سەدر، كۆپی ترەمـپە لە عێراق

لە نێوان موقتەدا سەدر و دۆناڵد ترەمپ دا

سەدر، كۆپی ترەمـپە لە عێراق

1115 خوێندراوەتەوە

ئەو كەسێكی نێرجسی(Narcissim) و هەڵەشە و بە جوڵەیە و لە سێبەری باوكیدا دەژیت و سەرسامی كەسایەتی خۆیەتی و بەرژەوەندی لە پێش هەموو شتێكەوە داناوە، هەروەها سیاسیەكی پر جەماوەرە و بەهێزێكی زۆرەوە بەهۆی سەركەوتنە چاوەڕوان نەكراوەكەی هاتە مەیدانی سیاسەت، ئەو كەسە دۆناڵد ترامپ نییە، بەڵكو ئەمە وەسفی  پیاوی ئاینی عێراقی موقتەدا سەدرە كە لە هەڵبژاردنی ئەم دوایەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا سەركەوتنێكی چاوەڕوان نەكراوی بەدەستهێنا.

هەڵبژاردنی 12/ئایار دوای سەركەوتنی سوپای عێراق بەسەر داعشدا وسەرنەكەوتنی هەوڵی هەرێمی كوردستان بۆ جیابوونەوە لەعێراق ئەنجامدرا، ئەم دوو خاڵە لە بەغدا بە سەركەوتنێكی جۆری بۆ حكومەتی ناوەند هەژمار دەكرێت، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هاوپەیمانی ( سائرون) بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر بە بەدەستهێنانی 54 كورسی پێش لیست و قەوارەكانی تر  كەوت، ئەم سەركەوتنەی موقتەدا بەهۆی هەڵمەتی بانگەشەی هەلبژاردنەكانەوە بوو كە زیاتر دروشمی ( عێراق یەكەمە)ی بەرزكردبوەوە بەمەش دەنگی ئەو جەماوەرەی بەدەستهێنان كە لە تایفەگەری و شەری یەك لە دوای عێراق بێزاربوون.

سەركەوتنی سەدر لە هەڵبژاردنەكان هاوشێوەی سەركەوتنی دۆناڵد ترامپە، هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نزیكی كەسایەتیان لە یەكترەوە، بۆیە دەمانەوێت لێرەدا ئاماژە بە خاڵە هاوبەشەكانی ئەم دوو كاراكتەرە سیاسیە بدەین.

یەكەم:

دۆناڵد ترامپ لە هەڵمەتی هەلبژاردنەكاندا دروشمی ( سەرلەنوێ ئەمریكا بەهێز دەكەینەوە)ی بەرزكردەوە، ئەمەش وەك رەخنەیەك لە سیاسەتەكانی باراك ئۆباما كە پێی وابوو  بۆتە هۆی لاواز بوونی ئەمریكا لە ناوخۆ و دەرەوە،ترامپ بە بەهێز بوونەوەی ئەمریكا و گەرانەوەی شكۆ بۆ گەلی ئەمریكا دەنگی هاوڵاتیانی بەدەستهێنا.

بە هەمان شێوە موقتەدا سەدر لە دروشمەكەیدا ( عێراق یەكەمە)ی بەرزكردبوەوە، موقتەدا پێی وایە دەبێت دووبارە شكۆ بۆ عێراق و عێراقیەكان بگەرێتەوە و دەستی وڵاتانی بیانی بە ئەمریكاو ئێرانیشەوە لە عێراق نەهێڵدرێت، ئەمەش هەمان داواكاری هاوڵاتیان بوو، بۆیە هەردوو كەسایەتیەكە لە هەڵمەتی هەلبژاردنەكاندا  یەك دروشمیان هەڵگرتووە كە بەهێز بوونەوەی وڵاتە، بەمەش سۆزی دەنگدەریان بۆ لای خۆیان ڕاكێشا.

dfx
موقتەدا سەدر  لە کاتی چوونی بۆ دەنگدان ـ نەجەف  ـ ٢٠١٨.٥.١٢

،،

موقتەدا سەدر لە دروشمەكەیدا ( عێراق یەكەمە)ی بەرزكردبوەوە، موقتەدا پێی وایە دەبێت دووبارە شكۆ بۆ عێراق و عێراقیەكان بگەرێتەوە و دەستی وڵاتانی بیانی بە ئەمریكاو ئێرانیشەوە لە عێراق نەهێڵدرێت، ئەمەش هەمان داواكاری هاوڵاتیان بوو.

دووەم:

بریارە دژ بە یەكەكان، دۆناڵد ترامپ لە بانگەشەی هەلبژاردنەكاندا چەندین بەڵێنی توندی دا گەر ببێتە سەرۆك ئەوا جێبەجێیان دەكات، بۆ نمونە  بە توندی هێرشی دەكردە سەر سعودیە و بە مانگایەكی شیردەری ناوزەند دەكرد كە هەركات شیری نەما سەری دەبڕێت، بەڵام دوای بوونی بە سەرۆكی ئەمریكا نەك هیچ هەڵوێستێكی دژی ئەو وڵاتە نەگرتە بەر، بەڵكو درێژەی بە سیاسەتی سەرۆكەكانی پێش خۆی دا.

موقتەدا سەدریش بە هەمان شێوە پیاوی بریارە  پێچەوانەكانە، بۆنمونە لە ساڵی 2003 سوپای مەهدی بۆ شەر كردن دژی ئەمریكیان پێكهێنا و بەهۆیەوە چەندین سەربازی ئەمریكی كوشت،لە 14/5/2004 لە شاری نەجەف كاتێك ئەمریكیان ویستیان موقتەدا دەستگیر بكەن  یەكەم بەریەك كەوتن لە نێوان سوپای مەهدی و سوپای ئەمریكادا روویدا، بەڵام دوای ئەم رووداوانە  لەگەڵ ئەمریكیان رێك كەوت بە سێ وەزارەتیش ( پیشەسازی ، نیشتەجێ بوون، سەرچاوە ئاویەكان) بەشداری لە كابینەكەی عەبادیدا كرد.

كەواتەموقتەدا سەدریش بە هەمان شێوە لەسەر بریارەكانی بەردەوام نابێت و لەگەڵ دوژمنەكەی دەبێتە دۆست یان بە پێچەوانەوە، هەر لەبەر ئەم تایبەتمەندیەی ئەم دوو كەسایەتیە  ناتوانرێت پێشبینی بۆ بریارەكانیان بكرێت.

سێیەم:

له رووی كەسایەتیەوە دۆناڵد ترامپ چەندین تایبەتمەندی سەرەكی تێدایە حەز بە دەركەوتن دەكات و سەرسامی خۆیەتی، بۆ نمونە لە تەمەنی 70 ساڵیدا بە ئامانجی بە ناوبانگ بوون دەبێتە بێژەر و دواتریش وەك ئەكتەر لەساڵی 1989 فیلمی كۆمیدی ((Ghosts cant do it و پاشانیش لە فیلمی ئەمریكی  (Home Alone )لە سالی 1992 دەردەكەوێت ،دوای ئەمەش لە چەندین فیلمی تردا رۆڵ دەبینیێت لەسەر ئەم كارەی بەردەوام دەبێت تا سالی 2001، هەر بۆ هەمان ئامانج لە ساڵی 2007 بەشداری لە یاری بۆكسێندا دەكات،هەروەها كەسایەتیەكی ئاگرینی هەیە و لەگەڵ هاوڕێكانیدا زۆر گەرموگوڕ نیە، هەروەها كەسێكی بوێر و خاوەن بریاری توندە، بەهیچ شێوەیەك لەكاتی بریاردانیدا  دووجار بیر ناكاتەوە بە زیان گەیاندن بە بەرامبەرەكەی، بۆیە توندە دژمنكارە، هەرەشەكەرە و زوو هەڵدەچێت.

موقتەدا سەدر كەسایەتیەكی هەیە كە حەز بە خۆ دەرخستن دەكات، بۆ نمونە دروستكردنی سوپای مەهدی و دواتر سەرایا سەلامی  پێكهێنا چاودێرانی سیاسی وەك خۆ دەرخستنێكی موقتەدا سەدر لێكی دەدەنەوە كە زیاتر مەبەستی بووە خۆی دەربخات و بۆ بەرژەوەندی خۆی دروستی كردوون تا ئەمریكیەكان دەستگیری نەكەن و لە سیاسەت دووری نەخەنەوە.

 هەروەها بۆ ئەوەی خۆی وەك كەسێكی كاریگەر و بەرچاو دەربخات و هێزی خۆی نیشانی بەرامبەرەكەی بدات، لە ماوەكانی ڕابردوودا چەندین جار خۆپیشاندانی ملیۆنی رێكخستووە، كە ئەمەش زیاتر هەر بۆ خۆ دەرخستن بووە

،،

موقتەدا سەدر، بۆ ئەوەی خۆی وەك كەسێكی كاریگەر و بەرچاو دەربخات و هێزی خۆی نیشانی بەرامبەرەكەی بدات، لە ماوەكانی ڕابردوودا چەندین جار خۆپیشاندانی ملیۆنی رێكخستووە، كە ئەمەش زیاتر هەر بۆ خۆ دەرخستن بووە.

 چوارەم : خاوەنی بریاری سەیر و سەرسوڕهێنەرن:

دۆناڵد ترامپ بە پیاوی بریارە سەیرەكان ناسراوە، چونكە لە ماوەی هەڵمەتی هەلبژاردن بەڵێنی چەندین بریاری سەیری دەركرد كە پێشتر سەرۆكەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەم بریارانەیان دەرنەكردبوو، بۆ نموونە لە 25/ینایەر/2017 بریاری دا كە دیوار لە نێوان ئەمریكا و مەكسیك دروست بكات، ئەم بریارە كاردانەوەی توندی مەكسكی بە دوای خۆیدا هێنا، سەیری بریارەكە لەوەدایە داوای لە مەكسیك كرد كە تێچووی پرۆژەكە بدات كە دەگاتە چەندین بلیار دۆلار، بۆیە ئەمە یەكێكە لە بریارە سەیرەكانی ترامپ كە بە بۆچوونی خۆی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكایە، هەروەها 27/یەنایەری2017  بریارەكی تری دەركرد كە تایبەت بوو بە رێگری كردن لە تیرۆرستان بۆ ناو خاكی ئەمریكا، بەپێی بریارەكە هەریەكە لە هاوڵاتیانی ( ئێران ، عێراق، لیبیا، سۆماڵ، سودان، سوریا، یەمەن) بۆیان نیە بچنە خاكی ئەمریكاوە، چونكە وەك تیرۆرست هەژمار كرابوون، دوای بریارەكە شەپۆلێكی خۆپیشاندان  و نارازی فرۆكەخانەكانی ئەمریكای گرتەوە و بە بریارێكی دژی مسوڵمانانیان لێك دایەوە.

 دۆناڵد ترامپ لە ماوەی سەرۆكایەتیدا چەندین بەرپرسی لە پۆستەكانیان بەبێ هۆیەكی دیاری كراو  دورخستەوە و ئەمەش كۆمەڵێك بریاری تری سەرسوڕهێنەری ترامپن كە تاكو ئێستا بە نهێنی ماونەتەوە.

dfc
ترەمپ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا

موقتەدا سەدریش هاوشێوەی ترەمپ خاوەنی بریاری سەیرە كە تێگەیشتن لێیان زەحمەتە، سەیرترین بریاری ئەوە بوو بە پێچەوانەی هەموو سەركردە شیعیەكانەوە پشتی لە ئێران كرد و پەیوەندیەكانی لەگەڵ سعودیە پتەو كرد، پێش سەدر هیچ بەرپرسێكی عێراقی و دەرەوەش بریارێكی لەو جۆرەیان نەداوە، چونكە ئێران جەمسەرگیری شیعەو سعودیەش جەمسەرگیری سوننە دەكەن، شیعەكانی جیهان راستەوخۆ پشتگیری لە ئێرانەوە وەردەگرن وەك حوسیەكان لە یەمەن و حزب الله لە لوبنان و ئەسەد لە سوریا، بەڵام موقتەدا سەدر ئەم یاسایەی تێكشكاندو بە پێچەوانەی شیعەكانەوە رووی لە سعودیە كردو پشتی لە ئێران كرد، كە دەتوانرێت بە سەیرترین بریار لێكبدرێتەوە كە تاكو ئێستا نهێنی ئەم بریارەی نازانرێت. 

،،

موقتەدا سەدریش هاوشێوەی ترەمپ خاوەنی بریاری سەیرە كە تێگەیشتن لێیان زەحمەتە، سەیرترین بریاری ئەوە بوو بە پێچەوانەی هەموو سەركردە شیعیەكانەوە پشتی لە ئێران كرد و پەیوەندیەكانی لەگەڵ سعودیە پتەو كرد، پێش سەدر هیچ بەرپرسێكی عێراقی و دەرەوەش بریارێكی لەو جۆرەیان نەداوە.

  

پێنجەم : پەشیمان بوونەوە: 

دۆناڵد ترامپ یەكێكە لەو سەرۆكانەی كە ناتوانێت تا سەر لەسەر بریارەكانی سور و بەردەوام بێت، دەتوانین بڵێین زوو بریار دەدات،بۆ ئەمەش با چەند نمونەیەكی نزیك  و  زیندوو بهێنێنەوە، ترامپ بریاری دا لە سوریا بكشێتەوە، بەڵام دوای ماوەیەك لە بریارەكەی پەشیمان بوەوە، هەروەها بریاری دا هاوڵاتیانی عێراق و چەند وڵاتێكی تر رێگەیان پێنەدرێت بچنە ئەمریكاوە، بەڵام دواتر عێراقی لەو لیستە دەكرد، نوێترین كاری ئەوە بوو كە كۆبونەوەی لوتكە لەگەل سەرۆكی كۆریای باكور ئەنجام نادات، بەڵام كەمتر لە 24 كاتژمێر لە بریارەكەی پاشگەز بووە و لە لێوانێكیدا وتی هیوادارم كۆبوونەوەكە لە كاتی خۆیداو لە سەنگافوورە ئەنجام بدرێت

موقتەدا سەدریش هاوشێوەی ترامپ ناتوانێت پەیوەستی بریارەكانی بێت و دوای ماوەیەك لە جێبەجێ كردنی پاشگەز دەبێتەوە، بۆ نمونە لە مانگی شوباتی 2014 لە بریارێكی چاوەروان نەكراودا (كوتلەی ئەحرار) ی هەڵوەشاندەو لە بەیاننامەیەكدا  رایگەیاند ( ئەمرۆ ئاشكرای دەكەم كە بەهیچ شێوەیەك كاری سیاسی بە هەموو جۆرەكانیەوە ناكەم ، هیچ كوتلەیەك نوێنەرایەتیی ئێمە ناكات، هیچ پۆست و پلەیەكی حكومی لە ناوخۆ و دەرەوە پەیوەست نیە بە ئێمەوە).

 لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا دەڵێت( ئەم بریارە هەموو نوسینگەكانی سەدر دەگرێتەوە بە لایەنی ئاینی و كۆمەڵایەتی و سیاسیەوە، تەنها دامەزراوە خێری و پەروەردەیی و راگەیاندن ناگرێتەوە).

 دوای ئەم بریارە دەبینین موقتەدا گەرایەوە ناو كایەی سیاسی و بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا كرد و بۆ هەلبژاردنی ئەم جارە هاوپەیمانێتیەكی نوێی بە ناوی ( سائرون) پێكهێنا، بەمەش دەتوانێن بڵێین موقتەدا هاوشێوەی ترامپ پاشگەز بوونەوە لە بریارەكانی خەسڵەتێكی دیاری ئەم كەسایەتیەیە.

 

دەرئەنجام

وەك لەو چەند خاڵەی سەرەوە ئاماژەمان پێكرد چەندین خاڵی لێكچوو لە نێوان دۆناڵد ترامپ و موقتەدا سەدردا هەیە، ئەم لێكچوونە بۆتە باسی میدیا نێودەوڵەتیەكان و دامەزراوە و توێژینەوەكان، لە نوێترین وتاریشدا كە گۆڤاری (تایم) ی ئەمریكی بڵاوی كردۆتەوە هەریەكە لە  جیمس مۆلدۆن مامۆستای كۆلێژی زانستە سیاسیەكان لە زانكۆی ئێكستەر  و یاسمین تاهیر پسپۆر لە كاروباری رۆژهەلاتی ناوەراست بۆچونی خۆیان لەسەر خاڵە هاوبەشەكانی نێوان ئەم دوو كەسە دەردەبرن و پێیان وایە لە كەسایەتی و چۆنیەتی چوون بۆ سەر دەسەڵات و بنەماڵە لە یەك چونیان هەیە،ئەوان پێیان وایە هەردوو سەركردە سواری شەپۆلی نارازایی خەلك بوون، بۆ ئەمەش سەدر لە هەلبژاردنی ئەمجارەدا  سودی لە هەڵمەتی هەلبژاردنی ترامپ بینی.

هەر لەسەر ئەم لایەنە نوسەری دیاری ئەمریكی  مایكڵ رۆبین لە ماڵپەری ( ناشیۆناڵ ریڤیۆ)دا وتارێكی لەسەر ئەم دوو كەسایەتیە بڵاو كردۆتەوە رۆبین پێی وایە بۆچون و لایەنگرانیان وەك یەكە و لە چەندین خاڵدا لە یەك دەچن، لە بەشێكی تری وتارەكەیدا دەلێت( لە چەندین لایەنەوە لە یەك دەچن، لەوەیە دیاردەی ترامپ لە پیاوی توندرەوی ئاینی  موقتەدا سەدر لە عێراقدا ببینن، هەرچەندە ئەمە واتەی ئەوە نیە كە رەوشتی ترامپ هاوشێوەی سەدر بێت، چونكە ترامپ بكوژو تیرۆرست نیە، بەلام لە سود وەرگرتن لە پێشینەی خۆیان لە یەك دەچن، ئەوان سود لە  ئابوری وئاینی وەردەگرن و هاوشێوەی یەكن.

كەواتە لە دەرئەنجامدا دەگەینە ئەو بروایەی كە چەندین خالی هاوشێوە لە نێوانیاندا هەیە، بەڵام ئەمەش واتەی ئەوە نیە كە كۆپی یەكترن، چونكە موقتەدا لە هەلسوكەوتیدا هێمنتر دەردەكەوێت تەنانەت لەكاتی هەرەشەشدا هەر هێمنە، لە رۆشتن و پێشوازی كردندا بە هەمان شێوە جیاواز، موقتەدا دەیەوێت وەك كەسێكی خاكی دەربكەوێت كە لای ترامپ پێچەوانەیە، ەئمە جگە لەوەی لە رووی دین و كلتورەوە جیاوازیان زۆرە. 

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی