بۆچی حكومەتی عێراق وەك پارێزگا دان بەهەڵەبجەدا نانێت؟

ئەنجوومەنی پارێزگاو هەیكەلی ئیداری پارێزگاكەبۆ پێكنایەت؟

بۆچی حكومەتی عێراق وەك پارێزگا دان بەهەڵەبجەدا نانێت؟

2038 خوێندراوەتەوە

دڵخۆشی هاوڵاتییانی هەڵەبجە لەبەرانبەربوونی شارەكەیان بە پارێزگا، هێندەی نەخایاندو ئەوان سێ ساڵە لە چاوەڕوانی نێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی عێراقییدا ماونەتەوە. .

فەرامۆشكردنی پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، هاوكات دانپێدانەنانی لەلایەن حكومەتی عێراقیشەوە وەكو پارێزگا، هاووڵاتییانی شارەكەی تەواو بێئومێد كردووە. .

هاوڵاتیانی هەڵەبجە، پێیانوایە هەموو قسەو بەڵێنەكانی حكومەتی عێراقی تایبەت بەهەڵەبجە، قسەو لێدوانی ناو میدیاكانی تێنەپەڕاندووەو بەغدا بەكردار هیچ شتێكی بۆ هەڵەبجە نەكردووەو تەنانەت وەكو پارێزگایەكیش نەیناساندووەو دانیپێدا نەناوەو ئەوان لەمڕووەوە حكومەتی هەرێمیش بەكەمتەرخەم‌و تاوانبار دەزانن.

نەوشیروان محمد، چالاكوانی مەدەنی لەهەڵەبجە،كە بەوتەی خۆی زۆرترین هەوڵی بۆ بەپارێزگا بوونی شارەكەی داوە،دەڵێت" ئاوڕ لێدانەوەی حكومەتی عێراق لە پارێزگای هەڵەبجە هەر ئەوەیە كە ناو بەناو لە میدیاكانەوە گوێ بیست دەبین دەنا بە كردار هیچ مامەڵەو خزمەتێكی ئەو تۆ نابینین لە لایەن بەغدادەوە كە بە هەڵەبجە كرابێت، ئەمەش بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ خەمساردی بڕیار بەدەستانی حكومەتی هەرێم".

نەوشیروان ، داوا دەكات كە هەرچی زووترە پێوویستەحكومەتی هەرێم سەرجەم ڕێكارە یاساییەكانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە ڕەوانەی حكومەتی عێراق بكات.

هاوڵاتیانی هەڵەبجە ئەوەیان لا ڕوونە كە هەتا هەڵەبجە وەك پارێزگا لە سەر ئاستی حكومەتی عێراقی نەناسرێت وەك نۆزدە هەمین پارێزگای عێراق، ئەوا لە ناوخۆی هەرێمیشدا كاری لەبەر ناڕوات و گرنگیەكی ئەوتۆی نابێت،

هادی حەمەڕەشید، كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە،دەڵێت:" ئاشكرایە، كە هەڵەبجە لە ڕووی شەرعیەتەوە پێویستی بە ڕەزامەندی‌و بڕیار لەسەردانی حكومەت و دەسەڵاتی یاسادانانی عێراق هەیە، تا بە فەرمی وەك نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق دانی پێدابنرێت، دەنا لە ناوخۆشدا گرنگی نابێت، ئەمە لەم خولەدا لە ڕێگای بەشێك لە دڵسۆزانەوە كاری بۆ كراوە، بەڵام شێلگیرانە پێویستی بە هەوڵی جدی حكومەتە، كە خۆیان یەكەم پێشێلكاری بڕیارەكانی خۆیانن لە و بارەیەوە. لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی كوردی تا ئێستا لە گرنگی زیاد بوونی پارێزگایەكی تری كوردی تێ نەگەشتووە بۆیە هیچ هەوڵێكی جدی بۆ نەداوە".

نە لە دەستوری عێراقداو نە لە یاسای ژمارە ٣ و ٤ ی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستاندا باسی دروستكردنی پارێزگا نەكراوە، كاتی خۆی چۆنیەتی پێكهێنانی پارێزگایەكی نوێ لە عێراقدا لەسەر بنەمای ڕووبەری جوگرافی و ژمارەی دانیشتوان و یەكە كارگێڕیەكان لە یاسای ژمارە ١٥٩ ی ساڵی ١٩٦٩ دا هاتووە، دوای ئەوەی ئەو یاسایە لە عێراقدا هەڵوەشێنراوەتەوە لە ساڵی ٢٠٠٤ ، بەهۆی دەرچوونی یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٨ ی تایبەت بە (پارێزگا ڕێكنەخراوەكان لە هەرێمێكدا)، هەرچەندە لەم یاسایەشدا بەهەموو بڕگەو هەموارەكانیەوە هیچ مادەیەكی یاسایی سەبارەت بە چۆنیەتی پێكهێنانی پارێزگایەكی نوێ تێدا نیە، كە ئایا دروستكردنی پارێزگای نوێ لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگادایە، یاخود ئەنجومەنی وەزیران، یان لە دەسەڵاتی پەڕلەمانی عێراقدایە.

ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق

هەڵەبجە تا ئێستا لەلایەن حكومەتی عێراقی فیدراڵەوە وەك پارێزگا نەناسێنراوە،حكومەتی عێراق دەڵێت لەبەر ئەوەی لە ڕووی یاساییەوە وەك پارێزگا دانی پێدا نەنراوە بۆیە ناتوانین مامەڵەی پارێزگای لەگەڵ بكەین

هەر بۆیە ناچار پەنا برایە بەر ئەوەی كە لە مادەی ١٤١ی دەستوری عێراقدا هاتووە، دەڵێت: ئەو یاسایانەی كە پێش ساڵی ٢٠٠٥، لە پێش دامەزراندنی دەستوور، لە هەرێمی كوردستاندا هەمواركراون یان تێپەڕێنراون لە پەڕلەماندا سیفەتێكی شەرعیان وەرگرتووە، لە بەر ئەوەی كە بە پارێزگا كردنی هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٩٢ لە پەڕلەمانی كوردستان كراوە واتە پشتگیریەكی دەستووری هەیە بۆ بوون بە پارێزگا.

لەژێر ڕۆشنایی ئەم هەنگاوانەدا، پاش ئەوەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرواری ٧/٨/٢٠١٣ بە بڕیاری ژمارە ٧٦٩٢ نامەی فەرمی ئاڕاستەی حكومەتی عێراق كرد، لە كابینەكەی پێشوودا بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بۆ بە پارێزگا كردنی هەڵەبجە لەسەر ئاستی حكومەتی عێراقی، ئەوە بوو لە بەرواری ٣١ /١٢/٢٠١٣ ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی عێراق لە دانیشتنی ژمارە ٤٥ ی ئەوكاتەیدا پڕۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی خستە دەنگدانەوەو بە وتەی پارێزگاری هەڵەبجەو نوینەرانی كورد لە بەغدا، بەزۆرینەی دەنگ پەسەند كراوەو هەڵەبجە وەك پارێزگا لەحكومەتی عێراقیدا چوارچێوەیەكی یاسایی وەرگرتووە.


لەسەر ئەم بنەمایە لە ئێستادا لە نوسراوە فەرمیەكانی ئەنجومەنی وەزیران‌و وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی دارایی و چەندەها دامودەزگای تری حكومیدا لە حكومەتی عێراقدا، هەڵەبجە وەك پارێزگا ناوی دەهێنرێت و مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، بەڵام دواجار پەرلەمانی عێراق لە كۆتا خولیدا لە ٢٠١٤ ئەو بابەتەی نەخستە دەنگدانەوە تا ڕێكارێكی قانونی وەرگرێت‌و وتیان ئەو بابەتە پەیوەندی بەخودی هەرێمی كوردستانەوە هەیە‌و لە ڕیگەی پڕۆژە یاسایەكەوە ئەتوانرێت ئەنجام بدرێت.

نوێنەرانی كورد لە بەغداد بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەسەر پرۆسەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، هەموویان لەسەر ئەوە كۆكن كە هەنگاوەكانی بەفەرمی ناساندنی هەڵەبجە وەك پارێزگا لەسەر ئاستی حكومەتی عێراق زۆر بەخاوی دەچێتە پێشەوە.ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی پەڕلەمانی عێراق، بەدیبلۆماتیك مەگەزینی وت:"


گرفتی بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە ئەوەیە كە كەلێنێكی یاسایی هەیە لە عێراقدا، تا ئێستا لە دەستوریشدا هیچ ئاماژەیەك بە بابەتەكە نەكراوە، بەڵام بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە دەستەواژەیەكی یاسایی وەرگرتووە، ئەمەش پشتیوانی دەستوری هەیە. مادەی ١٤١ی دەستور ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەو یاسایانەی هەرێمی كوردستان پێش نوسینەوەی دەستووری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند كراون، یاسای بەپارێزگا كردنی هەڵەبجەش پێش نوسینەوەی دەستور لە پەڕلەمانی كوردستان پەسەند كراوە، بۆیە ئۆتۆماتیكی یاساكە كار پیكراوە، دەبوو عێراق دانی بە هەڵەبجەدا بنایە وەك پارێزگا.


هۆكارێكی تر ئەوەیە كە هەرێم تیمی بەدواداچوونی بۆ پێك نەهێناوە لە گەڵ عێراق تاو توێی بكات، بۆیە ئەوانیش كەمترخەمن، چونكە ئەگەر ئەو كارە بكرایە، عێراق هەر داوایەكی هەبووایە وەك دیاریكردنی سنوری ئیداری و دروستكردنی فەرمانگە فیدراڵیەكان، دەبوو جێبەجێ بكرایە".


بەوتەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بەڵگەی دەستوری لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە هەیە، بەڵام بەهۆی كێشەی سیاسی نێوان هەرێم‌و بەغدادو كەمتەرخەمی حكومەتی هەرێمەوە بەپارێزگابونەكە نەچەسپاوە.


ئەو دەڵێت:" بە پێی بڕگەی ١ و ٥ لە مادەی ١٢١ ی دەستوری عێراق، هەرێمی كوردستان مافی پیادە كردنی هەموو دەسەڵاتێكی جێ بەجێكردن و یاسا دانان و قەزائی هەیە جگە لەو دەسەڵاتانەی لەتایبەتمەندی حكومەتی فیدراڵین، هاوكات هەموو ئەو ڕێكارانەشی پەیوەستن بە ئیدارەدانی هەرێمی كوردستان لە تایبەتمەندی و دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمدایە، ئەمانە هەموو بەڵگەی دەستورین لەسەر ئەوەی كە بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە هیچ كێشەیەكی یاسایی و دەستوری نیە، بەڵكو ئەوەی هەیە كێشەی سیاسی و كەمتەرخەمی نێوان هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا".


بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عێراق، وێڕای باسكردن لە هەوڵەكانیان بۆ بەپارێزگا ناساندنی هەڵەبجە لەسەر ئاستی حكومەتی عێراقی، ڕەخنە لە كەمترخەمییەكانی حكومەتی هەرێم دەگرێت لەو بوارەدا.

 ئەحمەد حاجی ڕەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق

 لە بودجەی ٢٠١٨ شدا لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە، لە كۆتا نامەدا كە چەند ڕۆژێك پێش ئێستا بۆیان ناردووین دەڵێن هەڵەبجە وەك پارێزگا لە لایەن حومەتی فیدراڵەوە نەناسێنراوە، لای حكومەتی فیدراڵی پارێزگا نییە بۆیە بەشێوەیەكی ئاسایی پشكەكەشی بۆ دیاری نەكراوە

ئەحمەد حاجی ڕەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە دیبلۆماتیك مەگەزینی وت:" ئێمە بۆ ماوەی سێ ساڵ، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ - ٢٠١٧ دا كە لە پرۆژە یاسای بودجە لە پەڕلەمانی عێراق بەشداریمان كردووە، توانیومانە بڕگەیەك لە هەر سێ پرۆژە یاسای ئەو سێ ساڵەدا، بەناوی پارێزگای هەڵەبجە جێگیر بكەین و لە ساڵی ٢٠١٥ بڕی ملیارو نیوێك دینارو لە ساڵی ٢٠١٦ ملیارێك و دوو سەد ملیۆن دینارو لە ساڵی ٢٠١٧ حەوسەدو پەنجا ملیار دینار بۆ هەڵەبجە تەرخان بكەین لە بودجەی گشتی عێراقدا، بەڵام ئەمە كەوتە بەر تانە لێدانی حكومەتی فیدراڵ و پەنای ئەبرد بۆ دادگای فیدراڵی و ئەو بڕگانەی هەڵدەوەشاندەوە و بەداخەوە هەڵەبجەش دەبووە قوربانی لەو بابەتەدا".


دەشڵێت:" لە بودجەی ٢٠١٨ شدا لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە، لە كۆتا نامەدا كە چەند ڕۆژێك پێش ئێستا بۆیان ناردووین دەڵێن هەڵەبجە وەك پارێزگا لە لایەن حومەتی فیدراڵەوە نەناسێنراوە، لای حكومەتی فیدراڵی پارێزگا نییە بۆیە بەشێوەیەكی ئاسایی پشكەكەشی بۆ دیاری نەكراوەو وەك پێشوتر مەمەڵەی لەگەڵ دەكەین. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە وەك نوینەرانی كورد لە بەغدا لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین".


لە دواكەوتنی بەفەرمی ناساندنی هەڵەبجە وەك پارێزگا لەسەر ئاستی عێراق، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عێراق، حكومەتی هەرێم بە كەمتەرخەم دەزانێت‌و دەڵێت:" هەرچەندە لە خولەكانی پێشتر حكومەتی هەر‌ێم هەند‌ێك ڕێكاری ئیداری گرتبووە بەر، بەڵام سەبارەت بە شێوەی ئیداریاتەكەی پێویستبوو حكومەتی هەرێم لەڕێگەی نامەوە بە كاركردن بۆ پارێزگای هەڵەبجە، بە فەرمی داوا بكات لە حكومەتی فیدراڵی كە پرسی بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە دەستورو یاساكان پشگیری دەكەن و پڕۆژە یاسا دەركراوە لەو بارەیەوە، بۆیە ڕێكاری ئیداری پێوویستە حكومەتی فیدراڵی بیكات بەرامبەر بە هەڵەبجە، بەڵام حكومەتی هەرێم ئەو ڕێكارە ئیداریانەی نە كردووە تا هەڵەبجە لەو دڵەڕاوكێیە ڕزگاری بێت".

دوای سێ ساڵ مانەوەی هەڵەبجە لە چاوەڕوانی نێوان هەرێم و بەغدادا لە ئێستادا وا دەردەكەوێت هەڵەبجە بۆتە قوربانی چەند فاكتەرێك لەوانەش، ململانێ سیاسیەكانی نێوان هەرێم و بەغداو كەمتەرخەمی حكومەتی هەرێم لە ڕاپەڕاندنی ئەرك و ڕێكارەكان لە پرسی بەپارێزگا بوونی هەڵەبجەدا لەسەر ئاستی حكومەتی عێراقی و لە ئاستی ناو خۆداو نەبوونی ئیرادەیەكی سیاسیش لە عێراقدا بۆ كردنی هەڵەبجە بە پارێزگا لەسەر ئاستی حكومەتی فیدراڵی.

ئەمین بەكر، ئەندامی لیژنەی یاسایی و جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەڕلەمانی عێراق، بە دیبلۆماتیك مەگەزینی وت:" لە عێراقدا ئیرادەیەكی تەواو نییە بۆ ئەوەی بڕیاری ئەوە بدات كە هەڵەبجە ببێتە پارێزگا، بەشێكی موجامەلەی سیاسیەو بەشێكی لە ژێر فشاردا هەندێك هەنگاو نراوە بەڵام تەواو نەكراون. پێوویستیان بەهەنگاوی تەواو كارییە".

ئەمین بەكر،جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەڕلەمانی عێراق

لە عێراقدا ئیرادەیەكی تەواو نییە بۆ ئەوەی بڕیاری ئەوە بدات كە هەڵەبجە ببێتە پارێزگا، بەشێكی موجامەلەی سیاسیەو بەشێكی لە ژێر فشاردا هەندێك هەنگاو نراوە بەڵام تەواو نەكراون. پێوویستیان بەهەنگاوی تەواو كارییە


ئەمین بەكر وتیشی:" نەبوونی ئەم ئیرادەیەش بەشێكی زۆری ترسە لەوەی ئەگەر پارێزگایەكیتر لە هەرێمدا زیاد بكرێت لەوانەیە توانای هەرێم بەهێزتربێت و ببێتە ڕێگر لەبەردەم گۆڕانكاری لە دەستوردا".."

باسی لەوەشكرد كە: " حكومەتی هەرێم كەمترخەم بووە لەوەی كە ئەگەر مەبەستیەتی هەڵەبجە ببێتە پارێزگا دەبو ڕێوشوێنی تەواوی بگرتایەتە بەر ئەمەی نەكردووە چ لە حكومەتی عێراقی و چ لە ناو خۆشدا".

جیاواز لەم بۆ چوونانە، یەكێكیتر لە نوێنەرانی كورد لە بەغدا پێیوایە بە پارێزگابوونی هەڵەبجە چ لەسەر ئاستی حكومەتی عێراق و چ لەسەر ئاستی حكومەتی هەرێم هەنگاوی باشی بڕیوە بەڵام بەهۆی هەندێك كێشەوە هەنگاوەكان زۆر خاو بەرەو پێش دەچن.

ئەشواق جاف، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ و پەرلەمانتار لە فراكسیۆنی پارتی لە پەڕلەمانی عێراق بە دیبلۆماتیك مەگەزینی ووت:" هەڵەبجە وەك پارێزگا پارێزگایە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، هەروەها لەو نوسراوانەی كە حكومەتی عێراقی ناردویەتی وەك پارێزگای هەڵەبجە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، وە تەنانەت لە ناو پەرلەمانیش لە ناو ڕەشنووسی بودجەی دەوڵەتی عێراقی بەناوی پارێزگای هەڵەبجە هاتووە، با ئێمە هەنگاوەكان نەگێڕینەوە بۆ خاڵی سفر"..

ئەشواق جاف دەشڵێت:" ئەوەی وایكردووە كە هەنگاوەكانی بەپارێزگا بوونی هەڵەبجە بەرەو پێش نەچێت، كەمتەرخەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزیەكانی نێوان هەرێم و بەغدایە، دەنا كاری باشی بۆ كراوەو هەنگاوی باشی برێوە".

بەوتەی ئارامی شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لاى حكومەتی عێراق هەڵەبجە لەڕووی یاساییەوە دانی پێدا نەنراوەو بۆیە ئەوان مامەڵەی لەگەڵدا ناكەن وەك پارێزگا، " لە بڕگەی ١٤ ی وەڵامی تێبینیەكانی ئێمە كە داوای تەرخانكردنی بڕە پارەیەكمان كردبوو بۆ پارێزگای هەڵەبجە، لە ١٨/١٢/٢٠١٧ حكومەتی عێراق دەڵێت لەبەر ئەوەی لە ڕووی یاساییەوە وەك پارێزگا دانی پێدا نەنراوە بۆیە ناتوانین مامەڵەی پارێزگای لەگەڵ بكەین. بۆیە هەڵەبجە تا ئێستا لەلایەن حكومەتی عێراقی فیدراڵەوە وەك پارێزگا نەناسێنراوە"..

ئارامی شێخ محەمەد ئاماژەش بەوە دەدات "ئەو دیكۆمێنتەی هەڵەبجەی پێكراوە بە پارێزگا تا ئێستا لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی تاوتوێ نەكراون و نەخراونەتە بەرچاو هەر بۆیە لەوەدا كەمتەرخەمی هەیە، یەكێكیتر لە كێشەكان، دەویسترا لە پەنا هەڵەبجەدا چەند شارێكی تر بكرێنە پارێزگا وەك ئەوەی كە لە دوز خورماتوو دەویسترا كە پارێزگایەك بۆ توركومانەكان دروست بكرێ و سامەڕاش بكرێتە پارێزگا. هاوكات توركومانەكان هەوڵی بە پاریزگاكردنی تەلعەفەریشیان دەدا، بەجۆرێك لە جۆرەكان ئەمەیان بەسترایەوە بە بەپارێزگا كردنی هەڵەبجەوه كە زیاتر ئەمە مەسەلەیەكی سیاسی بوو، چونكە هەڵەبجە جگە لە مەغدوری و موستەحەقی هیچ پەیوەندیەكی بەو ناوچانەی ترەوە نەبوو، ناوچەی كێشە لەسەرو جێ ناكۆكیش نەبوو".

سەبارەت بە تەرخاننەكردنی بودجەی تایبەت بەهەڵەبجە، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق وتی:" لە بودجەی ئەمساڵیشدا پێشنیارمان كرد هەڵەبجە پارەی بۆ تەرخان بكرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی لای ئەوان وەك پارێزگا دانی پێدا نەنراوە، دەڵێن پارەی هەڵەبجە لەسەر پارێزگای سلێمانییە، جگە لەوەش كێشەكانی هەرێم و بەغدا، لەسەر نەوت و بودجە بەهەڵواسراوی مانەوە بۆیە ئەو بڕە پارانەش نەگەیشتنە هەڵەبجە".

تێپەڕینی سێ ساڵ بەسەر بە پارێزگاكردنی هەڵەبجەدا لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە وادەیەكی كەم نییە بۆ خستنە سەر پێی تەواوی هەیكەلی ئیداری پارێزگاكەو دابینكردنی سەرجەم پێداویستییەكانی شارێكی بە پارێزگا كراو.

ماوەی سێ ساڵە گێڕانەوەی چیرۆكەكانی كەمتەرخەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە پارێزگای هەڵەبجە و فەرامۆشكردنی شارەكە وەك شارێكی بەپارێزگا كراو لەسەر زاری هاوڵاتییانی شارەكە بەردەوامی هەیەو ئەوان پێیاوایە شارەكەیان بووەتە قوربانی ململانێ حیزبیەكان و بێباكی حیزبە حكومڕانەكان كە سەرجەم ململانێ حیزبیەكانیان لەسەر هەڵەبجە بردۆتە ناو دەزگا حكومیەكانیشەوە.

عەلی عوسمان، پارێزگای هەڵەبجە بە وەكالەت، قەیرانی دارایی‌و ڕێكنەكەوتنی لایەنە سیاسییەكان بەهۆكاری درووستنەبوونی ئەنجوومەنی پارێزگارو هەیكەلی پارێزگاكە دەزانێت.

عەلی عوسمان، پارێزگای هەڵەبجە بە وەكالەت

لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیراندا داوام كردووە پێویستە یەكێك لەو خاڵانەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی دەكات بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا پرسی پارێزگای هەڵەبجە بێت

ئەو بە دیبلۆماتیك مەگەزینی وت:" ئێمە لە بەرواری ١/٦/٢٠١٥ كە یەكەم ڕۆژی دەست بەكار بونمان بووە لە پارێزگای هەڵەبجە هەتا ئێستا كوردستان لە قەیرانێكی سیاسی و ئیداری و مادی و داریی دا بووە، ئاوا ئەم پارێزگایە لە دایك بووە.وە ڕەنگدانەوەكەشی بە ئاشكرا دیارە، بەداخەوە لایەنە سیاسیەكانیش تا ئێستا ڕێكنەكەوتوون لەسەر ئەوەی كە ئەنجومەنی پارێزگا پێكبهێنن، ئەوە كۆڵەكەی دروستبوونی پەیكەری ئیداری پارێزگایەكە، بەڵام لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا ئەتوانم بڵێم هەنگاوی زۆر باشنرا بۆ دروستكردنی پەیكەری ئیداری ئەم پارێزگایە، بە لەبەرچاو گرتنی ئەو قەیرانانەی كە ئاماژەمان پێكرد، چونكە لە كۆی ١٣ بەڕێوەبەرایەتی گشتی كە دەبێت لە هەر پارێزگایەكدا هەبێت، ئێمە توانیومانە ٨ بەڕێوەبەرایەتیان دابمەزرێنین و كاری خۆیان بكەن".


پارێزگاری هەڵەبجە، باسی لەوەش كرد كە: " لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیراندا داوام كردووە پێویستە یەكێك لەو خاڵانەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی دەكات بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا پرسی پارێزگای هەڵەبجە بێت".

عەلی عوسمان، داوا دەكات: " لە دوای ئەوەی ئەو گرژیەی نێوان هەرێم و بەغدا نەما، پێوویستە هەرچی زوترە لە ڕیگەی وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە هەنگاو بنرێت بۆ ئەوەی كە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی عێراقیدا پێكبێن لەسەر كردنەوەی ئەو فەرمانگە فیدراڵیانەی كە ماون بكرێنەوە لە هەڵەبجەدا، ئەمەش ئەبێتە هۆی چەسپاندی بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە بۆ هەتا هەتایە".

هادی حەمەڕەشید، كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە، بە دیبلۆماتیك مەگەزینی وت:" ئەنجومەنی پارێزگا وەك كۆی هەیكەلی ئیداری لە پەڕلەمانی كوردستان و بەكۆی دەنگی هەموو لایەنە سیاسیەكان یاسای بۆ دەرچوێنرا، نەخشەڕێی وردینەی پێكهێنانەكەی بۆ خەڵكی هەڵەبجە جێ هێڵرا، بە ئیجماعی لایەنەكان جگە لە پارتی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی مانگی نیسانی ٢٠١٤ كرا بە بنەما، پارتی وەك بەم پێوەرە ڕازینەبوو، هیچ ئەڵتەرناتیڤێكیشی نەبوو، بە ئاشكرا تەحەدای فەشەل پێهێنانی ئیدارەو حكومەتی خۆجێی هەڵەبجەیان دەكرد، یەكیەتیش لە فرسەتێكی وا ئەگەڕان تا بەو بیانووەوە درێژە بە حكومی تاكڕەوانەی خۆیان بدەن بەسەر ئەم پارێزگایەدا".


هادی حەمەڕەشید، باسی لەوەش كرد كە :" خراپترین چانسی هەڵەبجە تەوقیتی بە پارێزگاكردنەكەی بوو، كە هاوكات بوو لە گەڵ سەر پێكەوتنی كابینەی هەشتەم، ئەو كابینەیەی كە نەیتوانی خزمەت بە هیچ یەكێك لە پارێزگاكان بكات".

بێستوون بەشارەتی، كاندیدی پارتی بۆ ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە

هەڵەبجە كراوە بە قوربانی ململانێ سیاسییەكان، بەڵام حكومەتیش خۆی مەبەستی نەبوو كە ئەنجومەنی پارێزگاكە پێك بێت


بێستوون بەشارەتی، كاندیدی پارتی بۆ ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە، پێچەوانەی كاندیدەكەی گۆڕان دەدوێت‌و بە دیبلۆماتیك مەگەزینی وت:" سەرەتا هەر پێنج لایەنە سیاسییەكە ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی كە دابەشكردنی پۆستەكانی ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە جیا لە شارەكانیتر شێوازێكی نمونەیی و تایبەت بێت بەدەر لە بەركەوتەی هەڵبژاردنەكان، بەڵام دواتر بەحكومی ئەوەی كە ئەو ڕێكەوتنەی یەكیەتی و گۆڕان هاتە ئاراوە، هەردولایان سەرنجەكانیان گۆڕانكاری بەسەردا هات سەبارەت بە دابەشكردنی پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجە.لەو ڕێكەوتنە پەشیمان بوونەوە كە هەموو لایەنەكان لە سەری ڕێكەوتن و واژویان لەسەر كردبوو. ئەوان هەڵەبجەیان بەستەوە بە پاكێجی سلێمانییەوە لە دابەشكردنی پۆستەكاندا، هەڵەبجەیان كرد بە بازنەیەكی هەڵبژاردنی سەر بە پارێزگای سلێمانی، كە ئەوان پەشیمان بوونەوە ئیتر دیارە پارتیش وەك ئەوەی كە هێزی یەكەمە لە سنوری كوردستان وەك ئەوەی كە پارتی هەوڵێكی زۆری دا كە هەڵەبجە ببێت بە پارێزگا، حەزی دەكر بە شێوەی كرداریش لە ئیدارەی پارێزگاكەدا بەشدار بێت تا بتوانێت ئەو خزمەتانەی كە بەشارەكە بكرێت گەشەی پێبدات، بەڵا ئەمەش نەهاتە بەرهەم، لە بەر ئەم هۆكارانە ئێمە وەك پارتی ئامادە نین بەهیچ شێوەیەك هیچ پۆستێكی ئیداری لە پارێزگای هەڵەبجە وەر رگرین".

كاندیدەكەی پارتی وتیشی:" هەڵەبجە كراوە بە قوربانی ململانێ سیاسییەكان، بەڵام حكومەتیش خۆی مەبەستی نەبوو كە ئەنجومەنی پارێزگاكە پێك بێت، كە تۆ بڕیارت دا شوێنێك بكەیت بە پارێزگا پێویستە هەیكەلە ئیداریەكانی بۆ دروست بكەیت. سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە پێویستەكان كە لەناو پارێزگایەكدا هەبن بهێنرێتەوە ناو شارەكەوە، بەڵام بەداخەوە وەك دەبینین هەیكەلی ئیداری پارێزگای هەڵەبجە هێشتا دروست نەكراوەو هەندێك بەڕێوەبەرایەتی لە پارێزگاكەدا هەن كە پێش بە پارێزگا بوونیش هەر هەبوون".

دوای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە مانگی ئازاری ٢٠١٤ لیژنەیەك لەسەر ئاستی باڵا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەدواداچوون بۆ پرسی بەپارێزگا بوونی شارەكە بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و پێنج ئەندام لە دامودەزگا جیاوازەكانی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهات، بەوتەی ئەندامێكی ئەو لیژنەیە "قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان و ململانێكانی هەرێم و بەغداو ڕێكەوتنی لایەنە سیاسیەكان لە ناوخۆدا" ڕێگر بوون لە بەردەم ئەنجامدانی كارەكانی ئەوان بۆ هەڵەبجە.


خالید شێخ سدیق، ڕاوێژكار لە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردساتن و ئەندامی لیژنەی بەدواداچوون بۆ پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، بە دیبلۆماتیك مەگەزینی وت:" دوای ئەوەی كە هەڵەبجە بە فەرمانی هەرێمی ژمارە ١٩ لە مانگی ئازاری ٢٠١٤ بوو بە پارێزگا ئێمە وەك یەكەم لێژنە بە سەرۆكایەتی بەڕێز جێگری سەرۆكی حكومەت بەرنامەی باشمان دانا بۆ كاركردن بۆ سەرپێخستنی پارێزگای هەڵەبجە بەڵام بەداخەوە كاتی بەپارێزگا بوونی هەڵەبجە هاوكات بوو لە گەڵ هاتنی قەیرانەكانی هەریمی كوردستان و دروستبوونی ململانێ سیاسیەكانی نێوان هەرێم و بەغدادو ڕێك نەكەوتنی لایەنەسیاسیەكانی ناو هەڵەبجە لەسەر پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجە".

وتیشی:" بەداخەوە دوای دەرچوونی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی عێراق، كەچی حكومەتی عێراق هیچ كارێكی ئیداری و هیچ خزمەتگوزاریەكی ئەوتۆی پێشكەش بە هەڵەبجە نەكردو ئەركی خۆی بەجێ نەهێنا، پێموایە ئەگەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە كاتی ئاسایدا بووایە دەتوانرا زۆر كاری باش بكرێت لە ڕووی خزمەت گوزاری و ئاوەدانی و كارگێرییەوە".

بۆ بە پارێزگاكردنی هەڵەبجەو ڕاسپاردنی پەڕلەمانی كوردساتن بۆ دەركردنی بڕیار بۆ پارێزگاكە، بەرواری ٥/٢/٢٠١٥ پەڕلەمانی كوردستان لە دانیشتنێكی نا ئاسایدا، بڕیارێكی بۆ بەپارێزگا بوونی هەڵەبجە دەركرد، پاش دوو ساڵ لەم بڕیارەی پەڕلەمانی كوردستان و مانەوەی هەڵەبجە لە چاوەڕوانیدا، لە بەرواری 16-3-2017 حكومەتی هەرێمی كوردستان پێنج بڕیاری لەبارەی پارێزگای هەڵەبجەوە گەڵاڵە كرد:

خالید شێخ سدیق، ڕاوێژكار لە  ئەنجومەنی وەزیران

بەداخەوە دوای دەرچوونی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی عێراق، كەچی حكومەتی عێراق هیچ كارێكی ئیداری و هیچ خزمەتگوزاریەكی ئەوتۆی پێشكەش بە هەڵەبجە نەكرد


گرنگترینیان هێنانەوەی فەرمانگە فیدراڵییەكانە بۆ پارێزگاكەو تابلۆی ئۆتۆمبێل بوو.لەگەڵ ناردنی وەفدێكی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بۆ بەغدا و ناردنی ناوی كاندیدانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە بوو لە وەزارەتی ناوخۆوە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و واژۆ لەسەر كردنیان كەچی وا بەرە و ١٦ی ٣ یەكیتر دەچین، كەچی تا ئێستا هیچ یەكێك لەو بڕیارانە جێ بەجێ نەكراوە.


شارەزایەكی ئیداری پێیوایە هەتا پارێزگای هەڵەبجە لە ڕووی بەڕێوەبردن و ڕوانگەی گەشەپێدانی ئیداری و گەشەپێدان بە كەرتە خزمەت گوزارییەكان و كەرتی ئابوری گرنگی پێنەدرێت هەرگیز سەرپێ ناكەوێت.

ئاكۆ محەمەد، خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە بازاڕسازی نێودەوڵەتی‌و سەرۆكی بەشی كارگێری كار لە پەیمانگای تەكنیكی هەڵەبجە، بە دیبلۆماتیك مەگەزینی وت:" بۆ پێشخستنی و سەر پێخستنی هەر پارێزگا یان شارێك، دوو ڕوانگەمان هەیە، ڕوانگەی بەڕێوەبردن، ڕوانگەی گەشە پێدان لە ڕووی ئیداریەوە، كە بەداخەوە هیچ یەكێك لەم دوو بوارە كاری جدی بۆ نەكراوە، دەنا هەڵەبجە دەبووە پارێزگایەكی تەواوو سەرپێخراو.

ئەو شارەزا ئیداری‌و كارگێڕییە لەوبارەیەوە زیاتر دەدوێت‌و دەڵێت: زۆر گرنگە حكومەتی هەرێم لە پەرەپێدان و پێشخستنی پارێزگای هەڵەبجەدا سێ خاڵ جێبەجێ بكات، كردنەوەی خاڵە سنورییەكان‌و بەستنەوەی هەڵەبجە بە شارەكانی ترەوەو هەم لایەنی گەشتیاریشی گەشە پێبدات".

باسی لەوەشكرد:" لەڕووی بەڕێوە بردنەوە دەبێت حكومەتی هەرێم هەرچی زوترە ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجەی بۆ دامەزرێنێت، چونكە چاودێرێكی باش دەبێت بەسەر بڕیارەكانی حكومەتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا سەرجەم بەڕێوە بەرایەتییە گشتیەكان بهێنرێتەوە بۆ هەڵەبجە هەموو ئەوانەی كە داهاتیان هەیەو ئەوانەشی كە داهاتیان نییە".


پارێزگای هەڵەبجە، بەرواری ١٣/٣/٢٠١٤ بە بڕیارێكی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرا بە چوارەمین پارێزگای هەرێمی كوردستان. ڕووبەرەكەی ١٥٩٩ كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، كە پێكهاتووە لە قەزای هەڵەبجە ناوەندی پارێزگاكەو ناحیەكانی "سیروان، خورماڵ، بیارە، بەمۆ" بەدوری ٨٦ كیلۆمەتر لە پارێزگای سلێمانیەوە دوورە، ژمارەی دانیشتوانەكەی بەپێی تازەترین سەرژمێری، بریتیە لە ١١٥٣٨٦سەدو پازدە هەزارو سێ سەد و هەشتاوشەش كەس كە جگە لە پێكهاتەی موسڵمان نزیكەی ٢٢٠٠ كەس لە پێكهاتەی ئاینی كاكەیی ژمارەی دانیشتوانەكەی پیك دەهێنن. .

 

author photo

 بەکالۆریۆس لە زمانی کوردی، ئەزمونی شەش ساڵ کاری ڕۆژنامەوانی لە میدیای نوسرا و بیستراودا