەواژەی ( پەرلەمانتاری ئەلیكترۆنی) هێناوەتە گۆڕێ‌و تەنانەت لەناو ئەو هێزو لایەنانەشدا كە ساختەكارییان بەرانبەر ئەنجامدراوە، گومانی لەسەر ڕێژەی دەنگی كاندیدەكان درووستكردووە.


ئەو كاندیدانەی كە بەوتەی خۆیان ئەگەر ساختەكاری‌و هاككردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكە نەبوایە دەردەچوون‌و دەبوونە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژە بەوە دەدەن كە لە بری ئەوان كاندیدێكی دیكە بەهۆی ساختەكارییەوە دەچێتە پەرلەمانی عێراق‌و دەبێتە پەرلەمانتارێكی ساختەو ئەلیكترۆنی.


ناسك تۆفیق، كە كاندیدی ژمارە دووی لیستی یەكگرتووی ئیسلامی بووە لە پارێزگای سلێمانی، ئاماژە بەوە دەكات كە یەكگرتووی ئیسلامی بەهۆی هاككردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكەو بەهۆی ساختەكارییە ئەلیكترۆنییەكەوە، هێندەی پێنج بۆ شەش كورسی لە دەنگەكانیان دزراوەو ئێستا لە بری كاندیدەكانی ئەوان، كاندیدانی دیكەی دوو هێزەكەی دەسەڵات بوونەتە پەرلەمانتارو ئەو بە نوێنەرو پەرلەمانتاری ساخەتەش ناویان دەبات، ئەو بۆ دیپلۆماتیك مەگەزین وتی": بەڵێ لە شوێنی ئێمە پەرلەمانتارێكی ساختە لە دوو هێزە دەسەڵاتدارەكەی كوردستان دەچێتە پەرلەمان‌و دەبێتە نوێنەرێكی ساختە".


بە وتەی ناسك تۆفیق، لەپاڵ ئەوەی كە ساختەكارییە بەرفراوانەكە تا ئاستێكی زۆر هاووڵاتییانی بەرانبەر پرۆسەی هەڵبژاردن‌و گۆڕانكاری لەڕێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە بێهیوا كردووە، لە هەمانكاتیشدا گومانیشی لەسەر تەواوی پەرلەمانتاران درووستكردووە:" پرۆسەی ساختەكارییەكە گومانی لەسەر تەواوی ئەو پەرلەمانتارانە درووستكردووە كە دەچنە پەرلەمانی عێراق، بەوانەشەوە كە بەدەر لەساختەكاری ئەگەری دەرچوونیان هەبووە، پەرلەمانتارانی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لای هاووڵاتییان متمانەیان نابێت‌و سەرجەمیان وەكو پەرلەمانتاری ساختە تەماشا دەكرێن".

،،

ناسك تۆفیق، كە كاندیدی ژمارە دووی لیستی یەكگرتووی ئیسلامی:

 لە شوێنی ئێمە پەرلەمانتارێكی ساختە لە دوو هێزە دەسەڵاتدارەكەی كوردستان دەچێتە پەرلەمان‌و دەبێتە نوێنەرێكی ساختە".


گوڵاڵە سدیق كاندیدی ژمارە 18ی لیستی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری، باسلەوە دەكات كە لەشوێنی ئەو كەسێكی دیكە كە بەرهەمی ساختەكارییە دەچێتە پەرلەمانی عێراق.

گوڵاڵە سدیق دەشڵێت:" من بەدڵنیاییەوە دەیڵێم کە نیوەی پەرلەمانتارەکانی دوو هێزەکەی دەسەڵات پەرلەمانتاری ئەلیکترۆنین و ئەوان بەدەنگی خۆیان نەگەشتوونەتە پەرلەمان، بەڵکو دەنگی کاندیدەکانی لیست و قەوارەکانی دیکەیان بۆ چووە".

ئەو بە یەقینیشەوە ئاماژە بەوە دەدات کە کاندیدێک لە هێزی دەسەڵات لە سلێمانی دەنگەکانی ئەوی بۆ چووە و ئێستا ئەو لەشوێنی ئەم بووەتە پەرلەمانتار لە پەرلەمانی عێراق.

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی