سامان گەرمیانی: شەڕی بونە سكرتێر لەناو یەكێتیدا نییە

سامان گەرمیانی: شەڕی بونە سكرتێر لەناو یەكێتیدا نییە

813 خوێندراوەتەوە

دیداری بنار هیدایەت


سامان گەرمیانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەی دیپلۆماتیكدا ئاماژە بەوەدەكات "هیچ مەترسییەك لەسەر یەكێتیی نیە تا كۆنگرەی چوارهەمی خۆی نەبەستێت، راشیدەگەیەنێت كۆسرەت رەسوڵ پافڵ و لاهور و قوباد چاویان لەكورسی سكرتێری گشتی نیە، دەشڵێت "لەسیاسەت شتی مەحاڵ نیە بۆ گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان".


دیپلۆماتیك: بۆ یەكێتی نیشتیمانی لەبەستنی كۆنگرەی چوارهەم دەترسێت؟ ئایا پاكتاوی چەند كەسێكە یا ئینشیقاقێكی ترە؟
سامان گەرمیانی: یەكێتی لەكۆنگرەی چوارهەم ناترسێت، ئەوەی هەیە دەنگۆیە، ئێمە یا پلینیۆم یا كۆنگرە دەكەین، یەكێتی لەو دوو پرۆسەیە ناترسێت، بەپێی بارودۆخەكە كات نەبووە، بۆیە یا كۆنگرە یا پلینیۆم دەكات و سڵ لەدوو پرۆسەیە ناكاتەوە.

دیپلۆماتیك: وادەكە كەیە بۆ بەستنی كۆنگرە یاخود پلینیۆم؟
سامان گەرمیانی: هیچ وادەیەكی كۆنكرێتی دانەنراوە بۆ ئەو بابەتە، ئەگەر هەیە لەكۆبوونەوەی ئایندەی سەركردایەتی یەكێتی گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە بكرێت.

،،

 ئەگەر بێت و رێكەوتننامەی دەباشان وەك خۆی جێبەجێ بكرایە گۆڕان و یەكێتی دەبوونەوە بەیەك، بۆیە لەسیاسەتدا شتی مەحاڵ نیە، بۆنا لەوانەیە بەرهەم ساڵح بگەڕێتەوە بۆ ناو یەكێتی.

دیپلۆماتیك: باس لەوە دەكرێت لەكۆنگرەدا تەسفیە حساب لەگەڵ هەندێك دەم و چاوی دیاری ناو یەكێتی دەكرێت؟
سامان گەرمیانی: بەو جۆرە نیە، كاتێك كۆنگرە و پلینیۆم دەكرێت ئەندامەكان بەشێوەیەكی ئازادانە دەنگ دەدەن، هاوشێوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانە یا دەردەچیت یا دەرناچیت.


دیپلۆماتیك: هەندێك دەڵێن لەوانەیە دەزگا ئەمنیەكان "دژە تیرۆر و ئاسایش" كۆنگرە لەبەرژوەندی باڵێكی یەكێتی یەكلایی بكەنەوە؟
سامان گەرمیانی: زۆر جار باس لەوەكراوە بەڵام ئەوە هەمووی هەڵمەتی راگەیاندنە لەدژی یەكێتی، یەكێتی مینبەرێكی ئازادی هەبووە و هەر ئەوەش بووە وایكردووە خەڵك وا بزانێت یەكێتی بشكێت دیموكراتی دەشكێت، ئەگەر هەیە هەندێك كەس ئیستیغلالی ئەو بابەتە بكات لەناو یەكێتیدا و بە تایبەت لەناو كۆنگرەدا، بەڵام دەنگدەران لەناو یەكێتی و كۆنگرە باوەڕ بەو ئیستیغلالە ناكەن و لەوە هۆشیارترن شتێكی لەو جۆرە بەسەریاندا تێپەڕێنرێت.


دیپلۆماتیك: باس لەوە دەكرێت هەندێك لەسەركردەكانی ناو یەكێتی تەوقیتی كۆنگرەیان بۆ ئینشیقاقێكی تر داناوە، تا چەند ئەگەری ئەو جۆرە پەرتبوونە هەیە؟
سامان گەرمیانی: ئەوانە نەیارانی یەكێتی بڵاویدەكەنەوە، ئێستا یەكێتی لەهەموو كاتەكانی پێشوو باشترە و پەیوەندییەكان لەناو بەرپرسانی یەكێتی لەو پەڕی باشیدایە، بۆیە ئینشیقاقی بەر لەدەستپێكردنی كۆنگرە رەتدەكەمەوە.

دیپلۆماتیك: بەپێی قسەكانی تۆ بێت ئێستا لەناو یەكێتی هیچ باڵێك بوونی نیە؟
سامان گەرمیانی: یەكڕیزییەكی باش و پەیوەندییەكی باش لەنێوانماندا دروستبووە، بەو هۆیەوە و بارودۆخە سیاسییەكە وایكردووە خۆمان ئامادە بكەین بۆ پلینیۆم یاخوود كۆنگرەی چوارهەم.


دیپلۆماتیك: هۆكاری تۆمەتباركردنی یەكێتی بە ساختەكاریی بۆ چی دەگەڕێننەوە كە ئاڕاستەی یەكێتی دەكرێت لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا؟
سامان گەرمیانی: پێم وایە باسكردنی تەزویر و ساختەكاری كراوە شتێكی تازەیە، چونكە ساختەكاری لەو ئامێرە شتێكی سەیرە و ناچێتە عەقڵەوە، ئەگەر بڵێن و هەڵەی تێداكراوە رێی تێدەچێت، بەڵام وەكوو ساختەكاری دوورە لەراستییەوە، بەپێچەوانەوە یەكێتی لەم هەڵبژاردنەدا دەنگەكانی كەمیكردووە، من ئاگاداری سەرجەم پرۆسەكە بووم، ئەگەر ساختەكاریمان بكردایە لەرانیە پێنج كەسمان دەرنەدەچووە، وامان دەكرد دابەش بێت بەسەر ناوچەكاندا، ناڵێم هەرگیز تەزویر و ساختەكاری ناكرێت، بەڵام ئەو جۆرە باسكردنە لەرووی ساختەكاریییەوە دوورن لەراستییەوە.


دیپلۆماتیك: كەواتە تاچەند سەركەوتنتان بۆ پەرلەمانی عێراق بۆتە هۆی كاڵبوونەوەی كوتلە و باڵباڵێن لەناو یەكێتیدا؟ 
سامان گەرمیانی: پەیوەندیی نێوان هەموو لایەنەكانی ناو یەكێتی زۆر باشە، هەوڵی نەهێشتنی باڵ و كوتلە لەناو یەكێتیدا دەدەین، ئێستا تەبایی نێوان سەركردەكانی یەكێتی لەهەموو كاتەكانی رابردوو باشترە، هەست بەو بەرپرسیارێتییە دەكەین یەكێتی بۆی داناوین، بۆیە هەموو برادەرانی ناو یەكێتی لەو سۆنگەیەوە كاردەكەن و كاری باشیانكردووە لەئاستی بەرپرسیارێتیەی خۆیاندا بووە.


دیپلۆماتیك: یەكێك لەوشتانەی لە كۆنگرەدا یەكلایی دەكرێتەوە پۆستی سكرتێری گشتییە، بەلای سامان گەرمیانییەوە هەریەك لە كۆسرەت رەسوڵ و بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، كامیان دەچنە سەر كورسییەكەی مام جەلال؟
سامان گەرمیانی: هیچ كەسێك لەوانەی باستكرد شەڕی ئەوە ناكەن كێ سكرتێر بێت و كێ سكرتێر نەبێت، هەموویان دڵسۆزانە هاتوون شەو وڕۆژیان خستۆتە سەر یەك تا یەكێتی بەرز رابگرن، چونكە یەكێتی یەكێتی خەڵك و یەكێتییەكانە، بابەتی بەرپرسیارێتی بەرپرسی یەكەم و دووهەم ئەركە، ئەوە بەلای ئێمەوە گرنگ نیە و وەكو شەخس تەماشای ناكەین، ئەو هەڤاڵانە كاریان بۆ پرۆسەی سەرخستنی یەكێتی كردووە و چالاكییەكانیان بڵاوكراوەتەوە.

دیپلۆماتیك: كەواتە ئەو ناوانەی سەرەوە هیچیان پۆستی سكرتێری گشتی لەخەیاڵیاندا نیە؟
سامان گەرمیانی: هیچ كەسێك لەوانەی باسكراون رۆژێك لەرۆژان باسی پۆستی سكرتێری گشتی یەكێتییان نەكردووە، ئەوەی باسیانكردووە تەنها پەرۆشیانە بۆ بەرزكردنەوەی یەكێتی لەدوای غیابی جەنابی مام جەلال و ئەو بەرپرسیارێتییە گرانە وەك خۆی جێبەجێ بكەین.

دیپلۆماتیك: ئەگەر هەیە بەرهەم ساڵح بگەڕێتەوە بۆ ناو یەكێتی؟
سامان گەرمیانی: من نەمبینوە و قسەم لەگەڵ نەكردووە، ئەگەر بێت و رێكەوتننامەی دەباشان وەك خۆی جێبەجێ بكرایە گۆڕان و یەكێتی دەبوونەوە بەیەك، بۆیە لەسیاسەتدا شتی مەحاڵ نیە، بۆنا لەوانەیە بەرهەم ساڵح بگەڕێتەوە بۆ ناو یەكێتی.

دیپلۆماتیك: پێشبینی ئەوەتان دەكرد بەرهەم ساڵح ئەوەندە كورسی بهێنێت؟
سامان گەرمیانی: بەلامانەوە گرنگ نەبووە چەند كورسی دەهێنێت و چەند كورسی هێناوە، ئەوەی بەلامانەوە گرنگ بووە چۆن ئیش بۆ سەرخستنی یەكێتی دەكەین، رەنگە خۆی پێشبینی ئەوەی كردبێت كورسی زیاتر بهێنێت، ئێمەش پێشبینی ئەوەمان كردووە یەكێتی كورسی زیاتر بهێنێت.